"an independent online kurdish website

بە پرسیارێکی خەدیجەی خێزانی لـە پەیامبەر، بـاسەکە دەکەمەوە، کە دەپرسی ( ئەوڕۆ باش نایـە بـەرچاوم، ئـازارت پێگەیـشتوە ؟! لە وڵام دا دەفـەرمـوێی : کاتێک مرۆڤ بزانێ بۆ چ مەبەست و ئامانجێک ڕەنج دەکێشێ هەست بـە ئازار ناكا.

 مرۆڤ ئـەو کاتە ڕەنج دەکێشی کە نـازانێ لـە سەر چی و بـۆچی ئـازاری دەدەن ، کەئەوەی زانی خـۆڕاگر دەبێی و گـلەو گازنـدەشی نـیـە.) بـەڵێی ئـێمەی کوردیش دەزانین چمان دەوێو لە سەرچی قەتڵ وعام دەکرێین، بۆیە نە ماندوین و نەکۆڵ دەدەین.

لە ماوەی ٨٢ ساڵی تەمەنم دا ،کە بەهۆی هەڵقەندران لە شوێنی لەدایک بونم کە ئەوکات تەمەنم ٦ ساڵانە بوە ، دەتوانم بڵێم : زۆر لە منداڵی ئاسایی زیاتر هەستم بە ڕوداوو پێشهاتەکانی دنیای دەورو بەرم دەکردو کەم و زۆریش لە بیرم ماون. لەوانە بەقەدەر خۆم ئەزمونم وەرگرتوەو فێر بووم. لە هێندێک قسەو هەڵویست تێدەگەم . کەمێک لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویم وەک خەون پچڕ پچڕ دێتەوە بیر .سەردەمی دەسەڵاتی حەمەڕەزاو خۆمەینی و خامەنەییش دەگەڵیان ژیاوم . بەهۆی ئەوەی پێش بلوغ بوونم هەم دایکم فەوتی کردو هـەم خـۆم نـاچار کرام لـە بنەماڵە دوور کەومەوە و تاکە ڕیگایەکیش کە دەمتوانی بە ئەمانەتەوە خۆی تـێدا بپارێـزم فـەقێیەتی وحوجرەی فەقـێیان بـوو. ئـەوەش بـۆ کوڕێکی ١٤ساڵـە هەم قورس و هەمیش هەڵبژاردەیەکی دڵخواز نەبوو. لەو ڕیگایەوە گەلێک مەڵبەند و گوندی جۆراوجۆرم دەکردن و بەقەدەر تێگەیشتنی خۆم لە هەموی ئەوانە ئەزمونم بەشی خۆم وەردەگرت. بە کورتی زۆر ڕێگای سەخت و دژوارم بڕین. بە هۆی ئەو پێشهاتانە بۆ ڕۆژانی سەخت خارام. زۆر دەسەڵاتی گەورە و چووکە و بـەرز و نزمم چاو پێکەوتن. لە کوێخا و ئاغا و شێخ و مەلا و پاسگا و دەوڵەت وشاو ئیمام و نـوێنەری خـوا. لـە هەموی ئـەوانـە وەک تـاک نـاڵـێم بـەڵـکو وەک ئـۆرگان و دەسەڵات، نەمدیت بە قازانجی گەلی کورد هـەنگاوێک هەڵـێـنـنەوە، بەڵکو هەر کامەیان سڵاوەتی لە دیداری پێغەمبەرەکەی خۆی لێدەدا! .

لە پێوەندی دەگەڵ کورد و مافە نەتەوایەتیەکانی و بەرەو ڕوو بونەوەی دەسەڵاتـە داگیرکەرەکان لە مەسەلەی ( سوفی ئەحمەد ) و ڕاستبونـەوەی بـە دژی دەوڵەت و مانەوەی لە دۆڵی (چوغر) ڕا لە بیرمە و دوورو نیزیک دەگەڵی هاتوم تا ئەو چرکە ساتەی کە ئەو چەند دێڕە دەنـوسـم. بـە ڕاشـکاوی دەڵێـم : نـە دەسـەڵاتی پاشایەتی ونە هەیمەنە و قودرەتی ئیمامەتی چوکترین مافێکیان بە کوردەوە ڕەوا نەدیوە و هیچ هەقێکیان بۆ نەسەلماندوە و ناشی سەلمـێنن. بـە پـێچەوانـە بـە شکڵ و شێوەی جیاواز نـامـرۆڤـانـە سەر کوتـیـان کـردوە، هـەزاران درۆ و بـۆخـتـانی ناڕەوایان بۆ هەڵبەستوە . جیا لەوەش سەدان جاش و سیخوڕو وتار بیژێ بە ناو ئایینیان کڕیوە و ڕاهێناوە و خۆیان چۆنیان ویستوە ئاوایان بار هێناون و بە دژی کورد پڕوپاگەندەیان پێکردون. ئەو ئەزمونە، ئەو ئیمان و باوەڕەی تیدا دروست کردوم کە هەرگیز بڕوا بە دوژمن نەکەم.

ئێستا و جاریتریش بیستومـە کە هێندێک بـە خوێـندنەوەی کـتێبی دنـیای ئازاد و پێشکەوتو بەو پێوەرە چاو لە داگیرکەرانی کوردستان دەکەن و وشەی مەدەنیەت و ئیسڵاح تەڵەبی وهیتر بەکار دێنن و دەرخواردی کورد و لاوەکانی دەدەن و لە ڕێبازی ئەسڵی خۆیان و تێگەیشتن لە واقعیەت و دۆزیـنەوەی ڕیـبازی دروستی خۆیان هەتڵەیان دەکەن. هێندێک لە ومەدەنیەت خوازانە دروستکراوی دوژمـنن و کار بۆئەوان دەکەن، هێندێکیشیان ئاشقی وشەکەن وحەزی لێدەکەن وجۆرێـک شەیدای دەبن کە چاو لە کردەوەکان ناکەن!! بەڕای من هەر مرۆیەک ئەگەر بە چل ساڵ دۆست ودوژمنی خۆی نەناسێ بۆ سیاسەت کردن نابێ! هەر کەسێک چ پیرو چ لاوخۆی نەناسێ و ڕابردوی گەلەکەی خۆی نەزانێ، بٶ بڕوا پێکردن نابێ. من ئەوە نیم فـتوا بدەم یان تئۆری دابـڕێژم، بەڵکو ویژدانم پێم دەڵێ: لە بواری هەڵسوکەوتی دوژمنان لە قۆناغە جیاوازەکاندا چیم دیوە وچیم لە بیر ماوە، هەر چەند کرچ و کاڵیش بێی بە ئەمانەتەوە بیخەمە بەر دیدی خوێنەرانی گەل، تا بە قەرزداری لە بارەگای گەل دا سەر نەنێمەوە .

 من کەسێک بووم بە نابەڵەدی بە دوای ئامانجێک دا دەگەڕام ، سەرەتا نە ڕێنوێنم هەبوو نە دڵسۆزێک کە ڕیگا ڕاستەکەم نیشان بدا، بۆیـە سەرم بـە زۆر ماڵانـدا دەکرد کە هەو نەبوو، هێندێک شتم دەکوت نەدەبوو بیڵێم، واتە وەک هێندێک کەس لە زگی دایکمدا شارەزای شۆڕش نـەبووم! هەمـووی ئـەوانەش لە نەزانیەوە بوو نەک دڵخواز. وەک لاوێک جارو بار هەست و سۆز ڕایان دەکێشام. بەڵام بە خۆشیەوە سەرئەنجام ئەو ئـامانجەی کە خولیای بـووم و بـە شوێـنیدا دەگەڕام کە ڕزگاری نیشتمان و گەلە دۆزیـمەوە و کەوتـمە شـووێـنی وتـا ئـێستاش لەدوای نەبومەوە. یان دەمرم یان لە نیهایەتدا کۆرپەی ئاواتم دەگرمە ئامـێزو بە زێـد و گەل شاد دەبمەوە.

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٣ خەزەڵوەری ٢٧٢١ کوردی

 ٤ / ١١/ ٢٠٢١ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی