"an independent online kurdish website

ئەزموون و وانەیەک، بۆ لێوە فێربوون

  لە ساڵی 962 ەوە دەسەڵاتی ڕۆمانی پیرۆزی نەتەوەی ئەڵمان/Heiliges Römisches Reich Deutscher Nation بەرقەرار بووە. لەو کاتەوەی کە قەیسەری ڕۆمانی پیرۆزOttos der Große دەسەڵاتی گرتە دەست. پاشان لە ساڵی 1157 وشەی پیرۆزی بۆ زیاد کرا و لەسەرەتای سەدەی 16ەوە وشەی نەتەوەی ئەڵمانی بۆ ئەم دەسەڵاتە زیاد کرا. ئەم ڕایش/ ڕایخ ـ واتە ئیمپراتۆری یاخود دەسەڵاتی ـ  ئەڵمانی، ڕووبەرێکی فراوانی لە ئەوروپا داگیر کرد بوو، کە وڵاتانی ” ھۆلەندا، فەرەنسا، ئیتالیا، سلۆڤاکیا، چیک “ی دەگرتەوە. لەم سەردەمانەدا ئەڵمانیای گەورە لە هەزاران هەزار دەوڵەتۆکە و میرنشینی سەربەخۆ پێکهاتبوو.

ساڵی 1517 بزاڤی ڕیفەرماسیۆن بەسەرکردایەتی مارتن لوتەر/Martin Luther 1483-1546سەری هەڵدا،کە بەگەورەترین  بزاڤ و شۆڕش و وەرچەرخان دادەنرێت. بیری سەروەریی ئەڵمانی هەمیشە شێوەی ئیمپراتۆرێتی وەرگرتووە و هەوڵی داوە خۆی تێدا بنوێنێ. ئەمەش خەسڵەتێکی ئایینی ھەیە، ڕەنگە پەیوەندیدار بێت بە گوزارشتی کاسۆلیکی سیاسییەوە. ئەم بیرۆکەیە نەبەستراوەتەوە بە خاک و دەوڵەتەوە، بەڵکو وەک بیرۆکەیەکی کریستیانی خراوەتە سەرووی پیرۆزی و گەورەیی پاشا و میرەکانەوە، هەروەکو چۆن پاپا لە ڕووی ڕۆحییەوە ئەمەی کرد. دواتریش وەک دەزانین نەتەوەی ئەڵمان بەسەر چەند دەوڵەت و سنوورێکدا دابەش بوون.

 ڕایشی ئەڵمانی زۆرینەیەکی کاسۆلیکی باڵی بەسەردا کێشا. ناوەڕاستی سەدەی 16 دوو ئاڕاستەی مەزھەبی لە نەتەوەی ڕایش دا”پرۆتستانی و کاسۆلیکی” زیاتر زەقبۆوە و سەری ھەڵدا. کاسولیکی پرۆتستانی بە جادووگەر و ئەوانیش کاسۆلیکیان بە بێباوەڕ تاوانبار دەکرد. دواتر لە کۆبوونەوەیAusburger Religionsfrieden 1555  کۆبوونەوەی ئاشتی مەزهەبی ئاوسبۆرگدا، چارەسەری ئەمە بەوە کرا، کە هەر پاشا و میرێک خۆی دەتوانێ لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆیدا بڕیار بدات، کامە مەزهەب پێڕەو بکەن. „cuius regio eius religio“ ئەمە دروشمەکەیان بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەش نەیتوانی ناکۆکییەکان خامۆش بکات. لەم سەردەمەدا لایەنگرانی کاسۆلیکی، مارتین لۆسەری و کالڤینستی  J. Calvin هەبوون. هەموو دژ بەیەک بوون. دواتر دەسەڵاتی کڵێسا ویستی خۆی نوێ بکاتەوە. ئەوە بوو  لۆسەری و کالڤینیستی هاوپەیمانێتییان بەست دژ بە کاسۆلیکی کە بە یەکێتی پرۆتستانتی ناسراوە و کۆمەڵێ میر و پاشایان دواکەوت و لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئینگلتەرا و هۆڵەندا،کە دژی پاپا بوون ڕێکەوتن. ئەو سەردەمە چ لێبووردەییەکی ئایینی نەبوو. هەموو هەوڵ دەدرا بە شەڕ یەکلایی بکرێتەوە. کاسۆلیکەکانیش لە ترساندا هاوپەیمانێتییەکی سەربازییان بەناوی گرووپی کاسۆلیکییەوە دامەزراند کە چەند پاشا و میرێک بوون  و لەگەڵ قەیسەر و پاپاش دا ڕێکەوتن. بەم شێوەیە هێزە دەرەکییەکان دەستیان لە جۆشدانی ئەم شەقبوونە وەردا، هەر بۆئەوەی ئەڵمانیا گەمارۆ بدەن و نەبێتە هێزێکی گەورەی یەکگرتوو. ناکۆکی ئەم بەرەیە کاتێ تەقییەوە،کە نوێنەری قەیسەری کاسۆلیکی لە شاری پراگی پایتەختی پاشانشینی بۆهمەنەکان، چیکی ئێستا بوو، کە ناوەندێکی گرنگی ئاینی ڕایش ئەو سەردەمە بوو،  لەلایەن پرۆتستانتەکانەوە  لە پەنجەرەوە فڕێ درایە خوارەوە. ئەم ڕووداوە  بووە ھۆی سەرھەڵدانی شەڕی 30 ساڵە 1618-1648، کاتێ  کە دواتر بە ڕێکەوتنامەی ئاشتی بەناوبانگی” ڤێستفێلیشە/ ویستفالیا”/ Westfälische  کۆتایی ھات.

ئەم ڕووداوەش ھۆکارێکە بۆ درەنگ بە دەوڵەتبوونی ئەڵمانیا لە چاو فەرەنسا و ئینگلتەرادا. زمانی نووسینی ئەڵمانی دوای وەرگێڕانی ئینجیل لە لاتینییەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، لە لایەن مارتین لۆتەرەوە و دواتریش دەرکەوتنی کۆمەڵێ ئەدیب و شاعیری وەک کلۆپشتۆک/ Klopstock  و بزاڤێکی ئەدەبی بەھێز لە شاری لایبزیگ تەواو گەشەی کرد و بەرەو چەسپان چوو. لە سەدەی 19ەوە ئەڵمانەکان بە کولتوورنەتەوە/Kulturnation ناسراون، چونکە لەسەر بنەمای کولتوور بەدەوڵەت بوون. پێچەوانەی فەرەنسا و بەریتانیا کە بە دەوڵەت نەتەوە/Staatnation ناسراون، واتە بە ئامڕاز و دەزگای دەوڵەت نەتەوەیان ساز داوە. ھەڵبەت ھەستی ھاوبەش و پێوەندارێتی بۆ ڕایشیش کاریگەری لەسەر ئەڵمان ھەبوو. سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن، ڕاستەوخۆ کاریگەرێتی و ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ئەڵمان، لە ڕەهەندەکانی نەتەوەیی و سەربازی و ئەدەبی و سیاسییەوە دانا. هەر بۆ نموونە لە خێڕاییەکی چاوەڕواننەکراودا، 360 دەوڵەتۆکە و هەڕێم بوون بە 38 دانە و چەند میرنشینێکی کەم . نەک هەر ئەڵمانیا بگرە ئەوروپاش بەتەواوەتی دۆخێکی شڵەقاوی بەخۆیەوە دی. لە نێو ئەڵماندا بزاڤە نەتەوەییە ئەدەبییە بەھێزەکە بەردەوام لەگەڕدا بوو لەسەر دەستی : Klopstock ,Lessing, Goethe ,Wieland ,Herder, Leibniz، دواتر ئەم بزاڤە ڕەھەندێکی سەروەری گەل و مافی مرۆڤیشی لەخۆ گرت. ئەگەرچی ئامانجی سیاسی زەقیان نەبوو، بەڵام لەڕووی ئەدەبییەوە بە بیری نەتەوەیی داوای  دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی بەھێزیان دەکرد. لە نێوان ساڵانی1711-1761 دا نزیکەی 182 گۆڤار دەردەچوو. پاشان کۆمەڵێ زانکۆی دیار دامەزرێندران، لەوانە زانکۆی گۆتینگەن ساڵی Göttingen 1737 ، کە کاری لەسەر بیری ئازاد و پەروەردەکردن و کۆکردنەوە نووسراو/ بەئەرشیفکردن دەکرد. ئەم زانکۆیە سەر بە میری هانۆڤەر بوو، کە ئەویش ڕاستەوخۆ سەر بە پاشای ئینگلتەرا بوو.

 بە کورتی و کرمانجی ئەمانە گووژم و ڕەوتێکی تریان دا بە شۆرشە ئەدەبی و فیکرییەکە. پێویستە بووترێ ئەو کۆمەڵە نووسەرەی سەرێ کەوتبوونە ژێر کاریگەرێتی ژیانی لیبەراڵی سیاسی لە فەرەنسا و ئینگلتەرای ڕۆژئاوای ئەوروپاوە. تەنانەت فەیلەسوفێکی وەک فیشتە Fichte سەرەتا کۆمەڵێ نامیلکەی لەسەر شۆڕشی فەڕەنسا دەرکرد. بیتهۆڤن سەمفۆنیای بە ناوی ناپلیۆنەوە نووسیوە.لایبنیتز بە فەرەنسی دەینووسی.  فیشتە کە وتاربێژێکی بەتوانا بووە، دواتر لە ڕێگای پێشکەشکردنی کۆمەڵێ وتار بۆ نەتەوەی ئەڵمان، ڕۆڵی نەتەوەیی خۆی گێڕا،لە یەکێ لە وتارەکانیدا دەڵێ: “من ڕووم لە ئەڵمانە بێ جیاوازی و من ئەو جیاوازی و دابەشکارییانە نێوان ئەڵمان نابینم،کە بۆتە هۆی شکستیان. من قسەدەکەم بۆ ئامادەبووان و ئەوانەی ئامادەنین ،هیوادارم دەنگم بگاتە دوا سنووری ئەڵمانیا“.  هاوشانی فیشتە قەشەیەکی تر بەناوی Schleiermacher وتاری لەدیدی ئاینەوە لەسەر شێوەی فیشتە بۆ ئەڵمان و یەکگرتنیان دەدا. پاشان شیللەری شاعیر Schiller  و  Kant کانتی فەیلەسووف بەرھەمەکانیان ئەگەرچی ئەمانیش دوور لە سیاسەت بوون، بەڵام ھەرچی ئەڵمان ھەبوو شانازی پێوە دەکردن.

دوای ئەمانیش هێگل Hegel ی فەیلەسووف کە بەشێکی زۆری فەلسەفەکەی لەسەر فەلسەفەی نەتەوە و دەوڵەتە. وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و هەموو جیهاندا کرد و هەتا ئێستا تێزەکانی سەرچاوەی ئەم جۆرە باسانەیە. ” دەوڵەت واقعێکی ڕەهایە و تاک بۆ خۆی چ بابەتێتی و حەقیقەت و مۆڕاڵێکی نییە، تەنها مەگەر ئەندامی دەوڵەتێک بێت“. دواتر پێی وایە دەوڵەت پێک دێت لە سێ ڕەگەز و هۆکار:” پاشا و ئەرستۆکراتی و دیموکراتی پەرلەمانی“. هەروەها لە گوتەیەکی دیکەیدا دەڵێ:” دەوڵەت لە بوونی خۆیدا بوونەوەرێکی ئەقلانییە“. ” دەوڵەت هەقیقەتێکی ئیرادەی گەوهەرییە“.” دەوڵەت هەقیقەتی ئازادییەکی کۆنکرێتییە“،پاشان چەند نووسەری تر هاتن وەک مێژوونووسTreitschke و ناوەڕۆک و مانایەکی تری قووڵ و گرنگیان بەدەوڵەت بەخشی. هەموو دەیانویست بیری نەتەوەیی لەسەردەستی ئەڵماندا، زیاتر گەشە بکات و ئەڵمان بێتە پێشەنگی ئەم بزاڤە.  چونکە وەک ئاماژەمان پێدا  لە بنچینەدا بیری نەتەوەیی ئەڵمانی بیرێکی فراوانخواز بوو، لەبەرئەوەی دەیانزانی میللەتی ئەڵمانزمان  بە بەرفراوانی بەسەر چەند سنوور و دەوڵەتێکدا دابەش بووە. بیری نەتەوەیی ئەڵمان دەیەوێ ” مرۆڤ بکاتە ئامڕازێک لە دڵی کۆمەڵدا و لە دەستی دەوڵەتدا و هەروەها دەوڵەت بەهێزێکی گەورە ڕێکخراو بۆ کۆمەڵگا دادەنێ”. لەڕاستی و گەوهەردا.. ڕزگارکردنی ئەڵمانیا بە بزاڤێکی نەتەوەیی دژ بە فەڕەنسا هاتە دی و پرووسیا پێی ڕابوو. واتە ئەڵمان وێنەی فەڕەنسایان کردە دوژمنە باوەکوشتەکەی خۆیان و ئامانجی خۆیان لەسەر داڕشت و دەرئەنجام گەیشتنە خەونەکەی خۆیان. ئەڵمان زۆر دابڕا و وابەستەی ناوچە و میر و پاشای دەڤەرەکانی خۆیان بوون. زۆر ناوچەپەرست و هۆگری سەرکردەکانیان بوون، ئەمەش ڕۆحییەتێکی خراپی دەروونی لا ساز دابوون، کە بەدرەنگ و گومانەوە لێک نزیک ببنەوە. لێ ئەوەی سەیرە ئەڵمان زۆر پابەندەی میر و پاشا و سەرکردەی خۆیەتی . ئەمەش خاڵێکی نەرێنی ئەو سەردەمەی نێو ئەڵمانەکان بوو،هەر بۆیەشە نەیانتوانی یەکێتی نەتەوەییان لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێک بهێنن. ئەم هەقیقەتە بە ناسنامەی ئەڵمانییەوە لە سروودە نەتەوەییەکەیاندا جوانتر بەرجەستە بووە،کاتێ لە بڕگەیەکیدا دەڵێ:” ئەڵمانیا لە سەروو هەموو شتێکەوە“. واتە ئەڵمانیا لەسەرووی ناوچە و پاشا و کڵێسا و میری هەرێمییەوە. ئیدی بەم شێوازە و بەهۆی ئەم دۆخە مێژوویی و سیاسییەوە، یەکێتی ناسنامە لە گەوهەری بیری ئازادی و بیری نەتەوەیی ئەڵمانیدا وەک لای ئیتالییەکان نابینین.

پاشا Friedrich II  لە دەڤەری پرووسیا هەڵکەوتوویەکی سەربازی دەسەڵات بەدەست بوو. گۆتەی شاعیر شیعری بەسەردا ھەڵداوە. لەم دۆخەدا پرسی دامەزراندنی دەوڵەت وەک بیرۆکەیەک سەرھەڵدەدات، میللەتی ئەڵمان دەیویست بگاتە ئامانجێک لەسەر ھەژماری تاک و  ھەژماری ئیمپراتۆرێتیەکەی پێی ناسرا بوون. ئەڵمانیا  پێکهاتبوو لە ژمارەیەکی  زۆری دەسەڵاتی بچووک بچووک  لە پاشا و میر و بنەماڵە و شاری کڵێسایەک و تاکە میرێک. ـ  من لەم نووسینەدا بە دەوڵەتۆکە ناویان دێنم ـ . بۆ نموونە دەوڵەتۆکە ھەبوو لە تاکە شارێک پێکھاتبوو. ئێستاش بەرلین و هامبۆرگ و برێمن یەک هەرێمن و لە یەک شار پێکهاتوون. ئەو سەردەمە تەنیا هەرێم/  ویلایەتی پرووسیا بنەمای دەوڵەتۆکەیەکی بەھێزی تێدا بوو. پاشا فریدریش بناغەیەکی چاکی بۆ ئەم ھەرێمە بنیات نابوو، زۆر ئاوەدان بوو. ھێزێکی سەربازی بەھێز و سەرکردەی بەھێزی ھەبوو، دەستەبژێرێکی زۆری ئەڵمانی تێدا کۆببۆوە و خەونیان بریتی بوو لە دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ئەڵمان بەڕابەرایەتی پاشای پرووسیا. بیرمەند و تیۆریستی بەناوبانگی سەربازی کارل ڤۆن کلاوزەڤیتست CARL VON CLAUSEWITZ  ئاکادیمیای سەربازی کردبۆوە. گەورە جەنەڕاڵەکانی ئەڵمان دەرچووی ئەم ناوەندە بوون. خاوەنی چەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو و سوپایەکی تۆکمە بوون. حکومەتی پرووسیاش بەردەوام چاکسازی دەکرد لە بەڕێوەبردن دا. لەکاتێکدا کەسایەتی بەناوبانگ ،Wilhelm von Humboldt کە کرا بە وەزیری پەروەردە و کاروباری ئاینی، وتی: ” من نەهاتووم کوڕی پینەدۆزێک بکەمە پینەدۆزێکی باشتر،من هاتووم هەمووان بکەم بە هاوڵاتییەکی چالاک“. ناوبراو ئێستا کۆنترین زانکۆی بەرلین هەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ئەم هەرێمە بەتەواوەتی خۆی لە داگیرکاری فەڕەنسا پاراست و سەربەخۆ مایەوە.  هەرێمەکە بووە جێی هیوای زۆری ئەڵمانەکان و کەسانی هەڵکەوتووی جۆراوجۆر ڕوویان لەم دەوڵەتۆکەیە کرد بۆ ژیان و کارکردن. لەم قۆناغەدا گەر ئەڵمانیا بە دۆخی لە ئیتالیا بەراورد بکەین، ئەڵمان حاڵیان  باشتر بوو، لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە، کۆنفدڕاڵی جەرمەنی لە نێوان دەوڵەتۆکەکاندا ھەبوو. ھەروەھا لە ئەڵمانیا دەوڵەتی بەھێزی پرووسیاش ھەبوو. لە ڕووی تایبەتمەندیشەوە، خەسڵەتی تیۆریی نەتەوەیی ئەڵمانی وایە، « مرۆڤ دەکاتە ئامڕازێک لە دڵی میللەتدا و بە دەستی دەوڵەتەوە».

قۆناغی پێش ئادار  1815 -1848

ئەڵمانیای فیدڕاڵی و ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوای سەرکەوتن بەسەر ناپلیۆن دا لە شەڕی لاپزیگ دا لە16.10.1813 ،دا ھاتنە سەر شانۆی سیاسی بە سەنگ و قورساییەکی تایبەت بە ھەڵکەوتی جوگرافی وڵاتەکەیان لەناوجەرگەی ئەوروپادا و بەھێزی دەوڵەتی پرووسیا و ئەو هەموو کەسایەتییە بەناوبانگانەی لە هەموو بوارەکاندا هەیانە. هەر زوو ئەڵمان بوونە ژمارەکی  گەورە لەتەک زلهێزەکانی ئەو ڕۆژگارەدا.

بۆیەکا لە کۆنگرەی ڤییەنا-Winner Kongress ساڵی 1814/15  بەتایبەت قسەش دەربارەی بارودۆخی ئەڵمان کرا. بۆ ڕیکخستنەوەی ئەوروپا و وەستانەوە بەرامبەر بە فەرەنسا.{{ ١ـ ڕیکخستنەوەی سیاسی ئەوروپا بەپێی پرنسیپی هاوسەنگی زلهێزەکان، ٢ـدیاریکردنی سیاسەت و هەڵوێست بەرامبەر بە فەڕەنسا.٣ـ وەستانەوە دژ بەهەر هەوڵ و باوەڕێکی شۆڕشگێری}}. بەدیوێکی تردا گەڕانەوە بۆ ژیانەوەی ڕەوایەتی سەردەمی پێش شۆڕش.وەک جاران بەردەوامی هاوکاری نێوان میر و پاشاکان لەنێوان خۆیان دا.

ئەندازیارانی کۆنگرەی ڤییەنا زلھێزە جیھانییەکانی ئەو سەردەمە « قەیسەری رووسیا/Alexander I Zar و ڕاوێژکاری نەمسا/Metternich ووەزیری دەرەوەی بەریتانیا/،Castlereagh وەزیری دەرەوەی , فەڕەنسا/،Talleyrand  ڕاوێژکاری پرووسیا/»Hardenberg بوون،کە بە گشتی گەمارۆی فەرەنسایان دابوو.

ڕووسیا فینلەندا و بەشێکی پۆڵۆنیای برد، ئینگلیز سایلۆن و کاپ کۆلۆنی و مالتا، نەمسا هۆلەندە و بەشێکی ئیتالیا و بالکانی لەدەست دا، پرووسیاش، چەند دەوڵەتۆکەیەکی ئەڵمانی  دەست کەوت و فەرەنسا کەم و زیادی نەکرد و بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز وەک خۆی مایەوە بەرامبەر بە ڕووسیا.

 ھەبوونی کۆنفیدڕاڵی ڕاین/ ڕاین بوند Rheinbund، کە لە 1806 دروست کرابوو 16 لەئەندام پێکهاتبوو، بە وازھێنانی قەیسەر Franz II ، لە تاجەکە ، ئیدی قۆناغی مێژووی ، دەسەڵاتی پیرۆزی ڕۆمانی نەتەوەی ئەڵمان، کە لە سەدەکانی کۆنەوە دامەزرا بوو ھەڵوەشایەوە و کۆتایی ھات. لە کۆنگرەی ڤییەنا ڕێکەوتن لەسەر ئەوە کرا ئەڵمانیای فیدڕاڵ/ Deutschen Bund  دروست بکرێ. ئەمیش بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە بەرپەرچدانەوە و سنووردارکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی فەڕەنسا.  لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە کۆنفیدڕاڵی نێوان چەند دەوڵەتۆکەیەک بوو. بەواتایەکی تر یەکخستنی دەسەڵات و حوکمڕانی میرەکان بوو، لە چوارچێوەی سنووری ئەم یەکگرتووە ئەڵمانییەدا . یەکێتی ئەڵمانیا ھەروەک دەسەڵاتی پیرۆزی سەروەری ڕۆمانەکان بوو، زۆر لەیەک دەچوون. بەڵام لێرەدا دەسەڵاتی کۆنفیدڕاڵییان زۆر کەمتر بوو لە جاران و دەسەڵات زیاتر لای چەند دەوڵەتۆکەیەکی ئەندام بوو . یەکێتی ناوبراو نەمساشی تێدا جێگربوو، کە ھەمیشە میر Metternich داوای ڕابەرایەتی و ئیمتیازی تایبەتی زیاتری بۆ بنەماڵەی هابسبۆرگ دەکرد و دەبوو قەیسەر لەم بنەماڵەیە بێت. یەکێتی ئەڵمانی گرنگترین دەستگای، یاخود ئەنجوومەنی بریتی بوو لە  پەرلەمان بەناوی Bundestag. بارەگای لە شاری فرانکفۆرت بوو. پێکهاتبوو لە نوێنەرانی دەوڵەتۆکە ئەندامەکانی یەکێتی ئەڵمان، لە ڕاستیدا نوێنەرانی پاشا و میرەکان بوو. کە نەمسای هابسبۆرگی و پرووسیای تازە هەڵکەوتوو بەهێزترین دوو ئەندامی بوون. لە ئەڵمانیا دەوڵەت یاخود دەسەڵاتێکی ناوەندی نەبوو،3  ناوەند نوێنەرایەتی ئەڵمانیای دەکرد، ” ڤییەنا، پرووسیا، فرانکفۆرت“. ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمان گرفتاری زۆری لێ دەکەوتەوە. میرەکان چ بەرنامەیەکیان بۆ یەکگرتنی ئەڵمانیا نەبوو، لەم پرسە دودڵ بوون. دەترسان دەسەڵاتیان نەمێنێ یاخود  کەم بکرێتەوە، بە دەربڕینێکی تر سەرگەرمی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوون و توند دەستیان لێ قایم کرد بوو. ئەوەتا شاری ناودار Ernst Moritz Arndt بۆ دۆخی پارچەپارچە و ناوچەپەرستی ئەو سەردەمەی دەکاتە ئەڵمان و  دەڵێ:

ئایا پرووسیا وڵاتە؟ ئایا شڤایبەن وڵاتە؟(…)  نا، نا، نا  وڵاتەکەی پێویستە گەورەتر بێت!.

بەڵام هێزی  خوێندکاران و توێژی کوڕەشاری لیبەڕاڵ/ بۆرژوازی لیبەڕاڵ،  کە زۆرینەی خەڵکی پێکهێنابوو، هەڵگری خەونی یەکگرتنی ئەڵمانی بەهێز بوون.  بە ڕێکەوتن و بڕیارەکانی کۆنگرەی ڤییەنا ڕازی نەبوون بۆیە هەر ئەوە بەس نەبوو، کە بەبڕیاری یەکێتی  دەوڵەتۆکەکان بکرێنە یەکێتی ئەڵمان، هەر هەرێمێک دەستووری خۆی هەبێت و لە ئاوازێک بخوێنێ. خەڵکە لیبەڕاڵە بۆرژوا و خوێندکارەکان داوای دەستوورێکی سەرتاسەری و ئازادی بیڕوباوەڕ و ئاینی و کەمینەکانی تریان دەکرد. ئەوە بوو دەستکرا بە گێڕانی  چالاکی جۆراوجۆر  بە جلوبەرگی ڕەنگی” ڕەش و سوور و زیوی” یەوە، کە ڕەنگی سوپایەکی ئازاد بوو بەناوی Lützower Freikorps خۆبەخشانە دژی ناپلیۆن شەڕیان دەکرد. ئەمانەش پێیان وابوو دەستیان بڕدراوە و فێڵیان لێکراوە،لە لایەن میرەکانی خۆیان و  کۆنگرەی نابراودا.  ساڵی 1819 ڕووداوێکی سەیر پێشهات، ئەویش کوشتنی شاعیر نووسەر و شانۆنووس و دیبلۆماتکاری ئەڵمان August von Kotzebue بوو, کە زۆر شتی دژی یەکگرتنی ئەڵمانیا بوو. کوشتنەکەی  لەلایەن خوێندکارێکەوە بەناوی Karl Ludwig Sand . ئیتر دۆخەکە ئاڵۆز بوو و پاشا و میرەکان  لەترسی خۆیان کۆمەڵێ بڕیاری توندیان بۆ قەدەغەکردن و ڕاوەدونانی خەڵک دەرکرد، زانکۆکان کەوتنە ژێر چاودێری و ڕیکخراوی خوێندکاران قەدەغە کرا، کۆمیسیۆنی سزادانی تاوانبارانیان دروست کردلە شاری ماینس. کە بە  بڕیارەکانی کارلسبادKarlsbader Beschluss /1819  ناسراوە. ئەم یەکێتییە بە قۆناغی ململانێیەکی سەختدا تێپەڕی بە هۆی ئەو دوو ناوەندەی پرووسیا و نەمساوە.

بەڵام میللەت تێڕوانینێکی ھەبوو بۆ یەکێتی ئەڵمان بەتایبەت لیبەڕاڵەکان کە لەسەرەتای سەدەی 19 ببوونە ھەڵگری بیرۆکەی ناسیۆنالیستی ئەڵمانی و بەردەوام لە لایەن میرە دواکەوتووەکانەوە ھەڕەشە و گوشاریان لەسەر بوو. میللەت لە هەموو بوارەکاندا کەوتە جۆش و خرۆش . لەسەر پێشنیاز و داخوازی شاعیری گەورە Ernst Moriz Arendt ، داوای دروستکردنی ڕێکخراوێکی نەتەوەیی  کرد  بۆ بایەخدان بە بۆنە و جەژنە تایبەتییەکان بدرێ و چەند بکرێ خەڵکی لەدەوری کۆ بکەنەوە. ئەم ھەوڵی دژ وەستانەوە بەرامبەر بە ھەوڵەکانی یەکگرتنەوە،بە چالاکی وەڵام دەدرایەوە. بۆنموونە لە ساڵی 1817 دا ئاهەنگێکی گەورە لە Wartburgfest  کرا کە زیاتر لە 500 خوێنکار بوون  داوای ئازادی و بەها و ئابڕووی نیشتمانیان دەکرد. کۆمەڵێ کتێبی نامۆی دژ بە یەکێتی نەتەوەییان گڕ تێبەردا.  ئەمەش سەرەتایەکی باش بوو بۆ تێکەڵی خەڵک و بەردەوامی بەرزکردنەوەی داوای یەکگرتن. لەو سەردەمەدا زۆربەی زانکۆکان پڕ بووبوون لە خوێندکاری پرۆتستانتی، توانییان جەژنی ناوبراو  ڕێک بخەن. ئەم دیاردە بووە کێشە لە ئەڵمانیا و وڵات کەوتە بەردەم دوو دابەشبوون و جیاوازی” سەروو و خواروو. پرۆتستانت و کاسۆلیکی” . هەوڵ دەدرا ” ئیرادەی میرەکان نەبێتە یاسای میللەت، بەڵکو دەبێ یاسای میللەت بێتە ئیرادە میرەکان“. ئەڵمانیا بە سەردەمێکی قورسدا تێپەڕین و گرتن و ڕاونان و ئەشکەنجەدان بووە کاری ڕۆژانە.

کاتێ « یەکێتی خوێندکاران»/ Burschenschaften  کە خۆیان بە موڵکی ھەموو ئەڵمان دەزانی و نەک ھی پاشا و میر و ناوچەیەک، بوونە بەشێکی کاریگەریی بەشداری شۆڕش. توانیان پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ و بزاڤێ ڕێکخراوی جومناستیک،  لەلایەن Friedrich Ludwig Jahn  دژی   Restauration  و دژیZensur   بەرپا بکەن و ناڕەزاییەکان دەربڕن و بانگاشە بۆ ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بکەن. ھەروەھا ڕووداوێکی تری گرنگ Hambacher Fest 1832  بوو . لێرە نزیکەی0,0003 ھەزار کەس بەشداری کرد، لە خوێندکار و مامۆستا و پرۆفیسۆر   و ئاکادیمی بەرز و لیبەڕاڵە بۆرژواییەکان.  بەشداربووان بە دەنگی بڵند داوای یەکگرتنی ئەڵمانیایان دەکرد.

شایانی ئاماژە پێدانە پێکێنانی ڕێکخراو و کۆمەڵە و یانەی هونەری و ئەدەبی و وەرزشی ڕۆڵی گەورەیان دیوە لە مێژووی ئەڵمان دا. بۆ نموونە یانەی جمناستیک، کە ئاماژەمان پێدا ساڵی 1811 لە لایەن. Jahn لە بەرلین دروست کرا ،بە ئامانجی ڕاهێنانی لاوان بۆ شەڕی ناپلیۆن/ فەرەنسا، سەرەتا 200  ئەندامی هەبوو. ساڵی1848 بوو بە 900,000 هەزار ئەندام. ڕێکخراوی گۆڕانیبێژ و کتێبفرۆشی .  ئەو ڕۆژانە بارودۆخێکی ئابووری سەخت و برسێتییەکی قورس باڵی بەسەر ئەڵمانیادا کێشا بوو. بێکاری زۆر بوو، شۆڕشی پێشەسازی لە بەریتانیا بەتایبەت کەوتبووە گەڕ،مەکینە و ئامێرێک هێندەی دەیان جووتیار و کرێکار بەرهەمی بەرهەم دەهێنا. بەم سەردەمە دەووترێ Pauperismus. ڕێکخراوی ڕیفۆرمی ئەڵمانی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دروست کران جەماوەر ھەوڵی دەدات بە ھەموو شێوەیەک لە دەسەڵاتی میر و پاشا کەم بکاتەوە و گەل بێتە سەرچاوەی دەسەڵات. ئاھەنگ و جەژن گێڕان درێژەی کێشا و بۆ کەسایەتییەکانی وەک: مۆزارت لە سالسبۆرگ و گۆتە لە فرانکفۆرت و باخ لە لاپزیگ و شیللەر لە شتوتگارت دانانی پەیکەرەکانیان ئاھەنگ ساز کرا و بانگەواز کرا پیتاک بۆ ھەرێمی Schlesische-Holstein  کۆبکەنەوە، کە لە کێشەدابوون لەگەڵ وڵاتی دانیمارک. دانیمارک ئەم ھەرێمانەی بەستبۆوە بە خۆیەوە. ئەم ئاهەنگانە پرۆسەی تێکەڵاوبوونی زیاتر و کامڵبوونی ئینتگرەیشن بوو و جۆشدان و گەرمکردنی هەستی نەتەوەیی و شانازی ئەڵمان بوون. واتە ئەڵمان لەڕووی سیاسییەوە هێندە لێک دابڕاو بوون،بە ئاهەنگی هونەری و وەرزشی ئەدەبی لێک نزیک بوون.

شایانی باسە دەبێت ئاماژە بە قۆناغێکی تری گرنگ بکەین،کە لە ساڵی1830 لە وڵاتی فەرەنسا جارێکی تر شۆڕش سەری هەڵدا . پاشا کارلی دەیەم،کە دەیویست ڕەفتار بە بڕیاڕەکانی کۆنگرەی ڤییەنا بکات، بۆ گەڕانەوەی سەروەریی و دەسەڵات و موڵک بۆ میر و پاشا و نەجیبزادەکان. گوشار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسەر خەڵکی دروست بوو. لەئەنجامدا ئەم دەسەڵاتەیان ڕووخان. وەک هەمیشە یەکەم پزیسکی شۆڕش و بەئاگاهاتنەوەی ئەوروپا لە فەرەنساوە تیشکی داوەتەوە. هەر بۆیە فەڕەنسییەکان لە مێژوودا بە شۆڕشگێرتر و لیبەڕاتر و ئازادیخوازتر ناسراون.

ئەم شۆڕشە کاریگەرێتی لەسەر تەواوی ئەوروپا لەنێویاندا ئەڵمان دروست کرد. لێرەش شۆڕش و ناڕەزایی و   ھێزە لیبەڕاڵەکان پەیدا بوو  خۆپیشاندانیان دژی Restauration  دژی چەوساندنەوە بۆ یەکێتی نەتەوەیی  و بۆ ئازادی و سەروەری نەتەوەیی بوو. یەکێتی ئەڵمانیا و ناسیۆنالیستی ئەڵمانی. ھەروەھا ڕێکخراوی ئەڵمانیای لاو کە لەژێر کاریگەرێتی بیروڕاکانی ماتزینی ڕابەری گەورەی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالی دا دروست کرا بوو، زۆر چالاکی لە دەرەوە و ناوەوە دەکرد. تا ئێرە ئەڵمانیا لە نێوان باکووری ئەڵمانیا ـ سەرووی ڕووباری ڕاین/ شاری ماینز ـ  و باشووری ئەڵمانیا و مەزھەبی کاسۆلیکی و پرۆتستانتی دابەش ببوو. بەکورتی ھەرگیز لە دەمی میرەکان نەدەبیسترا بڵێن ئەڵمانیا نیشتمانمانە، ھەریەکەی ھەرێمی دەوڵەتۆکەی/ باڤاریا، ھێسن، بادن ھەتادوایی… بە نیشتمانی خۆی دەزانی. میرەکان گاڵتەیان دەھات بە چەمکی ئازادی و یەکسانی . ساڵی 1819 Friedrich List ، « کۆمەڵەی گشتی بارزگانی ئەڵمانی» دروست کرد. 1825 « کۆمەڵەی بۆرسە و کۆمەڵەی کتێبفرۆشی» لە شاری Leipzig دروست کرا. دواتر « کۆمەڵەیەک بۆ مێژووی کۆنی ئەڵمانیا و کۆمەڵەی گۆرانیبێژانی پیاوان» دروست کرا . چەندین ئاھەنگیان گێڕا و بەھەزاران ھەزار خەڵکیان لەدەوری خۆیان خڕکردەوە. لە ئاھەنگەکاندا دروشم و بەیتی نەتەوایەتی دەووتراوە و بەردەوام پیتاک بۆ ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە. بەکورتی کەشوھەوایەکی نەتەوەیی دەبەخشرا بە چالاکییەکان و هاوکاری ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە.

+ دوالیزمی ئەڵمانی و رێکخراوی باجی ئەڵمانی

لە نێوانی پرووسیا و کایزەری نەمساویدا وەک دوو بەدەسەڵاتدارترین دەوڵەتی یەکێتی ئەڵمانیای سەدەی 18 بوون گرژی و ئالۆزی ھەبوو. گرنگترین ھەنگاوی گەوھەری لەم بوارەدا دامەزراندنی رێکخراوی گومرگی ئەڵمانی/ Deutscher Zollverein  لە 1.1. 1834 دا بوو لە نێوان 28 دەوڵەتۆکەدا.  بەم ھەنگاوە گرنگە مێژووییە دەسەڵات و دامەزراوە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا ھەموو ھەڵوەشانەوە و لابران. هەناردە لە سنووری ئەڵمانی فیدڕاڵیدا لە 1853-56 لە 356,9  ملیۆن بووە 456,1 Taler ملیۆن تالەر ـ تالەر دراوی ئەو سەردەمە ـ .  نەمسا لە  184,3   بووە بە  150,3 ،واتە کەم بۆوە.  

 گومرگی ناخۆیی و ڕێگرەکانی تر نەمان و بەخێرایی بازاڕێکی ئابووری ھاوبەشی ناوخۆیی دروست کرا.  بۆ نموونە گەر کاڵایەک لە فرانکفۆرتەوە بچوایە بۆ هامبۆرگ، چەند جارێ گومرگ دەکرا. بازرگانەکان دەبوو چەند جارێ دراو بگۆڕنەوە. بوتڵێ بیرە لە فرانکفۆرت هەمان نرخ و  نۆرم و قەبارەی بوتڵە بیرەیەکی لە هامبۆرگ نەبوو. ئەمانە هەمووی سەرئێشە و گرفتاری ئەو ڕۆژگارەی بازرگانی و ئابووری بوون.  سەرمایەدار و خاوەن کارخانەکانیش لە ڕووی بەرژەوەندی و قازانجەوە ئەم دەستکەوتە گەورەیەیان پێ خۆش بوو. دەیانتوانی پشتیوانی پیشەسازی ئەڵمانی لە دەرەوەش بکەن. ئەنجامدانی ئەم کارەش لەژێر دروشمی:” ئەم ڕێکخراوە کارێکی سیاسیی نییە، بەڵکو باجە و ئەمەش کاری کەسانی سیاسی نییە، بەڵکو کاری بەڕێوەبەرایەتی و دەزگاکانی تری پرووسیایە“. کرد،تا ترسی خەڵکەکەی پێ بڕەوێننەوە. ڕۆمینی بەرپرسی کاروباری فەڕەنسا لە ئەڵمانیا لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی یەکخستنی گومگرگدا دەڵێ:” ئەم یەکگرتنە گەورەترین ڕووداوە، لە ئەڵمانیا لەدوای سەردەمی چاکسازی ئاینییەوە. ئەم یەکگرتنە بایەخی زیاتر دەدات بە پرووسیا”.

بە کورتی پرسی ئابووری ڕۆڵێکی یەکجار گەورە و گرنگ لە مێژووی یەکگرتنی ئەڵمانیادا دەگێڕێ و ڕەنگە هەر ئەم ئەقڵە ئابووریەش بێت، وای کرد بێت، هەتا ئێستاش باری ئابووری ئەڵمان لە جیهاندا لە لووتکەدایە. جێی ئاماژە پێدانە، نەمسا لایەنێکی ئەم ڕێکخراوی گومرگە نەبوو. بەم شێوە پرووسیا توانی دەسەڵاتی خۆی لەنێو یەکێتی ئەڵمان دا فراوانتر و قایمتر بکات. وەک دەبینن لە ئەزموونی ئەڵمان دا یەکێتی ئابووری پێش یەکێتی سیاسی ھاتە گۆڕێ و بە گشتیش ئەم فاکتە ئابوورییە دواتر ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە پرۆسەی یەکگرتنی ئەڵمان دا.

ئەم دیاردەیەش لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی شۆڕشی پیشەسازیدا باش ھاتەوە و وەک ئاماژەمان پێدا، خاوەن کار و سەرمایەدارەکانی ئەڵمانیا پێویستیان بە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بوو تا بتوانن وەک پێویست گەشە و بە خزمەت و ئامانج بکەن. بە خۆڕایی نییە جۆن کەینس دەڵێ: “یەکێتی ئەڵمانیا بە خوێن و ئاسنەکەی بسمارک نەهاتۆتە دی، بەڵکو بە خەڵووز و ئاسن هاتۆتە دی“. یاخود وەک جۆن بروڵی دەڵێ:” تاکە شتێکی شۆڕشی پیشەسازی بۆ ئەڵمانی کرد بێت، ئەوە بوو کە کۆچ و باری زۆری پێکردن لەناوخۆدا بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ یەکتردا(…) تا دەڵێ: ئەم دیاردەیە تاکە شتە هانی سەرهەڵدانی شناسنامەیەکی نیشتمانی نوێی  دابێت”.

ئاخر هەقێتی وا بڵێ،چونکە لە 7.12.1835 دا یەکەم هێڵی ئاسنین لە ئەڵمانیادا کە درێژییەکەی 6km بوو لە نێوان شارەکانی Nürnberg & Führt دەهات و دەچوو. لەبەرامبەردا ئینگلتەرا خاوەنی 544km,  فەڕەنسا 141km   و بەلژیکا  20km. کەچی دەیەیەک وەرنەچەرخا، ساڵی 1848  ئەڵمانیا بووە خاوەنی 5,000km  دوو هێندەی فەڕەنسا.

دیارە ھەوڵ و تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوە پرسێک نییە بە ئاسانی تێپەڕیبوو بێت و ئەڵمانیش تاکە نەتەوە نین بە خول و وێستگەی جیاجیای جیاوازی و پێکداھەڵپژان و بوونی بیروڕای جیاوازدا ھاتبن. لەم دۆخەدا کە خەونی گەورە یەکگرتنەوە بووە، کەچی گرووپێکی کەمینە کە بە بزاڤی ناڕەزایی ناسراون دێنە مەیدان دەڵێن: یەکگرتن بێ ئازادی چ بەھایەکی نییە و نامانەوێ.

  لە 1849 بەتەواوی مۆرکی ململانێیەکی نێگەتیڤی نێوان ئەم دوانەی بەخۆوە گرت .   کێشەی سەرەکی بریتی بوو لە:

+ ناوچەی ،Schlesisch, Holsten ,Lauenburg سێ شەڕی لەسەر کرا تا دواتر هاتەوە سەر ئەڵمانیا.

 + نەمسا داوای ڕابەرایەتی و ئیمتیازی زۆری لە دۆیچەبوند دەکرد بۆ قەیسەرەکەی.

ئەوە بوو ساڵی 1866 لەسەر دەستی بسمارک کۆتایی بە یەکێتی ئەڵمانیا ھات، بەڵام کۆتایی نەھێنرا بە یەکێتی نەتەوەیی نەجیبزادە گەورەکانی ئەڵمانیا. چونکە دەرکەوت دەوڵەتسازییەکی ئەڵمانی بێ بەشداری و کاریگەرێتی میرەکان مەحاڵە. دەتوانین ئامانجە نەتەوەییەکانی ئەو سەردەمە لەم خاڵانەدا بخەینەڕوو:

١ـ نەتەوەسازی : خۆدۆزینەوەی ئەڵمان وەک نەتەوەیە. لە ڕێگای ھاندانی زیاتری ھوشیاریی نەتەوەیی لە نێوان تەواوی دەستە و گروپەکانی گەل دا… لە ڕێگای دروستکردنی کۆمۆنیکاسیۆن/ ڕاگەیاندن و گواستنەوە و رێکخراو لە چوارچێوەی مەسەلە نەتەوەیی و بەخشندەییە نەتەوەییەکەدا.

٢ـ دیموکراتیزەکردن: بەرەوپێشبردنی سیاسەتی نەتەوەیی بۆرژوازی بۆ بەدیھێنانی ئازادی و مافی بەشداری قسەکردن.

٣ـ دەوڵەتسازی نەتەوەیی.. پێشتر ئاماژەمان بەوە دا پەرلەمان دەسەڵاتی بەسەر تاکەتاکەی دەوڵەتۆکەکاندا نەدەشکا. یەکێتی ئەڵمانیا تاکە خاڵی بچوک بوو کە ئەڵمانیای فیدڕاڵ ، واتە کە میرەکان بتوانن لەسەری ڕێک بکەون . بەتایبەتی پاشای پرووسیا و قەیسەری ئاوستریا/ نەمسا کە ھەردووکیان بەناوی قەڵەمڕەوی خۆیانەوە نوێنەر بوون لەم یەکێتییەدا. ئەو ڕۆژانە قەیسەر و ڕایش دوو تایتڵی جێی باس بوون. دەوڵەتی نەتەوەیی قسەی لێ نەدەکرا تەنانەت لەکاتی شۆڕشی 1848 شدا. دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە ساز بوو چۆن فیدڕاڵی ئەڵمانی لە ڕووی سیاسییەوە شکۆی بدرێتێ یاخود بە چ میکانیزمێ یەکێتییەکی ئەڵمانی قوڵتر بەدەست بێت و خەونی یەکگرتنەوەی تەواوی ئەڵمانیا بھێندرێتە دی. ئەم ھەوڵ و ئاواتە بەھۆی بەرژەوەندپەرستی تاکەتاکەی پرووسیا و ئاوستریاوە شکستی خوارد.

یەکێتی نەتەوەیی لە ساڵی1848/49 دا شکستی ھێنا

جارێکی تر لە پاریس شۆڕش سەری هەڵدا و پاشای Louis Philippe، کە فەرەنسییەکان ساڵی1830 دوای دەرپەڕاندنی پاشا کارلی دە/ Karl X هێنابوویانە سەر دەسەڵات، ڕووخانیان و کوشتیان و بانگەوازی کۆمارییان کرد. بەم هۆیەوە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا و ڕۆژئاوا شۆڕش بەرپا بوو، بەتایبەت لە ئیتالیا و ئەڵمانیا، کە لێکچوونی زۆری هاوبەشیان هەیە. ئەڵمانەکان بە چاولێکەری فەرەنسا، شۆڕش و ڕاپەڕینیان لەتەواوی شارەکاندا دەست پێکرد. سوپای دەوڵەتۆکەکان بەگشتی لایەنگری شۆڕشگێڕان بوون. شۆڕشی ناوبراو 3 ڕەھەندی ئابووری و سیاسی و کولتووری / ئەقڵی ھەبوو. شۆڕشی پیشەسازی بوو بە دروستکردنی ھێڵی ئاسن. ھەردوو دەوڵەتی بەریتانیا و بەلژیکاش ڕۆڵی ئەرێنیان تێدا گێڕا بەتایبەت بۆ خاوەن سەرمایە و کارگە و پیشەکاران ، ئەمەش پرسی کۆمەڵایەتی نوێی لەگەڵ خۆی ھێنا. بەھۆی شۆڕشی ئازاری 1848 وە میرەکان ناچاربوون دەستبەرداری زۆری ئیمتیازەکانیان بن و ددان بنێن بە میللەت دا کە بۆیان هەیە بێنە ناو دەسەڵاتی داهاتووەوە. داوا دەکرا یەکێتی ئەڵمان گۆڕانکاری تێدا بکرێ. لە 18.5.1848 لە Paulskirche پەرلەمانی کڵێسای پاول لە فرانکفۆرت دەبوو ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.. لێرە شاندەکانی دەوڵەتۆکەی ئەڵمان کە نزیکەی600 کەس بوون کۆبوونەوە،کە زۆربەیان خوێندکار و ئەکادیمی بوون و کەسانێکی کەمی پشەورەریان تێدا بوو. کرێکار و ئافرەت لێرەدا بەشدار نەبوون. هەر بۆیە دواتر ناونرا پەرلەمانی پرۆڤیسۆرەکان.  بۆ گەڵاڵەکردنی دەستوورێک. دوای ئەوەی نوێنەری پەرلەمانی کۆنگرەی نەتەوەیی لەتەواوی ناوچەکانی ئەڵمانیا بە ئازادانە ھەڵبژێردران دەستیان کرد بە نووسینی دەستوورێکی ئەڵمانی.

بۆ یەکەمجار بوو لێرەدا ئەڵمانەکان ھەستی ئەڵمان بوون وەک نەتەوەیەک لای  دروست بێت. ڕێکخراو و سەندیکا و یانەکان ڕۆڵێکی باشیان لە شۆڕشی ناسراو بە شۆڕشی پێش ئادار دا گێڕا .ئەم هەموو گۆڕانکارییە، ویست و خواستی ئەڵمانی بۆ یەکگرتن خامۆش نەکرد. بۆیە چەند بەرپرس و سەرۆکێکی شۆڕش و ڕاپەڕینەکە لە شاری هایدلبێرگ Heidelberg کۆبوونەوە  و داوای هەڵبژاردنێکی ئازادیان دەکرد بۆ نووسینەوەی دەستوور. ئەوەش بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەڵمانیادا هاتە دی.

ھێزە بەرچاوەکانی ئەم قۆناغە و ئامانجە نەتەوەییەکان بریتی بوون لە:

+ کۆنزەڤاتیزم: خۆیان و ڕێکخستنەکانیان بۆ بەرگری لە شۆڕشی نەتەوایەتی و ، ھەندێک لەمانە داوای دەوڵەتێکی فیدڕاڵی پاشاییان دەکرد بە دەستورێکی فیدڕاڵییەوە.

+ لیبەڕالیزم : کەسەکانی ھەمووی خوێنەوار و بە ئەزموون بوون دەیانویست لەگەڵ میرەکاندا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەستووری نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی پاشا لەسەری سەرەوە دابمەزرێنن. دیارە جەختیشیان لەسەر مافی ھاوڵاتێتی و کرانەوەی دەسەڵات بەڕووی ناوەوەو و دەرەوەدا دەکرد.

+ کاتۆلیزم: داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی فیدڕاڵیان دەکرد ڕووە و ڕایشی ڕۆمانی پیرۆز.

+ بزاڤی دیموکراتی: ھێزی پێشڕەو بوون لە زۆر بواردا دروشمی سیاسی نەتەوەیی سەرەکییان سەروەری گەل بوو. تێدەکۆشان بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی پەرلەمنتاری تەنانەت کۆماریش. بۆ یەکسانی ھاوڵاتی نەھێشتنی نەجیبزادەیی و داوای مافی کەمەنەتەوەیی و ئاینییەکانیان دەکرد.

+ بزاڤی ژنان: ئاڕاستە و خواستیان زۆر لە دیموکراسەکانەوە نزیک بوون. لە گەوهەردا کۆبوونەوەی دەکرێ لەم چەند خاڵەشدا کۆبکرێتەوە:

+ فۆرمی دەوڵەت،پاشانشینی بێت،بە میرات،یاخود هەڵبژاردن، یان کۆماری بێت.

+ سنووری دەوڵەت ئەڵمانیای گەورە بە نەمساوە ،یاخود بچووک بێ نەمسا.

+ ڕێکخراوەکانی دەوڵە، دەوڵەتی ناوەندی،یان فیدڕاڵی یاخود کۆنفیدڕاڵی.

+ مافی هەڵبژاردن ئازاد و کراوە بێت بۆ گشت لایەک،یاخود هەڵبژاردن بە سانسۆرەوە ئەنجام بدرێ. 

دیارە ئەم ھەنگاوەش کارێکی ھێندە ئاسان نەبوو.. وەک پێشتر باسمان کرد کێشەکە لەوەدا بوو ئایا یەکگرتنێکی گەورە یان بچووک پێک بھێنن. لەسەر ئەم پرسە بێنەوبەرە و مشتومڕێکی زۆر دەکەوێتە نێوان نوێنەرانەوە و باسەکە درێژەدەکێشێ و دەرئەنجام بڕیار دەدەن بۆ: پێکھێنانی یەکگرتنی ئەڵمانیای بچووک. پێویستە ئەڵمانیا دامەزراوەیەکی پاشایی بێت بە کاراکتەری فیدڕاڵییەوە و بە سەرۆکایەتی فریدریش فیلھێلمی چوارFriedrich Wilhelm IV.  . ئەم پاشایە پێی خۆش بوو .دەیویست هەروەک پاشای پرووسیا بمێنێتەوە و تاجی ئەڵمانی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش نیشانی دا کۆنگرەی نەتەوەیی پرۆژەیەکە بۆ یەکێتی ئەڵمانیا شکستی خوارد1848 .. ئەوە بوو دواتر  بە زەبری ھێز و چەک کۆنگرەی نەتەوەیی ناوبراو ھەڵوەشایەوە دەرکەوت ” یەکگرتنی ئەڵمانیا لە خوارەوە بۆ سەرەوە سەرناگرێت”، واتە یەکێتی لە نێو میللەتەوە نەگەیشتە ئامانج…جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکرێ بەشێکی باشی ئەو بڕگە و پەڕەگرافانەی ئێستای ئەڵمانیا هی ساڵی شۆڕشی ناوبراوە،کە ئێستا نزیکەی 170 بەسەردا تێپەڕیوە. یەک لەوانە تێکستی سروودی نەتەوەیی ئەڵمانیایە، کە هی شاعیر Hoffmann Fallersleben و ساڵێ1841 نووسیویەتی و شاعیر لایەنگری سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. کە هاوار دەکات: ” ئەڵمانیا لەسەروو هەموو شتێکەوە. بڕگەیەکی تری بریتییە لە :” یەکگرتن و دادپەروەری و ئازادی بۆ نیشتمانی ئەڵمان“.

+  یەکگرتن لە سەرەوە بۆ خوارەوە////  Otto von Bismarck///

دوای شکستی شۆڕش و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئەڵمانیا1848/49 جارێکی ترRestauration  ئەشکەنجە و ڕاوەدونان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەوێتەوە کار. پاشا و میرەکان حەزدەکەن ببنەوە بە خاوەنی دەسەڵاتەکەی جارانیان. کۆتایی 1849 و سەرەتای 1850 لیبەڕالیزم ڕووداوێکی تری تەکاندان و جۆشدانی بەخۆیەوە دی « ڕێکخراوی نەتەوەی ئەڵمان/» Deutsche Nationalverein  دامەزرا. ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی بچووکی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی پرووسیا و پاشاکەی وەک وڵاتی بەریتانیا بتوانرێ لەلایەن پەرلەمانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ. پاشای پرووسیا Wilhelm I،ئەمەی پێخۆش نەبوو. بۆ ئەوەی خۆی لەم گرفتە ڕزگار بکات ئۆتۆ ڤۆن بسمارک Bismarck 1862 ی وەک سەرۆک وەزیرانی پرووسیا دەسنیشان کرد و  دەستبەکار بوو. بسمارک پیاوێکی خاوەن بیری سیاسی و ستراتیژ بوو، لێهاتوو و تێگەیشتوو بوو، دەیزانی خەبات و تێکۆشانی گەل بۆ دەسەڵاتی زیاتر و بەشداری لە بڕیاردان بە سانایی کۆتایی نایەت. بۆ خۆیشی  یەک ئامانجی لە مێشک و بەرچاودا بوو، یەکگرتنی ئەڵمانیا. بۆیە خێرا سەرنجی میللەتی بۆ پرسی یەکگرتنی ئەڵمانیا ڕاکێشا. بە خێرایی کەوتە جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆی  و  بسمارک بۆ یەکێتی ئەڵمانیا بە پەرۆش بوو، دیارە بەو شێوەیەی  بە قازانجی پرووسیا بشکێتەوە . کانسلەری/ ڕاوێژکاری پۆڵاین بسمارک نەخشە و بەرنامەی خۆی ھەبوو: ـ

١ـ چەکدارکردن و پۆشتەوپەرداخکردنی سوپا.

٢ـ بەدوای گونجاوترین بیانوودا بگەڕێ، بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ دژ بە نەمسا و دەرپەڕاندنی یەکجارەکییان لە فیدڕاڵی ئەڵمانی دا.

٣ـ هەڵوەشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمانی Deutsche Bund.

٤ـ زاڵبوون بەسەر دەوڵەتۆکە بچووک و مامناوەندییەکاندا، تاوەکو پرۆسەی یەکێتی نەتەوەیی لەژێر سایەی پرووسیادا بەدوا ئاکام بگەیەنێ.

ئەڵمانیای ئەو ڕۆژگارە   1850نزیکەی 1500 گۆڤار و ڕۆژنامەی لێ دەردەچوو.پاش ماوەیەک دەگاتە چوار هەزار. دەیان هەزار خوێنکاری هەبوو، خاوەنی چەندین زانکۆی بەناوبانگی بوو  لەسەر ئاستی جیهان،خاوەنی ڕێکخراوی گومرگ بوو کە 18 دەوڵەتۆکەی لەخۆیدا کۆکردبۆوە.

+ شەڕی براکوژی ئەڵمانی و فیدڕاڵی ئەڵمانیای باکوور .

ساڵی 1864 دانیمارک بەنیاز بوو Schlesisch بخاتە سەر  وڵاتەکەی خۆی و پاشای دانیمارک Christin9. دووناوچە Holstein، Lauendburg یاسا و دەستووری خۆیان بەسەریاندا بسەپێنێ. ئەمش قبوڵ نەدەکرا، چونکە ئەو ناوچانە بە بەشێک لە نیشتمانی ئەڵمان تەماشا دەکران. خێرا ئەمە لەلایەن پرووسیاوە قۆسترایەوە و بێ پرسی پەرلەمان بسمارک هێزی نارد بۆ سەر دانیمارک. ھێزەکانی نەمسا و پرووسیا لەشەڕێکدا دانیماریان بەزاند و ناچاریان کرد واز لەم ھەوڵ و چاوچنۆکییەی بھێنێ. ڕێکەوتننامەی گاسشتانەرGasteiner 1865 پێک هات. بەم پێیە شلێسلیش لەلایەن  پرووسیاوە بەڕێوە ببرێ و ئەوی تری لەلایەن نەمساوە. لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتەشدا، هێشتا ئەم دوو ھێزە ھەر ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتردا. دەبوو ئەم ململانێیە یەکلایی بکرێتەوە، تا لە ساڵی 1866 دا بسمارک توانی لە شەڕی Königgrätz بەسەر نەمسادا سەربکەوێت و هەر شتێ بۆ واڵا بێت. بسمارک بۆ ئەم شەڕە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیتالیادا کرد. ئیتالیاش بۆ خۆی دژ بە نەمسا بوو، لەبەرئەوەی بەشێکی وڵاتەکەی داگیر کرد بوو.  ئەم شەڕە لە مێژووی ئەڵمان دا بە ” شەڕی براکوژی”  ناوی دەرکردووە. هەر سێ زلهێزەکەی ئەو ڕۆژگارەی ئەوروپا. رووسیا، فەڕەنسا و ئینگلتەراش ڕۆڵیان گێڕا لەم شەڕ و ئاشتییەدا.

 لە ئاکامدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی پراگ هاتە کایەوە. دەرئەنجامی ئەم ڕێکەوتنە کۆنفیدڕاڵی ئەڵمان ھەڵوەشایەوە. بۆیە پێویست بوو نەمسا ڕەزامەندی بدات بەرامبەر بە دروستکردنی  فیدڕاڵی ئەڵمانی باکوورNorddeutsche Bund . بەمەش ھەر 22 دەوڵەتۆکەکەی باکووری  ئەڵمانیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیدا یەکگرن. ڕووسیا پێشنیازی کرد، چوار دەوڵەتۆکەی باشوور، باڤاریا/ بایەرن، بادن،ڤوتەنبێرگ و بەشێکی هێسن، سەربەخۆ بمێننەوە. بۆیە بسمارک نەیتوانی دەست بەسەر باشووردا بگرێ. جگە لە ڕێکەوتنامەیەکی بەرگریی ساڵی   1870  لە نێوان دەوڵەتۆکەکانی باکوور و باشووردا، هیچ پەیوەندییەکی تری سیاسی  باکوور و باشووری ئەڵمانیای پێکەوە نەدەبەست. بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە، پێویست بوو لەسەر هەر لایەکیان،گەر  تووشی هەڕەشە و شەڕ بوون، لایەنەکەی تر بێتە هانایەوە. دەوڵەتۆکەکانی باشوور زیاتر لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆرێتی هابسبۆرگدا بوون. بسمارک دەستی کرد بە گفتوگۆ و گرتنەبەری چەندین شێواز بۆ ڕازیکردنی پاشاکانی ئەم دەوڵەتۆکانە،بۆئەوەی بێنە پێشەوە بۆ یەکگرتن. خۆ دەیتوانی بەشەڕیش داگیریان بکات و هەندێ دەستکەوتی تر بەدەست بهێنێ، لێ وەک سیاسەتمەدار و دیبلۆماتێکی گەورە و کاریزمایی، میتۆدێکی تری گرتە بەر. خەونی یەکگرتن، کە دوا ئامانجی بوو لە هەر شت زیاتر بەلاوە پیرۆز بوو. بۆیە بەردەوام لە کاردا بوو بۆ گەیشتن بە دوا قۆناخی سەرفرازی. دواجار بۆ ڕازیکردنی پاشای بایەرن، بسمارک دەیزانی پاشای ناوبرا زۆر حەزی لە کۆشک و تەلار و شوێنی ڕازاوەی تایبەتە و حەز دەکات خۆی پێ هەڵداتەوە، بۆیە بڕیاری دا گرانترین و جوانترین و بەناوبانگترین کۆشکی ئەو سەردەمەی بەناوی Schloss Neuschwanstein  بۆ بکڕێ بە 5,2 ملیۆن مارکی زێڕ،کە دەکاتە زیاتر لە 100  ملیۆن یۆرۆی ئیمڕۆ.  ئەم کەینوبەینە دوای نزیکەی 100ساڵێ لە 1968 ئاشکرا بوو لە ڕێگەی نامەیەکی پاشای نابراو بۆ بسمارک.  بەم جۆرە تا دەهات نەمسا  کاریگەرێتی لەسەر دەوڵەتۆکەکانی ئەڵمانی کەم دەبۆوە. بەم پێیە حەز و ویستەکانی بسمارک ھاتە دی لە دەرپەڕاندنی نەمسا و ھەڵوشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمان/ Deutsche Bund  و پێکھێنانی قەوارەیەکی تری نزیک لە حەز و خەون و بەرژەوەندییەکانی خۆیی و پروسیا..

+  شەڕی ئەڵمانیا و فەرەنسا- دروستبوونی دەسەڵاتی کایزەری ئەڵمانیا

لە ڕاستیدا ھێشتا یەکێتی ئەڵمانیا بە تەواوەتی ساز نەبوو، چونکە دەوڵەتۆکەکانی باشوور دڵنیا نەبوون و ھێشتا دڵەڕاوکە و گومانیان لەسەر ھەنگاوەکە مابوو. حەزیان نەدەکرد بکەونە ژێر ڕەحمەتی کوتەکی پرۆتستانەوە وەک ئەوەی دەوڵەتەکانی باشوور ئەنجامیان دابوو. بسمارک کارتێکی سیاسی تری ڕاکێشا و لە مانگی September1868  دا، ماڵی پاشایەتی ئیسپانیا ڕووخا و لەلایەن حکومەتی ڕاگوزارەوە بەدوای پاشازادەیەکی نوێدا دەگەڕا و پێشنیازیان بۆ ئەڵمان کرد لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرن، یەکێ دیاری بکەن بە شازادە. بسمارک ھەوڵی دا یەکێ لەبنەماڵەی Hohenzollern پێشنیاز بکات، بۆ جێنشینی پاشایەتی ئیسپانیا. ئەم بیرۆکە ئەڵمانییە، وایکرد فەرەنسا لەم ھەنگاوە بسڵەمێتەوە، چونکە پێی وابوو دەوڵەتێکی بەھێزی ئەڵمانی لە ڕۆژھەڵات هەیە و ئێستاش ڕۆژرئاوای لێ بگیرێ پەرێشان دەبێت. ئەگەرچی ئەڵمانەکان کاندیدەکەیان کێشایەوە و پێویست بوو فەرەنساش بەم ڕەفتارە خۆشحاڵ بێت… کەچی ناپلیۆنی سێیەم داوای لە پاشای Wilhelm I  کرد، لە ئایندەدا جارێکی تر هیچ داوایەکی لەم جۆرەیان نەبێت و بێدەنگ دانیشن. پاشا ڤیلھێلم ئەم هەڕەشەیەی فەڕەنسای بە شێوەیەکی نەرم ڕەتکردەوە. بەڵام بیسمارک ھەوڵێکی دیبلۆماسی دا ئەوەی ناسراوە بە Emser Depesche  و بە زمانێکی زبر و توند  وەڵامە داڕێژراوەکەی بۆ ناپلیۆنی سێ، دایەوە بە فەرەنسییەکان.بسمارک هانی ڕۆژنامەکانی دەدا،دژ بە سیاسەتی دوژمنکارانەی فەرەنسا شت بنووسن.  ناپلیۆن لەم ڕەفتار و لوتبەرزییەی زۆر نیگەران بوو. ئەم بابەتە لە میدیاکانی فەرەنساشدا بە فراوانی بڵاو کرایەوە و مشومڕی لێ کەوتەوە. ئەوەبوو لە 19.6.1870 دا شەڕی دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. دەوڵەتۆکەکانی ئەڵمانی باکوور بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ دەوڵەتۆکەکانی باشووردا مۆریان کردبوو، بە ھەردوو لا بەرەنگاری ھێزەکانی فەرەنسی بوونەوە. لە شەڕی Metz، Sedan دا فەرەنسا تێکشکاو و خودی ناپلیۆنی سێیەم و 100,000 سەد هەزار سەربازی بەدیل گیران و بسمارک پاریسی داگیرکرد. هەر لێرەوە ڕایشی ئەڵمانی ڕاگەیەندرا. لەمانگی 11.1.1870 کەوتنە گفتوگۆ و دانوساندن دەوڵەتۆکەکانی باشوور ھاتنە ناو باکوورەوە و بەمەش بسمارک سەلماندی کە بەخوێن و ئاسن یەکگرتنی دەسەڵاتی ئەڵمانیا پێکھێنا.

دوای سەرکەوتنی تەواوی بیسمارک، ویستی نازناوی سەرۆکی یەکێتی بداتە پاشای پرووسیا ڤیلهێلمی یەکەم. دواتر بە باشی زانی نازناوی ئیممپراتۆری بداتێ. لەمەشدا کێشە و بەزمی بۆ دروست بوو ئایا: نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا یاخود ئیمپراتۆری ئەڵمانی بداتە پاشا. پاشا زۆر دڵ تەنگ دەبێ و کاتێ هۆڵی ڤیرسیا بەجێدێڵێ خواحافیزی لە بسمارک ناکات. دەرئەنجام پاشا نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانی وەردەگرێ، کە بچووکترە لە نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا. لە بڕیارێکی رایشتاگدا لە 10.9.1870 دا فیدڕاڵی ئەڵمانی باکوور کرا بە دەسەڵاتی ئەڵمانی کە سەرکەوتن بەسەر فەرەنسادا وای خواست Elsaß-Lothringen  بچێتە سەر ئەڵمانیا. ئەم دوو ناوچەیە هەتا  ساڵی1643 بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرێتی رۆمانی پیرۆزی جەرمەنی. لە ڕێکەوتننامەی ڤێستڤێلیشی 1848خرایە سەر فەرەنسا و هەر بە ئەڵمانیش مایەوە. پاشان بە کاریگەرێتی شۆڕشی فەرەنسا ، زیاتر نزیکی ژیانی فەرەنسا بوونەوە، لێ ئەڵمانیا جارێکی تر دەستی کردەوە بە داواکردنەوەی ئەم دوو هەرێمە، کە کەوتوونەتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە.  ترایشکەی مێژوونووس کە پێی وابوو پێویستە ئەڵمانیا مافی خۆی بسێنێ و نەبێتە “منداڵە ونبووەکە” دەڵێ:” ئەم دەڤەرە هی ئێمە بە پێی هەقی شمشێر”. واتە بە زەبری کوتەک. بەم جۆرە ڕایشی ئەڵمانی لە 18.1.1871-1918 دوای کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی مایەوە.دوای ئەو سەرکەوتنانە کێشەی سنووری ئەڵمانیا، کێشەی لوکسەمبۆرگ و زۆر شوێنی تر ڕووبەڕووی ئەڵمان بۆوە. ساڵی 1859 ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئەڵمانی/ ڕیکخراوی نەتەوە،دروست بوو بە ئاشکرا داوی هەردوو ناوچەکەی لە فەرەنسا دەکردەوە. نووسەرێک پێی وایە:” بۆیە دۆخی ئەڵمان بۆ بەدەوڵەتبوون هێندە دواکەوت لە چاو ئینگلیز و فەڕەنساد،چونکە هیچ میر و بنەماڵەیەک نەیتوانی تاجی پاشایەتی بەردەوام بە مسۆگەریی بپارێزێ” .

لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدا بووە، ئەڵمان پاشای خۆیان هەڵبژاردووە و بە میرات بۆ تاکە بنەماڵەیەک دەسەڵات نەماوەتەوە،وەک ئەوەی ئینگلیز و فەڕەنسا. بۆ نموونە بنەماڵەی هابسبۆرگ تاجی قەیسەری ڕۆمانییان بەمیرات لە ،1438-1806  لا بووە. لە بەریتانیا تا ئێستاش هەر لای یەک بنەماڵەیە. . بەندە لەسەر بسمارک ـ وتارێکی جیای تێروتەسەل لەسەر ژیان و سیاسەتی دەخەمە بەردەست ـ   ڕاوێژکار، کاریزما و سیاسەتمەداری کۆنزەڤاتیڤ و سەرکردەی مەیدانی شەڕ و پیاوی دەوڵەت،  کە بە بیسمارکی “خوێن و ئاسن“یش ناسراوە، توانی هەر بە خوێن و ئاسن ئاوات و خەونی یەکگرتنی ئەڵمانیا پێک بهێنێ. بسمارک لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێ:” لەم کاتەدا کۆمەڵێ کێشەی گەورە لە ڕێگای قسەکردن و بڕیاری زۆرینەوە یەکلا نابێتەوە، بەڵکو بە هۆی ئاسن و خوێنەوە“.

هانس کۆهن/Hans Kohn، ، مێژوونووسی ناودار،لە بەراوردێکی وردی بە دیقەتی نێوان ئەڵمانیا و ئیتالیادا دەنووسێ: پرووسیا بێ هاوکاری دەرەکی گەیشتە ئامانجەکانی، پێچەوانەی ساردینی ئیتالیا،کە چاوی لە پشتیوانی دەرەکی بوو. پرووسیا لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە دوو لە سێی ئەڵمانیای پێک دەهێنا،چونکە دەوڵەتۆکەکانی تری وردە وردە قوت دەدا و بەرلین تا دەهات دەبوو ناوەند و دواجار بووە پایتەخت،ساردین یەک لە دەی ئیتالیای بەدەستەوە بوو، دوایش پایتەخت چووە رۆما و کافوور سەرسامی سیاسەت و سیستەمی ئینگلیزی بوو، دەیویست بەهۆی چینی ناوەڕاستەوە و بە ڕەوایەتی بڕیاری پەرلەمانی،داگیرکاری بکات،لە کاتێکدا بسمارکی بەهێز هەر گوێی بە لیبەڕالیزمی ڕۆژئاوایی و دەستوور و پەرلەمان نەدەدا. هەر بۆیە شێوازی یەکگرتن و بەدەوڵەتبوونی ئەڵمان بە ” ڕێگای تایبەت” بە شێوازی خۆی ناو دەبرێت. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەبەردەم شکۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانی بسمارکدا ئەبڵەق ببوون و ورەیان بەردەدا،بە واتایەکی تر ڕایشی ئەڵمان لە مەیدانی جەنگدا لەدایک بوو. بسمارک ڕایشی ئەڵمانی لە کۆشکی ڤێرسای فەرەنساوە ڕاگەیاند”.

دەرئەنجامی شەڕەکانی ئەڵمان بریتی بوو لە:

١ـ پرووسیا ،دەوڵەتۆکەکانی باکووری ئەڵمانیای بەستەوە بە خۆیەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی نەمسادا بوون .

٢ـ کۆنفدڕاڵی باکووری ئەڵمانی دروست کرد و دەستوورەکەی بە دڵێ پرووسیا داڕێژرا. بەم شێوەیە پرووسیای هەڵکەوتوو هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانجی یەگرتنی نەتەوەی ئەڵمان هەنگاوی دەنا.

٢ـ دەوڵەتۆکەکانی باشووری بە پەیماننامەی(خۆپارێزی و بەرگری)پابەندی پرووسیا کرد.

٣ـ نەمسای لە دەستێوەردانی سیاسەتی ئەڵمان دەرپەڕاندوو، تا سەرقاڵی نەتەوەکانی تری ژێردەستی بێت.

٤ـ پرووسیا چارەسەری یەگرتنی ئەڵمانیای بچووکی پێڕەو کردو و سەری گرت و بووە زلهێزێکی ئەوروپایی.

٥ـ شەڕ بووە مامانی یەگرتنی نەتەوەیی و ناوکی بەدەوڵەتبوونیشی بڕی.

ئاکامگیریی:

+ بسمارک سەرکردەیەکی کاریزمایی کۆنزەڤاتیڤ بووە و جیهانبینی فیکری نەتەوەیی وەک ماتزینی نەبوو. بەڵام باوەڕی پتەوی بە یەکگرتنی ئەڵمان هەبوو.

+ یەکگرتن لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە ئەنجام گەشت.

+ هەموو توێژ و دەستەوتاقمەکان بەشداری یەکگرتنیان کرد، خوێندکاران و ئاکادیمیستی و شارییە لیبەڕاڵەکان و زانکۆ.

+ دروشمی” ئازادی و مرۆڤایەتی” ئامادەیی نییە، وەک لای ئیتالییەکان هەبوو.

+ فاکتی شەڕ لە چارەنووسی ئەڵماندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. شەڕی دژی دانیمارک1864،شەڕی براکوژی ئەڵمان و نەمسا 1866و سەرکەوتنی ئەڵمان و شەڕی فەرەنسا.1870-1871 و بە شەڕ بەدەستهێنانەوەی ناوچەکانی لۆڕینگەن ـ ئیلزاس.

+ پێکهێنانی ڕێکخراوی پیشەیی جۆراوجۆر. بزاڤی ئەدەبی و فەلسەفی پاڵهێزێکی مینۆکی و بژێوییەکی بەردەوامی ئەڵمانبوون بووە. ئاهەنگێڕانی خوێندکاران و لیبەڕاڵەکان بۆ جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و یەک شوناسی ئەڵمانی.

+ ئابووری هۆکارێکی چارەنووساز بووە لە پرۆسەی یەکگرتنی ئەڵمان دا،بازاڕێکی بەهێزی ناوخۆی سازدا. پێش یەکێتی سیاسیی کەوتەوە. بەدوای ئەویشدا شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەت دروستکردنی هێڵێ ئاسن و تۆڕبەندی ناوچەکان پێکەوە.

+ بەهۆی دامەزراندنی”ڕێکخراوی گومرگ”ەوە،یەکێتییەکی ئابووری پێکهات، کە ڕۆڵی گرنگی بۆ ئابوورییەکی بەهێز گێڕاوە و بازرگان و کارخانەکانیش دەرفەتی زیاتری دەست کرانەوەیان بۆ ساز بوو.

+ دەستنیشان کردن و وێناکردنی فەرەنسا وەک دراوسێ و هاوکات دوژمنێکی باوەکوشتە، هەوێنی ڕابوونی ئەڵمان و یەکگرتنیان و بەدەوڵەتبوون.

+ هەرێمی پرووسیا مەڵبەندی بزاڤە فرە لایەنەکەی ئەڵمان و هەڵگری ئاڵای یەکگرتنەوە و زوو بووە دەسەڵاتێکی باڵادەستی ئابووری و سیاسی ،  هیگۆمۆنی –Hegemonie بەرچاوی ئەوروپا..

+ ڕۆڵی مارتن لۆسەر لە ڕێی  ڕیفەرماسیۆن و وەرگێڕانەکەی ئینجیلەوە لە سەر زمانی ئەڵمانی. بەڵام جیاوازی مەزهەب پەکی زۆر پێشکەوتنی لە ئەڵمان گرت.

شایانی ئاماژە پێدانە، ئەگەر بە چەند وشەیەکیش بێت، باسێکی خێرای مێژووی نوێی ئەڵمان بکەین. ئەڵمان بەشداری هەردوو جەنگی 1-2 ی جیهانی کردوو و لەبەرەی دۆڕاودا بوون. نازیزیم لە دوای کۆتایی یەکەم جەنگەوە، لەسەر دەستی هیتلەردا گەیشتە چڵەپۆپەی دەسەڵات و تەنانەت لایەن و هۆکاری  هەڵگیرسێنەری دووەم جەنگی جیهانیش هەر ئەڵمان  بوون. پاش دۆڕانی جەنگ جارێکی تر 1945 ئەڵمانیا دابەش بۆوە بەسەر دوو بەش دا. بەشی ڕۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتی” ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا” دا و بەشە ڕۆژهەڵاتییەکەی  لەژێر دەسەڵاتی شوورەوی دا. هەردوو بەشەکە نوێنەری دوو سیستەم و دوو بلۆکی جیاوازی جیهانی بوون.

ئەم دوو بەشەی یەک وڵات، نوێنەری دوو جیهانبینی ئایدۆلۆژی و سیاسی  تەواو جیاواز و دژ بەیەک بوون. ئەڵمانیا ناوەندی ململانێی هەردوو بەرەکە و شانۆی سیاسەتیی نێودەوڵەتی بوو. نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ، کە ئەم وڵاتە بە دیوارێکی ئەستووری، دڕێژ و بەرز، کرابوو بە دوو بەشەوە. دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڕێبەرایەتی شورەوی ، دیوارەکە لە 9.11.1989 دا داڕما و ئەڵمانیا بە فەرمی لە 3.10.1990  یەکی گرتەوە. بەم گۆڕانکارییە گەورەیە، ئەڵمان و جیهان پێی نایە قۆناغێکی ترەوە و ئێستا ئەڵمانیا یەکێکە  لەدەوڵەتە هەرە بەهێز و گەورە و خاوەن کاریگەرێتی لەسەر ئاستی  ئەوروپا و جیهان.

سەرچاوەکان:

-Nation und Nationalismus in Deutschland ..Otto Dann  1993

-Staat und Nation in der europäische Geschichte .Hagen Schulze 1999

-Von Machiavelli zu Nehru….Hans Kohn  1955

-Geschichte der Nationalismus in Europa Eugen Lemberg 1950

– Europäische Revolutionen 1789-1848 Eric Hobsbawm 2004

-Geschichte Kompakt Wissen  2013

– Der Winner Kongress    Heinz Duchhardt  2013

– Deutsche Geschichte        Eckhard Jesse  2004

– Der Deutsche Bund   Wolt D. Guner  2012

ـ تاریخ لاحرکات القومیة فی اوروبە . خمس اجزاء….  تعریب /  د. نوردالدین حاطوم/  ١٩٦٩

ـ نەوەکانی هیکتۆر، سینەما و گەلەریی، مێژووی ئەوروپا بۆ لاوان. محەمەد مەسعوود محەمەد ٢٠١٩

هەڵۆ بەرزنجەیی   

2021/0408 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی