"an independent online kurdish website

پێشەکی: بەڕێز کاک ئەحمەد لەبادی لە ڕابردوودا بەرپرسی ناوەندێکی چریکەکانی فیدایی خەڵک لە مهاباد بووە

کە ماوەیەکی پێش لە وتووێژیکی تەلەفزیونی دا تیشک دەخاتە سەر هێندێک بابەت و ڕووداوی کۆن کە یەکێک لەو بابەتانە حامید کلاشی یە (حامید بەگ).

پێش لە ورژاندنی بابەتی جێگای باس وا بەباش دەزانم بە ڕوونکردنەوەیەک پێشگیریم لە بەلاڕێداچوونی فکری خوێنەر کردبێت، حامید بەگ ئامۆزاگی دایکو بابی منە بەڵام سەرچاوەی نووسینی ئەم بابەتە هیچ پێوەندییەکی بەو خزمایەتییەوە نییە، لەگەڵ حامید بەگ پێوەندیمان ئاڵۆز و یەکترمان نەدوواندەوە، هەروەها مرۆڤێکم کە ئینسانییەت و هەڵسوکەوتە مرۆڤییەکان سەرچاوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانم دیاری دەکات و تا ئیمکانی هەبووبێت ڕاستییەکانم بەگوێرە زانست و توانی خۆم باسکردەوە و لەو پێناوەشدا زۆر نرخم داوە و پەشیمان نیم.

هەروەها نامهەوێت بەنووسینی ئەم بابەتە کەس تاوانبار یان لە تاوان بەری بکەم چونکە ئەمە ئەرکێکی یاسایی و یاسایە کە بڕیار دەدات، بەڵام لە ڕووانگە مرۆڤییەکەوە پێم وایە کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوان، مێوان و بێ دەسەڵات تاوانێکی گەرورەترە لە تاوان و تاوانباران بەشۆڕشگێڕ نازانم چونکە وێرای بیری نەتەوەیی عەداڵەتی کۆمەڵایەتیی، ڕامیاری، یاسایی و ئابووریی بە گەرانتی سڵامەتیی نەتەوەیی پێناسە دەکەم و ئەو کەسانە بە شۆڕشگێڕی ڕاستین دەزانم کە سنوورەکانی دەستەبەربوونی ئەو گەرانتیی بەهێز دەکەن، هەروەها پێم وایە ئەوانەیی کە دوور لە لۆژیک بە بیانووی جۆراوجۆری وەک ئایینی، سیخوری بێ بنەما، دەرەبەگی (ئاغایی)، سەرمایەدار، بۆچوونی جیاوازو هتدد… تاکەکانی کۆمەڵگایان سەرکوتکرد فاکتەری دابەزاندنی چەندی و چۆنایەتیی ئاستی خەباتی نەتەوەیی و ڕامیاری لە کوردستاندا بوون کە ئێستاکەش هەر ئاسەواری ماوە و ئەو سنوورە فکریەیی منیان بە جۆرە ئانارشیزمێک بریندار کردەوەو ئەگەر ماین و کوردستانێکی ئازادمان هەبوو بەڵام ئەو گەرانتیی نەبوو یان زۆر لاواز بوو شوێنی من کونجی زیندانە و لەوێدایە کە خەبات بۆ من کۆتایی پێ دێت.

بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت هەڵسەنگاندنی دروستی هەبێت واباشە کە وێنەیەکی ڕوونم لە سەر بابەتی باسەکەم پیشاندابێت.

   حامید بەگ کێ بوو؟

حامید کوڕی حەمەتاهێر بەگ دانیشتوویی کلاش (جاف) بوو ناوبانگیان کلاشی یە، بابی حامید لە کاتی خۆیدا چەند جار بەرنگاری حکومەتی پەهلەوی بووەتەوە، ئەو بەرنگاربوونەوانە هۆکارێک دەبێت تا منداڵەکانی بە هەمان ڕێگادا بڕۆن، حامید، محمد و شەهید محمود هەر سێکییان هەرکام لە تەمەنێکدا بەڵام هەر سێ برا لە تەمنەنی زۆر لاویدا تێکەڵاوی کێشە ڕامیارییەکان بوون حامید و محمەد بە سەرهەڵدانی تەیمووری بەختیار لە گەڵ تەیموور بەختیار کەوتن و شەهید محمود لە گەڵ جوڵانەوەی نەتەوەیی ساڵی ١٣٤٦ش.

کاتی هەرەس هێنانی ڕێبازی تەیمووری وێرای هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ گەڕاندنەوەیان، حامید و محەمەد بوون بە جەلالی و هەتا کۆتایی بەشێوەی خۆیان لە گەڵ سیاسەتەکانی بەڕێز مام جەڵال مانەوە و لە بەرژەوەندی یەکیتیی دا هەوڵیاندەدا، شەهید محمود کادر و ئەندامی کومیتەی شارستانی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ئەرکێکی تەشکیلاتی لە نێوخۆ کەوتە داوی ڕژیم و بە سزا شەهید کرا.

کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هەر سێ برا بە یەک ئامانجەوە بەڵام بە شێوەی جیاوازی فکریەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان و سەرەتایی ساڵی ١٣٥٨ش ئەو سیاسەتوانانە کە بوون بە هاودەستی مەلاکان بۆ دزینی شۆڕش ئەوانیان بە خەتەر بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان زانی و ئوستانداری تازەی کرماشان لە گەڵ خزمانی ئەوان پێوەندی کرد، وێرای کەمی تەمەن بەڵام من یەکێک لەو کەسانە بووم، ئەمە سەردەمێکە کە هێشتاکە کێشە ڕژیم و کورد سەری هەڵنەداوە و حامید و محەمەد چەکداریان نییە.

ئوستاندار کە ناوەکەیم لە بیر نەماوە وتی ئێوە خزمی ئەوانن و هەر سێ برا لە ڕووانگەی ئێمەوە شۆڕشگێڕن، پەیامی ئێمەیان پێبگەیەنن و بێژن بیستومانە هەوڵێک بۆ تێکدانی ناوچەکە لە ئارادایە هیوادارین ئەوان لایەنی خۆیان (ڕژیم) بگرن و ئێمە حازرین حامید و محەمەد کە خوێندەواریان کەمە بکەین بە بەرپرسی چەکدار لە هەموو ناوچەکەدا و محمودی برایان بەکین بە بەرپرسی ئاموزش و پەروەرشی هەورامانات و هەر یەکەو یەک خانووی باش بە هەموو ئیمکاناتەوە لە هەر شارێک کە بۆ خۆیان بەباشی دەزانن بێ بەرابەر پێشکەشیان بکەین.

لە ئاوایی قشڵاخ ئەوانمان بیناو مەسەلەکەمان لە گەڵیان هێنایەگۆڕێ کە زۆر ئاڵۆز بوون و وتیان ئێوە ئاگاداری پیلانی ئەوان نیین، ئەوە پیلانی کڕینی ئێمەیەو دەیانهەوێت بمانکەن بە جاش، هەروەها وتیان بە ئوستاندار بڵێین ئێمە بۆ کڕین نابین و یەک تاقە کورد و یەک بست لە خاکی کوردستان بە هەموو ئێران ناگۆڕینەوە، وەڵامی پێشنیارەکەی ئوستانداری کرماشان بوو بەوەی سەروە.

بۆ زانیاری زیاتر لە سەر هەر سێ برا پێشنیار دەکەم کە کتێنی کورتەی بیرەوەرییەکانی من چاو لێ بکەیت. هەروەها بۆ کاریگەری نەرێنی سیاسی و نەتەوەیی مەسەلەی کوشتنی حامید لە سەر ناوچەکە و کوردو تاکی کورد پێشنیاری خوێندنەوە هەمان سەرچاوە دەکەم.

وێرای ڕێز بۆ کاک ئەحمەد بەڵام چاوەڕووانی وابوو کە ئەگەر ڕۆژێک ئەو باسە بێنێتەگۆڕێ ڕاستییەکان وەک خۆی و کردەوەکە بە کارێکی نالەبار یان نایاسایی پێناسەبکات بەڵام وا دەرنەچوو، کاک ئەحمەد هێندێک زانیاری لە پێوەندی لە گەڵ مەسەلە حامید باس دەکات بەڵام بەهەمان مێتودی کۆنەوە، لەم ڕووانگەوە قامک دەخەمە سەر هێندێک خاڵ لە باسەکەی کاک ئەحمەددا.

یەکە: بەڕێز لەبادی دەڵێت کەسانی دیکە بەرپرسی ئەو شوێنە بوون کە حامید بەگی لێ بووە، چونکە یەکیتیی وەرنەگرتەوە بە بڕیاری خۆیان ئەو و حەسەن ئاغای قەرەچەڵیان کوشتبوو! بەڕێز عومەر شێخ موس وەک شایەتی وەرنەگرتنی حامید بەگ لە لایەن یەکیتییەوە ناو دەبات.

دووهەمم: دەڵێت کاتێک کە مەقەڕەکانمان خڕکردەوە هێندێک پاسدار و کڵاو سەوز لە زیندانەکانیاندا بوون کە ناچار بوون ئازادیان بکەن!

سێهەم: دەڵێت حامید بەگ بەوە تاوانبار بوو کە چەکی لە عێراق بۆ کۆمەڵەو یەکیتیی هێناوە و زانیارییەکانیش لە لایەن خودی عێراقییەکانەوە بەوان گەیشتەوە!

هەوڵدەدەم تا خاڵەی باسەکەی بەڕێز لەبادی کە پێوەندیان بە حامید بەگەوە هەیە وەک پرسیار بۆ خوێنەران بێنمەگۆڕێ و لە کۆتایی دا بۆچوون و شیکردنەوەی خۆم لە سەر خاڵ بەخاڵی باسی حامید بەگ هەبێت. داخۆ ئەگەر یەکیتیی حامید بەگی وەرنەدەگرت چۆن بوو کە بەڕێز نەوشیروان مستەفا یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی حامید بە پەلە نامەیەک بۆ شەهید د- قاسملو دەنووسی و داوایکردەوە کە بۆ ئازادکردنی حامید هەوڵی خۆی بدات و بە هەواڵانی حامیدی وت کە ئەو ئەندامی ئێمەیە و کاردانەوەمان دەبێت؟ بۆ ئاگاداریتان سێ کەس لەوانە ئێستاکە لە وڵاتی سوئێدن، دووهەم خێزانی حامید بەگ و چەند کەسی دیکە دوای بڵاو بوونەوە ئەو دەنگۆ پرسیاریان لە بەڕێزان عومەر شێخ موس و کەمال خۆشناو کرد بەڵام وتیان ئاگاداری شتی وا نین و حامید بەگ ناناسن، هەروەها چاوپێکەوتنیان لە گەڵ بابی عومەر بۆکانی کە وتوویانە کوڕەکەی دەستی لە کوشتنی حامید دا هەبووە دەبێت و بابی عومەر ناو وتبووی ڕاستە عومەر کوڕی من دەستی لەو تاوانەدا هەبوو و ڕۆیشتەوەتە بۆلام کۆماری ئیسلامی، یەک نەفەر لەوانە ئیستاکە لە سوئێد لە شاری ستوکهلم دەژی.

داخۆ چەک وەرگرتن لە نەیارێک و بەکارهێنانی دژ بە نەیارێکی دیکە تاوانێکی گەورەترە لەوەی کە بێ جیرەو مەواجو یارمەتی بکەیت بە داگیرکارێک بۆ چەوسانەوەی وڵاتێک و سەرکوتی گەلێکی بێ ئیمکان؟

باوا حیساب بکەین کە ئەندامێکی یەکیتیی وتی نایناسم دەکرێت ئەمە بەڵگەیەکی سەلماو بێت؟ داخۆ هەموو ئەندامانی ئاشکرای ڕێکخراوەیەک ئەندامە نهێنییەکانی ئەو ڕێکخراوە دەناسن؟ داخۆ ئەگەر بە مەبەستی گۆڵدانی ڕایگشتیی نەبێت لە سەردەمێک دا کە خەڵک بۆ گەیاندنی پەیامێک پێویستی بە چەند ڕۆژکات هەبووە مولەتێکی دوو ڕۆژە بۆ کوشتنی دوو مرۆڤ کافییە؟ با من بە کاک ئەحمەد بڵێم ئێوە لە گەڵ بەرپرسێکی سادەی ناوچەیی یەکیتیی بە ناوی بەڕێز جەمالی حەمەی خواکەرم پێوەندتان کردەوە و ئیمکانی ئەوەش هەیە کە دوای کوشتنی حامید ئەو کارەتان کردبێت!

ناڵێم بۆ پاسدارەکانتان ئازادکرد چونکە پێم وایە کارێکی باشتانکردەوە، بەڵام داخۆ ئەو یاساو لۆژیکە کە داگیرکار کە بە قەستی داگیرکردن و کوشتنی خەڵک هاتووە مافی ئازادی پێ دەبەخشێ بەڵام لایەنی دیکە کە تاوانبارکراوە بە تاوانی هێنانی چەک بۆ دوو هێزی ئازادیخوازی نەتەوەکەی سزای مەرگ دیاری دەکات کامەیە؟ ئەو یاسا کام باخەوان و لە چ باخێکدا نووساویەتیی؟ لە ڕووانگە خۆمەوە کۆمەڵەو یەکیتیی هەردووکیان ئازادیخوازن و جمهوری ئیسلامی دیکتاتۆر و داگیرکارە. بەردەوامی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی