"an independent online kurdish website

ئەو ڕۆژانە رەزا پەهلەوی بۆتە رزگاریدەر و مێشکی بیرکەرەوەی خەڵکی ئێران و جڵەوی کەشتیە کۆنێکی هەڵەوەشاوەی لەکارکەوتوی گرتۆتە دەست، گۆیا بەرەو لیواری نەجات دەڕوا.!

 جێگای سرنج وسەرسوڕمانە لەو ئێرانە پانو بەرینە دا کە خۆیان بەلانکەی تەمەدنی دنیا ناودەبەن ! جگە لەو کوڕە کەسێکیتر دەست نـاکەوێی بتوانێ ئێران نـەجات بـدا؟! ڕەنگە ئـەو عەقـڵە ودەوڵەتداریەی لەباب و باپیری بۆ بەجێ مابی و جێگرەوەیانە !.

لەڕوانگەی منەوە گرینگ نیە کام کەس یان حیزب لـەو ئێرانـەدا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێی ! چونکە نـمونـەی دەسەڵات و دەسەڵاتـدارانی حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامی ئیمامەتیم لـەبەرچاوە. بێگومان هەر دەسەڵاتێک لە ژێـر هەرناوێکیتریش بێتە سەرکار بۆ ئێمەی گەلی کورد (هەمان ئاش و هەمان کاسە ) یە . منی کورد بڕوای تەواوم بەبونی گەلو نیشتمان هەیەو ئەوەی پێی دەڵێن مافی چارەی خۆ نوسین لە بەرزترین قۆناغیدا بەمافی رەوای خۆمی دەزانـم و هـیچ دوو دڵیەکم نـیە . ڕووی قسەم دەکەمە گەلی کورد و حیزب و سازمانە کوردیەکان بەتایبەتی و دەڵێم : ئـێمە مـێژویەکی دورو دریژو خوێناویو پـڕ کەندو کۆسپمان تـۆمار کردوە ، دەورانی زۆر سەختو دژوارمان تێپەڕانـدوە ، بـرینی زۆر قوڵـوو بـەژان بــەجـەستەی خۆمـان و شۆڕشەکەمانەوە دیارە ، بـەڵام ئـەو گەلە نـەبەزیوە ، کۆڵی نەداوە ، وازی لە داوای مافی ڕەوای نەهێناوە . نابێ لە بیرمان بچێ نەدەسەڵاتی پاشایەتی و نەدەسەڵاتی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی ، ددانیان بـەچوکتریـن داواو مافی ئەو گەلە دانەهێناوە ، تەنانەت دانیشتن بـۆ وتـووێژی سوڵـح وئاشتیان کردۆتە مەیدانی تڕۆڕو ڕەشي کوژی. هێندێک ناشارەزای سیاسی یان فریو خواردوو دەڵێن : ئەوەنیە ئاوو کارەباو ڕێگای قیلەتاوو هیتر مان هەیە ! بەوانە دەڵێم : ماڵوێـران مافی چارەی خۆ نوسین بەس کارەباو ڕێگاو بان نیە ، ئەوانە مافی ئینسانین پێوەندی بەنەتەوەو تیرە و تۆرەمەوە نیە . کورد نەتەوەیەکی جیا لەفارسە ، برای فارس و عەڕەب و تورک نیە .کوردستانی ئـیران و ئێڕاق و سوریـەو تـورکیە نیە. کوردستان وڵاتێکی دابـەشکراوی داگیر کراوە ، نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و فەرهەنگ و کلتورو زمان و داب و نەریتی جیا لەوانی هەیە. زۆر جار لە هەل ومەرجی تایبەت دا، جارو بارە ڕێگەی باس کردن لە کوردو بەکوردی نوسین و تـەنـانەت ڕادیـۆو تلویزیۆنیش ئیزنیان پێدراوەو خەڵکێکیشی پێهەڵ خەڵەتێندراوە ، بەڵام خۆم دیتومە زۆریتریش دیویانە کە زۆر شاعیرو نوسەرو تەنانەت دەنگخۆشیش کە شیێعری کوردیان نـووسیوەو خـوێندۆتەوە گیراون ئـازارو ئەشکەنجە دراون .

نامەوێێ قسەکانی ڕەزا بنوسمەوە چونکە زۆر باش دەزانم نەک قسەو بەڵێنی ئەوو کۆماری ئیسلامی ، بەڵکو هەمو حیزب و سازمان و کەسایەتیە فارسەکان نایانەوێو ناتوانن قبوڵی بکەن و بڵێن : کورد مافی چارەی خۆ نوسینی هەیە، بە سەربەخۆییشەوە. هەمویان بونی کوردیان لە چوار چێوەی تەواوەتی خاکی ئێران دا قبوڵەو لەوە زیـاتـر بـە تـەجزیـە تەڵەبی حیساب دەکەن، تەجزیە تەڵەبیش مەحکوم بەسەر کوتو نەمامە. بۆیە دەڵێم : ڕەزا پەهلەوی بەو پاییزە نۆبەرە گێلاسی هێناوە !! ئەو کوردەی بـڕوای پێدەکا لـەویش نەزانترە . زۆر جار ئێمە بەوە خۆمان دڵخۆش یـان بـاشتر بڵێم : فریـو دەدەیـن کە دەڵێن : لەئیرانێکی دێمۆکڕاتیک دا کوردیش بەمافی خۆی دەگا ! بەڕای من ئەوە خەیـاڵێکە لـەمێشکی هێندێکانـدا جێی گرتـوە ، ئـەگەر سەرزارەکیش بکوترێی لەکردەوەدا هەرگیز نادیترێ و محاڵە .

بە باوەڕی من ئەگەر حیزب و سازمان و کەسایەتی ئێرانی لە ژێر هەر ناوو بە هەر پیت وڕستەو دروشمێک باسی ماف بۆ کورد بـکەن ، تـاک تیکە و کەڵکی سیاسی بۆ خۆیان لێوەردەگرن و کە دەسەڵاتیان گرتە دەست لەوانەی پێشەوەی خۆیان دڕنـدەتـرو هارتـرن . لـەبـەر چاوتـانە ئیمام خومەینی چ بەڵێنیەکی دا بەخەڵکی ئیران بەگشتی و کورد بەتایبەتی ، ئێستا زیاتر لەچل ساڵە زۆر لـە ڕێژیمی پاشایەتی خراپـتر قەتـڵو عامی کوردان دەکا ، بۆیە پێموایـە هەر حیزبێکی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان لە دیـاری کردنی سیاسەتو ڕیبازی خۆیدا ئازادە، بەڵام هیچ حیزبو کەسێک بۆی نیە بەرژەوندی گەلێک بەقوربانی بەرژەوەندی خۆی بکا . هەڵەیەکی گەورەیە بە قسەی چەورو شیرن، کە بێژەرەکەی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ درۆیە دەکا ، فریو بخۆی، ئەو هەموو خەسارە گەورانەو ئەوهەموو ئەزمونە تاڵانە لە بیر خۆت بەریەوە. بە ڕاشکاوی دەڵێم : هەر کەس و حیزبێک گیرفانی بۆ ئەو درۆو دەلەسانە هەڵدروبێی ،خۆشی نەیزانیوە گیرفانەکەی کونە هەرچی لەسەرەوە تێیکردوە لەبنەوە لێی ڕژاوە . تا وشەی تەواوەتی ئەرزی ئێران لەبەرانبەر داواکانی کورد بهێندرێتە بەر باس ،لە هەرلایەکەوەبێی ،هەرحیزب وسازمانێکی کوردی قبوڵی بکا دۆڕاوە. جێگای داخە ئەوەی دەرمانی دەردی کوردان بە گشتی و حیزبـەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دەکا بـونی یـەکگرتـویـی و هاوکاری کردنـە لـە چوار چیوەی بەرنامەیەکی هاوبـەشدا . بێگومان هەتا بە یەکگرتووییو یەک بەرنامەیی و یەک هێز بەرانبەر بەدوژمن ڕانەوەستین ، نە شاو ،نە جێگری خواو نەزلهێزانی دنیا هیچ حیسابێکمان بۆ ناکەن ،هەر ئارەقە ڕێژی رەنج بەخەسارین ، هەر ماندوی بێ بـەرهـەم و دەسکەوتین . زۆر سەیرە بە ‌قسەیەکی هەوایی باوەڕ دەکەین بەدوای بانگەوازی بێبنەما دا دەڕۆین ، بـەڵام وڵامی داوای گەل نـادەیـنـەوە و مـاڵی کوردیمان ڕێک نـاخـەینەوە . زۆر بەداخم ئەوەی دەڵێم : وەک ئـەوکەسە دەچێن لە بەحرێکی قـوڵ دایـە و مەلـە نـازنێ ، خەریکە دەخـنکێ ، لـەتــاوان دەست بــۆ هـەر پنچکێکی دڕوو واویش درێـژ دەکا !! هیوادارم من هەڵە بم . لـە حاڵێـکـدا داری یـەکگرتـویی دڕوی نـیـە و زۆریش بـە هێزە، دەستی بـۆ درێـژ ناکەین پاڵی وێنادەین !!

 برا تان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٤ ڕەزبەری ٢٧٢٠ کوردی

 ٥ / ١٠/ ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی