لە ساڵی 1989 شۆڕشی ئازادیخوازی و دیموکراسی، وەکو پرۆسەیەکی نوێ، لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەت نەشونمایان کرد و سەرەتای گۆڕانکارییەکی گرنگی مێژوویی لە جیهان بە گشتی و کیشوەری ئەوروپا بە تایبەتی چەکەری کرد.
دوو ساڵ دوای ئەو پرۆسەیە، لە 26/12/1991، یەکێتی سۆڤیەت هەرەسی هێنا و ڕووخا. سێ وڵاتە سەرەکییەکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ڕووسیا و ئۆکرانیا و بیلاڕووسیا، کە بە وڵاتانی دروستکاری یەکێتیی سۆڤیەت دەژمێردرێن، بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو بلۆکە سەربازی و ئابووری و ئایدلۆژی و مەعنەوییە گرنگەی جیهانییان ڕاگەیاند.
بەر لە نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت، لە 9/11/1989، دیواری بەرلین، کە لە ئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ جیاکردنەوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دروست کرابوو، ڕووخێندرا. دواتر هەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا یەکیان گرتەوە. كاتێك یەکێتیی سۆڤیەت هەرەسی هێنا، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی کۆمیونیستی و بلۆکی سۆسیالیستی (اشتراكی) بەرەو نەمان چوون: بۆ نموونە، یۆگسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیا. هەروەها 15 کۆماری فیدراڵی، کە بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند: لەوانە، ئەرمینیا و جۆرجیا و کازاخستان و لاتڤیا و لیتوانیا و تاجیکستان و ئازەربایجان و … هتد.
لە شۆڕشی ئازادیخوازی و دیموکراسی بەشێکی زۆر لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، جیهان بە گشتی و ئەوروپا بە تایبەتی شاهێدی وەرچەرخانێکی تازە بوون لە مێژووی شارشتانیی مرۆڤ. لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسا (1789)، چەندین ڕووداوی گرنگ لە مێژووی ئەوروپا و جیهاندا ڕوویانداوە. ڕووداوەکان هۆکارگەلێک بوون بۆ گۆڕانکاریی مێژوویی. دوای ڕووداوەکانی وەکو هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووم و هەرسهێنانی بلۆکی سۆسیالیستی و نەمانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و … هتد، بەرەی سەرکەوتووی جەنگەکان، ئاڵاهەڵگر و بڕیاردەری گۆڕانکارییە مێژووییەکان بوون. بە گشتی، مێژوونووسان و شارەزایان شەش گۆڕانکاری گەورە لە مێژووی کیشوەری ئەوروپا باس دەکەن، کە نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت بە دوا گۆڕانکاری گەورە هەژمار دەکرێت. ئەو گۆڕانکارییە مێژووییانە، وەکو مێژوونووس ئالان لیتڵ (Allan Little) لە نووسینێکی لە پێگەی بی بی سی (BBC) بلاوی کردۆتەوە، بریتیین لەمانە:
- 1. یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە مێژووییەکان، شۆڕشی فەرنسا (French Revolution) لە 1789 بوو. لە ئەنجامی ئەو شۆڕشەدا، شانشینی فەرنسا هەرەسی هێنا و کۆماری فەرنسا لە دایک بوو. بەمەش سەرەتای شۆڕسی ناسیۆنالیستی لە جیهاندا گەشەی کرد.
- 2. دوای جەنگە ناپلیۆنییەکان (Napoleonic wars)، گۆنگرەی ڤیەننا لە 1815 بەسترا، کە ئەنجامەکەی گۆڕانکاری نەخشە و جوگرافییای ئەوروپا بوو. ئەوروپا بەسەر هێژەموونی دەسەڵاتە گەورەکانی ئەوسا دابەشکرا.
- 3. لە 1848 چەندین شۆڕشی لیبراڵی و دیموکراسی لە وڵاتانی ئەوروپا دروست بوون و سیستەمی دیموکراسی لە ئەوروپا پەرەی سەند.
- 4. پەیماننامەی ڤێرسای (Treaty of Versailles) لە 1919، بڕیار لە چارەنووسی چەندین هێزی ئیمپراتۆریی ئەوروپایی درا. دەسەلاتی بەریتانیا و فەرەنسا لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشەی کرد و لە ئەنجامدا چەند وڵاتێکی نوێ لە دایک بوون.
- 5. کۆنفرانسی یاڵتا (Yalta Conference)، کە لە شاری یاڵتا لە دورگەی کریمیا (قرم) لە نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە شوباتی 1945 بەسترا. لەم کۆنفرانسەدا، بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا درا. بەمەش ئەڵمانیا بەسەر بلۆکی سۆسیالیشتی، کە یەکێتی سۆڤیەت سەرکردایەتی دەکرد، و هەورەها بلۆکی ڕۆژئاوایی، کە ئەمەریکا و بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو، دابەش کرا. جەنگی سارد (Cold War) دوای ئەم کۆنفرانسە دەستیپێکرد. ئەگەرچی لە مانگی 11ی 1943 کۆنگرەی تاران لە نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا و سۆڤیەت بەسترا، کە تێیدا بڕیاری شەڕ و ناردنی سەرباز بۆ باکووری فەرەنسا درا، بەڵام ئەو کاریگەرە جەوهەرییەی (کۆنفرانسی یاڵتا)ی نەبوو کە مێژوویەکی نوێ لە ئەوروپادا دروست بکات.
- 6. پرۆسەی ئازادیخوازی لە وڵاتانی نێو یەکێتیی سۆڤیەت لە 1989، کە دواتر بووە هۆکاری ڕووخانی یەکێتییەکە، بە وەرچەخانێکی دیکەی مۆدێرن لە مێژوودا دەستنیشان دەکرێت. هەروەها لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، کۆتایی بە جەنگی سارد هات و بلۆکی سۆسیالیستی هەرەسی هێنا.
ئایا ئەنجامی ئەم جەنگەی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبێتە هۆکاری درێژکراوەی ئەم مێژووەی لەم شەش خاڵەدا باس کراون؟ ئێستا نەک هەر مێژوونووسان و سیاسەتمەداران، بەڵکو تەواوی مرۆڤە زیندووەکان گۆڕانکارییەکی دیکەی مێژوویی بەچاوی خۆیانەوە دەبینن. جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، چەندین ڕەهەندی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەخۆ گرتووە. بۆیە لە چەندین لاوە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. ئەگەرچی ئاگری جەنگەکە تەنها لە نێوان دوو وڵاتدا هەڵگیرساوە، بەڵام خەریکە سەدای جەنگەکە جیهان کاس دەکات. ئەگەر شەڕیش بە گرتنی ئۆکرانیا کۆتایی بێت، بە هەبوونی ڤلادیمیر پوتین (Wladimir Putin)، سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها ئەو پەیامەی کە ڕووسیا لە دژی ولاتانی ناتۆ (NATO) هەڵیگرتووە، ململانێکان لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیا کۆتاییان نایەت. لە نووسیێکی خۆییدا لە ساڵی 2014، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، هێنری کیسنجەر (Henry Kissinger)، کە دەمێکە پێشبینی ئەو جەنگەی کردووە، ئەنجامی ئەم جەنگە بە یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی مێژوو دادەنێت.[ii]
پرسیاری ئەوەی ئەم جەنگە بەرەو کوێ دەڕوات و کێ لە کۆتاییدا سەردەکەوێت، هێشتا بە ڕوونی دیار نییە. هەرچی ڕوو بدات، جیهان بەرەو گۆرانکارییەکی دیکەی مێژوویی هەنگاو دەنێت. زۆر جەنگی درێژخایەن لەم چەند ساڵانەی دواییدا لە شوێنە جیا جیاکانی دونیا ڕوویان داوە و گۆڕانکاریی مێژوویشییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو جەنگانە بەقەد جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، وەکو هێنری کێسنجەر باسی دەکات، ئەو کاریگەرە گەورەیەیان لەسەر تەواوی جیهاندا دروست نەکردووە. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی جیهان بەردەوام دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، کە مرۆڤ لەبەردەم گۆڕانکارییەکی مێژوویی گەورەدایە. لە کۆتایی جەنگەکەدا، دوای بینینی کارەساتەکان و لەناچوونی بەشێک لە مرۆڤەکان و خاپوورکردنی ژینگەی ژیان و هەرەسهێنانی ژێرخانی ئابووریی بەشێک لە وڵاتان، مرۆڤەکان مێژوویەکی دیکە لە شارستانی خۆیاندا دەنووسنەوە. پێدەچێت ئەم جەنگە، وەکو ئەو شەش خاڵە گرنگانەی لە سەرەوەدا باسمانکردن، گۆرانکارییەکی دیکەی بێوێنە لە مێژووی شارستانیی مرۆڤدا بخوڵقێنێت و لە ئەنجامدا جیهانێکی جیاواز لەوەی پێشوو لە دایک ببێت.
سەرچاوە:
- 1. Allan Little (BBC, 2022).
- Henry Kissinger (The Washington Post, 2014).
وەرگیراوە لە کوردستان 24