دواین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی پێنج واته مانگی (maj) مه‌ی له (سوید) وه‌ک (رۆژی دایک) دیاریکراوه.
–
هه‌موو ئه‌وه ئه‌زانین که گیانداران له دوو ده‌سته‌ی نێر و مێ پێکهاته، ئه‌و دوو ده‌سته له کۆمه‌ڵگای مرۆڤدا پێیئێژن ژن و پیاو. له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کاندا مرۆڤ به ئازادی ئه‌ژیا، هه‌ر دوو گروپی نێر و مێ واته ژن و پیاو به پێی توانا هه‌ڵئه‌سووڕان، به‌بێ له به‌رچاو گرتنی چۆنایه‌تییان وه‌ک یه‌ک له ژیان سودیان ئه‌برد. هۆی گه‌شه کردنی مرۆڤ و هه‌موو گیاندارن له سروشتی نێر و مێوه سه‌رچاوه ئه‌گرێ، به‌رهه‌می زاو و زووی مرۆڤیش ناوی نراوه مناڵ.
–
به په‌یدا بوونی مناڵ پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژن و پیاو گۆڕانێکی مه‌زنی به خۆوه بینی، وشه‌ی شیرینی (باوک و دایک) بوو به ناسنامه‌یان و ئه‌رکێکی پیرۆزیش که‌وته سه‌رشانیان. ئه‌و ئه‌رکه‌یش پهوهررده کردنی مناڵه له هه‌ر کات و ساتێکدا، جا کات و شوێن شه‌وێکی ساردی زستان و شاخێکی چڕ و سه‌خت بی، یا رۆژێکی گه‌رم و بیابانێکی وشک و برین دایک و باوک ئه‌و ئه‌رکه پیرۆزه‌یان ئه‌نجام داوه و ئه‌یده‌ن!
–
تا چاوچنۆکی باڵی نه کێشابوو به سه‌ر کۆمه‌ڵگای مرۆڤدا، مناڵ‌یش وه‌ک مرۆڤێکی راسته‌قینه و خاوه‌ن که‌سایه‌تی سه‌یر ئه‌کرا، هیچکام له وانه واته (باوک) و (دایک) که ئه‌رکی په‌روه‌رده کردنی مناڵیان گرتبووه ئه‌ستۆ، ئه‌و مافه‌ی نه ئه‌دا به (خۆی) که ته‌نیا (خۆی) به خاوه‌نی مناڵه‌که بزانێت و به‌س.
–
به‌ره به‌ره ده‌سه‌ڵاتی تاکه که‌سی و تاقم په‌یدا بوو، به هاتنه گوڕێی ده‌سه‌ڵات دنیای پاک و یه‌کسانی خانه‌واده‌یش که‌وته ژێر ته‌می گومانه‌وه. له‌م ده‌ورانه‌دا بناغه‌ی (من، من) و (تۆ، تۆیی) دامه‌زرا و ئه‌نجامه‌که‌ی بوو به‌وه که ئه‌وه مڵکی منه، ئه‌وه سه‌روه‌تی منه، ئه‌وه ئه‌ونده‌ی هی تۆیه و ئهوندهیشی هی منه. له‌م ده‌ورانه‌دا مرۆڤیش پله و پایه‌ی خۆی له ده‌ستدا وه‌ک مه‌ڕ و ماڵات، وه‌ک رادیۆ و فه‌رش که‌وته مه‌یدانی دابه‌شکردن و سه‌نگ و سووکی بۆ له‌به‌ر چاو گیرا و ده‌ستوور و یاسایشی بۆ دانرا. ده‌ستی ئایین له‌م بواره‌دا دیاره و رۆڵی سه‌ره‌کی بووه و هه‌یه، هه‌ر مرۆڤێ که تۆزی بیر کاته‌وه خێرا جێ په‌نجه‌ی ئایینی بۆ ده‌رئه‌که‌وێت که چلۆن مرۆڤی ده‌ره‌جه به‌ندی کرده.
–
با باسه‌که‌مان له کۆمه‌ڵگای خۆمانۆ واته کۆمه‌ڵگای کورده‌واری به‌رینه پێش، وه‌ک ئه‌زانین زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری وا له ژێر چه‌تری ئایینێ به‌ناوی (ئیسلام)، ئیسلامیش سه‌نگ و پێوانه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆف. ئیسلام مرۆڤی کردووه به دوو به‌شه‌وه، به‌شکی سووک و به‌شیکی سه‌نگین و قورس. گروپی نێرینه دوو به‌رابه‌ری گروپی مێینه سه‌نگی هه‌یه، با نێرینه کوڕێکی پێنج، شه‌ش ساڵه‌ی لاواز و بێهێز و نه‌زان بێ و مێینه‌یش ژنێکی به‌ته‌مه‌نی دنیا دیده و خاوه‌ن ئازمون، با ژن زانستگایشی ته‌واو کرد بێ و پیاویش ره‌ش و سپی له یه‌ک نه‌کاته‌وه، با ژن قه‌ده‌مخێری زه‌مان بێ و پیاویش گێل و نه‌زان هه‌ر پیاوه‌که قورس‌تر و سه‌نگینتره، واته یه‌ک نێرینه به ئه‌ندازه‌ی دوو مێینه سه‌نگینه و دوو ئه‌وه‌نده‌ی مێینه شاره‌زایی هه‌یه !
–
با به چه‌ند نموونه باسه‌که به‌رینه پێشه‌وه.
1 – له دادگای وڵاتانی ئیسلامییدا سه‌باره‌ت به رووداوێ یه‌ک تاکی مێینه وات (کچ یا ژن) به شاهد وه‌رناگیرێت، ئه‌بێ دوو که‌س بن تا وه‌ک تاکێکی نێرینه بێنه‌وه و پاشان بتوانن به هه‌ر دوویان شاهێدی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه بده‌ن.
–
2 – ئه‌گه‌ر که‌سێ بمرێ و دوو کچ و کوڕێکی له پاش به‌جێ بمێنێ، سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و که‌سه له‌بری ئه‌وه‌ی بکرێ به سێ به‌شه‌وه و به هه‌ر کام له مناڵه‌کانی به‌شێک بدرێ، به پێی ده‌ستووری ئیسلام ئه‌یکه‌ن به دوو به‌شه‌وه، به‌شێکی ئه‌ده‌ن به دوو کچه‌که و به‌شه‌که‌ی دیکه ئه‌ده‌ن به کوڕه‌که. له فه‌رهه‌نگی خانهوادییدا ئه‌و نیوه به‌شه‌یش کچ واته (خۆشک) نابێ وه‌ری بگرێ، له پێناو ئه‌و کاره (خزم و که‌س) و (جیران و دراوسێ) ئه‌که‌ونه ئامۆژگاری کچه‌که و ئێژن: تۆ داوای به‌شه میرات له براکه‌ت ئه‌که‌ی؟! ئه‌ی ئه‌گه‌ر رۆژێ له رۆژان لێتقهوما روو له کوێ ئه‌که‌یت؟ مه‌به‌ست له رۆژی قه‌ومان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئه‌و کچه شووی کرد و پاشان ته‌ڵاق درا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه (باوان) و (براکه‌ی په‌نای) ئه‌دات!!!
–
2 – له کاتی مردنی ژن و مێرد دا هه‌مان فه‌رهه‌نگی نایه‌کسانی به‌رچاو ئه‌که‌وێ، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه کاتێ ژن ئه‌مرێ پیاو به‌شی زۆرتری ئه‌که‌وێ له میراتی ژنه‌که‌ی، به‌ڵام کاتێ پیاو ئه‌مرێ ژن به‌شی که‌متری ئه‌که‌وێ له سه‌روه‌ت و سامانی مێرده‌که‌ی.
–
3 – ئه‌م جیاوازییه، ئه‌م ره‌وشته ناشایسته له کاتی جیابوونه‌وه واته (ته‌ڵاق) له نێوان ژن و پیاو دا به‌جوانی به‌رچاو ئه‌که‌وێ. مناڵ به‌پێی یاسای ئیسلام وه‌ک مافێکی تایبه‌تی هی باوکه، دایکی کانی سووتان و هه‌ڵقرچان، کانگای مێهره‌بانی و خۆشه‌ویستی که تا دوێنێ وه‌ک باوک هه‌وڵی ئه‌دا بۆ په‌روه‌رده کردنی مناڵه‌که، ئه‌مرۆ ره‌نجه‌ڕۆ و هه‌ناسه سارده. ئه‌گه‌ر ویستی مانگی جارێ به دیداری مناڵه‌که‌ی شاد بێ، ئه‌بێ له کوچه و کۆڵان به‌دزی خزم و که‌سی باویکی مناڵه‌که‌وه بێ، یان ئه‌بێ ریش سپی و سه‌رسپی که‌ونه خاک و پای باوکی مناڵه‌که تا رازی بیت، یان ئه‌وه‌تا باوک لای (مه‌لا) هه‌نێ ئیجازه ئه‌دات. ئه‌گه‌ر ژنه‌که شووی کرده‌وه و مناڵه‌که چوو بۆ لای دایکی، ئه‌و مناڵه وه‌ک میوان سه‌یر ئه‌کرێ.
–
4 – کاتێک ژن و مێرد له یه‌ک جیا ببنه‌وه و مناڵێکی شیره خۆره‌یان ببێ، بۆ ماوه‌یه‌کی دیارکراو ئه‌یسپێرن به دایکی که په‌روه‌رده‌ی کات، پاشان لێی وه‌ر ئه‌گرنه‌وه. له هه‌نێ کاتدا خه‌ڵکی ئێژن مناڵه‌که‌یان پێوه به‌سته، واته دایکه‌که مناڵه‌که‌ی ناوێت ! راستی له‌م وشه ناشیرین و ناڕهواتر هه‌یه که بۆ دایک به‌کار براوه؟! کام دایک هه‌یه که مناڵه‌که‌ی به زۆره‌مڵی و بێگاری په‌روه‌رده‌کات؟ ئه‌م وشه له کاتێکدا به کار ئه‌برێ که ژنه‌که بییه‌وێ جیا بێته‌وه، ئه‌وه‌ش زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌گاته ئه‌نجام. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاو ویستی جیا بێته‌وه له‌و باسه به دووره و به‌و جۆره‌یش سه‌یر ناکرێت و مناڵه‌که‌یش هه‌ر مناڵی خۆیه‌تی.
–
5 – جێگه‌ی داخه ئه‌و سته‌مه‌ی که پیاوان لای خۆمان له به‌رانبه‌ر ژناندا به کاریان ئه‌برد و دایکیان له دیداری مناڵ بێ به‌ش ئه‌کرد، ئێستا ژنان له ئوروپا هه‌مان کار له به‌رانبه‌ر پیاواندا به‌کار ئه‌به‌ن و باوک بێ به‌ش ئه‌که‌ن له دیداری مناڵه‌که. ئه‌م کاره چ پیاو ئه‌نجامی بدا و چ ژن، پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان ئه‌باته خواره‌وه، له ئاکامدا زیان به کۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌یه‌نن! به هیوای ئه‌و رۆژه تیشکی هوشیاری مرۆڤ دڕ به شه‌وه‌زه‌نگی نه‌زانن بدا و ئه‌م ره‌وشته زیانبه‌خش و نا مرۆڤانه بنبڕ بکات!
–
خۆشبه‌ختانه به هۆی گه‌شه‌کردنی زانست له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا ده‌ستوور و یاسای جیاوازی و هه‌ڵاوردنی مرۆڤ که‌وتوه‌ته ژێر لێکۆڵینه‌وه و به‌ره‌و نه‌مان ئه‌ڕوا، به‌تایبه‌ت له سوید زۆر ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه. له وڵاتانی جهانی سێیه‌میش زۆر ئینسانی زانا و بێباک لێکۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر کرده، له وانه (ته‌سلیمه نه‌سرین) له پاکستان، (عه‌لی ده‌شتی) له ئێران و نه‌مر (عه‌بدولخالق مه‌عروف) له کوردستان.
–
6 – باسێکیتر هه‌یه، زۆر به‌کورتی ئاماژه‌ی پێ ئه‌که‌م. وه‌ک ئه‌زانین ئه‌و زمانه‌ی که مناڵ پێی ئه‌دوێ واته (زمانی زگماکی) ناوی نراوه (زمانی دایکی)، ئه‌مه خۆی نیشانه‌ی بایه‌خدانه به پله‌ی دایک و جێگه و شوێنی دایک دیاری کردنه له کۆمه‌ڵگا! هه‌موو ئه‌وه ئه‌زانین که گه‌له ژێر ده‌سته‌کان له وڵاتی خۆیاندا ناتوانن به زمانه‌ی خۆیان بخوێنن و بنووسن. خۆشبه‌ختانه له سوید ئه‌و پله و پایه‌ی دایکییه بۆ هه‌موو که‌س له‌به‌ر چاو گیراوه، مناڵی په‌نابه‌ران به ئازادی سوودی لێوه‌ر ئه‌گرن و به زمانی خۆیان ئه‌خوێنن و ئه‌نووسن.
–
جێگه‌ی داخه هه‌ندێ خانه‌واده‌ی (کورد) له ئوروپا له بری ئه‌وه‌ی مناڵه‌که‌یان بنێرن بۆ خوێندنی زمانی دایکی، ئه‌وانه هه‌ر به شێوه‌ی کۆن ئه‌ژین و به ژێرده‌سته‌یی رازین و مناڵه‌که‌یان ئه‌نێرن بۆ خوێندنی زمانی گه‌له سه‌رده‌سته‌که‌ی پێشوویان. ئه‌مه له کاتێکدایه که گه‌له سه‌رده‌سته‌کان به چاوی سووک و بێبه‌هاوه سه‌یری زمانی گه‌له ژێرده‌سته‌کان ئه‌که‌ن. ئه‌م خانه‌وادانه با هیچ درێغیشیان نه کردبێ له په‌روه‌رده کردنی مناڵه‌کانیان، به‌ڵام له‌باری ئینسانی و فه‌رهه‌نگی و کولتوری به ده‌ستی خۆیان مناله‌کانیان ئه‌که‌ن به که‌م ئه‌ندام و ناته‌واو! هه‌روه‌ها پله‌ی پیرۆزی دایکیش ئه‌هێننه خواره‌وه و له ئاکامدا بڕوایان به به‌رابه‌ری مافی ژن و پیاو لاواز ئه‌بێ و ئه‌که‌وێته ژێر پرسیار!
–
لێره‌دا سه‌رنجتان راکێشم بۆ هه‌ندێک له بۆچوونه‌کانی (دانتی) شاعیر پایه‌به‌رزی ئیتالییای له کتێبی رێنیسانس له به‌رهه‌مه‌کانی (دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر) – وه‌گێر (فوئاد میسری) :
(زمانی نه‌ته‌وه‌ی له توانایدا هه‌یه پاڵ به میلله‌ته‌وه بنێ و گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی تێدا پێک بهێنێ. …. خۆشه‌ویستی زمانی نه‌ته‌وه‌یی لای (دانتی) گه‌یشته پله‌یه‌ک که به (نانی جۆ)ی ده‌شوبهان، چونکه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر ئه‌و جۆره نانه بوو که ورگی هه‌زاران ئیتالیایی پڕ ده‌کرد. (دانتی) به بڕوایه‌کی به تینیشهوه دژی ئه‌و که‌سانه رائه‌وه‌ستا خوی وته‌نی به چاوی سووکه‌وه ته‌ماشای (زمانی میللی زاراوه‌مان) ئه‌که‌ن.
**
رۆژی دایك و زمانی دایکی
–
دایه، ئه‌مرۆكه رۆژی تۆیه
دنیای من، ژینی تۆیه!
ژینی من و دنیای تۆ
تێكه‌ڵن وه‌ك تان و پۆ
–
دوێنێ به‌یان چووم بۆ شار
گه‌ڕام دووكان و بازاڕ
كه دیارییه‌كت بۆ بكڕم
وه‌فاداریم ده‌رببڕم
–
له‌م شاره به‌ربڵاوه
له‌م شاره جوان رازاوه
هیچم بۆ په‌سه‌ند نه‌بوو
گشتم به‌لاوه كه‌م بوو
–
مات و مه‌لول گه‌ڕامه‌وه
بۆ قوتابخانه و پۆل چوومه‌وه
هانام بۆ مامۆستا‌م برد
گرێی دڵم كرده‌وه
–
مامۆستا وتی:
–
پێنووسه‌كه‌ت هه‌ڵگره
هه‌ستی دڵت ده‌رببڕه
به زمانی خۆت بدوێ بۆی
كه گوڵ و گوڵاو- و شه‌كره
–
وتم: مامۆستا ئامان
ئامان، ده‌ستم به دامان
من ناتوانم وا بكه‌م
هه‌ستی ده‌رون به‌یان كه‌م
–
هه‌ستی ده‌روون به وه‌رگێڕان
گوڵێ ده‌سكرده له گوڵدانێ جوان
بێ بۆنه و به‌رهه‌م
چێژ نادات به ژیان!
–
مامۆستا وتی: بۆ ؟
–
وتم: من زمانی دایكیم نییه بۆ نووسین
وتی: تۆیش دایكت نییه بۆ رامۆسین!
نه نامه بنووسه و نه دیاریش بكڕه
گه‌ردی مه‌لولی له سیمات بسره.
–
ئامان دایه گیان ئیتر وا مه‌كه
له‌مه زیاتر غه‌درم لێ مه‌كه!
با به زمانی دڵ من بۆت بنووسم
سه‌رتاپای باڵات به‌دڵ رامۆسم
–
دایک :
–
رۆڵه‌ی خۆشه‌ویست ئارامی گیانم
به‌رهه‌می ره‌نجی رۆژ و شه‌وانم
هێناوته پێشێ باسێکی گران
نووسینت ئه‌وێ به زمانی دووان
–
زمانی دایکت ئه‌وێ بۆ نووسین
تا به‌یان بکه‌ی خۆشه‌ویستی ژین
بڵێی مر‌ۆڤم منیش وه‌کو تۆ!
خاوه‌نی هه‌ستم، هه‌ستێ سه‌ربه‌خۆ
–
نا، نا، وا نییه
له ناوی ئێمه‌ی کورد هه‌ستی وا نییه
ئێمه گه‌لێکین بێگانه په‌ره‌س
شه‌یدای کۆیله‌یی و ژیانی ژێرده‌س
–
مناڵ:
–
دایکی خۆشه‌ویست ئاواتی ژیانم
ژیان به‌و جۆره ئه‌من ناتوانم
ده‌سکه‌وتی ژیان وا له نێو ژیان
ده‌بێ تێکۆشین بگه‌ین به کاروان!
***
ئه‌و بابه‌ته ساڵی (1998) له رۆژی یه‌کشه‌ممه (31) مانگی مه‌ی به بۆنه‌ی (رۆژی دایکۆ) راسته‌وخۆ له
کاناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی ( öppna kanalen) له ستۆکهۆڵم، خویندمهتۆ.
–
هه‌ر ئه‌و ساڵه له ژماره (108)ی گۆڤاری (به‌ربانگ) دا چاپ‌کرا.
–
ئه‌و (هۆنراوه) له گه‌ڵ نووسراوه‌یه‌ک به‌ناوی:
(درۆیه‌کی هووهیدای (ئه‌میر عه‌باس هووه‌یدا)
له ژماره (9)ی هه‌فته‌نامه‌ی (ئاسۆی رۆژهه‌ڵات) له ساڵی ( 2006) دا چاپ کرا.
–
ئه‌و (هۆنراوه‌که) له کاناڵی ته‌له‌ویزیۆنی Med Tv بڵاو کراوه‌ته‌وه.
–
ئه‌و چه‌ن دێڕه سویدییهش هه‌ر به بۆنه‌ی رۆژی دایکۆ نووسیومه:
–
Morsdag
Mamma, idag är det mors dag.
Jag vill inte gå
På dagis,
Till gröna lund
Och skolan.
–
Jag skulle gärna vilja
Stanna hemma hos dig.
Jag vill titta på dig,
Lyssna på dig,
Lukta på dig,
Sjunga för dig.
–
Med många fina ord
Säger jag:
Länge leve mamma,
Länge leve i dag,
Länge leve morsdag!
–
ئه‌و چه‌ن دێڕه به فارسیش هه‌ر بۆ دایکه:
–
مادر ثروتمند باشد یا بینوا، مادر است
متددین باشد یا لائیک مادر است
فرزند هرچه باشد مهم نیست، گوید مادر:
چون نور چشم و تپش قلب مادر است!
–
27/5/2022
سه‌عی سه‌قزی