بەداخەوە رۆژی چوارشەممە، 25ی مارسی 2020 باوکی هاوڕێمان کاک ئەحمەد کۆچی دوایی کرد .
بەداخەوە کاک حاجی نەیتوانی بە دیداری کاک ئەحمەد شاد بێتەوە و بە هۆی نەخۆشی کرۆناش پرسەی حزوری بەڕێوە نەچوو و دۆستان لە رێگای فەیسبووک و تەلوفوونەوە پەیامەکانیان نارد.
خوالێخۆشبوو حاجی عەبدوڵای حاجی سمایلی کاکەمەمی گەورەی بنەماڵە و ماڵبات لە بنەماڵەی دەسترۆیشتووی و خۆشناوی تایفەی کاکەمەمی و باوکی تێکۆشەر و نووسەر کاک ئەحمەد کاکەمەمی و شەهید ڕەسوڵی کاکەمەمی و خاڵی شەهید محەمەدی کاکەمەمی دانیشتووی گوندی سیاقۆڵی خوارێ ناوچەی مەهاباد رۆژی ٦ی خاکەلێوەی کۆچی دوایی کرد. تێکەڵاوی ئەم بنەماڵەی بە بیر و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی لانی کەمی بۆ ساڵانی کۆمار و دوای کۆماری کوردستان دەگەڕیتەوە. بە شاهیدی مێژوو و هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ و ٦٠ ساڵە گوندی سیاقۆڵ بە دوای کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان بە ساڵان بوو بە مەکۆ و ناوەندێکی سیاسی و پەناگای شەهیدانی خەباتکار و ڕێبەر وەک کاک دوکتۆر قاسملوو، کاک عەزیز یۆسیفی، کاک سولەیمان موعینی، کاک یۆسف ریزوانی، کاک ئەسعەدی خودایار، کاک کەریم حیسامی… هەر چەند باری سیاسیی و سازمانی لە لایەن تێکۆشەری نەمر کاک حەمەڕەشی کاک برایمی (حەمەڕەشی سیاقۆڵ)ی چاودێڕی دەکرا، بەڵام دابین کردنی پەناگای حەسانەوەی و دابینکردنی پێداویستی ژیانی رۆژانە و دراوی هەر لە لایەن ئەو بنەماڵەوە دەبین دەکرا. ئێستاش شوێن و پەناگای ئەو خەباتکارانە لە مەزراکانی دووبەردووک، خڕی بناوان و زینداندەرێ هەر ماون و یادیان هەر زیندوو بێت. هەر وەها بە دوای ساڵەکانی ١٣٥٧ یش ئەم بنەماڵە هەر دەم پەناگای و پشتیوانی خەباتکاران و لێقەوماوان بووە و هەیە. سەرەخۆشی لەم بنەماڵە مەزن و داخدارە و ڕوحی شاد بێت.
ساڵە: من لە داخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە هاوڕێمان کاک ئەحمەد و سەرجەم بنەماڵەی دەکەم و روحی کاک حاجی شاد بێ .
دەقی پەیامی هاوڕێ کاک ئەحمەد
بەو پەڕی داخەوە بە ئاگاداری ھاوڕێیان و دۆستان و ئاشنایان ڕادەگەیەنم کە حاجی عەبدوڵای کاکەمەمی باوکی بە ڕێزم ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مارس کۆچی دوایی کرد. بە داخەوە بە ھۆی مەترسی ئەم پەتایە و پاراستنی سڵامەتی ئێوەی بە ڕێز سەرەخۆشیی حوزوری ئیمکانی نیە و تکایە ھەر لە ڕێگای فەیس بووکەوە پەیامەکانتان دابنێن. ئێوە و ئازیز و خۆشەویستانی ئێوە خۆش و سڵامەت بن.
ئەحمەد کاکەمەمی
….
ئەمەگناسیی، پێزانین، سپاسگوزاری
هاوڕێیان، دۆستان، ئاشنایان، خزمان و دیوناسانی دوور و نزیک!
ئازیزان و بە ڕێزانی سەروەر و خۆشەویست و دڵسۆزمان! بە هاوبەشی و هاوخەمیتان لە گەڵمان دا بە بۆنەی کۆچی دوایی گەورەی بنەماڵەمان خوا لێخۆشبوو جەنابی حاجی عەبدوڵا کاکەمەمی سەرفەراز و سوکنا دڵ و سپاسگوزارین. پشتیوانی و دڵنەوایەکی بە هێز و هیوابەخش بوو و هەیە و بۆ هەمیشە لە یاد و بیرمان دا بە چاکەمنەت دەمێنێتەوە. بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و خۆزگەمان دەخواست دەرفەتمان هەبا هەتا لە نزیکەوە و حوزووری دەستتان ماچ کەین، دەستتان بکوشین، دەستتان بخەینە سەر شان و سەر سەرمان، بە داخەوە ئەنجامی ئەم ئەرکە پێویستە بە هۆی کۆمەڵێک گرفتی مەکانی و زەمانی و نائیروویی بێهداشتی و سڵامەتی….. لە ئیمکان و توانا و خواستی ئێمە بەدەر و بەوپەڕی تەوازوعەوە داوای لێبووردنتان لێ دەکەین.
لە خوای گەورە داواکارین و هیواخوازین ژیانتان هەر دەم لە شادی و خۆشیی دابێت و بەختیاری و خۆشحاڵی و سڵامەتی بەش میوانی ماڵ و ماڵبات و کەس و کارتان بێ و رۆح و گیانتان شاد و سڵامەت و ژیانتان خۆش و ماڵتان ئاوەدان بێت
بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە سپاسگوزارین.
لە لایەن هەموو بنەماڵە و ماڵباتەکانی کاکەمەمی.
ئەحمەد کاکەمەمی
2020/03/31