"an independent online kurdish website

“داستانی هیجری تۆ شەرحی بە دەفتەر ناکرێ  پێت دەڵێم ڕۆژێ ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە” (حاجی قادری کۆیی)

پەیمانێک هەتا مردن 

کۆتایی تراژیدیانەی پەنجا ساڵ هاوڕێیەتی !

داستانی پێوەندیی هاوڕێیانەی من و زیندەیاد حوسێن رەسووڵ نەژاد کە ڕۆژی سێشەمەی رابردوو(٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٠) بە هۆی کڕۆنا کۆچی دوایی کرد، لە پەنجا ساڵ نزیک ببۆوە. ئێمە لە پۆلی دووی سەرەتایی یەکترمان ناسی، بەڵام لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی خوێندن بووین بە دوو هاوڕێی گیانی و بەردەوام لێک هەڵنەبراو. پێکەوە بووینە هۆگری سینەما و ئەدەبیات و خوێندنەوە، پێکەوەچووینە نێو دنیای شێعر و شاعیری. دوای ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی، بە یەکەوە ڕوومان کردە یەکیەتیی لاوانی دیموکرات، خۆمان فێری کوردی خوێندنەوە و کوردی نووسین کرد، ملمان لە چالاکیی هونەری بە تایبەتی کاری شانۆیی نا. هەر کامێکمان لە گوندەکەی خۆمان بووین بە دامەزرێنەری بنکەی یەکیەتیی لاوان و بۆ پێکهێنانی یەکیەتیی لاوان لە گوندەکانی دیکەش، وێرای کۆمەڵێک تازەلاوی هاوتەمەنی خۆمان، قؤلمان هەڵماڵی.

هەر وێکڕاش  کۆتایی جۆزەردانی ١٣٥٩،چووین بۆ پێشمەرگایەتی و لە یەکەم دەورەی سیاسی – نیزامیی حیزب بەشدار بووین. لە سەر داوای نەمر کاک چەکۆی فەرماندەری هیزی شەهید سمکۆ،  پاییزی ١٣٥٩دوو بە دوو ڕاسپێردراین بۆ هاوکاریی رەوانشاد حاجی محەممەد ئەسکەندەری، فەرماندەری هیزی بەرگری، بۆ ڕێکخستنی خەڵکی گوندەکانی ناوچەی شنۆ. بەفرانباری ١٣٥٩ وێکڕا بەشداری بەرنامەیەکی هونەری لە ژێر ناوی شانۆی “ژیانی پێشمەرگە” و پێشکەشکردنی لەشاری  شنۆ و شاری بۆکان بووین.  پێکەوە و لە کۆنفرانسێکدا  ڕێبەندانی ١٣٥٩بووین بە ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی حەسەننووران.  ئەوەندە لە هەموو جالاکی و ژیانی ڕۆژانەدا بە یەکەوە بووین لە خۆڕا نەبوو زۆر هاوڕێی حیزبی نەیاندەزانی کاممان قادر و کاممان حوسێنین!! هەر دووشمان ( ئەوهاوین ومن پاییزی ١٣٦٠) شانازیی ئەندامەتیی یەکەم کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتمان پێ بڕا. بەیەکەوەش لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب بەشدار بووین. پێکەوە خولێکی فێرکردنمان تێپەر کرد کە زستانی ١٣٦٠ دەفتەری سیاسی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات پێکی هێنا. دواتر ئەگەر چی شوێنی تێکۆشانی من ناوچەی نەغەدە و بەرپرسایەتیی یەکیەتیی لاوانی ئەو شارستانە بوو و، ئەویش لە کۆمیتەی شارستانی شنۆ   وەک کادرێک کاری تەشکیلاتی دەکرد، بەڵام قەدەرمان وا بوو کە هەر دوومان بە ڕۆژێک و لە یەک هێرش و پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم، بەڵام لە دوو شوێنی جیاوازی ناوچەی حەسەننووراندا، هەر دووشمان لە جلوبەرگ و ڕواڵەتی کەسێکی سڤیل دا، گیراین و، بردیانین بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری شنۆ.  من هەر شەوێک لە گرتووخانە مامەوە، چونکە نەیانناسیم، ئازادیان کردم. لێرەوە چارەنووس لە حوسێنی هاوڕێی گیانیم دایبڕیم. من خۆم گەیاندەوە ناوچەی ژێردەسەلاتی پێشمەرگە و درێژەم بە ڕێگای خۆم دایەوە. بەڵام حوسێن، پاش ئازار و ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە، بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و، لە بەندیخانەی دەریای ورمێیان قایم کرد. ئەوە لە حاڵیکدابوو کە ساڵ و نێوێک پێشتر، کاک قادری برای کە لە پیرانشار مامۆستای قوتابخانە بوو و ژن و منداڵیشی هەبوو،  لە پۆستی پشکنینی  شاری نەغەدە، بە تاوانی دۆزرانەوەی نوسخەیەک”پێشڕەو”، (بڵاوکراوەی کۆمەڵە ) لە جانتاکەیدا گیرابوو و بە حەپسی ئەبەد حوکم درابوو و ئەویش هەر لە بەندیخانە بوو.

 ئیتر من و حوسێن  یەکترمان هەتا هەتایە نەدیتەوە و، وەک دەڵێن “دیدار بە قیامەت” بووین. بەڵام چ ئەو کاتەی لە بەندیخانە بوو،  بە نامە پێوەندیمان  لە گەڵ یەکتر هەبوو، چ دوای هاتنەدەری لە بەندیخانە، بە گوێرەی هەلومەرج، پێشتر بە نامە و ساڵانی دواتر بە تەلەفۆن، کەم و زۆر  لە گەڵ یەکتر لە پێوەندیدا بووین. دیارە چونکە لە ناسکیی بارودۆخەکەی ئەو تیدەگەیشتم، بە زۆری هەر من بۆ پێوەندیگرتن دەستپێشخەر دەبووم. دواین پێوەندیی تەلەفۆنیشمان نێوەراستەکانی پاییزی ڕابردوو بوو.

بیرەوەریی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو هەمووە ساڵە پێوەندیی هاوڕێیانە و برایانەی حوسێن ڕەسوول نەژاد و من، بە تایبەتی هی سەردەمی قوتابخانە و تێکۆشان لە یەکیەتیی لاوان و سەرەتای پێشمەرگایەتی و حیزبایەتیمان، لە کەمتر لە کتێبێکدا جێی نابێتەوە. جارێ لەم دەم و دەستەدا، هەر تەنیا دەتوانم بەڵێنی نووسینەکەی بدەم و خۆم لەم بارەیەوە ئەرکدار بکەم. بەڵام بۆ ئەوەی جارێ کەمتاکورتێک، جۆری پێوەندیی نێوان خۆم و نوێترین و خۆشەویستترین ئازیزی کۆچکردووم،”حوسێن رەسووڵ نەژاد”، ئەو “دڵسۆز”ەی لە پێشەکیی کتێبی کۆمەڵە شێعری چاپکراوی خۆم، “شیلانی شەڕگە”دا ئاماژەیەکی کورتم پێ داوە، بە ئێوە ناساندبێ، لە ڕۆژانی داهاتوودا،هەڵبژاردەی دوو نامەی ئەو بڵاو دەکەمەوە.

(هەڵبژاردەی نامەی زیندەیاد حوسێن ڕەسووڵ نەژاد بۆ من دوای هاتنەدەر لە زیندان)

**

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست:

حوسێن ڕەسووڵ نەژاد لە ٢٠ی رەزبەری ١٣٦١ گیرا و لە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٦٢ واتە دوای ١٦ مانگ لە زیندان هاتە دەر. هەم ئەو کاتەی لە زیندانەوە نامەی بۆ دەناردم، هەم دوای ئازادبوونی، نامەکانی بە فارسی بۆ دەنووسیم. بۆیە بە فارسیی دەینووسین تا بەشی کۆنتڕۆڵی نامەکانی زیندان، بیانوو بە نامەکەی نەگرن. ئەو کاتیش بە دایکم یا بابمدا نامەی بۆ دەناردم، بۆ ئەوەی لەپۆستەکانی پشکنین، ئەگەر نامەکەیان دیت لێی نەسڵەمێنەوە ونەکەونە گومان، بە فارسیی دەینووسین.

لە نامەکانیدا لە جیاتی  وشەی وەک پێشمەرگە و حیزب و ئەو جۆرە شتانە، هێندێک وشەی بە کار دەهێنا کە هەم من لێی حاڵی ببم، هەم هێزەکانی ڕێژیم لە ئاستیان هەستیار نەبن. بۆ وێنە لە جیاتی “حیزب”  یا “ڕێبەریی حیزب” لە دەستەواژەی “پدر بزرگ”(بابە گەورە) کەلکی وەردەگرت.

نامەکانی دوای ئازادبوونی لە زیندان بە درەنگەوە دەگەیشتنە دەستم ، چونکە من لە ناوچەی شنۆ دوور کەوتبوومەوە و، هەر کات کەسێک لە بنەماڵەکەمان هاتبا بۆ سەردانم، نامەی ئەوی بۆ دێنام. بۆ وێنە نامەی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٦٤ی ئەو، ١١ مانگ دواتر لە ١٧ی ڕەزبەری ١٣٦٥پێم گەیشتوە!. بەڵام وڵامەکانی من زوو دەگەیشتنە دەستی ئەو، چونکە دەستبەجێ بە هەڵگری نامەکەدا، ولامم بۆ دەنووسیەوە.

بڵاوکردنەوەی گوڵبژێرێک لەو نامانە بۆیە گرنگن، چونکە پێشاندەری بارودۆخی فکری و ڕۆحی و هەلومەرجی  ژیانی کەسێکن کە بە پێشینەیەکی پێشمەرگایەتی و کاری سیاسی و گیران لە سەر چالاکیی سیاسی، ناچارە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژی کورد، ژیان تێپەڕ بکا. لە گەڵ ئەوەشدا پێوەندییەکی قووڵی هاوڕێیانە لە نێوان من و ئەو و، وەفاداریی هەر دوومان بە پەیمانی هاوڕێیەتیمان دەسەلمێنن.

 گوڵبژێری نامەی یەکەم:

“سڵاو گیانەکەم! سڵاوت لێ بێ. گەرمترین و درەنگترین سڵاوەکانی من لە ناوچەی شنۆوە وەربگرە؛ سڵاوێک کە پڕە لە هەستی هاوڕێیانە و دۆستانە. چاوت ماچ دەکەم و دەستی پیاوەتی و هەیکەلت دەگرمە ئامێز. بەو هیوایەی هەموو کات ژیان بە کامت بێ و سەربەرز بی. ڕاستە کە هەتا ئێستا زۆر نامەت بۆ ناردووم بەڵام وڵامم نەبووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەتا ئێستا کەناڵێکی جێی متمانەم شک نەدەبرد کە نامەی پێدا بنێرم. بەڵام ئەو جار ئەوەندە -لەوە کە دەتوانم بە هۆی نامەوە لە گەڵت بدوێم -خۆشحاڵم کە سنوورێکی نیە. گوشار بۆ خۆم دێنم کە(نامەکەم) خێرا خێرا بنووسم، چونکە قسەی یەکجار زۆرم هەیە. ئێستا بە تەنیا لە ژووری تایبەتیی خۆم لە حەسەننووران دانیشتووم و کات لە ٩ی شەو تێپەڕیوە کە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم. هەوڵ دەدەم ئەو هەواڵانەی کە تۆ تینوویانی، بێنمە سەر کاغەز، بابەتی شیاوی بیستن و هەستبزوێن.

قادر گیان! دڵنیایی تەواوت دەدەمێ کە بە دۆستایەتی لە گەڵ تۆ وەفادارم و ئەمە هیچ گومانێکی تێدا نیە. تا ئێستا لە هیچ کوێ و هەرگیز نەمدیوە کە دوو هاوڕێ ئەوەندە لە سەر پەیمانی هاوڕێیەتیی شێلگیر بن. من لە شار و دێ دۆستانێکی زۆرم هەیە، بەڵام دۆستایەتی و هاوڕێیەتیی ئەوان ناگاتە سێ یەکی(یەک لە سەر سێی) پەیمانی هاوڕیەتیی من و تۆ. دیارە چارەنووس هەمیشە هەر وا بووە کە ئەو دڵانەی لێک نزیکن، دووری دەکەوێتە نێوانیان. ئەم یاسایە بە بڕوای من و زۆرانی دیکەش هیچ خۆش نیە، بەڵام لە گەڵ سروشت چ دەکرێ؟ هەمیشە بیر لە تۆ دەکەمەوە و زۆربەی شەوان خەونت پێوە دەبینم. خەونەکانم بە زۆری بەم جۆرەن کە پاش ماوەیەکی زۆر یەکتر دەبینینەوە و یەکتر لە ئامێز دەگرین. هەموو خەونەکانم هەر وان، تەنیا شەوێک نەبێ کە خەونم دیت کە تۆ کوژراوی. پەککو کە چەند تاڵ و ناخۆش بوو. لە سەر یەک حیسێبم ڕاگرتوە، مانگی ١٠ تا ١٥ شەوان دێیە خەونم. سوێند بە پەیمانی هاوڕێیەتیمان دەخۆم کە ئەو قسەیەم بە ڕاستییە. کاتێک بە تەنیا دادەنیشم یا پیاسە دەکەم، بیر لە تۆ دەکەمەوە.

بە شێوەیەکی گشتی، بیرم و ڕوحیەم گۆڕاوە، بارو دۆخم هیچ باش نیە، بە هەڵە نەچی و وا بیر نەکەیەوە کە بە لاڕێدا چووم. نەخێر؛ بەڵام خەریکم  شێت دەبم و بەرەو سەرلێشێوانێکی بە تەواوی دەچم. ناکرێ هەموو شتێکت لەم نامە کورتەدا بۆ بنووسم، تەنیا ئاماژە بە چەند نموونە دەکەم:

کاتێک لە بەندیخانە هاتمەدەر، تووشی زۆر رووداوی ناخۆش بووم. ٣ مانگ لە هاتنەدەرم لە زیندان تێنەپەڕیبوو کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆی سەرسوڕهێنی تراکتۆر بە سڵامەت دەرچووم. لە گەڵ کاک هادی بە مەبەستی کات بە سەر بردن، بە تەراکتۆر بەرەو نەڵیوان وەڕێ کەوتین، گەشتێکی نێودێمان لێدا و گەڕاینەوە. لە سەر “بەستی نەلێوان” تەراکتۆر دەستی کرد بە جووڵەی نائاسایی، بە تەکانێکی سەرسوڕ‌هێنەوە لە ڕێگە لایدا. دەستبەجێ زانیمان ئایفایەکی سوپا، لە پشتەوەڕا بە توندی خۆی پێداداوین و تەراکتۆری لە ڕێگای خۆی هەڵداشت. بە چاوی خۆمان دیتمان کە ماشێنەکە ٤-٧ سەرمەقولاتی دا و وەرگەڕا. لەو کاتەدا هادی تەراکتۆرەکەی لیدەخوڕی. بە خۆشیەوە ئێمە هەر دووکمان بە سڵامەتی ڕزگار بووین، بەڵام ماشێنەکە لە نێوچوو و تاقە شۆفیرەکەی بریندار بوو. پاش لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی زۆر، ئێمە بێتاوان دەرچووین. دوای ماوەیەکیش شۆفیرەکە چاک بۆوە.

دوای ئەو ڕووداوە، بابم نەخۆش کەوت. ئەویش چ نەخۆشییەک! قادر گیان!تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو. حاڵی زۆر شڕ بوو.  بۆ چارەسەر بردمانە سەقز، تەورێز، ورمێ، نەغەدە و… لەو ماوەیەدا ناڕەحەتیی زۆرم تەحەممول کرد، بەڵام سەرئەنجام چاک بۆوە و بە خێر گوزەرا…. دوای ئەوانە جارێکی دیکە گرتیانم و پاشان بەریان دام، تا ئێستا ٣ جاری دیکە گرتوویانمەوە، بەڵام هەر ٣جار ئازادیان کردوومەوە.

 پاشان لە شار لە داوی ئەوینی کچێک کەوتم کە داستانەکەی درێژە و لێرەدا جێی نابێتەوە. ئەم پرسەش زەبرێکی فکریی وای لێدام کە هەتا ئێستاش پێیەوە دەناڵێنم.هاوڕێ گیان! داستانەکەی سەیر و شیرین  و تاڵە و، هیوادارم ڕۆژێک بتوانم بۆت بگێڕمەوە…..

لە گەڵ کوڕەکان شەوانە لێک کۆ دەبینەوە، بەڵام بە داخەوە جێگای تۆ خاڵییە. قادری برام حاڵی باشە و ماوەیەکی زۆرە لە بەندیخانە هاتووەتە دەر. …. ئەوەش بڵێم بەردەوام بۆ زەماوەندان بانگهێشتن دەکرێم و منیش بێدڵییان ناکەم و دەچمە سەر شاییان، بەڵام بێ تۆ چێژیان لێ نابینم. چار نیە، خۆیان بە دۆست و برادەرم دەزانن و ناتوانم نەچم.

ئەدی تۆ خەریکی چی؟ بە نیازی لە سەر ڕێگای خۆت بەردەوام بی؟ ئەگەر بابە گەورەش ڕازی بێ، هەر ئامادە نی بگەڕێیەوە؟ من قسەیەکم لە سەر ڕێگا و کارەکەت نیە و لەم بارەیەوە هەر وەک ڕابردوو وام ، بەڵام ئەوەندە بە تۆ وەفادارم (و دووریتم پێ ناخۆشە)کە ئامادەم لە پێناوی دۆستایەتیماندا لە زۆر شتی دیکە بگوزەرێم. هیوادارم خراپ لە مەبەستەکەم تێ نەگەی. بە گیانی تۆ هیچ چارەیەکم نیە ئەگینا ڕەگەڵتان دەکەوتمەوە. نازانم ئاگاداری یان نا؟ بابم بووە بە زامین(کەفیل)م و… هیوام سەرکەوتن و سەربەرزیتە و، سڵاوی دۆستان و زەحمەتکێشانی وەک خۆت دەگەیەنم….

ئەگەر دەکرێ وێنەیەکی ئێستای خۆتم بە دایکت یا ئەندامانی دیکەی بنەمالەکەتاندا بۆ بنێرەوە. ئەم نامەیەم بە پەلە و بە ترسەوە نووسیوە. بە هیوای دیدار.هەموو ئەندامانی بنەماڵەمان  و هەموو دۆستان، سڵاویان هەیە و چاوت ماچ دەکەن.

 هاوڕێت: حوسێن  ٢٣/٨/١٣٦٤”

****

“بە یادی تۆ دەژی دڵم”

(وەرگیراو لە نێوەرۆکی نامەیەکی حوسێن رەسووڵ نژاد بۆ من)

**

“خۆزگە ئەو ڕۆژە لە پێی تۆ دەچەقی دڕکی ئەجەل

دەی وەشاند دەستی جەفا تیغی هیلاکی لە سەرم

تا کۆ ئەمڕۆکە جیهان بێ تۆ نەبینێ چاوم

وا منم ئێستە لە سەر خاکی تۆ، ئەی خاک بە سەرم”

(شێعری سەعدی، وەرگێرانی: عەبدوللا حەسەن زادە)

**

بەرچاوڕوونییەکی پێویست:

ساڵی ١٣٧٠(١٩٩١)، هەواڵم بۆ هات کاک قادر ڕەسووڵ نەژاد، براگەورەی حوسێن، بە هۆی هەورە تریشقە، گیانی لە دەست داوە. ئەم هەواڵە زۆر خەمباری کردم. چونکە جگە لەوەی برای هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستم بوو، هەر وەک خۆیشی، زۆرم خۆش دەویست. ئەو ساڵانەی لە گەڵ حوسێن هاومەنزڵ بوو و لە شاری شنۆ دەیخوێند، هاتوچۆم دەکردن. لەو هاتوچۆیانەدا، منیش لە ئەزموون و ڕێنوێنی و لوتف و ئامۆژگاریی ئەو سوودم وەردەگرت. دیارە ئەو دەوروبەری ٧-٨ساڵێک لە ئێمە بە تەمەنتر بوو، ساڵانی کۆتایی دەبیرستانی دەخوێند. چەند ساڵ بەر لەوەی دیپلۆم وەربگرێ، ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. لە پیرانشار بوو بە مامۆستا (معلم)

 بە پێچەوانەی زۆر لە خوێندەوارانی ئەو کات، کە هەر کە دەبوونە سیکل یا دیپڵۆمیان وەردەگرت، خۆیان لێ دەگۆڕا و پێیان عار بوو لە کاری مووچە و مەزرادا هاوکاریی بنەماڵەکەیان بکەن، کاک قادر، هاوینان، تەنانەت ئەو کاتەی کارمەند و مامۆستا بوو، نامۆیی لە شەنە و دورمەغ و مەڵەغان نەدەکرد. لە گەڵ خەڵکی زەحمەتکێشی حەسەننووران، زۆر گەرم و گوڕ و خۆمانە بوو و ڕێزی لێ دەگرتن. باب و مامی(کاک ئەحمەد و مام عەلی،ڕەوانیان شاد). دایکی(دایە خەجیج کە ئێستە بە داخەوە تووشی فەرامۆشی بووە) و خوشک و براکانی زۆری لێ ڕازی بوون.

 بەهاری ساڵی ١٣٦٠ لە کاتی تێپەڕبوون بە شاری نەغەدەدا بە تاوانی هەبوونی بڵاوکراوەی “پێشڕەو”ی کۆمەڵە لە ساکەکەیدا، گیرا و کەوتە بەندیخانە و بە زیندانی ئەبەد حوکم درا. چارەنووس وای کرد لە گەڵ حوسێنی برای لە بەندیخانەی دەریای ورمێ بۆ ماوەیەک هاوبەند بن. دوای ٤-٥ساڵ لە زیندان ئازاد بوو و، گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و سەر  ژیانی ئاسایی. (حوسێنی برای پێشتر لە زیندان بەر ببوو.) وا دیار بوو بەخت و ئیقباڵ نایەوێ هیچ کات رووی خۆشیان نیشان بدا. بە داخەوە  کاک قادر ساڵی١٣٦٩ یا ١٣٧٠(ساڵەکەی بە دروستی نازانم) لە کاتی سەردانی مەزرایەکیان، هەورە تریشقە لێی دا و مرد. کۆتایی بەهاری ١٣٧٠ کەسێکم بۆ هەڵکەوت و نامەی هاوخەمیم بەو بۆنەوە بۆ حوسێن و بنەماڵەکەی نارد. ئەم نامەیەی حوسێن ڕەسووڵ نەژاد کە ئەمڕۆ دەیخەمە بەر سەرنجی ئێوەی بەڕێز، وڵامێکە بە نامەکەی ئەو کاتی من:

“سڵاو،

سڵاو ئەی مێهرەبانترینی مێهرەبانان! سڵاوی بێ سنوورم وەربگرە. هیوادارم حاڵت باش بێ و ژیان بەو پەڕی خۆشی و شادی تێپەڕ بکەی. لە باوەشت دەگرم و هەیکەلی پیاوانەت بە خۆمەوە دەکوشم.

برا گیان! لە کاتێکدا خۆر خەریک بوو ئاوا دەبوو و، لە شاری دەگەڕامەوە، ماشێنم کوژاندەوە و بێدەنگ و خەمبار بەرەو بابم- کە لە گۆشەیەکی حەوشەکەمان  بە روخسارێکی ماتەمین و بە کۆڵێک خەمەوە هەڵتروشکابوو- چووم و لە لای ڕۆنیشتم. لە پڕ لە لای دەرگای مەتبەخەوە خێزانم ئیشارەیەکی دامێ و هەستام بۆ لای چووم. کاغەزێکی لە گیرفانی دەرهێنا و دایمێ. لە نەکاو تێکڕابووم و وەک شێتان کەوتمە هەڵپچڕینی. دەستبەجێ دەسخەتی هاوڕێی لەمێژینەی خۆم  ناسییەوە. بە مەبەستی خوێندنەوەی چوومە ژووری تایبەتی خۆم. خەریکی خوێندنەوەی بووم. نازانی لەو ساتەدا چ حاڵێکم هەبوو! ئەگەر چی نووسراوەکەت بە ڕواڵەت دڵدانەوە و سەرەخۆشی بوو، بەڵام هیوا و گەشانەوەیەکی لە مندا پێک هێنا کە هیچ کات چاوەڕوانیم نەدەکرد. لە راستیدا دەتوانم بڵێم ٥٠٪ی  خەمی کەم کردمەوە. هەر چەند جارێکی دیکە ڕووداوی مردنی براکەمی وەبیر دێنامەوە، بەڵام چونکە نامەی هاوڕێیەکی لە دۆستایەتیدا بێهاوتا بوو کە هەموو کات بۆمن پشتیوان و گەنجینە بووە، بە ڕادەیەک خۆشحاڵی کردم هەر وا بزانە هەواڵی زیندوو بوونەوەی برامیان پێداوم.

قادر گیان! نازانی حاڵم چۆنە و  چ ژیانێک تێپەڕ دەکەم؟  من بە تەواوی گۆڕاوم. لە چاو ڕابردوو قەڵەو بووم، ڕیشم سپی بووە وسەریشم کەمێک ڕووتاوەتەوە، روخسارم گنجاوی بووە، ڕیشم هەیە، بە زەحمەت پێکەنینم لە سەر لێو دەبینرێ، نوقمی فکرانم و گوشارێکی ڕوحیی زۆر دەچێژم. خۆزگە کاتی مردنی براکەم لە سووچێکەوە ئاگات لێ دەبوو. نازانی چ موسیبەتێکی لە بیرنەکراو، بە ئازار و کوشەندە بوو. یا ڕەبی هیچ کەس شتی وای بە سەر نەیە. بڵێم چی؟ خۆشەویستێکمان  لە دەست دا کە  ساکار و مەردانە ژیا، و مەزلوومانە ئەم دنیایەی بە جێ هێشت. بەڵام خەمێکی وای لە دوای خۆی بە جێ هێشت کە بە دەگمەن دڵ و مێشکێک تەحمەممولی دەکەن. ئەخر ئەتۆ لە کوێی کە ساتێک لە لام دابنیشی و لە نزیکەوە هەست بە ئازارم بکەی. بڕوات بێ لەو کاتەوەی لێک دابڕاوین، ژیانم بەرەو هەڵدێری نەمان چووە، ئەوەندەم ڕەنجی بێ قادری چێشتوە کە قەلەم لە دەستمدا دەلەرزێ و هاوار دەکا کە منی بێچارە توانای وەها ئینشایەکم نیە. قادر گیان! براکەم لە ژیانیدا ساتێکی خۆشی نەدی. هەمیشە وەک پیاوێکی راستەقینە لە گەڵ سەختییەکانی ژیان بەرەوروو دەبۆوە. هەمیشە دەیکوت:” هەر چەوسانەوەی بێ حەسانەوە، ئای مردن لە کوێی؟ ژیان کوشتمی”. بەڵێ “ئای مردن لە کوێی” سەرئەنجام بەربینگی پێ گرت و ئەوی لە ئێمە ئەستاند. بە کورتی کێوێک لە خەم و مەینەتی لە دڵماندا بەجێ هێشت. چەند بەختیارن ئەوانەی ئاوا  مەردانە و بە سەربەرزی ژیاون و مردنەکەشیان بۆ هۆز و تایفەیەکەیان مایەی شانازییە. خۆ ئاواش نەژیابا هەر دەمرد، بەڵام ئەگەر ناوت بە باشی بێنن، هەر نەمری. هەر وا کە شاعیر دەڵێ: ” ئاواش نەبا هەر دەمردم، کەسیش یادی نەدەکردم.” ئێستا هەر کەسێک کە جارێک براکەمیان ناسیبێ یا بۆ ساتێکی کورت لە گەڵی دوابن، یا تاریفی ئەویان بیستوە، بۆی ماتەمبارن و فرمێسکی بۆ هەڵ دەورێنن.

دۆستی بەڕێزم! لە بیرم مەکە چونکە ئێمە پێویستمان بە یەکتر هەیە. هەر لە یادبوونی تۆ، دەبێتە مایەی گوڕ و تینی دڵم. هێزی ڕێگەڕۆیشتنم دەداتێ، پێی دەژیم، پێی دەخەوم و هتد.

ئەی خۆزگە دەمانتوانی یەکتر ببینین و بۆ ساتێک وەک ڕابردوو پێکەوە دەردی دڵ بکەین. ئەوە تاقە ئاواتی منە. لە کۆتاییدا، هاوسەرکەم ئایشێ و کچەکەم، بێگەرد  زۆرترین سڵاویان بۆ خۆت و هاوسەرت هەیە. پەیامەکەتم بە دایک و بابم گەیاند. ئاواتی سەرکەوتن و سەربەرزیی تۆیان هەیە.

هاوڕێی هەمیشەییت: حوسێن

٢٢/٤/١٣٧٠”

گیانی شاد و یادی بەڕێز.

قادر وریا ١٣/٥/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی