"an independent online kurdish website

 لە (٣١) مین ساڵیادی تێڕۆڕی ڕێبەرماندا دەڵێم: ئەوا دیسان پوشپەر هاتەوە، پەردە لەسەر جینایەتێک لادەدا و برینی گەلەکەشمان دەکولێتەوە.

 بەسەرهاتی تاڵمان دێتەوە یاد و برینە ساڕێژ نەبـووەکەمان وەژان دێتەوە. لە ڕۆژهـەڵاتی کوردستان و حیزبـەکـەی قـازی و گەل و دۆستانی کورد ئـەو جینایـەتـە قێزەون و تاڵە، نەفرینی لێدەکرێ و یادی دەکرێتەوە.

قاسملو بۆ گەل ژیاو لەسەر داوای ئاشتیخوازانەی مافی گەلیش شەهید کرا . بۆیە دەڵێم : ڕێبەری زانا تۆ نەمردوی، بەردوام لەسەر زارو زمانانی. دوست و دوژمن باست دەکەن. دۆژمنان بو ئەوەی بە ناڕەوا خۆیان بە چاك نیشان بدەن، بەخراپە باسی تۆدەکەن، چونکە خۆیـان هێچیان نـیە تـا پـێشانی خەڵکی بدەن. ڕێبواران و دۆستانت خۆت پێوە ڕادەنـێن و نـاشتوانن وەک هەبوی بەتەواوی بە گەلت نیشان بدەن . بـەردەوام شەوچەلەی مـەجلیسانی ، لـە هەموو کۆڕو کۆبـونـەوەیەکی کورداندا میوانی . منداڵی کورد نیە ناوت نەزانێێ . کوردێکی نیشتمان پـەروەرنیە شانـازیـت پێوەنەکا . زاناو شارەزایەکی داد پەروەر نیە ڕێبازەکەت بـە دروست نەزانێ و بۆ چونەکانت پشتڕاست نەکاتەوە. تۆ مەشعەلی شەوەزەنگی گەلەکەمانی ، چرای ڕونـاکی ڕیـگاو ڕێی پێشاندەرمانی. تۆ خەزێنەی بیری زانستی پێشکەوتوانـەی کوردانی. تۆکەسێکی لە ڕێگای سوڵح وئاشتیدا خۆت کردە قوربانی .تۆ ڕێبەرێك بوی دروشمت ئەوەبوو: هەمومان پێشمەرگەین . تۆ ڕێبەرێک بوی پێناسەی حیزبیت دەگەڵ ئی پێشمەرگەیـەک تـەنـیا وێـنەو نـاوەکەت فەرقی هەبـوو. کەسێک بـوی لـە بـەرانبەر هەقـدا تـەسلیم و بەتوندی بەرەنگاری ناڕەواییەکان دەبویەوە. دەرونناسێک بوی هەرکەس هاتبا خزمەتت هەر بەدیتن ودانیشتنەکەی دەستیت دەخوێندەوە. بەچاولێکردن وتێڕوانینت زۆر شتی خەیاڵێت لە بیر دەبردەوە. زۆر شیرن کەلام و لـەسەرەخۆو مـەنتیقی بـوی بـەئارامی سەری بـاسەکـەت دەکردەوە . بەجـۆریک پرسیارت لـێدەکرد کە زۆر زوو مەبەستەکەیت دەدیتەوە. بـەشێوەیـەک ڕەخنەت دەگرت ، لە جیاتی شکاندن، هەڵـەو پـەڵـەکانت بـۆ ڕاست دەکـردەوە. لـە ڕواڵـەتی کەسکە، دەفــتەری دەرونـیـت دەخوێندەوە. دوکتـۆرێـکی سیاسی و دەرونناس ئـەوەنـدە شارەزا بـوی کە زوو دەردەکەت دەست نـیشان دەکردو ڕاست و نـاڕاستت لێک دەکردەوە. ئەوەندەت بڕوا بە ئازادی گەلەکەت هـەبـوو کە دەتکوت : گەلێک ئازادی بوێی دەبێ نرخی ئەو ئازدیەش بدا. ئەوەندە خەڵکی وخاکی بـوی ڕێگەت نـەدەدا کەس لـە ڕوی ئـیحساساتـەوە پـێـت هـەڵـبـڵێ و گەورەت بکا . لـە بیرمە لـە گۆڕەپانی چوار چـرای مهاباد کە هاتیە سەر سەحنەی وتار خوێندنەوە، دروشمی بژی قاسملو وەک بۆلەرزە زەوی دەلەرانـدەوە ، دەسبەجێ هاوارت کرد ، بژی قاسملو دروشمی حێزبی ئێمە نیە ، بـژی حیزبی دێـمۆكڕات دروشــممانـە. ئیواش هەن دەڵێن : حیزبی من !!

قسەکانت نوسینەکانت هەڵس و کەوتەکانت هەر هەموویان دەرسن ، پاش ( ٣١ ) ساڵ هەر وەک زیندو هەر ڕێبەرمانی . تۆ ئێستاش هەر هێمای تێکۆشانمانی. مخابن ئێمە زۆر کەمت لێفێربوین ،یان ناتوانین بیانڵێین و بیان کەیـن. تۆ بۆ خزمەتی گەلەکەت خۆشترین شوێنی ژیان و بەرزترین مەقامی زانستیت بەجێی هێشت ،کەچی ئێمە شەڕی پلەو پـایـە دەکەیـن ! تـۆ هەوڵت دەدا دژبـەرانی سیاسی بکەی بـەدۆست و هاوکار کەچی ئێمە بـۆ خۆمان دژایەتی یەکتر دەکەین . لە بیرمە مـن لە حاڵەتی شەڕی حیزبو کۆمەلەدا لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆمەڵـەدا وەک ئـەنـدامی هەیئەتی ئیجڕائی وجێگری بـەر پـرسی کومەـیتەی شارستانی نەغەدە بـەشداریـم کردو پەیـامی پیرۆزبایـیم خوێنـدەۆوە، ئـەوەیـان وەک خەتایەکی گەورەی من بەتۆ گەیاندبوو، تۆش لەوڵام دا فەرموو بووت :خوزیا چەند مەلا بـرایمی ئاوامان هەبایە ئەودەم توشی ئەو شەڕە نەدەبوین . بەداخەوە ئێمە بـەجێگای یەکگرتـویی تەمـرینی دژایەتیو دوو بەرەکی ناو خۆمان دەکەیـن . دوژمـن و مـەرگ زۆر غەدارن تۆیان لـە گەلی کورد ئەستانـدو ئێمەیان بـۆ گەل هـێشتـەوە ! دەگەڵ هـەمـوی ئـەوانـەش ئـەوەی تـۆ بـۆ گـەل و حـیزبت بــەجـێی هـێشتوە ، زۆرن ئەوانەی بەدڵ وەریان گرتوەو بەقەدەر توانای خۆیان کاریان پێکردوە. ڕێبەرم : مـەرج نـیە ڕێبوارانی ڕێـبـازەکەت هـەر ئـەنـدامی حیزبی بن ، بەڵکو خوێندەوارو زاناو شارەزایـانی گەل و ئەویندارانی کوردو کوردستان ڕێبواری ڕاستە قینەتن. بـۆیە دەڵێین: قـاسملومان نـەمردوەو هەر زیـنـدوە. ڕاستە تـۆ سکرتێری حیزبی دێمۆکڕات بـوی ، بـەڵام پێشەواکەت ، کۆمارەکەت، پێشمەرگەت ئی کوردستان بون و تۆش ڕێبواری ئەو ڕێبازەی. ئێمەش بەو ڕێچکەیەدا دەڕۆین کەتـۆ بـۆت شکانـدوین ، ئەو ڕیگایە بـەرنـادەینو واز لەو ئامانجە نـاهـێنین . وەک شەهـید دوکتور شەڕەفکەندی فـەرمـویـە : یـان ئـامانجەکەتان وەدی دێنین ، یـان وەک تۆ سەرمان دادەنێین .

هاوڕێو حیزبی و دۆستی پێش حیزبایەتیم کاک عەبدوڵای قادری ئازەر ، تۆ ڕۆڵەیەکی ئـەو گەلە بـوی کە هەزان قـوربانی بـۆ گەیشتن بـە ئازادی و سەربەخۆیی داوە، ئەتۆش یەک لەوانی . ئەوەندە بەسە بۆ تۆ کە لە ژیانو مەرگ دا دەگەڵ قاسملو بوی ولە ڕێگای ئەوت بەر نەداوە، ئـەوەش شەڕەفێکی گەورەیـە بە نسیبی هەموو کەس نابێی. ڕوحت شادو یادت جێگای ڕێزە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٨ پوسپەڕی ٢٧٢٠ ی کوردی

 ٨ / ٧ / ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی