"an independent online kurdish website

له‌ مانگی دووی ساڵی(2022)دا باسێکی ویدیۆیی سه‌باره‌ت به‌ ناسر ره‌زازی و مه‌لایەک به‌ ناوی (ساڵح ده‌مامه‌ی) پێشنوێژ له‌ شاری بانه‌،  خرایه‌ ماسمێدیا.

 له‌و باسه‌ ویدیۆییه‌دا مەلا ساڵح روو به‌ بینه‌ران و بیسه‌ران ئێژێ: ئه‌وه‌ی کاسێت و ویدیۆیی (ناسری ره‌زای)تان هه‌یه‌ فڕی به‌ن و گوێی لێمەگه‌رن حه‌رامه‌! هۆی حه‌رامه‌ییه‌که‌ی به‌و جۆره‌ باسکرده‌ که‌ ناسر ره‌زازی چووه‌ته‌ سه‌ر ئایینی یارسان، پاشان ده‌نگی ناسریش بڵاو ئه‌کاته‌ که‌ ئێژی: من موسڵمان نیم، یارسانم. مه‌لا ساڵح له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌کانیدا ئێژێ من موسڵمانم و شانازی به‌ ئیسلامه‌وه‌ ئه‌که‌م.

– –

مه‌لا ساڵح و فتوای حه‌رام

ئه‌و باسه‌ی مه‌لا ساڵح که‌ ئێژی گورانییه‌کانی ره‌زازی حه‌رامه،‌ هه‌م جێگه‌ی بێرکردنه‌وه‌، هه‌م جیگه‌ی خه‌مخواردن و هه‌م جێگه‌ی پێکه‌نینێکی تاڵه‌! زۆر سه‌یره‌ ده‌نگێ پێشتر حه‌ڵاڵ بووه‌، به‌ڵام ئیستا که‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه‌ بڕوای ئایینی ئیسلام نییه‌ و چووه‌ته‌ سه‌ر ئایینی یارسان، حه‌رامه!

– –

وه‌ک ئه‌زانین شاری بانه‌ له‌ ژێرده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئێران دایه‌، ده‌وڵه‌تی ئێرانیش به‌پێی ده‌ستووری ئیسلام واته‌ قورئان حکومه‌ت ئه‌کات!

ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ (حه‌رام و حه‌ڵاڵ) و (کافر و موسڵمان) و (دیندار و بێدین) چۆنی پێخۆش بێت، دیاری ئه‌کات.

له‌ شاری بانه‌ و شار و دێهاته‌کانیتری کوردستان (قوڵه‌ پاستار و قوڵه‌ خواهر زێنه‌بێک) ده‌سه‌ڵاتی ده‌یان ئه‌فسه‌ر و سه‌رله‌شکری (تاران و شیرازی)یان هه‌یه و ئه‌توانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان بڕیار بده‌ن‌!

هه‌روه‌ها (قوڵه‌ ته‌له‌به‌یه‌کی قوم و مه‌شهد) له‌ کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتی سه‌دان ئاتووڵای تاران و ئه‌سفه‌هان و …. هه‌یه و ئه‌توانێ هه‌مه‌ جه‌شنه‌ بڕیارێکی دینی بدات‌ و سه‌دان مه‌لای کوردیش به‌ تاکه‌وشه‌که‌ی خۆی نه‌زانێت!

چۆناوچۆنه‌ که‌سێکی وه‌ک مه‌لا ساڵح ده‌مامه‌ی بڕیاری (حه‌رام) و (حه‌ڵاڵ) ئه‌دات؟!

ئه‌و کاره‌ به‌رنامه‌یه‌کی سیاسییه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و ئه‌یه‌وێ به‌ که‌سانی کورد به‌ڕێوه‌ی ببات، به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌ که‌ (نمایه‌کی دینی له‌ کوردستان) ساز بکات و کێشه‌ی ئایینی) دروست کات! بۆ پێشبردنی ئه‌و کاره‌ بڵه‌ندگۆ و پێداویستییه‌کانیتری ئه‌خاته‌ ‌به‌رده‌ست هه‌ر که‌سێ که‌ خزمه‌ت به‌و به‌رنامه‌‌ی بکات.

– –

مه‌لا ساڵح و شانازیکردن به‌ ئیسلامه‌وه‌

له‌ ساڵی (2022)دا که‌ زانستی مرۆڤ رۆژانه‌ ده‌سکه‌وتی نوێ به‌ده‌س دێنێت و ئه‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌، باسی دینی ئیسلام که‌ هی (1500) ساڵ پێشه‌، کوێی جێگه‌ی شانازییه‌؟

پێموانییه‌ مه‌لا ساڵح به‌ جوانی کتێبی قورئانی نه‌خوێندبێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ سه‌رنجیان رائه‌کێشم بۆ (2) رسته‌ی قورئان سه‌باره‌ت به‌ (ئایین) که‌ به‌و جۆره‌ ئێژێت:

1 – {(لا إکراة في الدین)

واته:‌ له هه‌ڵبژاردنی دیندا زۆر نییه.‌ (اجبار در دین نیست)}

2 – {(لکم دینه‌کم ولي دین)

واته‌: هه‌ر که‌س به‌ دینی خۆی}.

به‌پێی ئه‌و دوو رسته‌ (ناسر ره‌زازی) و هه‌ر که‌سێکتر ئازاده‌ هه‌ر دینێ هه‌ڵبژرێت!

ئایا ئه‌و کاره‌ی مه‌لا ساڵح‌ درۆکردن له‌گه‌ڵ بینه‌ران و بیسه‌رانێ که‌ کوێیان له‌ وتاره‌که‌ی بووه، نییه‌‌؟

ئایا ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی مه‌لا ساڵح سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ی ‌(ناسر ره‌زازی) باشترین به‌ڵگه‌ نییه‌ بۆ ئه‌و باسه‌‌ که‌ ئه‌و (ئایه‌تانه)‌‌ بۆ فریودانی مرۆڤه‌ و به‌سه‌؟

شانازیکردن به‌ ئیسلامه‌وه‌؟

ئه‌گه‌ر وردبینانه‌ کتێبی قورئان بخوێندرێته‌وه،‌ خوێنه‌ر بۆ ده‌ر ئه‌که‌وت که‌ ئایینی ئیسلام له‌ سه‌دان جێگه‌دا موسڵمانان هان ئه‌دات بۆ کوشتوکوشتار و تاڵانکردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌وانه‌ی که‌ بڕوایان به‌ ئایینی ئیسلام نییه‌، لێره‌دا وه‌ک نموونه‌ با له‌و (2) رسته‌ له‌ سوره‌ی ئه‌نفال بڕوانین که‌ ئێژێ:

1 – مَا كَانَ لِنَبِيٍّ أَنْ يَكُونَ لَهُ أَسْرَىٰ حَتَّىٰ يُثْخِنَ فِي الْأَرْضِ ۚ تُرِيدُونَ عَرَضَ الدُّنْيَا وَاللَّهُ يُرِيدُ الْآخِرَةَ ۗ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ﴿٦٧﴾

واته‌: (هیچ پێغه‌مبرێ بۆی نییه‌ که‌ دیلی هه‌بێ بیان گۆڕێته‌وه‌ به‌ پوڵ و پاره‌ تا زه‌وی به‌ خوێنی ناپاک و ناموسڵمان په‌راو نه‌کات.

2 –  فَكُلُوا مِمَّا غَنِمْتُمْ حَلَالًا طَيِّبًا ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۚ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ ﴿٦٩﴾

واته‌: (هه‌رچی وه‌ک تاڵان که‌وته‌ ده‌ستان بیخۆن، حه‌ڵاڵه بۆتان و خوایش به‌خشنده‌یه‌.

– –

جگه‌ له‌و نموونانه‌، کارنامه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێران و فتوای جهادی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له‌ رۆژی (28/5/1358) بۆ گه‌لی کورد و گوله‌بارانکردنی پیر و لاوی کورد له‌ کوردستان و تاڵانکردنی سه‌روه‌ت و سامانیان به‌پێی ئه‌و فتوایه‌، باشترین به‌ڵگه‌ی زیندووی ئایینی ئیسلامه‌. ئه‌و ئیسلامه‌‌ جیگه‌ی شانازییه‌ یا جێگه‌ی سه‌رشۆڕییه‌؟!

**

ناسر ره‌زازی: من موسڵمان نیم، یارسانم

من ناسر ره‌زازی ناناسم، ناسین ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوو که‌س ئه‌بن به‌ دۆست و هاورێ، ئه‌وه‌ بۆ من رووی نداوه، ده‌نا ناسین وه‌ک هۆنه‌رمه‌ندێ که‌ گه‌لێ به‌رهه‌می هه‌یه‌، هه‌روه‌ها که‌ (پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه)‌ بووه‌ له‌ دووره‌وه‌ ئه‌یناسم. ئه‌وه‌ی که‌ چووه‌ته‌ سه‌ر ئایینی‌ یارسان وه‌ک ماف، مافی ره‌وای خۆیه‌تی و ئازاده‌ و که‌س‌ ناتوانێ رێگای لێبگرێ و سه‌رکۆنه‌ بکات. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مه‌لا ساڵح و …. ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رهه‌نگی پاوانخوازی ئیسلام. با سه‌باره‌ت به‌و‌ پاوانخوازییه‌ تماشای ئه‌و ئایه‌ته‌ که‌ ئێژێ:

{(إن الدین عندالله‌ الإسلام)

واته‌: تاکه‌ دینێ که‌ له‌لای خودا په‌سه‌نده‌ دینی ئیسلامه‌!}.

**

ئایینی یارسان

زانیارییه‌کی وه‌هام سه‌باره‌ت به‌ ئایینی یارسان نییه‌، به‌ڵام له‌ (google) دا‌ هه‌ندێ باسم سه‌باره‌ت به‌ ئایینی یارسان بینیوه‌، به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئایینیکی کۆنه‌، به‌ڵام به‌هۆی (هه‌لومه‌رجی دیینی و سیاسی) ناوچه‌که‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئاشکرا وه‌ک ئایینه‌کانی ئیسلام و مه‌سحی و یه‌هودی … بچێته‌ ناو کۆمه‌ڵگا و کاری ئایینی خۆی ئه‌نجام بدات، له‌ئاکامدا به‌نهێنی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر چاوێ به‌ مێژوی مرۆڤ له‌ ژێر چه‌تری ئاییندا بگێڕێن ئه‌وه‌مان ده‌سئه‌که‌وێت که‌ ئایین نه‌ک سوودی نه‌بووه‌، به‌ڵکو زیانبه‌خش بووه‌ و ئه‌مڕۆ به‌چاوی خۆمان رۆڵی وێرانکارانه‌ و چه‌واشه‌که‌رانه‌ی‌ ئایین ئه‌بینین.  به‌سه‌ر ئه‌و کارنامه‌دا که‌ ئایین هه‌یه‌تی ئه‌و کاره‌ی ناسر ره‌زازی که‌ ماوه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی (کۆمه‌ڵه)‌یش بووه‌ و ده‌یان ساڵیش له‌ سوید ژیاوه‌ و (پێشکه‌وتنی زانست) و دووره‌په‌رێزی له‌ ئایینی به‌ چاوی خۆی بینیوه‌ و پاشان ئه‌چێته‌ سه‌ر ئایینی یارسان چ ده‌سکه‌وتێکی بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌؟

**

تێبینی: له‌ رۆژی (28/5/2012)دا نووسراوه‌یه‌کم به‌و ناوه‌ی خواره‌وه‌:

{(ساڵی 2011 (کوردستان)، به‌ره‌و ئاییننستان)

(2012 دامه‌زراندنی په‌ره‌ستگه‌ی‌‌ زه‌رده‌شتییان)}

نووسی و به‌هاوکاری چه‌ن سایتی کوردی بڵاو کرایه‌وه‌‌، ئه‌و نووسراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئایینه‌کانی (یارسان – زه‌رده‌شتی – عه‌له‌وی و ئیزه‌دی) بوو، که‌ چه‌ن تاکی کورد‌ ئه‌یانویست کاری بۆ بکه‌ن و بیانبووژێننه‌وه‌.

9/2/2022

سه‌عی سه‌قزی

Sai.saqzi@gmail.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی