وەک هەموو دەزانـن ڕاپـرسی گشتی لـە باشوری کوردستان ئەنجام دراو زۆرینەی خەڵکی باشوری کوردستان دەنگی بەڵێیان پێدا.
ئەگەر بە پێوەری ئازادی و یاسای نێو نەتەوەیی و مرۆڤانەش لیکی دەیەوە، مافێکی رەوایە و بە پێی قانونیش دەنگی زۆرینەی گەل محەکە و حەسڵ و دەغەڵ لێک جیا دەکاتەوە. ڕاپرسی باشوری کوردستان ڕاست ئەو مەحەکە بوو ڕەسن و قەڵبی لێک هاوێر کرد هێندێک ئەو ڕیفڕاندۆمەیان کردە بیانوو بۆ دەستدرێژیەکانی ڕێژیمی عێڕاق بۆ سەر مافە قانونی و یاساییەکانی گەلی باشوری کوردستان. بێخەبەر لەوەی کە (مالیکی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بـەغـدا (٣ ) ساڵ پێش ڕاپرسی دەستی دابوە پیلانگێڕی و بـڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان و خەریکی پەلاماردانی کوردستان بوو بەهێزی نیزامی. هەرچەند ئەو بەمراد نەگەیشت بەڵام جێگرەوەکەی (عیبادی) بە بڕینی موچە ڕانـەوەستاو بۆ بە بەڕێوەبەری پیلانی هەمەلایەنەی دژە کورد و بەتایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیران و تورکیە و خۆیان و سوریەش گەلـە کۆمـەگیان کردە سەر کوردستان. واتە دوژمنانی گەلی کورد بە فارس و تورک و عەڕەبیەوە چاویان بەو هەموو پێشکەوتن و سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشەی کوردستان هەڵنەهاتوەو هەڵنایە، بە مەترسی ونمونەیەکی زیندو بۆ بەشەداگیر کراوەکانی لای خۆیانی دەزانن. بۆیە بەگەرمی و بەپەلـە سەرقاڵی دارشتنی پیلانێکی هاو بەش بون تا حکومەتی هەرێم هەڵوەشێنن و بەشەکانیتری پێی بترسێنن و دنیای دەرەوەش لە کوردستان بتارێنن و دەنگی ئازادی و سەربەخۆیی لە گەروی گەلدا بخنکێنن و ئاواتە ڕەواو مەزنەکەیان بمرێنن . ئەوانە هەموویان بەڕای من چاوەڕوان کراوو تاقیکراوەشن و داگیر کەریش لەوە زیاتری لەدەست نایە. ئەوەی جێگای سرنج و داخە هەڵوێست و کردەوەی ئەو بەناو کوردانەیە کە ئامادەن نیشتمان بە خۆشیانەوە و بـەرهەمی خوێنی شەهـیدان و ماڵوێرانی گەلەکەیان بفرۆشن تەنیا لە بەر ئەوەی ڕەقیبەکەیان لە مەیدان دەرکەن یان لەناو بەرن ! ڕەقابەت و ململانەی حیزبیان کردۆتە دوژمنایەتی خوێنی و لە ئاشتی نەهاتو، بۆتە خوێنی سێاوەش و نابڕێتەوە . سەیر ئەوەیە تۆ وەک کەسێک یان کەسانێک یان حیزبێک ئـەو هـەقە بـدەی بـە خۆت ، ئەوەی گەل بەزۆرینە پەسندی کردوە تۆی کەمینە بیفرۆشی !! سەیر ئەوەیە خەیانەت بەگەل بـە هـێند نـاگرن و بـە حیسابی تـاکی دەگرن. لـێرەدا ئـەو پـرسیارە دەکرێ : ئـەرێ داوای سەربـەخۆیی بـۆ گەلێکی خـاوەن وڵاتـو فەرهەنگ وکلتوری تایبەت ، عیبادەتە یان تاوان ؟! ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە عیبادەتە نەک تاوان. عیبادەت یانی ئەنجام دانی ئەرکی پێئەسپێراو لەلایەن خواوە. کە بەرگری لەماف و ئازادی و نیشتمان و سوربون لەسەر پاراستنی مافـە ڕەواکانی خـۆت ، مەزنـتـرین عێبادەتە بـەلای خواوە. سەر شۆڕی و ملکەچی و بێدەنگ بون لە بـەرانبەر زوڵم و زۆرداری تاوانە .
بـا هەموو ئەوانەی تێنەگەیشتون بـزانـن ، بـەتایبەت ئـەوانـەی خۆیان بـە موسوڵمان دەزانـن ، یان نەوەو نەتیژەی موسوڵمانانن ، داواو خەبـات بـۆ سەربەخۆیی گەلیکی زێدوماف داگیر کراو عیبادەتە نەک خەیانەت. گەلی کورد لە باشور ٩٣ لەسەد بەشداریان کرد لە ڕاپرسیدا ،زیاتر لە ٧٠ لەسەد بە بەڵێ دەنگیان پێدا کە ئەو ژمارەیە لەوڵاتانی ئازادی دنیاشدا ئاوا بەپیر هەڵبژاردنەوە ناچن . بێ پەردە دەڵێم : هـێندێک کەس ئـەو ڕاپرسیەیان بـە ئی کاک مەسعود نـاو دەبرد و چـونکە دژایـەتیان دەگەڵی هـەیـە ، دژی ڕاپرسی بون. ئەو هەڵوێست گرتنو بیانو هێنانەوە بەتەواوی غەڵەتە چونکە لـە پێشدا بـێـحورمەتـیە بـەدەنگی خەڵک، بـە ئـازادی بیروڕای گەل . ئـەو خەڵکە نە نۆکەرە نـەبەکرێگیراوە، سەربەستە لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆیدا . بـێـگومـان کاک مەسعود دەوری خـۆی هەبـوەو بـوێـرانـە ئـەرکی نەتەوایەتی خۆی بەجێهێناوە .کامە بەرپرسی حیزبەکانی باشوری کورستانە دەنگی نەدابێ کە بەتەنیا کاک مەسعود لەسەر زارو زمانانە ! خۆ ئەوە بـۆ کەسایەتی ناو براو دەسکەوتێکی کەم نیە . بەڕای من دەسکەوتەکە بەرهەمی بوێری گەلە. ڕاپرسی گشتی تەنیا کورد داینەهێناوە ، بەڵکو لە هەموو جێگای دنیایە ئەو بابەتانەی پـیوەندیان بـەسەرجەم گەلـەوە هەیە ئەگەر جیاوازی پیرۆڕای لـەسەر بـوو ڕیگای پێک گەیشتن نـەما ، دەستەو داوێنی ڕاپرسی دەبن و ئەوە گەلە حاکمە و بڕیار دەدا.
گەلی کورد سەرەڕای ئەوەی بەردەوام لە ژێر زەخت و زۆروو قەڵاچۆو داگیر کاری دابوە لە کەمترین دەرفەتدا گرینگترین بڕیاری مێژوویی داوە. کەوتۆتە بەر هەڕەشەو پەلاماری وەحشیانەی داگیرکەران و گوێی ئـاخنینی زلهێزانی دنیا، بەڵام نەترساوەو سەربەخۆیانـە بـڕیاری داوەو نـرخەکەشی داوە، بەڵام ئەو هەموو زەخت و زۆرەو فرتوفێڵەو سات و سەودایەی زلهێزانیش چۆکی پێدانەداوە. کۆماری کوردستان یەکەمین نمونـەی هەرەبەرزیەتی کە لە مێژوی دنیادا سەبت کراوە. گومانم نیە ڕاپرسی باشوریش لەکاتی خۆیدا دەبێتە بەڵگەیەکی بروا پێکراو بۆ مافی سەربەخۆیی کوردستان . دڵنیام ئەگەر بە میلیاردان پارە سەرف بکرێ بەسەدان جاش وخۆفرۆش دروست بکرێ، کورد نابەزێ و دەستی لە داواکانی پێهەڵناگیرێ.
بـەداخەوە نـەئـەنـجومـەنی نـەتـەوە یەکگرتـوەکان، نـەزلهێزەکان بـەهـۆی بەرژەوەندی مادی و سات وسەودای ئابوریو سەپاندنی دەسەڵات و هەژمونی خۆیان ناتوانن و نایان هەوێ ددان بـە ئـازادی و مافی گەلانی زێد داگیر کراوو ژێـردەستە دا بێنن وچـاو لـەڕاستیەکان دەقـوچێنن . پـشت ڕاست کردنەوەی ئـەو ڕاپـرسیە لـەلایـەن زۆریـنەی کوردەکانی بـەشـەکانیتری کوردستان ئـەو ڕاستـیەی بـە دنـیا دەسەلـمێنێ و بـەداگیر کەرانـیـش دەڵێ سەرەڕای هەموو نەخشەو پیلانەکانی ئێوە کورد لە دەرفەتی لەباردا ئازادی و سەربەخۆیی دەوێ ، بە حیزبە کوردیەکانیش دەڵێی لە بیرتان نـەچێ گەل سەربەخۆیی دەوێ. لێرەدا بەپێویستی دەزانم بڵێم : کورد پێش هەموو ئیدەو ئایینێک مرٶڤێکی کوردەو هەموو مافێکی کوردانەو مرۆڤانەی هەیە ،خاوەنی نیشتمانێکی دیاریکراوە، ئەگەر بچیتە ژێـر بـاڵی هـەر داگیرکەرێک هـەر نۆکەرو چاو لەدەستە. دەگەڵ ڕێزم بۆ ئایین وئیدەکان ئەوانیش جگە لــە وڵاتێکی ئازادو سەربەخۆدا ناتوانن کاریان بۆ بکەن .
بـەڕێـزان خوێنی شـەهـیدانـمان ئـەوەنـدە بـە نـرخـو پـیرۆزە کە جـگە لـە سەربەخۆیی و ئـازادی گەل و نیشتمان نــرخەکیتری نـیە . دیـارە ئـەو نـرخەش زۆر قورسە ، بەڵام ئەو وتەی شەهید دوکتور قاسملو نـابێ لـەبـیر بکەین کە فەرمویەتی :{ ئـەگەر من بـاسی ئـازاد کردنی گـەلێک بـکەم و خۆم ئامادە نەبم گیانی بـۆ بەخت بکەم ئـەوە هیچ مانایەکی نیە .} .
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٦ ڕەزبەری ٢٧٢٠ کوردی
٢٧ / ٩ / ٢٠٢٠ زایینی