خاتوو «جۆدی دێڵتن» (Judy Delton) نووسەری ناسراوی ئەمریکایی دوای تەمەنێک ئەزموون لە بواری خوڵقاندنی ژانری جۆراوجۆر

(ڕۆمان، چیرۆک، ئەدەبیاتی منداڵان و خاوەنی دەیان گوتار لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە بەناوبانگ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکان) لە کۆتاییدا بە هەموو توانای خۆیەوە کتێبێک لەسەر «هەڵە باوەکانی نووسەران لە ٢٩ خاڵ دا» دەنووسێ.
(Twenty-nine tips for writers on how to avoid being their own worst enemy when it comes to writing and selling their work.)
بەهۆی گرنگی کارەکەی و پێویستیی نووسەران و بەتایبەت ئەو کەسانەی خولیای نووسینیان لە مێشک دایە و دەخوازن بە شێوازێکی زانستی کار بکەن، ئەو کتێبەم کردووە بە کوردی.
مەبەستی من ئەوە بووە کە لاوانی کورد هان بدرێن بە شێوازێکی زۆر ئاسان فێری چۆنیەتی نووسین بن و ئەو کۆمەڵە هەڵانەی کە بەردەوام پاتە دەبنەوە، دووبارە نەکەنەوە.
هیوادارم توانیبێتم خزمەتێکی بچووکم بە کتێبخانەی کوردی و فێرخوازان و ئۆگرانی نووسین کردبێ.
سوپاس بۆ مراد بەهرامیان، کە هەمدیس لە بواری نەخشەسازیدا هاوکاری کردم.
سەلیم حەقیقی
٨ی ئاوریلی ٢٠٢١ (١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی)