"an independent online kurdish website

لە مێژووی خەباتی هەموو گەلانی ژێردەستە کە بۆ ڕزگاری تێکۆشاون هەڵەو پەڵەو خەتاش هەبون و دەبن .

ئێمەی کوردیش یەک لەو گەلانەین کە بەداخەوە تا ئێستاش سەرەڕای خەباتی شێلگیرو قوربانیدانی زۆروو گەورەش نەگەیشتوینە ئامانجی نیهاییمان . هۆی ئەوەش بەزۆری دەخەینە ئەستۆی خۆمان و بێی بیر کردنەوە دەست دەکەین بە تەوسو پلارو جارجارجنێویش، وەردەگەڕێینە سەروو گوێلاکی کوردوو ، دەڵێین : وابوو ، واچوو ، هیچ نیە ، بۆ هیچ نابێی ، و… کە بێگومان کارتێکەری نەرێنی لەسەر ڕووحیەی زۆرێک لە گەلەکەمان دەبێی ، بەتایبەتی نەوەی نوێمان بە ژەکی بێهیوایی فـرچک دەدا. ئـەوە دەردی خۆ بەکەم زانینە. ئەو تەرزە ڕەفتارو گوتارانە ویروسێکن بـەدرێـژایی مێژوو دوژمنی داگیرکەر لە ژێر ناوی جۆراو جۆر خستویەتە ناو بیرو مێشکی ئێمە . لیرەدا بە هیچ جۆر مەبەستم ئەوە نیە خوای نەخواستە بڵێم : ئەوانە هـاوکارو بڵیندگۆی دوژمنانن، هـەرچەنــد دوور نـیە ئـیواشیان تێدا هـەبێی ! ئـەوانـە بەبێی ئەوەی بەخۆیان بزانن بەئاوی خۆیان ئاشی دوژمن دەگێڕن.

حاشا لەوە ناکرێی هەڵەو پەڵەو کەمو کوڕیمان هەبوەو دەبێێ ، ئەوەش ئـاساییە، لە دنیای پێشکەوتوشدا هەیـە. هـۆی ئـەوە کە خۆمـان بـەنـەزان و چی و چێ تاوانبار دەکەین و دەناسێنین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مێژووی خۆمان بەباشی ناناسین و نازانین و بایخیشی پێنادەین. بەڕاشکاوی دەڵێم : کورد یەکێک لەو گەلە شۆڕشگێڕانـەیـە کە چارەنوسی دەگەڵ هەمـوو گەلانیتر جـیاوازی هەیە. لەبیرتان نەچێی ، وڵاتەکەمان لـەلایەن چوار دوژمنی دڕندە ، کە جگە لە نەمان بۆ کورد چیتریان ناوێی ، گەمارۆ دراوە ، خوێندن و فێربـونمان لـە ژێـر دەستی ئەوان و کارتێکەری زمان و فەرهەنـگ و کلتوری فـارس و تـورکو عەڕەبدا بوەو هەیە. بۆوێنە ئێوامان هەیە ڕێبەری حیزبێکی گەورەی کوردیە زمانەکەی یان نازانێی یان زۆر خراپی دەڵێی ! باشوری کوردستان کە خۆی بـەڕێوە بەری خۆیـەتی تائێستاش لە ژێـر ئـەو کاریـگەریـە ڕزگاری نـەبـوە ، جا ‌چـبگا بـە بەشەکانیتر. لـەهـیچکام لـە ڕۆژاوا،  بـاکور و بـاشور زمان و فـەرهەنـگ و کلتوری کوردی بەشێوەی رەسمی نەدەخوێندرێی ونەکاری بـۆ دەکرێێ. ئـەوانـەش کە بـاس دەکرێن دەستیان تێوەر دراوەو شێوێندراونـو گومانیان لێدەکرێی. ڕوونتر بڵێم : زۆربەی ئەو هەڵەو پەڵانەی ئێستا توشیان دەبین ، لەوەڕایە کە وەک پێویستو وەک خۆی بـەتـەواوی لـە مـێژوەکەمـان ئـاگادار نین .

ئەگەر واقیع بینانەو بـوێـرانـە بـەچاوی کراوەو بێی غەرەزو مەرەز بڕوانینە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان ، دەبینین سەرەڕای ئـەوهەمـوو جینایەتـانـەی دەرهەقی کراوە ، ئەو هەموو تەونو بەستەی بۆی ڕایەڵ کراوە ، ئەو هەموو فرتو فێڵەی لێیکراوە، ئەوهەموو پیلانە قێزەونو مەترسیدارانەی بۆی داڕێژاوە، ئەو گشتە درۆو بوختانانەی بۆی هەڵبەستراوە ، ئەهەموو پڕوپاگەندە ژاراویەی دەبارەی کراوە. ئەوهەموو دەروازە داخراوانەی بۆ دنیای دەرەوەی لەسەری گاڵەدراوە ، کەچی دەبینین ڕۆڵە بـەجەرگو لەخۆ بـردوەکانی نـاوخۆو گیان بەخت دەکەن ڕۆڵەکانی دەرەوەش بە کەم ئەندامو ساغیانەوە بۆ هاوئاهەنگی دەگەڵ ئەوان بە بۆنەی جۆراو جۆر لە ئوروپاو ، ئەمریکاو، کانەداو و…ئاڵای کوردستان بەدەستەوە، مەرگ ونـەمـان بـۆ داگیر کەران دەڵـێنەوە، بـە گـوێی گەلانی جیهانی دەگەێینن و بەدوژمن دەڵێن : خەیاڵت خاوە، چارەنـوسی گەل لە هەرکوێی بن بەیەکەوە گرێدراوە ، ئـەگەر دوژمن دیقی مەرگیش بکا کورد نەمردوەو هەرماوە. ئەگەر تا ئێستا سەر نـەکەوتوین و نیشتمان و گەل هەروا لە ژێر زەختو زۆروو وێـرانکاری دوژمناندا دەناڵێنێ ، نابـێی بەگەمژەیی و نـەزانیو چی و چی خۆمانی بـزانـین بـەڵـکو بـەشی هـەرەزۆری دوژمن بەسەریدا سەپاندوین ، بێگومان نەخوێندەواری ، ناشارەزایی ، بەهەڵە ڕێنوێنی کران ، خراپ تێگەیاندن ، هەلپەرستی و خۆفرۆشی هێندێکان ، وەسەر تـەڵـەی پەڕاندوین و لێکی کردوین . دەگەڵ هەموی ئەوانەش لە سەدەی بیستو یەکەمدا لە ئازادیو تەنانەت مافی ڕەوای مرڤانـەش بێبەش کراوین . بـەهەموو چەشنە چەکێکی قەدەغەکراویش لێیان داوین و هەموو دیتوتانـە ولـە بیرتـانـە لـەسەر میزی وتـووێـژی ئـاشتیشدا تـڕۆڕ کراویـن، بـەڵام بـەچۆکدا نـەهـاتـویـن و نەبەزیوین و ڕەوتی خەباتمان هەر بەردەوامە و بۆ ساتێکێکیش ڕانـەوەستاوە. تۆخوا بەوە دەڵێن هیچ نەزانی و تێنەگەیشتویی؟!

خۆ بەکەمزانی سفەتێکی گەلێک پەستو ناحەزوو ترسنۆکانەیەو لە مەنتیقیش دوورە. کوردیش مرۆڤە، هەموو مافێکی مرۆڤانەی هەیە و لەکەس کەمتری نیە. لەبواری فێربون و خوێندەواریدا سەرەڕای هەموو بەرگریو کەندو کۆسپەکان و نەبونی دەرەتانی خوێندن بەزمانی زگماکیو خرانە ژێر تەئسیری زمانی بێگانە، پیاوی زۆر زاناو شارەزای لێهەڵکەوتوە . ئەگەر تەماشا بکەن زۆربەی کتێبی ئەدەبیات و شتیتر بەزمانەکانی بیگانەش بەتایبەت عەڕەبی نوسەرەکانیان کورد بوە. بۆ ئەو بـابـەتەش ورد تەماشایەکی هـەمبانـە بـۆرینەو چێشتی مجـێـورو کتیبەکانیتری مامۆستا هەژارو شێعرەکانی هێمن و گشت نوسەرو هەڵبەستوانی کوردان بکەن . لەبواری جوامێریـو ئـازایەتی و خاوەن پـەیمان و بـەڵێنیش دەتوانم، بڵێم : لەقەبی قارەمانی بۆ خۆی مسۆگەر کردوە. زۆربەی نـوسەرو بێژەرانی دنیای پێشکەوتوی دەرەوەش ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە. تەنیا شتێکی کە زۆر کەس دەڵێن نایزانین سیاسەتە ! کە چێ بەڕای من ئەوە ڕاست نیە . ئەوە سەداقەت و پاکی وپێبەند بـون بـە پەیمان و بەڵێنیە وای لێکردوین درۆوو فرتو فێڵ وخەیانەت و هەڵخەڵەتاندن، تەنانەت دەگەڵ دوژمنیش نەکەین. قسەم دەگەڵ ئەوانە نیە کە خۆیان دەفرۆشن دەبنە نۆکەری دوژمنان، ( چەم بێی چەقەڵ نابێی. ) ئەوەی خەڵک دەگەڵمانی دەکا لە نەزانی ئێمەوە نیە بەڵکو لە درۆزنیو بێئەخلاقی و بێی ئوسولی بەرانبەرەکەمانە . ئێمە لە سەر میزی وتوو وێژی ئاشتی هەر گیز تەقەمان لەدوژمن نەکردوە. هەرچەند بەڕێوە بردنی ئوسولو پڕنسیپی شۆڕشگێڕانە زیانی گەورەشی لێداوین ، بـەڵام هـەرگیز فەڕامۆشمان نەکردوەو نایکەین، کەرامەت وشەڕافەتی گەل بۆ بەرز ڕاگرتنی، فیداکاری دەوێێ ، کردومانە و دەیکەین . شەڕەف گەوهەرەو قیمەتی نایە دەوید ڕووڕەشی هەردووک دنیایە.

ئێمەی کورد شەڕەفـو کەڕامەتی خۆمـان بـە قورستریـن نـرخ پـاراسـتوە ، سەربەرزین کە سەرمان داناوە بەڵام سەرمان شۆڕ نەکردوە، کەسایەتی و ئیعتیباری گەلمان نەفرۆشتوە . ئەو سەداقەت وپێبەندیەمان بـە بەڵێنیەکانمان ، ئەو ئازایەتی و لە خۆبردوییەمان ، سەرەڕای ئەوەی زیانی گەورەشی لیداوین بەڵام وەک گەلێکی ئازادیخوازو سەربەخۆو چاونەترسیو پێبەند بە ئوسول و یاسا نێو دەولەتیەکان، وەک گەلێکی سەربەرز پێناسەی کردوینو ناسراوین.

براتان مەلابرایمی مەجیدپور

١٣ سەرماوەزی ٢٧١٩ کوردی ٤ / ١٢ /٢٠١٩ زایینی .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی