ئەوان ھەر ھەموویان ئیدیعای کاریزما بوونیان لە رێبەریی بزاڤەکانیانا ھەیە، کەچی ھەر کامە لە بزاڤەکانیشمان بێجگە لەوەی لەتوپەت بوون، لەتوپەتەکانیشمان پڕن لە کێشەی ناوخۆیی و ھەر کامەشیان کۆمەڵێ خۆ بەکاریزما زانی دیکەیان تێدایە کە ھیچکام خۆیان لەویتر پێ کەمتر نیە.
بەڵام راستیی تاڵیش ئەوەیە کە توانایی کاریزمایی و کەسایەتی کاریزماتیک گۆڕی وزەی راستەقینەو ئامانجی واقێعیی نەتەوە و کۆمەڵگاکانن. بۆیە رێبەرانی ژیر و زاناش ھەردەم لێی رادەکەن و ئەیانھەوێ خەڵک و نەتەوەکەیان لەو بازنەیە دوور بخەنەوە.
بەڵام رێبەرانی نەزان و نەتوانا بەردەوام ھەوڵ ئەدەن خۆیان بە رێبەری کاریزماتیک بناسێنن و کۆمەڵگاکەیان وەک مێگەل بکەنە شوێنکەوتووی کوێر و بێ مێشک.
با بزانین کاریزما چیە؟
وشەی Charis یان خاریس ناسناوی ئەفسانەیی کچ یان کچانێ بوون کە لە ئەدەبیاتی ئۆستوورەیی یوناندا بە ھێما و نیشانەی راکێشان و سەرنجڕاکێشی ناسرابوون.
ھەڵبەت خودی وشەی Charis بەمانای وزەی جەزب و راکێشان نیە، بەڵکوو بە مانای لوتف و میھرەبانیی خوداکانە. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کەسی کاریزما کەوتووەتە بەر لوتف و میھرەبانی و بەخششی خوداکانەوە و ھێز و تواناییەکی زیاتر لە مرۆڤە ئاساییەکانی دیکەی بۆ رێبەریی ئەوان پێ بەخشراوە.
کاتێ مرۆڤێ بە کاریزماتیک ناسرابێ و خەڵکەکە چاوەڕوانیی گوفتار و کرداری کاریزماتیکیان لێی دەبێ، ئەو کەسە ئیدی ئەبێتە شۆفێری لۆکۆمۆتیڤی قەتاری ئامانجی ئەو کۆمەڵگا و نەتەوە. خەڵکەکە تەواوی متمانە، باوڕ، ویست و ئیرادەی خۆیان ئەخەنە ناو سەوەتەکەی ئەوەوە. جا زۆر جار ئەم کەسە کاریزمایە خەڵکەکە بەرەو رێگایەکی بێ گەڕانەوە ئەبات کە دوایین وێستگەکەی، شکەست و لەناوچوونە.
د.قاسملوو لە باسی مودیرییەت و بەڕێوەبەریی دا کاکڵی ئەو بابەتەمان ئەختا بەردەست. ئەو بەسەر بابەتی کاریزماتیک دا ئازایانە باز ئەدا و ئێژێ: رێبەر و مودیری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە باوڕی بە رێبەریی بەکۆمەڵ و مودیرییەتی پێکەوەیی ھەیە. ئەمەش بێ پێچ و پەنا ئاماژەیە بۆ ئەو باسەی کە جەخت لە سەر (مودیریەت لەگەڵ دەورووبەر نەک مودیرییەت بەسەر دەوروبەر)دا ئەکات.
رێبەریی وزەی کاریزما و کەسایەتیی کاریزماتیکیش ھەر زیاتر پێوەندیی بە ناھوشیاریی کۆمەڵگا و نەتەوەوە ھەیە. کۆمەڵگایەک کە ئیمکانی پەروەردەی دروست و سێکیۆلاری ھەبێ، ئیمکانی ئازادی ھەڵبژاردنی رێگای بەرەوپێش چوونی ھەبێ، دەسەڵاتەکان تێیدا دیار و دابەشکرا بن، ھەموو شتێ لە ژێر چاوی کۆنترۆڵی وشیار و تیژی دەستوردا بێ، بێگومان کاریزما و کاریزمایی تێیدا رەنگێکی ئەوتۆی نابێ.
لە کۆمەڵگا پاشکەوتوو یان پاشکەوتوو ھێڵراوەکاندا، زۆرێ لە رێبەرەکان وەک زێرو، وەک کەنە کە ھەردووکیان خوێن خۆرن، دەم ئەنێنە لەشی کۆمەڵگا و خوێنەکەیان ئەمژێن و ئەمژێن و واز ناھێنن تاکوو نەتۆقێن و لەناو نەچن. ئەمەش شاراوە نیە، ھەموومان زۆر روون لە سەرکردایەتیی عەشیرەتەکانەوە تاکوو رێبەرایەتیی حیزب و رێکخراوەکان و تا ئەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگە و بەڕێوەبەرانی وڵات ئەیانبینین. ھەر خۆیان ئەوەیان کردووەتە یاسا، کە دەستیان بە پێگەیەک بگات، ھەوڵ ئەدەن لەو پێگەیەدا بژین و ھەر لەو پێگەیەشدا بمرن. ئەوەش بە مافی خۆیان ئەزانن و کۆمەڵێ مرۆڤی زێروئاسا و کەنەئاساش لە دەوری خۆ کۆ ئەکەنەوە و ھەوڵ ئەدەن بە بوونی ئەوان رەواییەت بۆ پێگەکەی خۆیان دابین بکەن و ئەوانیش بە پاڵپشتی رێبەرەکەیان رەواییەت بە کردەکانیان خۆیان ئەدەن و تەنانەت خەیانەتیش بکەن ھەر بە خزمەتی بە خەڵک و کۆمەڵگا ئەفرۆشنەوە.
ئەنجام:
بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەیەکی بندەست، پێویستیی بە یەکریزی و یەکگرتووییە. کەچی حیزب و رێکخراوە کوردییەکان کە ئێستا لاوازترین ئاکتۆرەکانی ھیوای رزگاریی خەڵک و کۆمەڵگاکەمانن، بە بەردەوامی لەت و پەت و دابڕ دابڕ و دابەش دابەش ئەبن و تیئۆریی جۆراوجۆر و سەفسەتەش بۆ ئەو دابڕدابڕ بوونە ئەڕێسن و ھەرکامە ئەیانھەوێ رای گشتیی بە سوودی خۆیان بگێلێنن و رەواییەت بۆ خۆیان و کردە ناڕەواکانیان بکڕن.
کاکڵی ھۆکاری ئەو پەرتەوازەیی و دابەش دابەش بوونەش نە لە لایەن دوژمنانەوە ئاراستە ئەکرێ، نە نەیارانەوە. بەڵکوو بەرژەوەندیخوازی راستەوخۆ و نەشاراوەی رێبەرایەتیی ئەو حیزب و رێکخراوانەمانە. واتە ئەوان کە دەبێ ھەموو بەرژەوەندییەکان بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی باڵاوە کە بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانە، بە پێچەوانە، ھەموو بەرژەوەندییەکان بە ھی نەتەوە و نیشتمانیشەوە ئەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان، پێگەی دەسەڵاتەکەیان، بنەماڵەکانیان و…
وەک نمونەیەکیش بێ با بێژین: ئەو دابڕانەی ئەم دواییانەی کۆمەڵەکەی کاک “عەبدوڵا موھتەدی”ش ھەر لەو بازنەدایە و کاک عەبدوڵا خۆی لێی بەرپرسیاری یەکەمە و ھەموو لایەک پێیانوایە ئەویش وەک رێبەرانی دیکەی ئێستای کۆمەڵە و دیمۆکرات، لەوانەیە تا دوایین ھەناسە بۆ مانەوە لەو پلەو پۆستەی دا بجەنگێ.
بابەتی پەیوەندی دار