"an independent online kurdish website

کچە شەهید و ئەندامێکی دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی شاری “ڤێسترۆسـ”ـی وڵاتی “سوئید” ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، خاتوو “نەسیم عەزیزی” کچی شەهید “محەممەد عەزیز عەزیزی” پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە سەرەنجام کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە گوندی “بێورانی خوارێ” سەر بە شاری سەردەشت لەدایک بووە.

هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بنەماڵەکەیان تێکەڵ ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەبن و لەو پێناوەدا چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان گیانیان فیدای بارەگای ئازادی دەکەن.

شەهید “محەممەد عەزیز عەزیزی” باوکی خاتوو “نەسیم”، وەک فەرماندەیەکی هەرە دیاری حیزب لە ناوچەكه بەرانبەر هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرماندەیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکات و حەماسە و فیداکاری تۆمار دەکات و لەو پێناوەدا شەهید دەبێت.

پاش شەهیدبوونی فەرماندە “محەممەد عەزیز”، کاک “ڕەسووڵ” مامی خاتوو “نەسیم” دەبێتە فەرماندە و لە ڕێبازی برا شەهیدەکەیدا و سەرجەم شەهیدانی کوردستاندا شەهید دەبێت.

هەروەها ئامۆزایەکی شەهید “محەممەد عەزیز” بە ناوی “خدر عەزیزی” لەنێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا شەهید دەبێت.

خاتوو نەسیم ژیانێکی تەواو پێشمەرگانەی بووە و بەردەوام لە ئاوارەییدا دەبێت و لەگەڵ بنکە و بارەگاکانی حیزب لە جێگۆڕکێدا دەبن.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا لەگەڵ “محەممەد بایەزیدی” کادری پێشوو و ئەندامی دیار و چالاکی حیزب ژیانی هاوبەشی پێکهێنا.

خاتوو “نەسیم” لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە وەک پەنابەر لەگەڵ بنەماڵەکەی لە وڵاتی “سوئید” گیرساونەتەوە.

“نەسیم عەزیزی” هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب و نیشتمانپەروەر و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دێموکرات، خزمەتی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

وەک بەڕیوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری خاتوو نەسیمی جوانمەرگ  دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر 2720، تەرمی “نەسیم عەزیزی” کچی شەهید “محەممەد عەزیز عەزیزی”، لە گۆڕستانی شاری “ڤێسترۆس” ” بە پۆشینی بەرگی کوردی و لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا بە خاک ئەسپێردرا.

هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی “سوئێد” پێکهاتوو لە “مەولوود عەبدیلزادە” بەرپرسی کۆمیتە و “عەزیز مورادپەرەست”، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی کۆمیتە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری کۆچکردوو بەشداریان لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ناوبرادا کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی گەورەی شاری “ڤێسترۆس”، بەمەبەستی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کۆچکردوو بەڕێوەچوو، پەیامی هاوخەميی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە خوێندرایەوە.

“نەسیم عەزیزی” هاوسەری تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک “محەممەد بایەزیدی” دوای سێ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە ڕۆژی ۱٥ی ڕەزبەر  2720 لە نەخۆشخانەی شاری “ڤێسترۆس” کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب بوو و بنەماڵە سەربەرزەکەیان خاوەنی ۳ شەهیدن لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی