"an independent online kurdish website

ئاڵمانی دابەش بوو بە دوووڵات پاش 45 ساڵ بە جیاوازی سیستم و تەنانەت زۆر پەروەردەی درێژخایەنی هەمبەر یەک لە ماوەی نزیک بە یەک دوو مانگ لە بەر ئەوە ئێرادە و نیشتمان پەرستی بە هێز دەوری دەگێڕا توانییان هەموو بەر بەستەکان لە پێناوی ژیانی ئاسوودەی خەڵک ببڕن.

سەرەتا

گومان لەوەدا نیە تەبایی ڕیزەکانی خەباتی مافخوازانەی کورد ئەوپەڕی چاوەڕوانی و پێ خۆش بوونی جەماوەری تامەزرۆی ماف وئامانجەکانی کورد و کوردستانە.

هەنگاوی کرداری لەو پێناوەدا بە تایبەت بۆ تاک و کۆی خاوەن ئەزموون لە جووڵانەوەی کورد هەرچەند هەنووکە لە ڕیزی تێکۆشانی فەرمی حیزبەکاندا دەوری ڕاستە وخۆیان نەبێت شادی بەخش و ئەرێنی چاو لێدەکرێت.

هاوکات ئەگەرچی شێوازی تێفکرینی بەشێک لە بەرپرسانی حیزبەکانی ئێمە و جۆری ڕوانینیان هەمبەر تێکۆشەرانی پێشووتر لە ڕیزی خۆیاندا وێدەچێ لە سەر بنەمای “هەرکەس پابەندمان نەبێت، هەمبەرمانە”، وەک پێوەر ڕەچاو دەکرێ، دیسان ئەرکی وەفاداری بەرانبەر هاوسەنگەرانی شەهیدمان وێرای نرخدانان بۆ فداکاری و پاڵپشتی کوردستانیان بەرانبەر ئامانجی پیرۆز ناتوانێ ڕێگر بێت بۆ بێ لایەنی یا لاساری لە ئاست ڕەوتی ڕووداوەکان.

ئەوە کە حیزبی دێمۆکرات سەرەڕای ئەگەری هەر ڕەخنە و گازەندەیەک لە ماوەی تەمەنی دوورو درێژی خەباتیدا هەنگاوی ئەرێنی بەهێز و شیاوی قەدری تۆمار کردوە هەموومان ئەرکدار دەکات بە سرنجەوە خوازیاری ڕەوتی تێکەڵ بوونەوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو. بۆ بەرگری لە دووپات بوونەوەی زیانەکان لە خەباتکارانی مەیدانداری جووڵانەوە بە گوێرەی بەرپرسایەتی سەرشانیان چاوەڕوانیمان هەبێت تاڵی ڕووداوەکانی ڕابردووی لێکدابڕان بۆ دواجار بەر بەست بکەن.

ڕەنگە وتە و تێبینیە لاوکیەکان لە ڕوانگەی بەشێکی تێکۆشەران وەک ئامۆژگاری بخرێتە بواری تانەو تەوس و توانج و بێ بایخی بەڵام لە وەها ئەگەرێکیش دا دەربڕین بە تایبەت بۆ دڵسۆزانی نیازپاک مافێکی ڕەوایە.

لە درێژەی ئەم سەرتایەدا بە لە بەر چاوگرتنی دوایین زانیاری ڕاگەیێندراو و ئاکامی وتووێژی دە (10)   مانگەی هەردوو لایەنی حدکا و حدک لە ساڵڕۆژی تێرۆری کەسایەتی بە نێوبانگی کورد و ڕێبەری حیزبی دێمۆکرات دۆکتور قاسملوو وێرای پاڵپشتی سەر لە نوێی نووسەر لە جێدا دەبیندرێت حەز و ئارەزووی خۆم بە شێوازی خوارەوە دەربڕم.

وەک تاکێکی خاوەن ڕابردوو بە گوێرەی ئەزموونی تاڵ و پڕ لە زیانی ویەردەمان، وەک تاکێک بەشێک لە دەورانی گەنجیەتی بە شەوقەوە بۆ داکۆکی لە مافی ڕەوای نەتەوەکەی بە شانازیەوە تەرخان کردوە، وەک تاکێک شاهێدی لە دەست دانی هاوسەنگەرانی دڵپاک و پاڵەوانی نیشتمان پەرستی لە ئاکامی دوو بەرەکی نێو ڕیزەکانی ئەم حێزبە بووە.

وەک تاکێک ڕاستەوخۆ گوێ بیسی فەرمانی دڵ تەزێنی گوللەباران کرانی هاوڕێیانی دڵسۆز و هاوسەنگەری پێشمەرگە لە لایەن نیوەکەی تری هەر هەمان حیزب بووە. بە کورتی وەک تاکێک سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندە دیسان دوور لە ڕاستی نابیندرێت ئەگەر حەولەکانی یەکڕیزی “گۆزە بەدەرخۆنە” کردنی هەڵە و نابەرپرسایەتی ڕابردوو و پشت گوێ خستنی کارەساتەکان لە هەڕەتی لێک ترازانە هاوبەشەکان لە هەردوو لاوە نەدرێت، حیزبی دێمۆکرات بۆی هەیە ببێتەوە بە حیزبی جێ متمانەی ئەو جەماوەرە بەرینە کە ساڵانی پێشمەرگایەتیمان لە نێوخۆی وڵات شاهێدی بووین و دۆست و دوژمن حسابیان لە سەر دەکرد.

لە بەرئەوە جێی خۆزگە و هیوا دەربڕینە

١ ـ هەچ بڕیارێکی پێوەندی دار بە بە تێکەڵ بوونەوە لە گەڵ ڕۆحی نەتەوە پەروەری و قازانجی گشتی خەڵکی کوردستان نەک  مەسڵەحەتی تەنێ حیزب و تاکە بەرپرسەکانی گونجاو بێت.

٢ ـ توند و تیژیەکانی ڕابردوو بەرانبەر هەڤدوو سەرکۆنە بکرێت، هاوکات بەڵێنی بە خەڵکی کوردستان بدرێ لە چ هەلومەرجێکدا حیزب بۆی نەبێت بڕیاری بەکارهێنانی چەک دژی ئەویتر (سیاسی وخەباتکار) بخاتە ڕۆژەڤی تێکۆشانی خۆی.

٣ ـ لە پێوەندی پەلاماری چەکدارانە و شەهید کردنی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە ئاکامی ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسیە خەباتکارەکانی کورد بە گشتی داخ و کەسەری فەرمی ڕابگەیێندرێت.

٤ ـ بەرەئەنگاری بیری تەسکی ناوچەگەرایی بکرێتە بڕیاری هاوبەشی گشتی. ئۆگرانی ئەم بۆچوونە زیانبارە لەژێر هەر نێو و نیشانێک لە هەر پلە و پۆستێکی حیزبی دا دەرەتانی مانەوەیان لە ڕیزی شۆڕشدا بەرتەسک بکرێت.

٥ ـ وتووێژ یا هەر چەشنە پێوەندی لە گەڵ دەسەڵاتی زاڵ بە سەر کوردستاندا  بە بێ هاودەنگی و شەنو کۆی دەستەی ڕێبەری و لە بەرچاو گرتنی پێش مەرجی دیاریکراوی سەلمێندراو ڕێگە پێدراو نەبێت.

٦ ـ مسۆگەر کردنی پلە و پایەی حیزبی بۆ تاکەکان لە دوو توێ تەناهی وەک پێوەری پێکەوە سازانی دوو لایەن لە ئەگەری دڵنیایی دەوری لێ وەشاوەیی سیاسی و پێداویستیە گرینگەکانی خەباتی جەماوەری و ڕابردووی خاوەن دەور لە جووڵانەوەدا بێت.

٧ ـ ڕێڕەوانی دەستەبەندی، بن باڵ گرتنی ئەم و ئەو بۆ سازدانی دەستەو تاقمی لایەنگر هەروەها پەسن بێژانی بەرپرسان وەک بڕیار بە پێشێلکاری کەرامەتی پێشمەرگە بناسرێت.

٨ ـ هەڵکشان بۆ پلە جیاجیا کانی نێو ڕیزەکانی حیزب لە پراکتیکدا بە گوێرەی زانستی سیاسی و لێوەشاوەیی پێویستی شۆڕش، کارنامەی تێکۆشان لە نێوان دوو کۆنگرە بکرێتە خاڵی سەرەکی تا هەڵکشان و دابەزینی ئەندامان گرێدراوی لایەنگری  ئەم و ئەو کەسایەتی نێو حیزب نەبێتە پێوەر.

٩ ـ بەر پرس یا کەسایەتی یەکەمی حیزب پاش یەکگرتنەوە بە گوێرەی گەڵالەی پەسەند کراوی پێشوو دەرەتانی لادان لە سیاسەت و بڕیاراتی دیاری کراوی بۆ نەمێنێت.

١٠ ـ لە ئەگەری دیاری کردنی دوو سەرۆک تا کاتی چارەسەری یەکجاەرکی (سەرۆک و هاوسەرۆک) بۆ هەردوو یان چووار چێوەی ئەرک بە ڕوونی دەس نیشان بکرێ تا مووڵەتی دەس وەردان وسەر هەڵدانەوەی ناڕەزایەتی نەمێنێت.

 بە هیوای تەبایی تاسەر و هەرچی زیاتر بە هێز بوونی خەباتی ڕەوای کوردستان

بەهیوای ئەوە ئێرادەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ بەرگری لە درێژەکێشانی وەسەریەک خستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات زیاتر لە پێشوو بخرێتە گەڕ.

سدێق بابایی   ١٩/٧/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی