حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سوئێد لە 16ـی سەرماوەز رۆژی كەمئەندامانی حیزبدا سێمینارێكی فراوانی ساز کرد كە بەهۆیەوە رێز لە كەمئەندامانی حیزب و گەل گیرا.
دەقی هەواڵ، وەرگیراو لە ماڵپەڕی کۆمیتەی حدکا لە سوید.
یادی كەمئەندامانی دیمۆكرات بە سێمینارێكی رێزلێنـان كرایەوە.
سەرلەبەیانیی شەممە 16ـی سەرماوەزی 1398ـی هەتاوی لە رۆژی كەمئەندامانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێراندا، سێمینارێكی رێزلێنان لەو توێژە شۆڕشگێڕەی حیزب و نیشتمان لە شاری ئیسكیلستونای سوئێد بەڕێوەچوو كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی دیمۆكراتی تێدا بەشدار بوو.
بەشی یەكەمی سێمینارەكە بە سروودی نەتەوەیی و وەستان و بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد كە دواتر عەزیز مورادپەرست بەرپرسی رێكخستنی حیزب لە سوئێد كە خۆی كۆڕەكەی بەڕێوە دەبرد بە خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەك بۆ گیانی پڕ لە ئازاری كەمئەندامان دەرگای كۆڕەكەی بەڕووی بابەتەكەدا كردەوە.
پاشان، حەبیب بەهرامی بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە ئیسكلیستونا وەك نەریت بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد كە كۆمیتەی شارەكە ئامادەكاری چالاكییەكە بووە. دواتر پەیامی كۆمیتەی گشتیی حدكا لە سوئێد لەلایەن مەولوود عەبدیلزادە بەرپرسی كۆمیتە پێشكێش كرا كە تێیدا وێڕای خێرهێنانی بەشداران، تیشكی خستە سەر رووداوە مێژوویییەكانی گەلەكەمان و دیاركردنی رۆژی كەمئەندامانی بە گرینگ ناو برد. هۆنراوەكەی عارف عەزیزی بۆ كەمئەندامان بەشێكی تری دەستپێكی سێمینار بوو.
دواتر سەید عەلی هاشمی كە خۆی كەمئەندامی دیمۆكراتە لە وتارێكی كوورتدا سپاسی بەسەركردنەوەی كرد و هیوای خواست ئەو رێزلێنانە سەرجەم ئەوانە بگرێتەوە كە جەستەی خۆیان پێشكێشی خەبات و ئازاديی كردووە.
بەڕێوەبەری سێمینارەكە پاشان داوای لە مێوانانی بەڕێز مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، محەمەد عەلی عینایەتی و ئەحمەد عەزیزی كرد كە بفەرموون باس و وتاری خۆیان بۆ ئەم رۆژ و یادە پێشكێشی ئامادەبووان بكەن.
مامۆستا مەلا حەسەن لەگەڵ یادكردن و ناردنی سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی كوردستان، باسێكی كوورتی لەبارەی چۆنێتیی تیرۆكرانی خۆی لەلایەن رێژیمی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامییەوە كرد، هەر ئەو رووداوەی كە بووە هەوێنی دامەزرانی رۆژی كەمئەندامانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران.
بەڕێزیان لە باسەكەیدا زۆر بەجوانی روى دزێوی دوژمنی وێنا كرد و داوای كرد رۆژی كەمئەندامانی حیزب دەرفەتێك بى تا بتوانین لە ئاستی ناودەوڵەتیش ریسوای رێژیمی تاران بكەین. هەروەها باسی لە ئازاری ژیانی كەمئەندام كرد و روونی كردەوە چەندین جۆر كەمئەندام بوونی هەیە كە پێویستە لە داهاتوودا هەموویان بەگرینگ وەربگرین، بۆ نموونە كەمئەندامی كۆڵبەر یان ئەوانەی بەهۆی خۆپێشاندانەكەی دوایی لە راپەرینەكانی ناوەخۆ دژی رێژیم كەمئەندام بوونە.
لە بەشێكی تردا مامۆستا داوای لە كۆبوونەوەكە كرد پەیامێكی سپاس و پێزانییان هەبی بۆ سەرجەم ئەوانەی لەپاڵ كەمئەندامان خزمەتیان بەو توێژە كردووە.
ئەحمەد عەزیزی كە فەرماندەیەكی دیاری دیمۆكرات بووە لە قسەكانی دا كەمئەندامانی بە شەهیدی زیندوو ناو برد و پەردەی لەسەر پیلان و تاوانەكانی رێژیم دژ بە خەڵكی كورد لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق لا دا. كۆڕگێڕ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە ئەگەر حیزبی دیمۆكرات نەبووایە، وزە و هێزی مرۆیی لە كوردستانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی تاران بەرەو دۆخێكی نالەباری مرۆیی و سیاسی دەچوو، بەڵام گەل پشتی حیزبی دیموكراتی بەرنەدا و دیموكراتیش لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بوو.
دواتر محەمەد عەلی عینایەتی ئەندامی پێشووی كۆمیتەى ناوەندیی حدكا بە ناردنی سڵاو بۆ كەمئەندامانی بەرەكانی شەڕ دەستی بە باسەكەی خۆی كرد. عینایەتی روونی كردەوە كە دیمۆكرات حیزبێك بووە مێژووی خوڵقاندووە، هەر لە هەڵكردنی ئاڵا تا ناوی پێشمەرگە. هەروەها نەیشاردەوە كە پێویستە رۆژی كەمئەندامانی حیزب فرەوانتر بكرێ و سەرجەم هێز و لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بگرێتەوە. لە بەشێكی تردا باسی لە هەوڵەكانی د. قاسملووی نەمر بۆ فەراهەمكردنی ژیانێكی ئاسایی بۆ كەمئەندامان لە ناوەخۆ و دەرەوەی وڵات كرد.
بەڕێوەبەری سێمینار وێڕای سپاس بۆ سەرجەم كۆڕگێڕەكانی، چەپكە گوڵى رێزلێنانی پێبەخشین.
لە بەشی دووەمی رێوڕەسمەكەدا، بەڕێوەبەری سێمینار داوای لە سەرجەم ئەندامانی كۆمیتەی گشتی و كۆمیتەی شارەكان لە سوئێد كرد بەشدار بن لە پێدانی لەوح و گوڵی رێزلێنان لە كەمئەندامانی حیزب كە تێیدا زیاتر لە 40 لەوح بەخشرا بەوانەی جەستەی خۆیان بەخشیوە كە بە مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی دەستی پێكرد.
هەر لەو بەشەدا لەوح و پەیامی رێزلێنان بەخشرا بە كلسووم خانم (هاوسەری مامۆستا شیوەسەڵی). هەروەها ژمارەیەك ئەندام و كەسایەتی رێزیان لێگیرا كە لەپێناو حیزب و گەلدا باوەشیان بۆ ئازاری جەستە كردووەتەوە. هەروەها دڵنیایی ئەوە درا كە رێزلێنان لە كەمئەندامان بووەتە ئەركێكی هەمەلایەنە و هەموو ئەوانەش بەسەر دەكرێنەوە كە ئەمڕۆ لێرە نین.
سێمینار پاش 4 كاتژمێر بەردەوامی، لە كەشێكی شۆڕِگشێڕانەدا كۆتایی بەكارەكانی هێنا.