"an independent online kurdish website

وەک هەمومـان دەزانـیـن لـە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەنـدان ( بەهـمەن) ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی دا شۆڕشی گەلانی ئێران بە لەناو بـردنی دەسەڵات و سیستمی پاشایەتی سەر کەوت.

 دەتوانـم بـڵـێـم زۆرینەی گەلانی ئـێران بەشداری چالاکانەیـان لـەو شۆڕشە دا کرد ، کوردیش دەوری زیاتـر لە قەوارەی خۆی گێڕا . جینایەت وتاوانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی کارێکی ئەوتۆی کردبوە سەر کۆمەڵانی خەڵیکی ئێران، کە پێیان وابوو لەو ڕێژیمە خراپتر بونی نیە ! تا لەوە بترسن کە بەسەر خراپتردا بەکەون .بەڵام مـێژو نیشانی داوە کـە زۆر ڕووداوی پێشبینی نـەکراو هەن ولەبڕگەیەکی زەمەنیدا خۆ دەردەخەن کە پێچەوانەی حەزوویستی جەماوەر بوە. زۆر جارهێندێک کەس سواری شەپۆلی ئێحساساتی خەڵک بون و بەناڕەوا جێگەیەکیان داگیر کردوە کە نەدەبوو لەوێیبان .

بـە تـەبـیعەتی ئـەوەی کە زۆریـنەی خەڵکی ئـێران بـاوەڕی ئـایـیـنـیان هەیـە و زۆرینەشیان شیعە مەزهەبن، خومەینیش وەک ڕێبەرێکی شیعە دەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی دژایەتی دەکرد.ئەو دژایەتیە بۆ دووئەسڵ دەگەڕێتەوە( ١) لەڕووانگەی مەزهەبی تەشەیوع دەبێی ڕێبەری ئەو وڵاتە ئایینی و شیعەش بێی و وەک وەلی فـەقـیهە نـوێنەرایـەتی خـوا بـەدەستەوە بگرێـو حکومەت بکا. بـیرۆکەی زیـنـدو کردنەوەی ئیمپڕاتۆری ئێرانی لە قالبی ئیمپڕاتۆری ئیسلامیدا بەرجەستە بکا ولە ئاکامدا خۆی جڵەوەکەی بەدەستەوە بگرێی( ٢ ) باشم لـەبیرە ئـەوکاتـە دژایـەتی ئاخوندەکان دەگەڵ ئازادی ژنان و دابەشکردنی زەویو زار، خاڵی هەرە گرینگی ململانەو پڕوپاگەندەکانیان بوو. خومەینی بە پێی ڕابـردویەک کە هەیـبوو تـوانی خۆی بکاتە ڕیبەری شۆڕشی ئێران. هەموشمان دەزانین یەکێک لە دروشمەکانی ئازادی بـوو . لەڕاستیدا ئەزمـون نیشانی داوە ،بـە زۆری لـە پشتی دروشمە پڕ زەڕقـو بەرقەکان هـێندێک پـڕۆسەهـەن کە لـە درێـژخایـەنـدا ئـەو دروشمانەیـان شتۆتەوەو وەلاناوە.

بەهەر حاڵ ناچمە نێو ئەو بـاسە و دێمە سەر ئـەوە کە سەرکۆمارەکانی ئـێران لە بەروو بوی ئەو شۆڕشەو دەسەڵاتەکانیان چیان بـەشی کورد داوە؟! لـە بـەهاری ساڵێ ١٣٥٨ی هەتاوی دا پڕۆسەکانی ئیمام کە لە پێشەوەی دروشمەکان داڕژا بـون، قۆناغی یەکەمی دەستی پێکرد کە لە ڕیفڕاندۆم بۆ دیاری کردنی سیستمـدا خۆی دەدیتەوە و بە بـەڵێ یـان نـەخێر دیـاری دەکرا. سـروشتیە بـۆ گەلێکی کـە زۆرینەی موسوڵمانە و سیستمی پاشایەتیشی تێپەڕانـدوە بـە ڵێ بـۆ ئـسلام دەڵێ . لەو ڕاپرسیەدا هـیچ شتێک بەڕونی نەکوترابوو، تەنیا ناوێک دەبیستـرا ئـەویش کۆماری ئیسلامی بوو ، باس لە شیعەکەش نەکرابوو بۆ فریودانی خەڵک وبیرو ڕای گشتی جیهان و مـوسوڵمانان ! پێش ڕاپرسی دیار بوو ئەو دەسەلاتە چێ بـۆ کورد پێێە کە شەڕی سنە ونەغەدەش نمونەی خێرو بێری ئەو دەسەڵاتە بـون بۆ کورد ونیشانی گەلەکەمانیان دا. بە باوەڕی من ئەوەشیان وڵامێکی ڕون بوو بـۆ هەمو ئەوانەی کە پێیان وابو، یان دەیانەویست سیستمێکی حکومەتی دابمـەزرێی کە بتوانێ مافی گەلانی ئێران بەگشتی دابین بکا! بەو ڕاپرسیەی کە ئاکامەکەشی لە پێشدا دیاربووکەسێک وەک وەلی فەقیە هەموو دەسەڵاتەکان بەدەستەوەدەگرێ و مافی ڕخنەو ڕادەربڕێن و شتیواش بەکەس نادرێێ . ڕاپرسی کرا ، سیستمی حکومەتی بە کۆماری ئیسلامی ناو نرا ، بەڵام کۆمارێکی بێی ناوەرۆکی هـیچ لەدەست نەهاتو . ئیسلامەکەش بوبە شیعەی ١٢ ئیمامە وخومەینیشی پـێوە زیـاد بوو، حاکمی موتلەق و دەسەڵاتی ڕەها!! لە مەزەبی شیعەدا وەلی دەسەڵاتی بێی ئەم لاوئەولایە ، نوێنەری ڕاستەو خۆی خوایە وجگە لەخواش لەبەرانبەر کەسدا بەر پرسیار نیە . لەحاندی ئەو، نە پاڕلـمان و نـە سەرکۆمار و نـە هـیچ دەزگاو ئۆرگانێکی ئەم وڵاتە ناتوانن قسەی لەقسدا بـکەن. هـەمـو بـەرنـامەیـەکی کاری وڵات دەبێی پەسند کراوی ئەو بێی تەنانەت زۆر جار دەست لە شیوەی جـل و بەرگ وخواردن وخواردنەوەش وەردەدا. بۆ ئەوەی بیرو ڕای گشتی جیهان و ناوخۆش بە لاڕێدا بەرێی هەڵبژاردن دەکا ودەشڵێ خەڵک ئازادە دەنگی خۆی بدا ! خەڵکیش هێندێکیان بڕوایان بەوەلی هەیەو لە سەر ڕاسپاردەی ئەو دەنگ دەدەن . بـەشێک بـۆ بـژیـوی ژیانـو بـەرژەوەندی خۆیان دەچنە پای سندوقەکان. بەشێکی کەمیش ناڕازین ئەگەر بۆیان بکرێی دەنگ نادەن.لـە کـوردستـان وەزع بەتەواوی جیاوازە.ئەگەردەقاو دەق قسە بکەم دەڵێم :کۆماری شیعەی ١٢ ئیمامی لەوبارەدا هەرگیز بۆخەڵکی کورد دڵخواز نیە و نابێ . بەشداری نە کردنیشیان لاباری مادی ومەعنەوی هەیە و زیانی دەبێی وتۆشی مەترسی گەورەیـان دەکا.

وەک دەزانن دەوڵەتان ئاماری گشتی خەڵکی وڵاتەکەیان لەلایەو بـەهۆی نۆکەرو بەکرێگیراوەکانیان لە هەر مەڵبەندێک کۆنتڕۆڵیان دەکەن و دەزانـن کێی بەشدار بوەوکێی دەنگی نەداوە. لەکاتی پێویستدا بیانوی پێدەگرن وکەندو کۆسپی دەخەنە سەر ڕیگا وژیانی لێی تاڵ دەکەن و زۆر جاریش تـۆشی بەنـدیخانەیـان دەکەن و هەشیانە دەگاتە قۆناغی لەدار دان .گومان لەوەدانیە مرۆی ترسنۆکوچاو چنۆک وئێرەیی بەرو سیخوڕو شتی لەو بابەتانە بـۆ سەرکەوتنی پـڕۆسەی هەڵبژاردن زۆر ناجوانمێرانە هاوکاری ڕێژیم دەکەن. لە نێو ئەوهەمو بەندو بەست ومرج و بیانویانەدا پاڵێوراوی سەرکۆماری لە حەوت خانی ڕۆستەم تێدەپەڕێو بە سەدان بەڵێنی بێبنەما دێتە گۆڕەپانەکەو سرنجی خەڵک بـۆ لای خـۆی ڕادەکێشێ بـەڵام کورد لە ناچاری دەنگ دەدا ئەگینا هەرگیز بڕوا بەوبەڵێنیانە ناکا. بە باوەڕی من هیچ سەر کۆمارو دەسەڵاتێکی ئێران نایەوێو ناشتوانێ داوای ڕەوای گەلی کورد قبوڵ بکاوددانی پێدا ناهێنێ.ئەوەمان بە چاوی خۆمان دیوە وبە سەدانجارگوێمان لە ڕێبەران و بگرە حیزب و کەسایەتیەکانیش بوە، کە دەگەڵ باسی مافی چارەی خۆنوسین بۆ کورد کرا فەوری مەسەلـەی ( تـمامیت ارضی ایـران ) ت لـە پێش دادەنێن هەر کەس ئەو داوایە بکا جـیاوازی خوازەو دەبێی بـە تـونـدی سەرکوت بکرێی . ئەوەش ئەو مانایە دەگەێێنێ کە کورد مافی چـارەی خـۆنـوسینی نـیـە . بـە بیری مـن ئـەحـزابی کوردی هـەر ڕایـان گەیـانـدوە کە جـیاوازی خواز نین، کەچی دەسەڵات بەهەموتوانایەوە بە هەموچەکێک لێی داون هەر گیز بڕوا بـە قسەو دروشمەکەیان نەکراوە .لێرەدا چاو خشآندنەوەیەک بە ڕابردودا پیویستە تا بزانین کام لە سەر کۆمارەکان لە بەرنامەی کاریاندا چ مافێکیان بۆ کورد بەڕەوا زانیوەو چ خێرو بێریەکیان بۆ کورد هەبوە؟!

یەکەمین سەر کۆمار( بەنی سەدر) بوو کە بە ١١ میلیۆن و بڕێک دەنگ وەک سەر کۆمـارهـەڵـبـژێـر درا.ئـەوکە دەستـە ڕاستی ئـێـمـام و لـە ڕیـزی پـێشەوەی شۆڕشگێڕانی دژی حکومەتی پاشایەتی بوو دەبوایە زۆر بەباشی هەستی بەوە کردبا ، کە ئەو گەلانەی چالاکانە بەشداری شۆڕشیان کردوە و داوای تایـبەت بەخۆیان هەیە ودەبـێی وڵامـیان بـدرێتەوە ، بـەڵام لـە بـەرئـەوەی هـەڵبژاردنی سەرکۆمـار ڕواڵـەتـیە وهـیـچ چـەشنە دەسـەڵاتێکی نـیە، سەر ئەنجام سەرکۆمار مۆرەیە و راستیەکە دەرکەوت وبەنی سەدر کەوتە بەر غەزەبی ئیمام و داوای لە پارلمان کرد بە تـاوانی بێکیفایـەتی و لـێنەهـاتـویی سـەڵاحیەتی لـێوەر گرنـەوەو خستیانە تەنگانەیەک کە جگە لە ڕاکردن هیچ شتێک دادی نەدا. ئەوەی ڕۆژێک فەرمانی بە سەربازەکانی دەدا بەندی پۆتینەکانیان شل نەکەنەوە هەتـا کورد بـە تەواوی سەر کوت دەکەن وحیزبی دێمۆکڕات لە ناو دەبەن !! کە چی بۆ خۆی فریا نەکەوت پۆتینەکانی دەپیی کاو بە پای پەتی ڕایکرد. وەک ئەو کات باسیان دەکرد ڕیش وسمێڵیشی تاشی وگریمی کردو بە جلوبەرگی خانمانەوە ڕای کرد ! ئەوەش لە ژێر سێبەری لـوتفی بازرگانی سەرۆک وەزیردا کە بەدزی بەڕێکرا. ئەو دەم دەیانکوت : بەنی سەدر لە مرزی بازرگانە وە تێپەڕیوە ! ئەو کابرایە تا ئەوڕۆش هەرخۆی بە سەرۆک کۆماردەزانێ، هەرچەند ڕاو نرابو وهیچ چەشنە پلەو پایەو دەسەڵاتێکی نەمابوو. تا سەر ئەنجام هەرگیانی مابووئەویشی تەحویلی خاوەنەکەی داوە!!

دووهەمین سەرکۆمار محەممەد عەڵی رەجایی بووکە زۆر زوو دەگەڵ کاروانی شەهیدانی ئیمام کەوت. سێهەمین سەرکۆمارعەلی خامەنیی بوو کە دوو دەورەی سەرکۆماری خۆی تەواو کرد . بـەدوای فەوتی ئیمام دا جێگەی ئەو دەگرێتەوەو پیی دەڵێن ( مـوڕشیدی ئـەعلا ) وئـەوجار ڕەفـسەنـجانی بــۆ دوو دەورە پـۆستی سەرکۆماری بەدەستەوە دەگرێی . بە هیوای ئەوەی کە بگاتە حاندی جـێگرەوەی ئیمام ڕێگەی خۆشکرد بـۆ هاتـنە سەر کاری محەممەدی خاتەمی کە دروشمی چاکسازیوکرانەوەو شتی لەو بابەتەی دەدا.بە بەڵێنیە بێبنەمایەکانی توانی سرنجی زۆرێک لە سیاسی و لێکۆڵەرانی کوردیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێ .هیووایەکی بێبناغەی خستە ناو خەڵکی کوردستانیشەوە . بە جۆریک خۆی ناساند کە گۆیا ڕیفوڕم خوازە، بەڵام هەمو خێرو بێرەکەی بـۆ کورد لـە قسەی قەلـەوو دروشـم تێنەپەڕی و لـە بەرانبەردا زۆر کەسی شارەزاو کوردو کوردنـاس لە سەردەمی ئەودا بە شیوەی گومانـاوی تـڕۆڕ کران. هـێندێک نـەرمی لەخۆی نـواند کە لە کۆماری ئیسلامیدا ئەو شێوە ڕەوتە قبوڵ ناکرێی. سەرئـەنجام ئـەویش دەوورانی خۆی تێپەڕاند وجێگەی بۆ ئەحمەدی نەژاد چۆل کرد ،کە پەیڕەوی خەتی ئیمام بـوو. دوای هـاتنە سەرکاری سیاسەتـەکەی ئـەوەبـوو کە مەبەستەکانی ئـیمام لـە پێشەوەی هەمویان دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریـەکی ئیسلامی بـوو دابـەزێنێ. دەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی بە ئاشکراو نەهێنی دژایـەتی دەکرد ،لـە زۆربەی ئەو وڵاتانەی شیعە مەزهەبی لێبوو یارمەتی دەدان و ڕێکی دەخستن وگروهو تاقمی تڕۆڕیستی دروست دەکردن . دروشـمی لـەنـاو بـردنی ئیسڕائیلی زەق کردبـۆوە کە تاقە گولەیەکی پێوە نەنا !. حیزبوڵای لوبنانی وەک دەوڵەت لـەنـاو دەوڵـەتـدا وەگەڕ خست لـە ئـاژاوەگێڕی لـە ئوروپا و تڕۆڕی دژبەرانی ئێران لە دەرەوەی وڵات سڵی نەدەکرد . دەگەڵ هەمـو وڵاتـانی دژە دیـن وەک بـرای بـڕبـڕەپشتی وابـوو. ئـەویش بـەو ڕابـردوەوە دەوری بـەسەر چـوو نـۆرە گەیشتە ڕوحانی . زۆرکەس وایان بیر دەکردەوە ئەوکابرایە لەکارو باری ئێراندا ئەزمـونی زۆری هـەیـە ، ئـاگای لـە وەزعی سیـاسی دنـیـاش زۆرە ، پـۆستی جـۆراو جـۆری لـە حکومەتەکانی ئێراندا هەبوە ، لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیشدا زۆری زمانـلوسی کرد، دەتوانێ سیاسەتەکان بگۆڕێو ئێران بەرەو ئاقارێک بەرێی کە هەمـوو چین توێژەکانی وڵات بە ئێخۆی بزانن ، بەتایبەت هێندێک خۆش خەیاڵی نـەتەوەکانی غەیرە فارس کیسەیان بۆ هەڵدرو بوو بێی خەبەر لەوەی لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامەیەوە حکومەتەکان شیعەن ودەسەڵاتی موتلەق بەدەستی وەلی فەقیهەوەیـە وئیران گەلی لێی نیەوهەموی ئۆمەتەو وەلیش تاکە ڕیبەری بڕیار دەرە. ڕوحانی سەرکۆمار بێ یان کەسیتر مۆرەیە و ئیرادەی لە دەستی خۆی دا نیە. دەبێی ئاڵقە لەگوێو فەرمانبەر بێی.

ئێستا ئـیبڕاهـیم ڕەئیسی ئـەو پۆستەی بەدەستەوە گرتوەو لە سەرەتای دامەزرانی ئەو کۆمارەوە لـە بـەشی قـەزاییدا پـۆستی بـەرزی جۆراوجـۆری بـەدەست بـوەو ئـاگادارو بـڕیـار دەرو چاوەدێـری هـەمـوو گیران وئـەشکەنجە وئـێـعدامـەکانی دژبەرانی ئەو کۆمارە بەتایبەت کورد بوە. ئەوە من نایڵێم :هەمو بنکەوبنیاتەکانی مافی مرۆف شتی لەو بابەتە یان پشت راست کردۆتەوە .

ئاکامی باسەکەم ئەوەیە کە هیچ کام لـەو سەرکۆمارانە، نە لە هەڵسوکەوت ونەلە بەرنامەیان دا چوکترین ماف بۆ کورد قایل نەبون و تەنانـەت وتـو وێـژیـان بـۆ کوشتنی بەرانبەرەکانیان بوە ، ئەوەش راستیەکە حاشا هەڵناگرێی ، بۆیە پێموایە ڕیبەرانی حیزبـەکان وخـێرخـوازانی کورد لـە ڕۆژهـەڵات وبـگرە لـە هـەمـوو بەشەکانی تریش دەبێی بە جیدی کار بۆ دۆزینەوەی ڕیگایەکیتر بکەن و چـیـتـر ئاسنی سارد نەکوتن و چاوەڕوانی قەزاو قەدەر نەبن . ئـەزمـونـەکانی چـل ساڵ تێکۆشآن لە برچاو بگرن و هەڵە و پەڵەکان دوپات نەکەنەوە . ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێی ئەوەیان باش لە بیر بێی کە تەنیا هـۆی دورکەوتـنەوەمـان لـە ئامانج و سەر نەکەوتنـمان لـە پـێش هەمـویـانـەوە دژایـەتی و یـەکنـەگرتـویی و بێبەرنـامەیی هـاوبـەشمان بوە وتـەنیا بـەیـەک بـەرنـامەی هـاوبـەش دەتـوانـیـن ڕیگایەکی دروستی گەیشتن بەئـامانج بـدۆزیـنەوە ، و نـابـیی چیتر چـاوەڕوانی ڕەحمەتی ئاخوندەکان و قسەی بەناو مەدەنی و پێشکەوتنخوازەکانی ئـێران بـیـن. ڕەنگە هەمو لەو قسەیەدا دەگەڵ من بن بەڵام سەرم سوڕماوە بۆچی بەکردەوە ئەو یەکگرتوییە نابینین ؟!

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور. سەرماوەزی ٢٧٢١ کوردی

 ٦ /١٢ / ٢٠٢١ زایینی .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی