"an independent online kurdish website

“نەتەوەیەک زوانەکەی لەناو پچێ، بێگومان خوەیچی ناتوانێ لە مەییانا بمێنێتەوە و ئەفەوتیە.”

فیلسوفی ناسراوی ئاڵمانی”مارتین ھایدگر” وائێژێ.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیسە ٦.٠٠٠ بۆ ٧.٠٠٠ زوان لە جەھانا ھەن.

٥٠٪یان ھانە وڵاتگەلێ وەک ھیند، بێرزیل، مەکزیک، ئۆسترالیا، ئەندونوزی ،نیجێریە و گینەنۆا. ئەم وڵاتگەلە لە داھاتوویەکی نە فرە دوورا،  نزیک بە ٣.٠٠٠ لەو زوانگەلە بە سود خوەیان ھەڵمەقوت ئەکەن. خراوتر لەوەیچە، زانیارەکان ئەو مەییانە ئێژن نزیک بە ٥٠٪ تا ٩٠٪ی ئەم زوانگەلەی ئیسە زینگن و ھەن، ئەگەر نەتوانن خۆیان خزمەت کەن و خوەیان پارێزن، ھەتا ساڵ ٢١٠٠ ئەوانیچ ئەفۆتیەن.

بۆ ئەوەی بۆچوونەکەیان بە جیددی بگیریە، ئێژن لە رابردووا ١٠.٠٠٠ زوان لەناوچووگن ، جێگەپا و شوێنەوارێ لە نەتەوەکانیچیان نەماگەسەو، جا یان ھەر فۆتیاگن، یان لە نەتەوەکانترا تاویاگنەسەو کە ئەمەیچە ھەر جۆرە فۆتیانێکە.

ئیسەیچە ٥٠٪ی مەردم دنیا بە ٢٠ زوان ئەژیەن و ئەدوێن و ئەخوێننەوە و ئەنووسن. ئەو زوانگەلە وەک ماسی گەورە، زوانەکانتر کە وەک ماسی بوچک و چەمچەقوڵەن، ئەخوەن.

جا بەم زانیاریگەلە ئەشێ حەساو خوەمان وەک نەتەوەیەکی فردوژمندار، ئابوری لاواز، بێ سیستم و دامەزراوە ، بێ دەوڵەت و قەوارە و… بێتە دەسمان و بزانین وەک کورد کە تائیسە توانیگمانە خۆمان، کولتور و زوانەکەمان بپارێزین ھونەر نەوگە و بەشێ فرەیچی لە ئازایەتی خۆمانەو نەوگە، بەڵکوو لە ھەڵکەوتە ژئۆگرافی و ژئۆستاتژیکییەکەمان بووگە کە بە ھەڵکەوتی سروشت لەمەیانا بۆ رەھەندێ لە ژیان بەختمان ھاوردگە و فرە نەکەفتگینەسە بەر شەپۆلی تۆفان، زریان، گژەبا و بۆرانی مودێڕنیتە و ئێکنۆلۆژی، ئینفۆرماتیک و گۆڕانکارییە ژیارییەکانی دنیاوە.

لەبەر ئەمەیچە تا ئیسە ھەر وتگمانە” تا چیاکانمان بێ، کورد ئەمێنێ.” لە راسییا چیاکان بەرگەی گرجۆرە تۆپ و تەێیارە و موشەکێکیان گرتگە و ئەگرن، وەلێم بەرگەی شەپۆلەکانی ئینتێرنێت و ھێرشەکانی مۆڵتی مێدیا ناگرن ئێتر. چونکە لە قەێرانی کورۆنادا خوەندنگەکان داخریان و مناڵەکانمان بۆ خوەندن لایڤ، بە ناچار ئەچوونە بان ملە و یاڵ و تەپەکان و خوەیان ئەوەستەو بە تۆڕەکان ئینتێرنێتەو.

جا با ھۆشمان بە زوانەکەمان و خوەمان و نیشتمانەکەمانەو بێ. لەبەر ئەوە زوانم خستگەسە بەر خۆمان و نیشتمانەکەمانەو، چونکە زوان نەمێنێ، خۆیچمان و نیشتمانیش نامێنین.

_وێنەکە ھین گوگلە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی