ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا بڕیاری دژە ئینسانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە چۆڵكردنی زۆرەملێی شەش گوندی ناوچەی سەردەشت بە بیانووی ئەمنیەتی، بە توندی مەحکووم کرد.
دەقی ئەم بەیانییە بەم چەشنەیە:
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، چۆڵكردنی زۆرەملێی گوندەكانی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە مەحكوم دەكات.
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان
ناوەندە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ
لە درێژەی سیاسەتی پاكتاو و سەركوتی كۆماری ئیسلامی، لەچەند رۆژی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمەوە، دانیشتوانی شەش گوندی سەر سنوور، لەوانە گوندەكانی: “ئاشکانی خوارێ”، “کاگێ’، “هەرزنێ”، “تەهێت”، “گۆڕەشێر” و “نۆکان” لە ناوچەی سەردەشت ئاگادار كراونەتەوە كە بەهۆی ئەوەی گوندەكانیان كەوتوونەتە “ناوچەی سوور” دەبێت ئەو گوندانە چۆڵ بكەن.
بڕیاری دژە ئینسانیی چۆڵكردنی زۆرەملێی شەش گوندی ناوچەی سەردەشت بە بیانووی ئەمنییەتی، درێژەی هەمان سیاسەتی كۆماری ئیسلامییە كە لە سەرەتای هێرش بۆ سەر كوردستان بە بیانووی یارمەتیدانی پێشمەرگە، دەیان گوند لەلایەن هێزەكانی سپای پاسداران خاپوور كران و خەڵكەكەی بە زۆر ڕاگوێزران، ئێستاش بە داتاشینی دەستەواژەی جۆراوجۆر وەک “ناوچەی سوور” و “ناوچەی زەرد” هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن كە ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤ دەچێتە خانەی گۆڕین و تێکدانی دێمۆگرافیای ناوچەکە و کۆچی زۆرەملێ و تاوانی دژە مرۆیی. بۆیە دەکرێ لەسەر ئەم تاوانە و تاوانی لەم چەشنە لە دادگا نێودەوڵەتییەكان سکاڵا لە دژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تۆمار بكرێ.
ئەم بڕیارەی ڕێژیم لە كاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی لە قەیرانێكی سیاسی و ئابووریی سەختدا بە سەر دەبات.
ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تا دێت لە ناوچەكە بەرتەسكتر دەبێتەوە و گوشارە نێودەوڵەتییەكان بەهۆی سەرەڕۆییەكانی ڕێژیم بۆ سەر ئێران زیادی كردووە، لە هەمان كاتدا گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی كورد بەتایبەتی لە خراپترین دۆخدا دەژین و هەژاریی و بێكاری و بێدەرەتانی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە و لە هەموو ئیمكاناتێكی ڕفاهی و خزمەتگوزاری بێبەش كراون. لە وەها بارودۆخێكدا كۆماری ئیسلامی هەرجارە و بە دروستکردنی ئاژاوەیەک هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی خەڵكی ئێران و كوردستان دەدات.
ئێمە وەک ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكووم دەكەین و داوا لە خەڵكی كوردستان و ناوەندە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین کە لە بەرانبەر ئەم تاوانكارییە بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوازێكی گونجاو سیاسەتە دژە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لەقاو بدەن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٥ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی
٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی
سەرچاوە: کوردستان میدیا