"an independent online kurdish website

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2020/01/25 لە لایەن کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی پیرۆز کردنی 74 مین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان شەوئاهەنگێک بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب

و نوێنەرانی بەشێک لە ڕێکخراوە کوردستانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتا لە لایەن کاک حوسەین خاڵخال بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و بۆنەکانی کومیتەوە بە خێرهاتنی بەشدارانی ئاهەنگەکە کرا. پاشان سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب لێ درا و دواتر بەشدارانی ئاهەنگەکە بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بە بێ دەنگی ڕاوەستان.

پاشان پەیامی کومیتەی حیزب لە ئوتریش بە بۆنەی دووی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن کاک حوسەین خالخاڵەوە پێشکەش کرا. پەیامی کومیتە سەرەڕای ئیشارە بە گرینگی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و گرینگی ئەم دامەزراوەیە لە مێژووی سیاسی کوردستاندا و دەست نیشان کردنی دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان، خوازیاری یەکگرتن و یەکڕیزی نێوان ڕێکخراوە کوردستانیەکان وەک بەهێزترین ئامڕازی دەستەبەرکردنی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بوو.

پاش پەیامی کومیتە لە لایەن کاک سامان عەباسی یەوە چەند کۆپلە شێعرێک پێشکەش کران کە جێگای ڕەزامەندی بەشداران بوو. ئاهەنگەکە بە لێدانی مووسیقای کوردی و شادی وهەڵپەڕکێی بەشداران تا درەنگانی شەو درێژە کێشا

شایانی باسە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی سووریە لە سەر بانگێشتنی کومیتەی حیزب بەشداری ئاهەنگەکە بوون و پەیامی پیرۆزبایی یان بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش بە کومیتەی حیزب کرد، ئێمە ش بەم بۆنەوە لە لایەن کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سوپاسی بەشداری و پەیامی پێرۆزبایی یان ئەکەین ، کومیتەی حیزب هەروەها سوپاسی ئەو خوشک و برایانە ئەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکە و ئامادە کردنی خوانی ئێوارەی میوانانی جێژنەکە یارمەتی دەرمان بوون.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

2020/01/25

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی