Hoppa till innehåll
Hem » بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە ئاست ستەمکاران هۆکارێک بۆ بە گەنج راگرتنی تەمەنی ئاخوندەکان، ئیقباڵ ساڵحی فەر

بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە ئاست ستەمکاران هۆکارێک بۆ بە گەنج راگرتنی تەمەنی ئاخوندەکان، ئیقباڵ ساڵحی فەر

گەر پێناسەیەک بۆ ستراکجەری ڕژیمی ئاخوندی خوێنمژ بکەین بە دەربڕینیکی سادەو ساکار  کۆمەڵیک بە ناو مرۆڤی شەرانگێز و تینوو بە خوێنن و دینیان کردۆتە پەیژەی سەرکەوتن

 بۆ بەکردارکردنی خەونە گلاوەکانیان کە لە ترس و بیزاری بەرابەر بە مرۆڤ خۆی دەبینێتەوە لە ئێرانی فرەنەتەوەدا.

هاوکات کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی لە پێناسەیەکی جیاوازتردا وا ناسراوە کە لە سەر بنچینەی داکۆکی لە خەڵکی ستەملێکراو و ماف خوراو خۆی ناساندووە تا بتوانێت لایەنی بێ پشتوو پەناکان کە لە گەلانی ژێر دەست و  بێ قەوارە پێکهاتوون بخاتە ژێر چەتری بەزەیی خۆی لە ئەگەری ڕووبەرووبوونەوەیان بە ترس لە لایەن  لایەنی دووهەمەوە کە لە ”ستەمکاران و داگیرکەران” پێک هاتوون.

ئەوەی زیاتر گرنگە و پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت بوونی هەردوو لایەنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی یان ڕژیمی ئاخوندی مرۆڤ کوژە  کە هاوشانی یەکدی  دەڕۆن و ئاوڕ نادەنەوە لەو هەموو کارەساتانەی بە سەر خودی مرۆڤەکان دا دێن چی لە ئیران و چی لە سەرانسەری جیهاندا.

من وەک تاکێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر هزرو خەمم بۆ لای هاونیشتیمانییەکانم دەچێت کە چۆن لە یەکەم ڕۆژی هاتنی ئاخوندەکان تاوەکو ئەمڕۆی ٢٠٢٠ کە دەکاتە سەروی چل ساڵ بە هەزاران بەهانەو جۆر کۆکوژو دەربەردەرو بێ ماف کراون.

گومانی تێدا نییە کەمە نەتەوەو گەلانێکی تر هەن  کە هەمان ستەم و تاوانیان لە سەر دەکریت کە کورد نین و لە گەڵ بیرو ڕاو بۆچوونەکانم  یەک ناگرنەوە.

لی هاوکات وەک مرۆڤ خەمیان دەخۆم و هاوبەشی خەمەکانیانم  سەرەرای بوونی ئاینی جیاوازو بیرکردنەوەی تر.

بۆ نموونە:

لە مەغریبی عەرەبی ستەم لە ئەمازیقییەکان دەکرێت  لە لایەن حکومەتەکانی بە ناو عەرەبی ئیسلامی وەک مەغریب و لیبیاوە یان هندییەکانی ئەمریکا و خەلکی موسڵمانی ڕۆهونگیا و گەلی فەلەستین و عەرەبەکانی ئەهواز لە ئێراندا  کەواتە گرنگ بوونی ماف و دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤەکانە بە پێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ.

کەچی گەورەترین کارێک کە کرابیت لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە  سەرکۆنەکردنێکی زارەکی بووە کە دواینجار هیچ لە خەموو ئازارەکانی خەڵکی دەربەدەر کراوـ  بێ ماوەو نیشتیمانی کەم نەکردۆتەوە.

کەواتە لە هەر بێ دەنگیی یەکی ڕێکخراوەکانی بە ناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و خودی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە کاریگەری گەورەیان هەیە تەمەنی ڕژیمە سەرکوتکارەکان پارێزراوو درێژتر دەکات و ڕێژەی هەژاری و هەڵاوسانی بێکاری لە هەڵکشان و مرۆڤایەتی لە کارەساتی ترسناکتر نیزیک دەکاتەوەو لە نیوانیشیاندا  تەمەنی ئاخوندەکان درەنگتر لە مەرگ و پیری نێزیک دەکاتەوە.

دواین نموونەی زیندوومان قەومانی کارەساتی سوریا بە دەسەڵاتداری بەشار ئەسەد. کە ئاوارە بوون و کوشتنی بە ملوێنان لە خەڵکی سیڤیلی بە دوای خۆیدا بە بەرچاوی جیهانەوە  لیکەوتەوە ،کە زیاتر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەخاتە ژێر پرسیار لە نەبوونی  جارەسەر و دانانی بەربەستێکی یەکجاری بۆ زیادەرەوییەکانی دیکتاتۆر و هاوشیوەکانی.

ئیقباڵ ساڵحی فەر