کاووس عەزیزی: با ئەو دارە من لەو دەهۆڵە بدەم و ئەوەی ئێوە لە مەحفلەکان باسی دەکەن من لێرە باسی بکەم!
ماوەیەکە دەنگۆیەک بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە لە ڕەوتی دانیشتنەکانی نێوان دوو بەشی حیزبی دێموکرات بەمەبەستی یەکگرتنەوە دا ئەوەی کۆسپی دروست کردووە و پێداگری لە سەر هیندێک خاڵ دەکا مستەفا هیجری یە و بۆیە یەکگرتن دوا کەوتووە کە هەمووشی لە پێناو مەوقعیەتی شەخسی خۆیدایە.
لە پێشان دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەوانەی ئەو دەنگۆیە دەخەنە نێو خەڵک و ئەندام و لایەنگرانی حیزب دوو بەشن بە دوو مەبەستی جیاواز:
یەکەم: ناڕازییەکان و دژبەرانی ساختاری نوێی حدکا کە خودی هاوکارانی مستەفا هیجری پێشەنگی ئەو دیاردە ناحەزەن و دەیانەوێ هەموو خەتاکان بخەنە ئەستۆی هیجری و خۆیان ببنە مووی ناو ماست کە وانیە! ئەوان دەیانەوێ لە ڕەوتی یەکگرتنەوە دا مستەفا هیجری بکەنە ئامانج و هەموو خەتاکان بخەنە ئەستۆی ئەو. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕابردوو لە بیرمان نەچووە و هەڵوێستەکانی ڕابردوو نیشان دەدەن کە وانیە!
دووهەم: موخالیفینی یەکگرتنەوە لە نێو لایەنی دیکەی دێموکراتە (ئەوبەری جادە) کە ئەوانیش دەیانەوێ هۆکار بدۆزنەوە بۆ یەکنەگرتنەوەی دوو بەشی حیزب و ئەوانیش زۆرتر هاوڕێیانێکن کە ئاسەواری دابڕانی کۆنگرەی هەشت ویەکگرتنەوە سەرنەکەوتووەکەی ئەوکات لە سەر ماوە و نیگەرانن لە یەکرتنەوەکە و ئەزموونی تێکەڵیبوونی سەقەتی ساڵی ٩٧ ئەوانی نیگەران کردووە .
ئەوەی کە مستەفای هیجری یەکەم کەسە دەبێ مەخاتەبی ڕەخنە کانمان بێ هیچ شک و گومانی تێدا نیە . چوونکی هەم لە کاتی دابڕان دا کەسی یەکەم بووە، هەم ئێستا کەسی یەکەمە. بەڵام ئەوەی کە دەبێ ئێمە سەرکۆنەی بکەین ئەوانەن کە دەیانەوێ باجگیری بکەن و کێشەی دەسەڵات و جیناحبازیی خۆیان لە قەزیەی یەکگرتن دا ڕەوایەتی پێ بدەن، هۆکاری سەرەکین بۆ یەک نەگرتنەوە. نایشارمەوە کە لە حدکای ئێستا دا دوو جیناح هەیە و کێشرایە سەر میدیاکان و کاردانەوەی لێکەوتەوە کە دەرکرانی کۆمەڵێک ئەندامی حیزب بوو لەو قەزیەیە دا.
دەنگۆ بڵاو بۆتەوە کە گوایە مستەفا هیجری پێداگری دەکا لە کۆنگرەی دوای یەکگرتن دا دەبێ کەسی یەکەمی حیزب لە ساڵۆنی کۆنگرە هەڵبژێردرێ و ئەو کەسەش خۆی بێ!
ئەو دەنگۆیە هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد دوو تەیفەکەن کە هەرکامەی لە ڕوانگەی خۆیەوە کێشە دادەتاشێ بۆ یەکنەگرتنەوە.
ئەوەی ڕاستی یەکەیە ئاوایە:
مستەفا هیجری باوەڕی وایە کە پێویستە کەسی یەکەم لە ساڵۆنی کۆنگرە و بە دەنگی کۆنگرە هەڵبژێردرێ و لە وەها هەڵبژاردنێکیش دا دەسەڵاتەکانی کەسی یەکەم بەرفروانترە. ئەوە بۆچوونی هیجری یە و ئەسڵەن بۆچوونێکی نادێموکراتیك ودژبەری لەگەل یەکگرتنەوە نیە. ئەو باوەری وایە کەسی یەکەم لە ساڵۆنی کۆنگرە هەڵبژێردرێ کە نیزیک بە تەواوی ئەحزابی ئۆرووپایی هەمان کار دەکەن و کە دەچنە کۆنگرە لە پێشان کەسی یەکەمی حیزبەکە هەڵدەبژێرن. ئەوە ئەسڵەن نایەتە واتای دژایەتی لەگەل یەکگرتنەوە.
لە هەمبەر ئەو بۆچوونەی مستەفا هیجری دا، هاوڕێیانی دیکەی دێموکرات پێشنیار و پێداگرییەکی زۆر ناڕەوایان هەیە کە دەڵێن: باشە با کەسی یەکەمی کۆنگرەی دوای یەکەم کۆنگرە لە حدکا بێ و ئەو کەسەش مستەفای هیجری بێ، بەڵام کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەش نیوە بە نیوە بێ! ئەوەش بە نەزەری من نەک بۆچوونێکی دێموکراتیک نیە، بگرە فیفتی فیفتی یەکی دیکە و کێشەسازییەکی دیکەیە کە زۆر نامەنتیقی یە.
لە یەکگرتنەوە تا کۆنگرە ئەگەر فیفتی فیفتی بێ هیچ قسەیەکم نیە، بەڵام کە چووینە کۆنگرە ئیدی ئێمە و ئێوەی نیە، بەڵکوو هەموومان ئێمەین!
ئــاکــامی کـۆتـایـی
پێشنیاری مستەفا هیجری هۆکار نیە بۆ یەک نەگرتنەوە، بەڵکوو دابەشکاریی نیوە بە نیوەی کۆنگرەی دوای یەکگرتنەوەیە کە ئەوە نەک مستەفای هیجری هەرکەس تۆزقاڵێک لە ئووسول و پڕەنسیپە حیزبییەکان بزانێ ڕەدی ئەو بۆچوونە دەکا. چ مانایەکی هەیە لە کۆنگرە دا ئێمە و ئێوە هەبێ؟ مەگەر داری ئەو ئێمە و ئێوەیە ناخۆین؟
کورتییەکەی موخالیفانی مستەفای هیجری لە حدکا و موخالیفانی یەگرتنەوە لە حدک دا هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەو پڕۆسەیەن و هیچی تر.
تێبێنی:
هاوڕێیان و دۆستانی هێژا ، تکایە کۆمێنتی توند مەنووسن ، چوونکی ئەوەی من نووسیومە مەرج نیە سەد لە سەد ڕاست و دروست بێ، بەڵام کاتی ئەوەش هاتوو کە ئێمە بە ڕاشکاوانە باسی ئەو مەسەلەیە بکەین و نەیەڵین ئەو باسە لە ڕێىەریی هەردوولا دا قەتیس بمێنێتەوە.
****
وەرگیراو لە لاپەڕەی نووسەر