"an independent online kurdish website

 ئەو زمانەی ڕێبەرانی سیاسی پێی لە گەڵ خەڵک دەدوێن و بۆ دەربڕین و ناردنی پەیامی خۆیان بەکاری دێنن، پێی دەگوترێ ڕیتۆریکی سیاسی.

ئەوە کە بزانی لە هەر هەل و مەرجێکدا، کام ستڕاتیژی و تکنیکی زمانەوانی، بۆ گەیاندنی پەیام و شوێن دانان لە سەرخەڵک باشترە، لایەنێکی گرینگیی ڕیتۆریکە. ڕیتۆریکی سیاسیی سرنج دەداتە ئەوە کە سیاسەتمەدارەکان چۆن قسە دەکەن؟  چۆن بینەران و بیسەرانی خۆیان بەوە قانع دەکەن کە بۆچوون و کردەوە سیاسیەکانیان ڕاست و  دروستن و پێویستە خەڵک پشتیوانیان  لێ بکەن؟

بابزانین چۆن ڕیتۆریک لە سیاسەتدا خۆی نیشاندەدا؟  سیاسەتمەدارەکان  چ دەکەن  و چ دەڵێن تا ڕازیمان بکەن دەنگیان پێ بدەین؟ چ شتێک  سرنجی ئێمە بۆ لای سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب یا سیاسەتمەدارێک ڕادەکێشێ و وامان لێدەکا تا دیفاع لەو ڕوانگەو هەڵوێستانە بکەین کە ناوبراو کردوونیە سەر لەو حەی کار و تێکۆشانی سیاسیی خۆی؟ ئەوانە هەموویان بەشێکی نێوەرۆکی ڕیتۆریک پێک دێنن. جاری وایە ریتۆریک بەو شێوە قسەکردنەش دەگوترێ کە حیزبێک یا سیاسەتمەدارێک لە کاتی باسی سیاسیدا بۆ بەرپەچ دانەوەی قسەکانی سیاسەتمەدار یا حیزبێکی دیکەی موخالیفی خۆی بەکاری دەهێنێ. بۆنموونە ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا دەڵێین کە ئەو قسانەی کۆمەڵە سەبارەت بە پایەگای جەماوەری و کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکڕات دەیان کا، تەنیا ریتۆریکە. واتە واقعیەتی مەسەلەکە نین یا بەشێک لە ڕاستیەکان دەشارنەوە. ڕەنگە کۆمەڵەش قسەوباسەکانی ئێمە  لە وەڵام دانەوە بە  ئیدعاکانی خۆیدا بە ڕیتۆریک بزانێ.

بەمجۆرە شێوەی دوان و قسەکردنی ڕێبەرانی سیاسیی  و  ئەو وشە و تەعبیر و دەستەواژانەی بەکاری دێنن،  ئیدەئۆلۆژی و ڕوانگەی سیاسی و ئەو بایەخە ئینسانیانەش نیشاندەدەن کە ئەوان بڕوایان پێ یانە و خەباتی بۆ دەکەن.

 ڕیتۆریکی حیزبێک یا سیاسەتمەدارێک یا ڕێبەرێکی سیاسی ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ناوبراو چۆن دونیا دەبینێ و  دەیەوێ کۆمەڵگا بە کام ئاقاردا بەرێ؟ کام مەسەلەی سیاسی  و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی بۆ ئەو گرینگترە؟

 کاتێک گوێ لە ڕێبەرێکی سیاسی دەگرین و قسەو باس و هەلوێست و ڕوانگەکانی قبووڵ دەکەین، مانای ئەوەیە کە ئەو نەک هەر لەوەدا سەرکەوتوو بوە کە ڕوانگە و بۆ چوونەکانی بگەیەنێتە ئێمە، بەڵکوو ئێمەشی هێناوەتە سەر ئە قەناعەتە کە وەک ئەو بیربکەینەوە. ئەو سەرکەوتنە لەوەی پێشوو گەورەتریشە.  بەو پێیە ڕیتۆریک ئامڕازێکی گرینگی قەناعەتکردنە بە کەسێک کە گوێمان لێدەگرێ یا بیسەرمانە.

بۆیە ئەوە کە ڕێبەرانی سیاسی چ دەڵێن؟ چۆن و بە چ شێوەیەکی دەڵێن؟ لە چ هەل و مەرجێکدا فڵانە مەسەلە دێننە بەرباس؟ کام ریتم بە کاردێنن؟ کام وشە هەڵدەبژێرن؟ بە کام تۆنی دەنگ قسە دەکەن؟ چۆن رووح وەبەر پەیامەکەیان و قسەو باسەکانیان دەنێن؟ مەسەلەیەکی زۆر گرینگە.

 تکنیک و ستڕاتیژیەکانی قەناعەت هێنان  بە بیسەر و گوێگر زۆرن  و هەر سیاسەتمەدارێکێش میتۆد و شێوەی خۆی بۆ دوان و قسەکردن هەیە. بەڵام هەندێک مەسەلە هەن کە شوێن لە سەر چۆنیەتی پەیامەکە و گەیاندنی دادەنێن. بۆ نموونە ئەوە کە لە سەر چی قسەدەکەی؟ لە کام مەسەلە دەدوێی؟ لە گەڵ کێ و بۆ کێ قسەدەکەی؟ لە چ شوێنێک قسەدەکەی؟ لە کام هەل و مەرج دا قسەدەکەی؟ هەمووی ئەوانە کەم و زۆر شوێن لە سەر ڕێتۆریکی سیاسی دادەنێن.

 تا باشتر شارەزای تکنیکەکانی ڕیتۆریک بین، باشتر لە سیاسەت حاڵی دەبین و باشتریش دەتوانین سیاسەت بکەین.

فوتباڵیستەکان و تیمە جۆراوجۆرەکانی فوتباڵ جەماوەر و تەماشاچی و لایەنگری خۆیانیان هەن. لە ڕاستیدا ئەوە ئەو خەڵکەن کە تەماشای فوتباڵ دەکەن و دونیای فوتباڵیان درووست کردوە. بە بێ ئەو خەڵکە تەماشاچیە و بە بێ ڕۆڵی ئەوان و چەپڵە و تەشویق و کیسەباخەڵی ئەوان ماشێنی فوتباڵ هەڵناسووڕێ. لە سیاسەتیش دا هەروایە. جەماوەر یا کۆمەڵانی خەڵک، یا لایەنگران و جەماوەری حیزبەکان ڕۆلێکی گرینگیان لە  ڕێتۆریکی سیاسیدا واتە یاریەکەدا هەیە.

ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی هەر لەو لەحزەدا کە زانیاری وەردەگرین، لێکیشی دەدەینەوە و هەڵیشی دەسەنگێنین. بەو جۆرە لە کاتی بیستن و دیتنی پەیامێکدا، دەستبەجێ ساخ دەبینەوە کە ئەو پەیامەمان بە دڵە یان نا؟ پشتیوانی لێدەکەین یانا؟

ئەوە کە لەکاتی بیستنی پەیامێکدا، ئێمە لە نێوخۆماندا چۆن بیر  دەکەینەوە؟  چۆن پەیامەکە لێکدەدەینەوە؟ تێگەیشتنی کەمێک زەحمەتە. چوونکە بەشی زۆری ئەوکارە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و لە پڕۆسەیەکدا دەڕواتە پێش کە ئێمە کۆنتڕڵمان بەسەریدا نیە.

بەڵام مەسەلەیەک زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە واتە خەڵک چۆن تەماشای سیاسەت دەکەین و چۆن بیر لە سیاسەت دەکەینەوە. ڕیتۆریک سایکۆلۆژی نیە بەڵام ئەو تکنیک و ئامڕازانەمان دەداتێ کە بە هۆی ئەوانەوە دەتوانین تێبگەین چۆن    بەشداری لە درووستکردنی ئەو پەیامە سیاسیانەدا بکەین کە لە ڕێبەرانی سیاسیە وە پێمان دەگەن. ڕیتۆریک یارمەتیمان دەدا کە دیاردە و ڕووداوەکان لە بەر ڕووناکایی دیکەدا ببینین و لە پێوەندی لە گەڵ مەسەلەی دیکەدا تەماشایان بکەین.

کاتێک ڕێبەرێکی سیاسی لە گەڵ خەڵک دەدوێ کۆمیونیکاشۆن  درووست دەبێت.  ڕێبەری سیاسی دەبێتە پەیام نێر. ئەو باس و قسانەی دەیانکات و دەیەوێت بیاننێرێ بۆ خەڵک پێی دەوترێ پەیام  و ئەو دەزگای ڕاگەیاندنەش کە ناوبراو بۆ گەیاندنی پەیامەکەی کەڵکی وەردەگرێ، پێی دوترێ کاناڵ.   دیارە ئەوە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئێمە بۆ حاڵی بوونی مەسەلەکە سادەمان کردۆتەوە. ئاخر لەو هاوکێشەدا زۆر فاکتۆری دیکەش ڕۆڵ دەگێڕن. ئەوە کە کێ چ پەیامێک دەنێرێ؟ پەیام وەرگرەکان کێن؟ چ وەختێکە؟  پەیامەکە چیە؟ کاناڵەکە چ کاناڵێکە؟  سیاسیەکی شارەزا و لێوەشاوە پێویستە ئەو خەڵکە بناسێت کە پەیامیان بۆ دەنێرێ. پێویستە بزانێت کام کاناڵ بۆ ناردنی کام پەیام کاریگەرترە؟ چ وەختێک بۆ ناردنی ئەو پەیامە گونجاوترە؟ لە یەک قسەدا ئەو دەبێت کۆنتڕۆڵی بەسەر ژینگەی دەورووبەری خۆی دا هەبێت.

کەواتە ڕیتۆریک هەموو ئەو تکنیک و میتۆد و ستڕاتیژیانە دەگرێتەوە کە ڕێبەرانی سیاسی بۆ قەناعەت هێنان بە خەڵک بە کاریان دەبەن تا  پشتیوانی لە سیاسەت  و هەڵوێستەکانیان   بکەن و سەبارەت بە مەسەلە سیاسیەکان وەک ئەوان بیر بکەنەوە.

لەو نێوەدا زمان ڕۆڵی هەرە سەرەکی دەبێنێ.  دەربڕینی مەبەست بە جۆرێک کە لێمان قبووڵ بکرێ بە جەوهەری ریتۆریک لە قەڵام دەدەرێ. ئەوە کە خەڵک پەیامی حیزب وەردەگرێ، نیشانەی ئەوەیە کە ڕیتۆریکی حیزبی ئێمە کاریگەرە.  دیارە زۆر لایەنی دیکەش لە ڕێتۆریکدا گرینگن. بۆ نموونە ئەوە کە ڕێبەران و کادرەکانی حیزب لە کاتی قسە کردن دا چیان لە بەردایە؟ کەواو و پانتۆڵ یا ڕانک و چۆغەکەیان و  کۆت و شاڵوارەکەیان چ ڕەنگە؟ کراسەکەیان چۆنە؟ ئایا ڕەنگەکانی لیباسەکانیان لە گەڵ یەک دێنەوە؟ چۆن دادەنیشن؟ چۆن دەست و دەم و چاو و ڕووخساریان بۆ دەربڕینی مەبەستەکانیان بە کاردێنن؟ ئەوەی لە زمانی ئینگلیسی دا پێی دەوترێ بۆدی لەنگویج واتە زمانی لەش. ئێمە ئینسانەکان سیگناڵ بۆ دەوروپشتی خۆمان دەنێرین. ئەوە کە چۆن دێینە بەرچاوی خەڵک زۆر گرینگە. کاتێک ڕێبەرێکی ئێمە قسەدەکا، بینەران و ئەوانەی لەو کۆڕەدا ئامادەن هەموو قسەکانی ئەویان لەبیر نامێنێ، بەڵام وێنە و چۆنیەتی هەڵس و کەتی ئەویان لە پشتی میکڕۆفۆن هەمیشە لە زەیندا دەمێنێ. بۆیە زۆر گرینگە کادرەکانمان و ڕێبەرانمان لە هەرجێ یەک و لە هەر کۆبوونەوەیەکدا بە ناوی حیزب قسەدەکەن یا بەشداری دەکەن، جل و بەرگی خاوێن و ڕێک و پێک و گونجاویان لەبەردابێ. سەری حاڵ و شاد و زیندووبن. دەم بە بزە و دەم بە خەندەبن.  ئومێدو هیوا بە دەوروبەریان دا بڵاوبکەنەوە. سیگناڵی پۆزەتیف  بنێرن. ئینێرژی موسبەت بەنێو تەشکیلات و بزووتنەوە و خەڵکدا تەزریق بکەن.  تۆوی هیوا بە سەرکەوتن و داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان لە نێو خەڵکدا بچێنن. کە تەماشای ئارشیوی حیزب دەکەین، دوکتۆر قاسملوو لە هەرجێ یەک وەک نوێنەری حیزب قسەدەکا، یەکپارچە دەبێتە پەیکەرێک لە غروور و شانازی و بڕوابەخۆبوون. دەبێتە کێوێک لە  هەیبەت و ئیرادەی پێشمەرگانە و شۆڕشگێڕانە. ئەو پەیکەرە زێڕینە دەبێ سەرمەشقی ئێمە بێت. دووکتۆر سەعیدیش هەروا. هەمیشە بزەیەکی لە سەر لێوان بوو کە هیوا و ئومێدی لێ دەبارێ. شایی بەخۆی بوو. شانازی بەوەوە دەکرد کە پێشمەرگەی حیزبە. ئەو دەڵێ(چ لەوە خۆشترە جێگای ئومێدی میللەتەکەت بی). ئەوە بۆ هەموو ڕێبەران و کادرەکانی ئێمە ڕاستە. دەبێت ئەو بزە پڕ لە هیواو ئومێدە کە لە سەر لێوی کاک سەعید بوو، ببێتە گوڵی سەر ڕووخساری هەموو کادرەکانی حیزب. ئەوانە بەشێکن لە ڕیتۆریکی حیزبی ئێمە.

لەوەش زیاتر پاک و خاوێنی بنکە و بارەگاکانمان، شوێنی ژیان و کار و خەباتمان، ژینگەی حیزبی و تەشکیلاتیمان، فەزای ئینسانی و هاوڕێ یانەی نێوانمان، جەژن و مەراسم و کۆڕ و کۆبوونەوەکانمان، فۆرمی جەژنەکان و نێوەرۆکەکانیان،  پڕمانابوونی باس و بابەتەکانی نێو کۆبوونەوەکان، ئەو گوڵ و ڕەنگ و تابڵۆ و وێنەو درووشم و شیعارانەی لە بنکە و ساڵۆنی جەژنەکانماندا دایان دەنێین، هەموویان بە شێکن لە ڕیتۆریکی حیزبی ئێمە و سیگناڵ بۆ دەوروبەر دەنێرن. وەسیلەیەکن بۆ ناردنی ئەو پەیامە کە ئێمە دەمانەوێت بۆ خەڵکی بنێرین.

 ئاخر ناکرێ سالۆنێک بە سەد هەزار کڕۆن بە کرێ بگری و دووسێ هەزار کەس لە ساڵۆنەکەدا کۆکەیەوە و ئەوان لە ڕێگای دوورەوە هاتبن و بە ئیعتباری حیزب و بانگەوازی حیزبەوە خۆیان گەیاندبێتە ئەوجێ یە، کە چی نێوەرۆکی جەژنەکە لە ئاستی حیزب و چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا نەبێت.

هەرچەند ڕیتۆریک ناتوانێ وەک ئامار، مێژوو و سۆسیۆلۆژی ئاکامی کۆنکریتمان بداتێ، بەڵام ڕۆلێکی گرینگ دەبینێ.

ئەگەر کۆمەڵگایەک دەیەوێ کێشەو گیروگرفتەکانی بە شێوەیەکی درووست و مەعقول  چارەسەرکا، دەبێ  لە وشە و ڕیتۆریکی سیاسی بە هێز کەڵک وەرگرێ. ڕیتۆریکی سیاسی خەڵک والێدەکەن دەستەڵات بدەنە ڕێبەران  و ڕیبەرانیش بۆ  بەکاربردنی دەستەلات بە هێز دەکات.

لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا کاک دووکتۆر قاسملوو گوتی حیزبی ئێمە دووکانێکە هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستانی ئێران پێویستی پێ یان هەیە. بەڵام ئێمە دووکاندارێکی خراپین. کابرای موشتەری دێتە بەردەرگای دووکانێ  و دەڵێ غەڕغەڕەم دەوێ.  ئێمە بە بەستە غەڕغەڕەمان لە دووکانێ دایە، بەڵام چوونکە دووکانداری چاک نین و نازانین غەڕغەڕەکانمان لە کووێ داناون، دەچین دەگەڕێین و سەروبنی دووکانەکە لێک دەدەین، غەڕغەڕەکان نادۆزینەوە. بەم جۆرە کابرای موشتەری حەوسەلەی نامێنێ و دەڕوا.  دووکانداری باش دووکانەکەی هێندە جوان دەڕازێنێتەوە کابرای موشتەری لەوبەری جادەڕا دەپەڕێتەوە و دێتە بەردەرگای دووکانەکەی و  شتی لێدەکڕێ.

لە سەر سفرە هەر ئەوە گرینگ نیە کە خواردنەکە خۆش و سالم و بە تام بێ. ئەوەش زۆر گرینگە کە چۆن سفرە دەڕازێنینەوە؟ چۆن خواردنەکە دادەنێین و چۆن پێشکەشی دەکەین و چۆن دەی خۆین.

کەسێک کە بە شەقامی کاڕڵ یوهان ی ئوسلۆ دا دێتە خوار، لە دوورەوە دەبینێ دێنیس کەباب وێنەی جۆراوجۆری کە بابی هەڵواسیوە. هێندە جوان دایناون کە ئیشتیای ڕێبواران دەبزوێنێ و ئەوانەی برسیشیان نیە بە دیتنی وێنەی ئەو کەبابە جۆراو جۆرانە ئیشتیای کەباب دەکەن و سەرێک بە دێنیس کەبابدا دەکەن.

ئێمە کادرەکانی حیزب پێویستە ببینە دووکاندارێکی باش. ئەوەش بەوە دەکرێ کە رێتۆریکی خۆمان و حیزبەکەمان بە هێز بکەین. بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبی ئێمە وەڵام دەری هەموو داخوازیە میللی و دێموکڕاتیەکانی  خەڵکی کوردستانن، بەڵام  ئەوە ئێمە کادرەکانی حیزبین کە دەبێت پەیامەکانی حیزب و سیاسەتەکانی هێندە جوان بەستەبەندی بکەین کە خەڵک. لێمان. بکڕن..    

 ئیبڕاهیم لاجانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی