"an independent online kurdish website

پ م نیوز: نووسیویانە کە: ئاشکرایە کە هیوا بە هەرچەشنە چاکسازییەکی راستەقینە لەم چوارچێوە رێکخراوەییەدا، چیدی جگە لە وەهەم و خەیاڵێک پتر نییە.


لەراستیدا ئەگەر پرەنسیپەکانی حیزبایەتی رەچاو کرایە، نزیک بە دوو ساڵە سکرتێرو جێگرەکانی شوێنی ئەرک و چالاكیان کە کوردستانە، جێ نەدەهێشت، کەسانێک دەبوو لێتان بپرسنەوە لە کام قەرار و بڕیاری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا هاتووە ئێوە کوردستان بۆ ئەو ماوە درێژە بە جێ بێڵن؟

…  بەزوویی دەچێنە پاڵ كۆمەڵەی زەحمەتكێشان.

 

دەقی نامەكەیان:  بۆ بیروڕای گشتی

 

روونوس بۆ کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە

بابەت: کشانەوە لە ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

 

لەگەڵ رێزو سڵاو!

بەڕێزانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە، بەمجۆرە پێتان رادەگەیەنین ئەو چەند کەسەی کە ناوەکانمان لە کۆتایی ئەم نووسراوەدا هاتووە،‌ سەرەڕای ئەوەی شانازی بە رابردووی خۆمانەوە دەکەین کە راستگۆیانە دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆمان بە کۆمەڵەو بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بەخشیووە، لەمڕۆ بە دواوە خۆمان بە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نازانین و لە ئەندامەتی دەکشێینەوە. ئەو هۆکارانەی کە وایکرد‌ ئەم بڕیارە بدەین بریتین لە چەند خاڵێک کە بە کورتی لە درێژەی ئەم نامەیەدا ئاماژەی پێدەکەین.

 

پێشەکی:

هەروەک ئاگادارن رێکەوتی 2017.10.9 لە نووسراوەیەکی 14 لاپەڕەییدا، مەبەستمان بوو کە سەرنج بخەینە سەر کۆی کێشە سیاسی و بە تایبەتی تەشکیلاتییەکان و هەندێ خاڵی گرینگ کە سەرکردایەتی کۆمەڵە رەچاوی ناکات و پێشێلی پێڕەوی ناوخۆ و سیاسەتە گشتییە دیاریکراوەکانی خۆی دەکات. ئێمە لە دووپات کردنەوەی ئەوانە لەم نامەیەدا خۆ دەبوێرین. سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە وڵامێکی چاوەڕوان نەکراو و نەگونجاومان لە ئێوەوە پێ گەیشت، تەنانەت کەوتینە بەر رق، تانە و توانج، تەخریب کردن و نان بڕینی کەسانێکی دیاریکراو لە ئێمە. پاش ماوەیەک لە رێگەی نێوانجیگەری چەند کەسێکی دڵسۆزی کۆمەڵە و داواکاری كاك عه‌بدۆڵا موهته‌دی، سکرتێری کۆمەڵە، بەگشتی چوار کۆبونەوەی سکایپی و رووبەڕومان لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزب کرد، تاوەکوو گوێ لە بیروڕای یەکتر‌ بگرین و بگەینە چارەسەرێک. هەرچەند ناوەرۆک و رەوتی کۆبونەوەکان لەگەڵ سکرتێر دڵخوازی ئێمە نەبوو، ئەو ئامادە نەبوو تەنانەت کۆمەڵێک پرس و قەیرانی حاشاهەڵنەگری سیاسی و تەشکیلاتی نێو کۆمەڵە قەبوڵ بکات تا‌وەکوو باس لە چارەسەرەکان بکەین، بەڵام ئێمە لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی و نەترازان و لەبەرچاو گرتنی تەمەن و پێگەی رێکخراوەیی سکرتێر، گە‌یشتین بەو ئەنجامە کە گەشبینانە کار بکەین لەسەر هەندێ دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ و بەڵێنی گشتی لە لایەن سکرتێرەوە بۆ چاکسازی لە کۆمەڵەداو ئەنجامەکەی بوو بەوەیکە ئێمە جارێکیتر ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن لە کۆمەڵە دەرببڕین. بەڵام بەداخەوە گۆڕانێکی ئەوتۆ لەم بارەوە لە سیاسەتی رێبەری نەهاتە ئاراوە. سکرتێر و کۆمیتەی ناوەندی لەباتی ئەوەی بۆ سازماندانمان‌ لەگەڵ هەرکام لە ئێمە راوێژ بکەن کە لە کوێ و بۆ چ شوێنێک ئامادەی کارکردنین، وەکوو راوێژ تەنیا لەگەڵ یەکێک لە ئێمە (هاوڕێ سۆران پاڵانی) پێوەندیان گرت و هەندێ پرسیاری لێ کرد، بە پێی رێکەوتن لەو کۆبوونەوە راوێژکارانەیە‌دا بڕیار وابوو هاوڕێ سۆران لەگەڵ ئێمە قسە بکات و دواتر قسەی ئێمەیش بۆ ئەوان بگوازێتەوە، بەڵام شەخسی سکرتێرو کاتیبە دڵخوازه‌كه‌ی، چاوەڕێی قسەی ئێمە نەبوون و خلفی وەعدەیان لەگەڵ هاوڕێکەی ئێمە کردو بە شێوازی پادگانی و نیزامی بێ پرس و راوێژی ئێمە، نامەی سازماندهی لە رێگەی ئیمەیلێکەوە بۆهەرکام لە ئێمە بەڕێ کرا، جیا لەوەیکە نامەی سازماندەهییەکە پڕبوو لە هەڵەی رێنووسی، لەناوەڕۆکیشدا پڕ بوو لە پارادۆکس و ناڕوونی. سەرەڕای ئەوەش ئێمە بێ ئۆمید نەبووین و لە نامەیەکدا بۆ سکرتێر داوامان کرد کۆبونەوەیەک بگرین بۆ روونکردنەوەی زیاتری ئەو بابەتە، بەڵام تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ وڵام یان روونکردنەوەیەکمان پێ نەگەیشتووە. لەهەرحاڵدا ئەو پێشەکییە بۆ وەبیرهێنانەوەی رەوتی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێوەدا بوو. ئێستاش بە کورتی هۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەمان بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

 

هۆکارەسیاسییەکان!

 

پەیوەندییەکانی کۆمەڵە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی:

پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زیاتر لەوەی کە پەیوەندییەکی رێکخراوەیی بێت، شەخسی و تاکە کەسییە. بەشێکی زۆر لە چالاکییەکان لەم بوارەدا بە بێ ئەوەی کومیتەی ناوەندی ئاگاداری بێت تەنیا لە لایەن سکرتێرەوە دەکرێت و سازانی ژێربه‌ژێری چارەنووسسازی وەک پاشەکشێ لە فێدرالیزم دەدرێت بێ ئەوەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئاگادار بن، تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵەکان لە میدیاکانەوە تێدەگەن کە چ باسە. لەراستیدا وەها هەڵسوکەوتێکی ناشارەزایەنەو تاکڕەوانەی سکرتێر،‌ شیاوی لێپرسینەوەیە نەک ئەو کەسەی کە وەها بڕیارێک کە دژی پێڕەوی نێوخۆیە،‌ لەقاوی دەدات و رەخنەی لێ دەگیرێت و نامەی سەرکۆنەکردنی بۆ دەنێرن. بەڕێزان ئەگەر پێڕەوی نێوخۆی کۆمەڵە چاو لێبکەن لەوە تێدەگەن کە وەها بڕیارێک تەنیا لە کۆنگرە، کۆنفرانس یان پلۆنۆم دەدرێت، ئەگەر هەر کەسیش بە پێچەوانەی ئەوە کار بکات دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێت و وەڵامدەرەوە بێت لە ئاست پێشێلکردنی سیاسەتی رەسمی حیزب. پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی قەتیس کراوە بە ساز کردنی چاوپێکەوتن بۆ سکرتێر لەگەڵ هەر کەس کە خۆی بە نەیاری رژیم دەزانێ، ئیتر گرنگ نییە ئەو کەسە کێیە و چۆن بیردەکاتەوە و چ پێشینە و پێگە و رێکخراوەیەکی هەیە، گرنگ ئەوەیە کە کورد نەبێ، نێوی ئۆپۆزسیۆنی لێ دەنێن و دەیکەنە تەرەفی بزووتنەوەی کوردستان. زۆر سەیرە کە سکرتێری گشتی‌ لە پێناو هەندێ بەڵێنی بێ بنەما وفریودەرانە لە لایەن ئەو جۆرە کەسانەوە‌ کە بێگومان وەهمەو پرۆژەی بە چەلەبی کردنی سکرتێری کۆمەڵەیە، ‌کەوتوەتە ئەو داوە و خەریکە کارەساتی دارودەستەی مەنسووری حیکمت بە کەسانێكی وەک‌ شەریعەتمەداری دووپات دەکاتەوە‌.

بەداخەوە وای لێهاتوە سکرتێر لە هەموو کۆبونەوەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا بەشدار دەبێ، تەنانەت ئەگەر کۆبونەوەی لاوانی ئۆپۆزیسیونیش بێت. ئاخرین نموونەی وەها بەشدارییەک کە تەنیا لێدانە لە هەیبەت و پێگەی کۆمەڵە و شەخسیەتی حقووقیی سکرتێری کۆمەڵە، کۆبوونەوەی فرانکفۆرتی ئاڵمانه‌. وەها قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی کۆمەڵەدا دەرخەری ئەو راستیەیە کە خاوەن هیچ چەشنە پلانێکی تایبەت نییەو تەنیا بەشداری کردنی سکرتێر لەهەر کۆبوونەوەیەکدا، لای کۆمەڵە ئامانج و چالاکییە.

هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ بكرێت به‌ دوایین به‌یاننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ له‌گه‌ڵ سێ حیزبی تری كوردستانیی له‌ژێر نێوی “همبستگی برای آزادی و برابری ایران” ‌ كه‌ هه‌رایه‌كی زۆری نایه‌وه،‌ ‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ زمانی ‌كوردی كیسه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌دوورن له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ بۆ دڵخۆش كردنی ئێرانییه‌كان به زمانی‌ فارسی ده‌بنه‌ لایه‌نگری بزوتنه‌وه‌ی دژه ‌جه‌نگ، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ پره‌نسیپ و ستراتژییه‌كی روون و دیاریكراو له‌ كۆمه‌ڵه‌دا ره‌چاو ناكرێت.

 

هۆکارەتەشکیلاتییەکان!

 

سووک کردنیپێگەی ئەندامان لە تەشکیلات:

فەلسەفەی هەبوونی کۆمەڵە لە سەرەتاوە کە لە لایەنەکانی تری جیا دەکردەوە، ئەوە بوو کە لە هەناوی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی دەگرت کە تێیدا دەبووە پارێزەری کەرامەتی شەخسی و ئازاد کردنیان لە هەر چەشنە نەریتێکی ئایینی و سوننەتی و خێڵەکی و ژێردەستی چینایەتی. بەڵام بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ نەک نەیتوانیوە کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئەو ئاقارە ئامادە بکات، بەڵکوو لەناوخۆی حیزبەکەیدا بووە بە بکەری زیندووکردنەوە و بوژاندنەوەی نەریتە دواکەوتووکان. ئازادی رادەربڕین بە نیسبەت سیاسەت و تەشکیلاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ نەک تەنیا بووە بە بڤە، بەڵکوو لە ژێر ناوی ئینسجامی تەشکیلاتی هەر‌کەس بچوکترین رەخنە یان رایەکی جیاوازی هەبێت بە خراپترین شێواز دەکەوێتە بەر رق و بوغز و تەخریب و تەریک خستنەوە. مەدح و سەنای سکرتێر، سەرەکیترین باس و خواستی سیاسییە کە لە تەشکیلاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ دا بەرچاو دەکەوێ، هەرکەس لەو ئەرکە بە پیرۆزکراوە سەقەتە خۆی ببوێرێت، بە مانای بێوەفایی و بێ‌باوەڕی و ناسیاسی بوونی ئەو کەسەیە. لە فێرگەی پێشمەرگایەتی دەرسێکی تایبەت بە پیاهەڵدان بە سکرتێر دەوترێتەوە، سیستەمێکی وەها دارێژراوە کە ئەنجامەکەی‌ بووە بە کێبەرکێیەکی سەیر‌ بۆ خۆ بە گزیر و عەبدایەتی کردن بۆ سکرتێر. خۆهەڵواسین بە سکرتێر و مەدح کردنی لە رێگای ساز کردنی چەند مەحفەلێکەوە، کراوەترین و ئاسانترین رێگایە بۆ گەیشتن بە پلە و پێگەی حیزبی و ئیمتیازی مادی تایبەت. لە راستیدا گۆپاڵ سالاری لە جیاتی شایستەسالاری ئەو پرۆژە سەقەتەیە کە سالانێکە تەشکیلاتی کۆمەڵە پێوەی دەناڵێنیت و ئارمانخوازی جێی خۆی داوە بە پێداهەڵگوتن و مەدح کردنی سکرتێر. سەرەڕای ئەوەی کە سکرتێر و دەوروبەرییەکانی بەردەوام تانەی ناوچەگەرایی لە خەڵکیتر دەدەن، بەڵام لە پشتەوەی وەها بانگەشەیەک راستیی تاڵ بریتیە لەوەی کە ئەوانەی پێش هەموو کەس برەویان داوە بە ناوچەگەرایی و کاری بۆ کردوەو کاری بۆ دەکەن، شەخسی سکرتێرو جێگرەکانین. وازهێنانی کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی تێکۆشەر لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پەیوەست بوونیان بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەم دواییانەدا لە ناڕەزایەتی بە هەڵاواردن و ناوچەگەرایی رێک بەرهەمی ئەو ناوچەگەراییە بوو کە خودی سکرتێر نەک رێگەی لێ نەگرت، بەڵکوو یارمەتیدەریشی بوو. هەموو عەقڵێکی سەلیم کە ئێستا دەڕوانێتە پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ،‌ دان بەوەدا دەنێت کە ئەو پێکهاتەیە زیاتر لەوەی وەک پێکهاتەی حیزبێکی کوردستانی رۆژهەڵات بێت، پێکهاتەی سه‌رۆك خێڵێك ‌ و هاوپشکەکانییه‌تی. وەها پێکهاتەیەک بووەتە هۆی ئەوەی کە زەحمەتکێشترین کادرەکانی کۆمەڵە لەو بازنەیە دوور بخرێنەوەو موچەکانیان ببڕێت و ماڵەکانیشیان ببڕدرێت. سازکردنی وەها پێکهاتەیەک وایکردوە کە سکرتێری گشتی هەر چەشنە رەخنە و قسەیەکی جیاواز بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتە هێمایینەکەی لەقەڵەم بدات.

ئەم دۆخە کاریگەری زۆر بەرچاوی لە سەر تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتیش داناوە و تا هاتوە خراپتر بوە. لە نامەی پێشوودا بە وردی باسمان کردووە کە لە لایەک بە هۆی کەم بایەخ کردنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات لە لایەن دەفتەری سیاسی و لە لایەکیشەوە نەبوونی کادری بە توانا بوەتە هۆی هەڵوەرینی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان کە تا ئێستاش درێژەی هەیە. لەباتی ئەوەی کۆمەڵە ببێت بە مەکۆیەک بۆ ئەندامانی و کەڵک لە شەپۆلی ئەندامان و چالاکانی سیاسی تازە هاتوو بۆ ئەوروپا وەربگیردرێت، ئەندام بوون لە کۆمەڵەی شۆڕشگێر بووە بە مایەی جەفەنگ. دەسەڵاتدارانی کۆمەڵە، ئەندامانی رەخنەگری دەرەوەی وڵات بە موزاحیمی سەرەڕۆییەکانی خۆیان دەزانن، بۆیەشە دەرەوەی وڵاتیان سڕ کردوە و بە لاواز کردنی دەیانهەوێـت نەبێتە ئاستەنگێک لە بەردەم موهندسی کردنی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەکان. جا سەیرتر ئەوەیە کە بە بآ ئاگاداری ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کوردستان، پلۆنۆم لە ئەوروپا دەگرن و خەرجێکی سەیروسەمەرەشی بۆ دەکەن، بێ ئەوەی توانیبێتی ببێته‌ هەوێنی ئاڵوگۆڕێک کە هەڵگری ئەو خەرج و ته‌خشان و په‌خشانه‌ بێت کە بۆیان کردووە.

 

بواری دارایی و ماڵی:

دیارە بواری ئابووری لە کۆمەڵەدا بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو بووە بە دیاردەیەکی لەبیرکراو، واش جێکەوتووە کە ئەم بوارە تایبەتە و کەس بۆی نییە بیخاتە بەر پرسیار و لێکۆڵینەوە. دیارە ئارگومێنتی ئێوە ئەوەیە کە هەرکەس باسی ئابووری کۆمەڵە بکات دەیهەوێ بزانێ سەرچاوەی ئابووری کۆمەڵە چییە و لە کوێوە دابین دەکرێت. لە راستیدا زانینی ئەو راستییە هەر چەن شتێکی ئەستەم نییە و هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕێت، بەڵکوو لە راستیدا پرسی سەرەکی بۆ ئێمە و زۆر کەسی تریش ئەوەیە کە سەرمایەو دارایی کۆمەڵە چۆن و لە چ رێگەیەکەوە خەرج دەکرێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە ئێوە ناتانەوێ کەس بیکات و بیوروژێنێت. دارایی ئەو حیزبە بوە بە مڵکی شەخسی سكرتێرو چه‌ند كه‌س له‌ ئه‌ندامانی دەفتەری سیاسی و چەند کەسێکی تری دەوروبەریان. هیچ مێکانیزمێک بۆ لێپرسینەوە و بازڕەسی لە بواری ماڵی دا بوونی نییە، هەیئەتی حوکمڕان و ئاڵقەی دەوروبەری بە بێ سنوورێکی دیاریکراو سەرمایەی کۆمەڵە چ بۆ دروست کردنی مەحفێل و چ بۆ کاروباری شەخسی بەکار دێنن. سەفەرە یەک لەدوای یەکەکانی سکرتێر و دەوروبەرییەکانی و مانەوەیان بە پێی دڵخواز لە ئەوروپا بێ ئەوەی ئەرکی حیزبی راپەڕێنن، هەڵگری هەڕاج کردنی سەرمایەی کۆمەڵەیە لە پێناو بەرژەوەندی و کاری شەخسیدا، ئەمە لەحاڵێکدایە بە پێی پێڕەوی نێوخۆ هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بۆیان هەیە تەنیا دوو جار لە ساڵێکدا سەفەری دەرەوە بکەن و زیاتر لە ٣ مانگیش نەمێننەوە .

 

دوا وتە

ئێمە پێشووتر بە وردی رەخنەمان لە رەهەندە جیاوازەکانی شێواندنی شوناسی فیکری کۆمەڵە، پەڕاوێز خستنی پێڕەوی ناوخۆ و ئۆرگانەکانی وەک راگەیاندن گرتووە. دەشزانین کە چەن ساڵێکە بواری دیپلۆماسی نێونەتەوەییش بەرتەسک بووە بە وێنەگرتن و کۆمەڵێک مانۆڕی گاڵتەجاڕانەی فەیس بووکی لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا. پڕ ئاشکرایە کە هیوا بە هەرچەشنە چاکسازییەکی راستەقینە لەم چوارچێوە رێکخراوەییەدا، چی دی جگە لە وەهەم و خەیاڵێک پتر نییە. لەراستیدا ئەگەر پرەنسیپەکانی حیزبایەتی رەچاو کرایە، نزیک بە دوو ساڵە سکرتێرو جێگرەکانی شوێنی ئەرک و چالاكیان کە کوردستانە، جێ نەدەهێشت، کەسانێک دەبوو لێتان بپرسنەوە لە کام قەرار و بڕیاری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا هاتووە ئێوە کوردستان بۆ ئەو ماوە درێژە بە جێ بێڵن؟ هەربۆیە بەگشتی ئەوەی خەریکە روودەدات، زەق کردنەوەی سیاسەتی بنەماڵە تەوەریی، رەوتی بە کۆمپانی کردن و داخراویی هەرچی زیاتری نادێمۆکراتیکی رێکخراوێکە کە پێکهاتووە لە تاقە سەرۆکێک و هاوپشکەکانی کە ئێعتباری مێژوویی کۆمەڵەیان کردووەتە پردی گەیشتن بە ئامانجە شەخسییەکانی خۆیان. راستییه‌كه‌ی ئەوەیە کە نەریت و کولتوری راستەقینەی کۆمەڵەو گوتاری چەپی نەتەوەیی لە کۆمەڵگاو بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات بێگانەیە لەگەڵ ئەم دیاردە ناحەزانەی بە کورتی باسمان کرد. نووسینی ئەم وشانە ئەگەرچی لە رووی عاتفی و هەستی دەروونییه‌وە، پاش تەمەنێک خەباتی شەرافەتمەندانە زۆر قورسە، بەڵام وەفاداری بە ئازادی و رزگاری و بوێریی تاکەکەسی و سیاسی دەخوازێت کە بە راشکاوییەوە باسی بکەین. بێگومان مێژوو لە سەر ئێوەو ئێمەش قەزاوەت دەکات، بۆیە چیتر، خۆمان بە هاوبەشی سیاسی ئێوە نازانین و بە جۆرێکی تر و لە سەنگەرێکی ترەوە درێژە بە خەباتی فیکری و سیاسی خۆمان دەدەین و ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ نامێنین.

 

ئەنوەر محەمەدی _ ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی

فاروق وەکیلی_ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی

سالار پاشایی _ ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی

سۆران پالانی _ ئەندامی پێشووی جێگری کۆمیتەی ناوەندی

جەلیل ئازادیخواز _ به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندییه ئێرانی و‌ كوردستانییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئامریكا

ئەنوەر ئەسەدزادە_ نووسەر و سه‌رنووسه‌ری پێشووی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات

بێهروز ئەمین پوور _ به‌رپرسی پێشووی ده‌فته‌ری سكرتێر

ئەمین سورخابی _ لێكۆڵه‌‌ری سیاسی و كادری پێشووی راگه‌یاندن

18.06.2019

…..

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کومیتەی دەرەوەی وڵات لەم بارەوە ئەم نووسراوەی بڵاو کردەوە.

 

ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات

ئەمڕۆ ھەشت کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە لە راگەیاندنێکدا چوونەدەرەوەی خۆیان لە ریزەکانی ئەم حیزبە راگەیاند. ئەو کەسانە بەھۆکاری جیاواز و ھەرکامەیان لەقۆناغێکدا لە چەند سالڕ لەوەپێشەوە بەکردەوە خۆیان لەکاروباری حیزبی دوور خستبووەوە و تەنانەت هەندێک لەوان ساڵانێک بوو دەستیان لە ڕەش و سپی ئەم حیزبە نەدابوو. ئێمە چەندین جار بۆ چالاک کردنەوەیان و قەناعەت پێکردنیان بۆ وەرگرتنی کار و مەسئولیەت ھەوڵمان دا و ھەموو ھەنگاوێکمان لەو پێناوەدا ھەڵگرت، بەڵام ئەوان بەپاساو و بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە قبووڵی ھەموو کارێک دزیەوە و سەرەنجامیش چوونەدەرەوەی خۆیان لە کۆمەڵە راگەیاند.

دیارە مانەوە و کار کردن و چالاک بوون لە ھەر حیزب و ڕێکخراوێکدا لەڕووی ویست و بیروباوەڕی کەسەکانە و ھەندێک کەس لە ڕەوتی خەبات و لە ھەلومەرجێکی تایبەتدا بیروباوەڕی خۆیان بە ئامانجی حیزب و ڕێکخراوەکەیان لەدەست دەدەن یان بەھەر ھۆکارێکی شەخسی و سیاسی ئامادە نابن چیدی لەپێناو ئەو ئامانجانەدا کار بکەن و بەو ھۆیانەشەوە رێگەی چوونەدەر لەو حیزبە دەگرنە بەر. ئەو چەشنە ڕووداوە، ھەرچەند بۆ کەس جێگەی خۆشحاڵی نییە، بەڵام ھەندێک جار لە ڕەوتی ژیان و خەباتی ھەموو حیزبە سیاسییەکاندا دێتە پێشەوە.

ئەو ھەشت کەسەش دەیانتوانی ھەر ئەو ڕێگە یاسایی و شارستانیانە بگرنەبەر و بەناسینی قەدری زەحمەتەکانی پێشووی خۆیان و خەباتیان لە کۆمەڵەدا، نامەی خۆیان ڕوو لە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵە بنووسن و بەحورمەتەوە ڕیزەکانی ئێمە بەجێ بھێڵن و لانی کەم جێگە بۆ پەیوەندێکی دۆستانە لە گەڵ ھاوڕێیانی پێشوویان بھێڵنەوە. بەداخەوە ئەوان ئەو ڕێگەیان ھەڵنەبژارد و بە ھەڵبەستنی بوختان و داتاشینی تۆمەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بێ بنەما، چوونە دەرەوەی خۆیان لەبەر چاوی دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە ناشیرین و قێزەون کرد. ئێمە لێرەدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو شێوە ڕۆیشتنە نائەخلاقی و ناشۆڕشگێڕانەیە، ڕایدەگەیەنین کە خۆمان تێکەڵاوی ئەو قسەوقسەڵۆکانە ناکەین و تەنیا ئەوە تەئید دەکەین کە لەم کاتەوە ئەوان ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نەماون و بەرپرسایەتی وتار و کرداریان لە ئەستۆی کۆمەڵە نییە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کومیتەی دەرەوەی وڵات

٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی ھەتاوی

،٢٠ی ژوئەنی ٢١٠٩ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی