"an independent online kurdish website

سەلاح لە رۆژی هەینی ١٤ی مانگی جۆزەردانی ١٣٤٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٤/٦/١٩٦٥ی زاینی لەشاری مەریوان لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری تەورێز (بەهۆی ئەوەی خۆم بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی تەورێز نەقڵی ئەو شارەکرابووم) دەست پێکرد و

تا پۆلی ٣ی سەرەتایی لەو شارە خوێندی و دەورەی راهنمایی و دەبیرستانی لە شاری مەریوان تەواو کرد .

  سەلاح لە تەمەنی مێر منداڵیدا بوو کە بە هۆی بارودۆخی تایبەت بە کوردستانی دوای شۆڕش و دەسەڵاتداریەتی ئاخووندەکان و پەیوەست بوونی من بە شۆرشی کوردستان بە رێبەرایەتی حیزبی دیموکرات، ئەرکی قورسی بەرپرسایەتی ماڵی کەوتە ئەستۆ  و بەکردەوە عەسای دەستی دایکە فیداکار و بەشمەینەتەکەی بوو و دەور و نەخشی براگەورەیی و سەرپەرەشتی بۆ تاقە خوشکەکەی و دوو براکەی دەگێرا. ئەرکی ژیان لە لایەک و زەخت و فشاری دەزگای زوڵم و زۆری ریژیم بۆ سەر بنەماڵەی ئێمە بە تایبەت دایکی و کوری گەورەی ماڵ نەیهێڵا سەلاح چێژ لە ژیانی میرمنداڵی و لاوەتی خۆی وەر بگرێ. هەڵگیرسانی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عیراق و بۆمبارانی توندی پەیتا پەیتای شاری مەریوان لە لایەن فرۆکەکانی عێراق  بە ناچاری ساڵی کۆتایی دەبیرستانی لە شاری سنە و لەئاوارەییدا (ئاوارەی شەڕ) تێپەراند.

  سەڵاح ناچار بوو لە تەنیشت خوێندنەکەشی کاریش بکا و بۆ ماویەک لەگەل هاورێیەکی دوکانێکی ئاومیوە فرۆشی دانا. دوای تەواو کردنی خوێندنی دەبیرستان بە هۆی ئەوەی بە وتەی ریژیم باوکی [دژی شۆڕش] بوو ئیمکان و دەرەتانی چوونە زانکۆی نەبوو و بە هیچ جۆرێک وەک خۆیان دەیانگوت [پذیرش]یان نەدەکرد. بۆیە ساڵی ١٣٦٧ لە گەل تاقە خوشکەکەی ریگەی پێشمەرگایەتیان گرتەبەر و لە قەندیل لای حیزبەکەی باوکی مانەوە. چەند ساڵ وەک مامۆستای شۆڕش دەرسی بە منداڵی بنەماڵەکانی پێشمەرگە لە قەندیل وتەوە، پاشتر وەک کادری بەشی  فەنی ئینتشاراتی حیزب کاری کرد.

   لە کۆتایەکانی ساڵی ١٩٩٠ دایکی منداڵەکانم لەگەل میهدی و ئارام کە بە لای خویەوە مابوون گەیشتنە قەندیل و بۆ دوای نزیک بە ١٢ساڵ سەرجەم بنەماڵەکەمان یەکی گرتەوە بەڵام سەد مەخابن دوای یەک رۆژ لە یەکگرتنەوەمان دایکی منداڵەکانم تووشی خوێنریژی مەغزی بوو و سێ حەوتوو دوای گەیشتنی بە قەندیل فەوتی کرد و خەمێکی قورسی بەگەورەیی قەندیل نایە سەرشانمان و ئیستاشی لەگەل بێ هەست بە سەنگینیەکەی دەکەین.

 دوای ئەو رووداوە تاڵە هەرچەند منداڵەکانم لە لای من دەژیان بەڵام بەپێی ئەو ئۆگریە کە بە منداڵی بە سەلاحیان پەیدا کردبوو هەمووکات ئەو  وەک دەڵێن [سنگ صبور]ی منداڵەکانم بوو.

  لە مانگی پووشپەری ساڵی ١٣٧١ بەرانبەر بە مانگی ٧ی ساڵی ١٩٩٢ی زاینی لەگەل خاتوو “رضیە صدیق” [رووناک] هاوسەرگیریان کرد بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە دوو منداڵ (کوڕ وکچێک) بوو بە ناوی ئازین و ژینیا.

  لە ساڵی ١٩٩٨ بە مەبەستی چوون بۆ ئورووپا و وەرگرتنی پەناهەندگی (پەنابەری) لە UN ناو نووسی کرد و لە هەولێر نیشتەجی بوو. لەو ماوەیەدا کە تا ئیستاشی لەگەل بێ بۆی نەگونجا بچێتە دەرەوە و دەستی بەکار کرد. سەرەتا لە تەلویزیۆنی کوردستان   Ktv دەستی بەکار کرد. بۆ نزیک بە ١٠ساڵ ئەزموونی میدیایی خستە سەر ئەزموونەکانی نێو حیزبی دیموکرات کە کاری میدیایی تیدا کردبوو. پاشان بۆ ماوەی چەندین ساڵیش لە تەلویزیۆنی زاگروس و ئێوارانیش لە رۆژنامەی کوردستان راپۆرت درێژەی بەکاری میدیایی دا و چەند ساڵ پێش لە مەکتەبی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو کات کاک نێچیرڤان بارزانی بوو دەست بەکار بوو. لە پاش ئەوەی کاک ن نێچیرڤان بوو بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان سەڵاح لەگەل سێ لە هاوڕێکانی گواسترانەوە بۆ کاروباری راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و تا دوارۆژەکانی ژیانی لەوی مایەوە.

راسپاردەی من بۆ منداڵەکانم و لە سەرەوەی هەموویانەوە سەلاح گیان ئەوە بوو، لە هەر شۆێنێک کار دەکەن هەوڵ بدەن وەها کار بکەن وەک ئەوەی بۆ خۆتان کار ئەکەن بۆ ئەوەی کەسێکی سوودمەند بن. چوونکوو رێز و حورمەتی هەموو شتێکی ئەو جیهانە بە مرۆڤیشەوە بەستراوەتە بە رادەی سوودمەند بوونی. جا لەو دەزگا و ئورگانەدا کە کار دەکەن یان ئەو کۆمەڵگایە کە تێدا دەژێن. بەخۆشیەوە سەلاح گیان و خوشک و براکانی ئەو راسپاردەیان لە گوێ گرت و بەرهەمەکەیشمان دوای مەرگە لە نەکاو و ناوادەکەی بینی. سڵاح لەتەمەنی ٥٥ ساڵی و لە بڕەی پێگەیشتوویی و تێگەیشتووی ژیاندا بوو کە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٨ی خاكه‌لێوه‌ی 1400 ی هەتاوی بەجێی هیشتین وخەمیکی قورس و گران و هەتا هەتایی نایە سەرشانمان.

رۆحی شاد

نووسینی علی مێهرپەرور

 سەرچاوە: سایتی پێشمەرگەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی