"an independent online kurdish website

بـەڕای مـن هـەڵـبـژاردن بـە هـەمـوو عـەیـبـ و عـارەکانـیـەوە مـەحـەکـێـکە زۆر پڕوپاگەندەی جۆراوجۆر هەڵدەسەنگێنێ و نـاوەرۆکیان دەردەخـا. زۆر حیزب و کەسایەتی وا هەن جۆڕیک خۆیان دەنوێنن کە لە ڕاستیدا خۆیان نین.

زۆریان قەولـ و بـەڵـێنی وا دەدەن کە یان نەگونجاوە، یان لە تـوانای ئەوانـدا نیە. مەبەستم لەو کورتە وتەیە ئەوەیە بەکورتی بڵێم: بۆ حیزبە ئیسلامیەکانی باشور دەنگیان نەهێناوە؟!  وەک زۆر جار کوتومە ئـیسلام دینێکی زانستیە و خاوەنی پێڕەو و بەرنامەیەکی گریـنگ و نەگۆڕە کە قـورئانە. ١٤٤٤ ساڵە ڕەوتی خۆی بەڕیوە دەباو لـە کورتی نـەداوە. خـوا و قـانـون و پەیـامـبەر و ئـوسولی ئیمان و ئیسلامـەکەی هەریەکن و ڕێگەی دەست تێوەردانـیـان نەدراوە. ئەگەر ورد سەیـری پێکهاتە و بە قەولی ئەوڕۆیی تەشکیلاتەکەی بکەی پێرەو و بەرنامەکە یەکە کە قورعانە، هەموو مـوسوڵـمانانی لە خۆیـدا وەک ئـەنـدام جـێدەکاتـەوە . گشت مامـۆستا و شارەزایەکی ئایینی کادرن و هەموو حوجرە و مزگەوتەکانیش دەفـتەری کار و ساڵـۆنی کۆبـونـەوەکانی ئەو دینەن و ڕێبەران دەتوانن ئازادانە بەرنامەکانیان بۆ خەڵک شیکەنەوە. ئەوەی لە دەرەوەی ئەو ڕیخکراوەدا بکرێ خوایی نیە و مرۆڤ کوتویە و ناوی خوای پێیوەندراوە. کە وابوو باشترین کادری ئەو حیزبە ئەو کەسەیە ئـەو ئـەسـڵانـە وەک خـۆی و بـە بـێی جـیـاوازی فـێر دەبـێ و بـە خـەڵکی ڕادەگەیەێێنێ. ئەگەر بمانەوێ چەند حیزبی جیاوازی ئیسلامی دروست بکەین، دەبێ هـەر حیزبـەی پێڕەو بـەرنـامەی خۆی هـەبێ جیا لـەوەی کە هەیە! کەنگێ وەک جیاواز دەناسرێ ئەگەر لانی کەم هێندێک لە ئوسول و پڕنسیپەکانی گۆڕی بێ، خۆ ئەوەش لە ئیسلام دا نەک نابێی بەڵکووەک کوفـرو تـاوان دەژمـێـر درێ. بـا لـەوە گەڕیـم زۆری دەوێی .بـە کورتی هەرچی لەدەرەوەی چوار چیوەی ئوسولی ئیسلام بێ ئەگەر پیاوی زۆر گەورەش کوتبێتی واجبول ئیجڕا نیە.

دەچمە سەر بـاسی عـینوانی وتـارەکەم. ڕاستی ئـەوەیـە زۆریـنـەی هـەرە زۆری خەڵکی کوردستان پێش دروست بوونی ئەو حیزبانـە موسوڵـمان بـوون و ئـێستاش هەر هەن و ئۆرگانی فێر کردن و ڕاهـێنان و تەبلیغاتیشیان هەبووە . ئەوەی کە حیزبە ئیسلامیەکان نـەیـان تـوانـیوە سەرنجـیـان بـۆ لای خۆیـان رابکێشن دەگەڕێتەوە بۆ سەرئەوەی وەک کوتمان ئـیسلام و بـەرنـامـەکانی یەکن، بەڵام ئەو حیزبانـە لـە ژێر ئەو چەترە دا خۆیان لێک جیا کردۆتەوە، جاریـوایـە گەیشتونەتـە یـەکتر بـەکافر زانـین و کوشتـن ، کە ئـەوە دەگەڵ وەحدەتی ئیسلامی بـە هـیچ جـۆر یـەک نـاگرێـتـەوە . یـەکنـەبـونی خۆیان و بـەرنـامەکانـیان ونمونەی لە هەموانیش باشتر کۆماری ئیسلامی شیعەی ١٢ ئیمامەی ئـیرانیش،دەریان خستوە کە ڕواڵەتی ئیسلامە ناوەرۆکەکەی شتێکی ترە! ئەگینا چـۆن مـوسوڵـمان دەتوانێ بـۆ کوشتنی موسـوڵمان فـتوای جیـهـاد بـدا!.ئەگەر بـڵێین دژمنی ئیسلامـیش نەبن زۆرلە دوژمنەکانی زیاتر زیانیان پێگەێانـدوە. لـەهەموانیش گرینگتـر ئـێمە لـە دنـیای عـیلم و زانست دا دەژیـن وهەزاران نەزاندراو دۆزراونەوە و زۆریتریش مـاون ، بـۆیـە ئـیتر نـاکرێ چیتر بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خۆ جوان کردن و خـەڵک بەلا ڕیـدا بردن شتی سەیرو سەمەرەو دروست بکەیـن. بـۆ دەرمـانی نـەخـۆشێک تـفی زاران بەکار بێنێن، بۆ گەیشتن بە ئاواتێک پەنا بـۆ بـەردێک یـان قـەبـرێـک بەرین بـۆ خـۆ پیرۆز نیشانـدان ڕیشی دوو فـلیـقـانـە و درێـژ بـهێڵینەوە و هـیـتـر. چوونکە ئەوانەی ئێمە بە نیشانەی پیرۆزی دەیان نوێنین، غەیرە موسوڵمانانیش هەیانەوڕیشیان لە ئێ ئێمەش دریژترو و پاک و خاوێنترە و بڕوایان بەخواش نیە !! جیا لە هەموی ئەوانە خەڵک بە شوێن ئارامی و ئاوەدانی و تیر و تەسەلیدا دەگەڕێ. خەڵک بە دوای برایەتی و هاوکاریدا هەڵوەدایە نەک بە شوێن شەڕو وێرانی و خوێن ڕێژی. خـوا دیـنەکەی تـەواو کردوە ( الیوم أکملت لکم دینکم ) پێویستی بە زیادو کەم کردن نیە. ئێمە ئەو دینە تاقە و تاقانەیـەمـان لەت و کوت کردوە، هەرکەسە کوتێکی هەڵگرتۆتەوەو بۆ خۆی شتێکی لـێدروست کردوەو خەڵکێکی لە خۆی هاڵاندوە نەک بۆ ژیان بەڵکو بـۆ مردن. داخـوا ئەوەی مەلا لە مزگەوت بە خەڵکی دەڵێ چ جیاوازیـەکی دەگەڵ ئـەوە هەیە کە حیـزبێکی ئیسلامی دەیڵێ. ئەگەر فەرقیان هەبێ یەکیان ئیسلام نیە،ئەگەر هەریەکن،ئەو حیزب سازکردنەی بۆچیە؟! من دەگەڵ ڕێزم بۆ بیرو باوەڕی حیزبوکەسەکان، بەڵام چونکە دیندارم بـەئـەرکی ئـایـینی و ویـژدانی خۆمـی دەزانـم بـە خەڵک و مـوسوڵـمانان بڵێم : ئیسلام یەکە و ئـەو هـەمـو حیزبـە جـیاوازو دژ بـەیەکە فـڕیان بە ئیسلامەوە نیە. چونکە عەقڵی سالم ئەوە قـبوڵ نـاکا پەیـرەوانی یـەک دیـن کە بیرو بـاوەڕەکەیان هەریەک بێێ بەلام لەسەر ئەو بیرو باووەڕە یەکتر بکوژن .عەینی ئەورەفتارانە دەیسەلمـێینن کە لەو دینەی دا کە محەمـمەد ڕاگەێێنەری بوە، کەس لە سەردین، دوژمنایەتی هاودینەکەی نەکردوەو نابێی بـیشی کا. کە دەڵێم لەسەر دین مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤەکان بـە پێی سروشتی خۆیـان حـەزو ویـست ڕای جـیاوازیـان هەیە ودەکرێی ناکۆکی وتێک ئالقانیان هەبێی ، بەڵام لە دینەکەدا جیاوازیەک نیە وهەمـو تێک گیرانێک نـاڕەوایـە وئی دینەکە نیە .هەموو دەبێی لە سەرئوسوڵی دینەکەیان سوربن و براو هاوکاریش بن.

بە باوەڕی من ئەوانەی بـەڕاستی لـە دیـن تێگەیشتون و بـڕوایـان پێهێناوەو بـۆ مەبەستی تر دەکاری ناهێنن و ڕیگای پەیامبەرەکەیان گرتوە ،لەو ڕێگەیەدا لێک هەڵنابڕێن و لەو بڕوایەدا دژمنی یەکتر نابن خۆ دەشزانن موسوڵمانان خوشک و بران و هەرگیز دوژمنایەتی یەکتر ناکەن و لە ڕیبازەکەیـان لانـادەن . ئـەگەر سەیری مێژوی ئێستاو ڕابردوش بکەین دەبینین شەڕی برایان بە ناڕەوا ناسراوە ناکۆکی و ناتەبایی خاوەن ئایین و ئیدەکان ئەو لەت بون و لێک ترازانە زیـانی زۆری گەیاندوەو ڕەوتی تێکۆشانەکانی گێڕاوەتـەوە بـەرەو دواوە. مـرۆڤ گیان لەبەرە، وەک هەموو ئەوانیتر، بەڵام عەقڵ و زانست ومەنتیق شتێکن خوا وەک زێدەبەشی بە مرۆڤەکانیداوە، هەر بۆیە ئەرکی زیاتریان دەکەوێتە سەرشآن و لە کردەوەکانیان بەرپرسیارن ، خۆ بواردن لە کردەوە ڕەواکان ولادان لـە ڕیگا ڕاستەکان سەزای توندی هەیە ، ئەگەر ئەرکی لێپرسراوی بەجێ نەگەێێنین بە گەل و نەتەوە قەرزدارین و لەبارەگای خواش شەرمەزارین.

 من بۆ دینەکە بە پەرۆشم ئەگینا هەبونی ئەحزابم پێی خراپ نیە، دەگەڵ ئەوەش هەرحیزبێک ئامانجی خۆی وەپێش ئامانجی گشتی گەل بخا، پێم باش نیە.هەموو دور کەوتنەوەکان لەسەرکەوتنیش بە هۆی ڕێز لێنەگرتن و دیار نەبونی ئامانجی گشتیە. دایکی هەموو قسەکان ئەوەیە ئەو هەمو حیزبە لێک جیاوازە لەژێریەک ناودا نەگونجاوە، هەرکامەیان مەبەستێکی تایبەتی لـە پشتەو، خستنە ژێـر نـاوی ئیسلامیش بۆ بەلاڕیدابردنی خەڵک و دەسکەوتی تایبەتیە .

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجیدپور ١٢ خاکە لێووەی ٢٧٢٢ کوردی

 ١ / ٤ / ٢٠٢٢ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی