"an independent online kurdish website

لە پێش هەمـو شتێکدا سڵاوێکی ئاویتە بەڕێـزەوە لە ڕوحی مەزنی شەهـیـدان دەکەم. سڵاو لە بنەماڵەکانیان و بەندیە سیاسیەکان بنەمالەکانیان و سەرجەم گەلی کورد و خوشک برا کوردستانیەکان دەکەم، پیرۆز بایی ساڵی تازەیان پێدەڵێم و ئاواتی گەیشتن بەئامانجی شەهیدانیان بۆ دەخوازم.

ڕۆژێک کە ناوی جێژنی نوێی بونەوەی ساڵی لێنراوە، جێژنیش بە مانای خۆشی شادی و بەیەکەوە خۆش گوزەرانیە. نەورۆز چەندین ماناو تایبەتمەندی لە خۆی دەگرێ کە پیرۆزی دەکەن و بـەڕێــزەوە بـەڕێـوەی دەبـەن. بـۆ ئـێمـەی کـوردی چەوساوە  زێد و ماف داگیر کراو دووجێژنانە،  یەکەم ساڵ تازە دەبێتەوە ، هەوڵ و تێکۆشان بۆ ژیان دەست پـێدەکاتەوە. دووهەم ئێمـە هـێـز و ئـیـرادەی خەبـات و تێکۆشانـمان لـە دەرون دا مـاوە و سـەر هەڵدەداتـەوە. پـیـرۆزە چـونـکە ڕۆژی نـوێـ بـونـەوەی ساڵـە. ڕاگەێـێـنەری تـەواو بـوونی سارد و سەرماو حـەسانـەوە و پشودانە . وەرزی کار و هەوڵدان بۆ دابین کردنی پێداویستەکانی ژیانە . وەرزی ژیانەوەی دارو دەوەن و ڕووەکەکانە. بۆ شۆڕشگێڕانی کورد جیا لەوانە و زۆریتریش هەن کە هەر هەمویان پیویستن بۆ ژیانی سەربەرزانە . بۆ ئێمە مانای تایبەتی تریشی هەیە کە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و بـارەو بـارکردنی یـەک ساڵی ڕابردومانە، تا بزانین چیمان کردوە کە نەدەبوو بیکەین . چیمان نەکردوە کە دەبووکردبامان؟! بە پێک گرتنی ئەو دوانە دەبێی چ بکەن کە بە قازانجمانە. کام جۆرە ڕەواڵی تێکۆشان بگرینە بەر کە ئامەکامەی بۆ هەمـومـانـە ؟! بەکام ڕێگا دا ڕۆیشتوین کە تۆشی هەڵەو هەتڵە بـونـو کوێرە ڕێگایانی کردوین؟! پشت بەکام دۆست و بەڵێنیان ببەستین کە لەکاتی تەنگانەدا بەجێیان نەهێشتوین پشتیان تێنەکردوین؟! کام پڕۆسەمان بێی هەڵسەنگاندن بە ڕێوە بردوە کەوا تێیدا سەر نەکەوتوین؟! بەکورتی وکوردی دەبێی بەوردی بەخۆماندا بچینەوەوئاکار و کردەوەکانمان هەڵسەنگێنین ، هـەڵـە و خەتـاکان بناسین و دەریـان بهاوێین و وازیان لێی بێنین و لـە جێگای ئـەوان تـۆوی بەرو بوی نوێتر بچێنین. بە قوڵی بیر لەوە بکەینەوە ،بۆچی دنیا بەلەز لەحالی پێشکەوتن دایە و ئێمە هەرچەندی زۆریش ماندوین هەربەجێی دەمێنین؟! ئەزمونی کاروتێکۆشان وقونەکەو کردنی ڕوداوەکانی ژیان بۆی سەلماندوم کە ئـێمە خەباتەکەمان ڕەوایە ، لە ئازایەتی و برەنگاری دوژمن کەممان نەهـێناوەو کۆڵـمان نـەداوە دەبێی چ شتێک بـێی وا خستوینەتە دواوە؟! ڕاستی: ئەوەی هۆی ئەو دواکەتن و بەجێمانە ، ئەوهەموو ماندوبون قوربانیدانە ، ئەوگشتە کەوتن وهەستانەوانە، بـڕوا بەدوژمن کردن ویەک نەگرتویی خۆمانە . ئایین و بیـرو باوەری سیاسی وبەرژەوەندی حیزبی و تاکی لێکیان کردویـن هەرکامەیـان بەشێکی گەلـیان لـێداگیر کردوین. دلپاکی و خۆشباوەڕیمان کارێکی کردوە کە دوژمـنان و نـەیـاران بـە نـەزانمـان بـزانن و سـات وسەوادامان پیوە دەکەن وبەرهەمی خوێنی شەهیدانمان بۆخۆیان دەبەن. بە بارەقەڵا خۆمان پێی لە لوتکەی بەرزهەڵـدەدیرن و دەست و لاقی شکاومـان دەرمان ناکەن! مخابن وهەزارمخابن بەغەڵەت و ناڕەوا بەخۆمان سەلمانـدوە ، ئایین و ئیدە پێش کوردو نەتەوەیی بونمانە. لە حاڵێکدا پێش باس لە ئیدەو ئایین خوا فەرمویە ( هەموتان لە یەک تۆرەمـەن و کردومـانـن بـەگەل و هـۆز چاکی وخراپیتان بە حیسابی کردەوەتانە ) کوردی زوڵم لێکراو یەکێک لەوانە ودیاری کردنی ئەرکی ئایینی وئیدەییشی ( ١٨) ساڵ دوای دروست بـونی مـرۆڤەکانە . هـیچ بیرتان لـەوە کردۆتـەوە کە کورد وەک بـێگار چی دە چێ کە ئـاغـاکەی کاری بۆ دیاری دەکاو کڕێکەشی هەر بەمەیلی خۆی بۆی دەقـەبـڵێنێ !! بـەڵام نابێ وابێی چونکە پێش ئیدە وئایین مافی ژیـان وئـازادی وپـاراستنی نـەتـەوەیی خۆی هەیە کە ئینسانە، جا دوایـە هەڵـدەبـژێـرێ کـافرە یـان موسوڵمانە!! کوردی بێی وەرەو ئیمان وخەڵک لە خۆ بەگەورەترزانی چاو لەدەستان، ئاشقی نۆکەری نانی پـاشخانان لـە نـەورۆزیش هەر ئەوە تێگەیشتوە کە ئاغاکەی ڕیگەی داوە جێژن بگرێی و دوایە بچێتەوە بەردەستان. بەکورتی وپوختی هاتنی ساڵی نوێیی کوردی، دوای ڕۆژی جێژن کە بەشی خۆشیوشادیە،ئەوجار نۆرەی خـۆ سازدان بـۆ قەرەبـوی هەلەکان و تـونـدتـر کردنی هـەنگاوەکانە، بۆ زوتر گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکان کە برێتیە لە : ئـازادی گەلـو وڵات و سـەربـەخۆی و ئـاوەدان کردنەوەی زیدونیشتمان وبەختەوەری دانیشتوانی کوردستان. بیگومان گەیشتن بەو ئامانجە بەرزو قـورسە کەندو کۆسپی گەورەی لەسەر ڕێیە. تەنیا رێگای گەیشتن بەو ئامانجەش بڕوا بەخۆبون و بڕوا نەکردن بەدوژمن و داگیر کەرانە. تاقی نەکردنەوەی تاقیکراوەکانە. کـۆڵ نـەدان و خـۆ بـەدەستەوە نـەدانـە. بـڕوا بەکەسان یان دەسەڵاتێک نەکەین کە بەخەیاڵ قـازانج دەکەیـن ، بـەڵام کە لـێکی دەدەینەوە ( قـازانـج سەری مایـەشی خـواردوە !) بـە هـێـچ جـۆرولـە ژێـرهـیچ زەختێک و تەنانەت زیان وخەسارێکیش شەرم لە دەربڕینی داوا رەواکانـمـان نەکەین. لە هیچ هەل و مەرجێک دا وازلە سەربەخۆیی بیروبڕیاردان نەهێنن. ئێش وئازار بچیژین بەلام سەرمان شۆر نەکەین .بە سەر بەرزی بمریـن ناوی جاش و خـۆفـرۆش وەخۆ نـەکەیـن. لـەهـەمـوی ئـەوانـەش گریـنگتر بــڕوا بـە دوژمنی داگیر کەر نەکەین . بۆ هـیچ دەسکەوتـو بـەرژەوەنـدێک گەل و مـافـە ڕەواکانی پشت گوێی نەخەین .بە هـیچ نەرخێک گەورەییو سەربەرزی خۆمان و گەلەکەمان نەفرۆشین .مـافی رەوای گەلەکەمان فـیدای هـیـچ ئـیدەو ئـایینێک نەکەین .کورد بین و کوردانـە بژین و بمرین و ئەو شێعرەی مامۆستا هەژار لە بیر نەکەین .

بەکوردی دەژیـم بەکوردی دەمرم بــەکوردی دەدەم وڵامـی قــەبــرم

دیسان بەکوردی زیندو دەبمەوە لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵ دەچمەوە

ئـەوە دەرس و بـەرو بـوی نــەورۆزی کـوردەواریــە .ئــازادی وڵات و گـەل نـەورۆزی ڕاستـی و یـەکـجـاریـە. دیسان پیرۆزە لە گشت لایەک . نەورۆز لەلای من خۆی گوڵە بۆیە هەر ئەوی دەنیرم.

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٢٨ ڕەشەمەی ٢٧٢١ کوردی

  ٢٠ / ٣ / ٢٠٢٢ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی