"an independent online kurdish website

لە ناوجەرگەی شاری (ئەنقه‌ره‌) ی پایتەختی تورکیای رەگەزپەرست و تیرۆریستدا، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە، تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوەکان، نازییە تازەکانی تورکیا، لاوێکی کوردمان، پەپوولەیەکی بێوەی و بێتاوانی کوردمان، تیرۆر دەکەن.

هەفتەی رابردوو ئەردۆگانی  کوردکوژ، شەرمەزاری تاوانی کوشتنی (جـۆرج فلۆیـد)ی ئەمریکی کرد و وتی ئەمریکا رەگەزپەرست و فاشستە. ئێمە داکۆکی لە ئەمریکا ناکەین بەڵام وا دیارە کە ئەردۆگانی سەد روو، کورد وتەنی (پووشێک لە ناو چاوی خەڵکیدا دەبینێ.. بەڵام راژەیەک لە ناو چاوی خۆیدا نابینێ).

لە کاتژمێری دە و نیوی ئێوارەی رۆژی یەک شەمە، لە شاری ئەنقەرە لە گەڕەکی (ئەلیسانکات) لاوێکی کوردمان کە ناوی (بارش جاكان)ە و ته‌مه‌نی(٢٠) ساڵە، لە شاری (ئاگری) لە باکووری کوردستان لە دایکبووە. باریان کردووە بۆ ئەنقەرە. بارش جاکان لەگەڵ ئامۆزایەکی و چەند هاوڕێیەکیدا، لە ناو پارکێکی نزیکی ماڵی خۆیان، بە موبایلەکەی گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرێت. سێ تۆرانیی رەگەزپەرست و توندڕەو کە گوێیان لە گۆرانی کوردی دەبێت، بە رقی رەشی رەگەزپەرستی و هەستێکی تۆرانییەوە، کەر هەر لە منداڵییانەوە بەم ئایدۆلۆژییە رەگەزپەرستی و بۆگەنە  گۆش و پەروەردە کراون، کە رقیان لە نەتەوەی کورد و لە هەموو شتێکی کورد بێتەوە، ئەو سێ تورکە لەسەر ئەو گۆرانییە کوردییە، بە چەقۆوە پەلاماری بارش جاکانیان دا و بەر چەقۆیان دا و چەقۆیەکیان لەسەر دڵی دا، هەر لەو شوێنەدا بارش گیانی لەدەست دا. ئەو سێ بکوژەش (خەڵکی یوزگات و کیرکەڵا و تۆکات) ن. لە لایەن پۆلیسەوە گیران.

ئامۆزایەکی بارش کە لەو کاتە و لەو شوێنەدا لەگەڵیدا بوو بۆ هەواڵنێری(میزوپۆتامیا) ی گیڕایەوە و وتی:”لە کاتی گوێگرتنی لە گۆرانی کوردی، سی کەس بە چەقۆوە هێڕشیان کردە سەر ئامۆزاکەم و بە چەقۆ لەسەر دڵیان دا” جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە رەگەزپەرستی پاڵی پێوەنانن کە ئەم تاوانە بکەن” ئەوان بە تاوانی نازانن. هەر لەو لێدوانە رۆژنامەییەیدا، وتیشی:” ئەمە یەکەمین جار نییە کە لە لایەن توندڕەوانی تورکەوە رووبەڕووی هێڕش ببینەوە لە کاتی گوێگرتنمان لە گۆرانی بە زمانی دایکمان” بەڵام لە دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بارش جاکان لە نەخۆشخانە. پۆلیس و میتی تورکی هەڕەشەیان لە ئامۆزاکەی و باوکی بارش کرد، کە نابێت بڵێن کە بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی ئەو سێ کەسە بارشیان کوشت، بەڵکو بڵین بانگ دەدرا و ئەویش دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بوو، بۆیە کوشتیان. هەڕەشەکەی  پۆلیسی تورکیا لە ئامۆزاکەی لە باوکی بارش، دەقی هەمان سیناريۆیە کە دوێنێ والی ئەنقەرە بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم رووداوە دەرکرد و تێیدا وتوویەتی:”کوشتنی بارش بە هۆی ئەوەوە نەبووە کە گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە.. بەڵکو لەبەر ئەوەی لە کاتی بانگ داندا دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بووە بۆیە کوشتوویانە” منداڵێکی ناو لانکیش پێکەنینی بەم درۆ و سیناریۆ و قسە پڕوپوچ و بێ مانایە دێت. چونکە کاتی کوشتنی بارش کاتی بانگ دان نەبوو.. گوایە تورکیا هێندە ئیسلام و خواپەرستن. بۆ کەس هەیە لەوانەی کە تورکیای بینیبێت ئەوە نەزانێ کە لە نزیک یا بەرانبەری هەر مزگەوتێک لە شاری ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەدا، شوێنێکی ئاشکرای لەشفرۆشی و مەیخانەیەک یا دیسکۆیەک یا قومارخانەیەک هەیە.. ئەوان دەیانەوێت لەژێر پەردەی ئایندا، رەگەزپەرستی و تیرۆریستی ئەنجام بدەن و خۆڵ لە چاوی خەڵکی ساویلکە بکەن.

بۆیە لەژێر هەڕەشە و ترسدا، ئامۆزاکەی و باوکی بارش قسەکانیان بۆ رۆژنامەکانی تورکیا گۆڕی. ئامۆزاکەی وتی:” نازانم من لەوێ نەبووم” باوکیشی وتی:” کوشتنی کوڕەکەم پەیوەندی بە گۆرانی کوردییەوە نییە” هەر بەپێی داوای رۆژنامەکانی تورکیا و بە ئامادەبوونی پۆلیس و چاوزەقکردنەوەیان لێیان، وەکو لە سایتی (میدیا سكوپ) ی تورکیدا بڵاوکراوەتەوە، هەواڵنێرەکانی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتیش بڵاویان کردۆتەوە، باوکی بارش وتی:”هێڕشبەران کوڕەکەمیان ئاگادارکردەوە کە بە دەنگێکی بەرز گۆێ لە گۆرانی نەگرێ لە کاتی بانگ دا. لە دوای مشتومڕێک بە چەقۆ کوشتیان” وەکو وتمان ئەم قسەیە گۆڕینەی باوکی بارش دەقی سیناریۆی بەیاننامەکەی والی ئەنقەرەیە. تورکیا لە داڕشتنی سیناریۆی تومەتبارکردن و درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆ کورد، زۆر شارەزان و یەکەمینن.

ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەی تورکیا لە تاوانی تیرۆرکردنی (جۆرج فلۆید) ی ئەمریکی کەمتر نییە.. کە خەڵکی عەرشی دۆناڵد ترامپیان هێناوەتە لەرزین و نۆ رۆژە و تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایی و پرۆتیستۆکردنی کوشتنی فلۆید، ئاگرەکە دابمرکێنت.. گەر کورد لە تورکیادا خۆپێشاندانی ناڕەزایی وا بکات.. بێگومان بە گوللـەباران و کوشتن تورکیای رەگەزپەرستر وەڵامی برایانی کوردمان دەداتەوە. رۆژی چەند جۆرج فلۆیدێ کورد تیرۆر دەکەن.. کەچی یەک دەوڵەتیش نییە کە تورکیا پرۆتیستۆ و شەرمەزار بکات. نەک هەر گۆرانی کوردی، بەڵکو تورکیای رەگەزپەرست و فاشست، کوردبوونیشمان بە تاوان دەزانێ.

پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا، لە بەیاننامەیەکیاندا، پرۆتیستۆی تیرۆرکردنی بارش جاکانیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە کوشتنی بارش جاکان، بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراوە، چونکە گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت. ئەوەشیان وت:” ئەو ئەقڵییەتی بارشی کوشت، هەر هەمان ئەقلییەتە کە خوێندنگا کوردییەکانی داخست و نووسراوە هەڵواسراوە کوردییەکانی داگرت”

کوشتنی بارشی بێتاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن پەرلەمانتارانی (هه‌ده‌په‌) و چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەوە، تووڕەیی و ناڕەزایی لێکەوتەوە و بە توندی شەرمەزار و پرۆتیستۆی ئەم تاوانە رەگەزپەرستییە قێزەوەنەیان کرد.

پەرلەمانتاری ئەرمەنی (گارو بایلان) سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان، تورکیای لە  کوشتنی بارش بەرپرسکرد. بایلان لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی (توێته‌ر) دا، دەڵێ: “کەشوهەوای دوژمنایەتی ژیانی یەکێکی تری لە دەست دا” وتیشی:”حکومەت بەرپرسە لە هاندانی سیاسەتی رقلـێبوونەوە”

سەرۆکی بلۆکی پەرلەمانی (هه‌ده‌په‌) خاتوو (میرال دانیش بێشتاش) یش هەر لە بارەی تیرۆرکردنی بارشەوە وتی:”ئەوانەی کە ئەم هێڕشەیان ئەنجام دا ناسراون.. ئەمانە کە تۆی رق وکینە و دوژمنایەتی دەخەنە نێوان خەڵکییەوە و رێگریش لە وتاری ئاشتی دەکەن”

نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی گەلەکەشمان، کاک (بەکر شوانی) لە هەژمارەی خۆیدا لە تۆڕی (فەیسبووک) دا، نووسیوێتی:”بارش جاکان بە هۆی گوێگرتنی لەم گۆرانییەی موراد دەمیر و ئەردەم ئاڵتنێس) کوژراوە.. شوانی نووسیوێتیش:”لە موسا عەنتەرەوە بۆ باریش جاکان (٨٠) ساڵ لەمەوەبەر (موسا عەنتەر) بە تاوانی فیکەلێدان بە کوردی، پەلکێشی پۆلیسخانە دەکرێت. دواجاریش لە ساڵی (١٩٩٢) دا، لەسەر داکۆکیکردنی لە مافەکانی کورد، لە تەمەنی (٧٢) ساڵیدا تیرۆریان کرد.

شوانی ئەوەش دەڵێ:” بارش جاکان، کام گۆرانی تۆی کوشت؟ بڵێ، با هەموومان گوێی لێبگرین”

پەرلەمانتاری کورد، لە پارتی (هەدەپە) خاتوو (رەمزیە تۆسۆن) لە هەژماری خۆی لە توێتەردا، وتی:”هەندێ خەڵکی دژی هەموو شتێکی کوردن.. ئەم دوژمنایەتییە کۆتایی بە تۆی فاشستی دەهێنێت” مەبەستی لە ئەردۆگانی فاشستییە.

پەرلەمانتارێکی تری کوردمان لە پارتی (هەدەپە)  کە ناوی (حوسێن کازم) ە، قسەکانی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی تورکیا (سلێمان سۆیلو) دەکات و لێی دەپرسێت:” سلێمان سۆیلو.. ئایا تۆ ئێستا شادی؟” ئەو سێ کەسە تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوانەش، کە بارش جاکانی کوردیان کوشت، سەر بە رێکخراوی”گورگە بۆرەکان ن.

کێن رێکخراوی”گورگە بۆرەکان”؟ رێکخراوێکی تۆرانی رەگەزپەرستی توندڕەون. بە رێکخراوی(ئوجاکلاری) یش ناودەبرێ. رێکخراوی گورگە بۆرەکان، باڵی چەکداری نافەرمی پارتئ “بزووتنەوەی نەتەوەیی” ی راستڕەون، کە پارتێکی رەگەزپەرستە، سەرۆکەکەی گەورە رەگەزپەرست (دەوڵەت باخچەلی) یە، کە تا سەر ئێسقان رقی لە کوردە و دوژمنایەتی کورد دەکات. هەر بەم مەرجەش لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆگان دا، (پارتی ناداد و ناگه‌شه‌كردن) رێکەوت، کە بە ئەوپەڕی توندی و توانایانەوە دژی کورد بوەستنەوە و کوردکوژی بکەن.

رێکخراوی گۆرگە بۆرەکان، لە ساڵانی شەستەکاندا دایان مەزراندا.. کۆمەڵێک تۆرانی رەگەزپەرست و توندڕەو و فاشت و بکوژ و مافیای لەخۆگرتووە. کە نەتەوەی تورک بە شایەنترین و باڵاترینی نەتەوەکانی جیهان دەزانن. دوژمنایەتی سەرسەختی هەموو ئەو نەتەوانەن دەکەن کە لە تورکیا دەژین، وەکو: کورد و یۆنانی و ئەرمەنی، بە تایبەتیشی سەرسەختانە دوژمنایەتی کورد دەکەن. ئەم رێکخراوە رەگەزپەرستییە تا ئێستا بە دەیان تاوانی کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی کەسایەتی کورد و تەقینەوەیان لە گردبوونەوەکانی کورد و لە شارەکانی باکووری کوردستان دا ئەنجام داون.

ئەم رێکخراوە “گورگە بۆرەکان” کوشتاری ساڵی (١٩٧٧) یان لە سەنتەری (ته‌قسیم) له‌ ئەستەمبوڵ ئەنجامدان کە (١٢٦) کەس بوونە قوربانی و ژمارەیەک کوردیان تێدابوو.

لە ساڵی (١٩٧٨) یش، لە شاری (مه‌رعش)ی باکووری کوردستان دا (١٠٠) کوردی عەلەوی یان کوشت.. مەلا رەگەزپەرستەکانی بە ناوە رابەری موسڵمانەکانی تورکیان ئەو فەتوایەشیان دەرکرد “ئەوەی کوردێکی عەلەوی بکوژێت، وەکو ئەوە وایە کە پێنج حەجی کردووبێت” هەر ئەم رێکخراوە لە پاریس لە فەرەنسا لە (٩/ ئوکتۆبەر/٢٠١٣) سێ ژنە تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی کوردیان تیرۆرکرد کە ئەم شەهیدانەن: (سەکینە جانسز (سارا)، ڤیدان دۆغان (رۆژین)، لەیلا شایلەمز (روناهی) ن.

رێکخراوی گورگە بۆرەکان، لە ناو سۆپا و پۆلیس و میتی تورکیادا رەگیان داکوتیوە.

شان بە شانی سوپا و پۆلیس دا، بەدەیان کاری تیرۆریستی و دەسترێژیان لە ئامەد و جەزیرە و شەڕناخ و شارەکانی تری باکووری کوردستان دا، ئەنجام داون.

هەر ئەم گورگە بۆرانە هەوڵی کوشتنی پاپا (یۆحەنا پۆڵسی دووەم) یان دا.

تورکیا هەر لە باکووری کوردستان دا دژایەتی رۆشنبیری و زمان و هونەری کوردیمان ناکات، بە ڵکو لە هەر وڵات و شوێنێک بۆیان بکرێت، دژایەتی کورد و زمانی کوردی و کولتووری کوردیمان دەکەن.

زانکۆیەکی یابانی لە (تۆکیۆ)ی پایتەخت دا، لە مانگی (ئەپریل/٢٠١٩) دا، کۆرسێکی بۆ فێربوونی زمانی کوردی کردەوە، لە یەکەمین کۆرسدا، کە هەفتەی رابردوو، کۆتایی هات. (٤٠) خوێندکاری یابانی ی بەشداربوو، زۆر بە سەرکەوتووی کۆرسەکەیان تەواوکرد و فێری قسەکردن و نووسینی لاتینی کوردی بوون. تەنانەت خوێندکارێکیان کەناوی (جابۆن ئه‌ریكا) وتی:”ئەدەبی کوردیم زۆر خۆشدەوێ.. من هۆنراوەکانی سەلیم تیمۆ وەردەگێڕمە سەر زمانی یابانی” بە بۆنەی پێدانی بڕوانامەی زمانی کوردی بەو چل بەشداربووە، زانگۆ یابانییەکە ئاهەنگێکی شایستەی سازکرد، و پیرۆزبایی لێکرن. کە کەسوکاریشیان بۆ ئەو ئاهانگی دەرچوونیان بانکرابوون.

ماوەی نێوان تورکیا و یابان چەند هەزار کیلۆمەترێکە، لەو دوورە بە کردنەوەی ئەو کورسەی زمانی کوردی لە یابان، تورکیا گڕی گرت و بە رقێکی رەشی نوێ ئاوس بوو. وەکو رۆژنامەکانی یابان بڵاویان کردەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە یابان کرد کە کۆتایی بە کردنەوەی کۆرسی زمانی کوردی بهێنن. بەڵام بە پێچەوانەی داواکەی تورکیا، ئەو زانکۆیە بەم نزیکانە کۆرسی دووەم بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە.

بەپێی قسەکانی (ڤاکاس تشۆلاک) ئەندامی دەستەی وانەوتنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆ. پێی وایە کە لە ئەمساڵدا ژمارەی خوێندکارە یابانییەکان بۆ فێربوونی زمانی کوردی زیاتربن.

دوو شەمە (١/ یوونی/٢٠٢٠) تەرمی کاکە (بارش جاکان) لە ئەنقەرە بە خاک سپێرا.

 بە توندی پرۆتیستۆ و شەرمەزاریی، ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەی تورکیای فاشست و رەگەزپەرست و تیرۆریست دەکەین.. ئەم نامەردی و توانە قێزەوەنە پەڵەیەکی رەشی شەرمەزاری ترە بە نێوچەوانی تورکیا و ئەردۆگانی تۆرانی رەگەزپەرستەوە.

هاوخەمی و ماتەمینی خۆشمان بە سەرجەم خانەوادەی بارش جاکان دەگەیەنین.

رەزا شوان

٢/یوونی/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی