یەکێک لە سەرنجراکێشترین دروشمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران “رێکخراو چەکی هەرە گرنگی ئێمەیە” بوو کە دکتۆر قاسملوو داهێنەری بوو.
بەو دروشمە، خۆرێکخستن، فێربوون و فێرکردن و هەروەها بەرەوپێشبردنی رێکخراو لە ناوکۆمەڵگا بوو بە ئەرکێکی حیزبی و حیزبی دێموکرات دەستی کرد بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنە جیاوازەکانی وەک کمۆسیۆنی سیاسی – نیزامی و کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی، کۆمیسیۆنی ماڵی و هتد.
دروشمی رێکخراو چەکی هەرە گرنگی ئێمەیە، بوو بە بناغەی گەشەکردنی رێکخراوێکی خۆفێرکار و زانست خوڵقێنەر دامەزرا. رێخکراوی خۆفێرکار ئەو رێکخراوانەن کە ئەندامانی ئەو بە شێوەی بەردەوام تواناییەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی بە ئاکامی دڵخواز بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش هزری کاری بەکۆمەڵ لە ناو رێکخراودا گەشە پێدەدرێت و ئەندامانی رێکخراو بە جیاتی ئەوەی کە “چی فێربن” فێری چۆنیەتی فێربوون دەکەن. جیاوازیەک کە لە نێوان پەروەردە لە حیزبی دێموکرات و حیزب و رێکخراوەکانی چەپدا هەبوو، ئەوەیە کە: رێکخراوە چەپەکان ئەندامان و کادرەکانی خۆیان فێری ئەوەیان دەکرد کە “چی فێربن” و حیزبی دێموکراتی رێکخراوە و ئەندامانی فێری “چۆنیەتی” فێربوون دەکرد و چی فێربوون گرێدراو بە ویست، توانایی و پێویستی کاری ئەندام و کادری حیزبیەوە بوو.
رێکخراوی خۆفێرکار بە واتایەکی دیکە رێکخراوێکی زانست خوڵقێنەرە، ئەو رێکخراوانەی کە لەواندا زانست و زانیاری نوێ و داهێنانی کارێکی تایبەت بە پسپۆران و شارەزایان نیە، بەڵکوو جۆرێک لە کردەوەی هەموولایانەیە و شێوازێکە کە ئەندامانی رێکخراو بەکردەوە جێبەجێی دەکەن. بە واتایەکی دیکە رێکخراوی زانست خوڵقێنەر رێکخراوێکە، کە لەودا هەر کەسێک مرۆڤێکی داهێنەر و زانست خوڵقێنەرە. لەوەها رێکخراوێکدا هزر، باس و گفتگۆی بەکۆمەڵ و داهێنانی بیرو هزری نوێ پشتگیری لێدەکرێت و ئەندامان هاندەدرێن بۆ فێربوون و داهێنانی نوی.
ئەو جۆرە رێکخراوانە رێکخراوگەلێکن کە تایبەتمەندی ئایدیاڵیان هەیە و رێکخراوی ئایدیۆلۆژیک نین. بەڵکوو ئەوەی هاندەری ئەندامان و لایەنگرانی رێکخراوکەیە، ئارمان و ویستی رێکخراوەیە کە لە سەرووی ئایدیۆلۆجیەکانی بەرچاوتەنگ و سێکتراریستە. دکتۆر قاسملوو بە ئاگاداری ئەو راستیە هەولێکی زۆری دا رێکخراو و ئۆرگانەکانی حیزبی ببنە رێکخراوی خۆفێرکار و زانست خوڵقێنەر، بۆیە لە دارشتنی سیستەمی پەروەردەی حیزبی و پێکهێنانی فەرهەنگی رێکخراوەییدا، کەشی ئازد و دێموکراتیکی فێرکاری بە باشترین شێوەی فێربوونی زانیوە و بەرلەوەی کە ناوەرۆکی بابەتە فێرکاریەکان بکاتە سەردێری بابەتەکانی فێرکاری حیزبی، چۆنیەتی فێربوون و فێرکاری بردۆتە ناو رێکخراوەکانی حیزبی دا.
ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی سکرتێری قاسملوودا بەشداری فێرگەی سیاسی نیزامی بوون، لەوانەیە چاک لەبیریان بێت، کە یەکێک لە سەرەتاییترین بابەتەکانی پێوەندیدار بە فێربوون بەتایبەت لە بواری کاروباری کۆمەڵایەتیدا، فێرکردنی پێشمەرگەکان بە بنەماکانی دێموکراسی و خۆبەرێوەبەری بوو کە بە شێوەی هەڵبژاردنی شوورای پێشمەرگەکان بۆ کاروباری پێوەندیدار بە بەرێوەبردنی پێویستیەکانی پێشمەرگەکان وەک کاروباری تەداروکات، دابەشکردنی نۆرەی نیگابانی، بەرنامەکانی دیکەی پێشمەرگەکانی بەشدار لە دەورەدا. ئەو نموونە بچووکە وێنەیەکە لەو داهێنانەی کە دکتۆر قاسملوو بە ئەزموونی ولاتانی پێشکەوتوو لە خۆبەرێوەبەری و خۆفێرکاریدا بۆ ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هێنابوو.
ئەوەی لە رێکخراوی خۆفێرکاردا گرنگە گۆڕێنی جۆری کردار وەک بنەماترین بەشی فێربوون دەبیندرێن. فێربوون رەوتێکە کە لەودا کردار و ئەندێشەکانی کەسان دەگۆڕێت و تا بەشێوەیەکی دیکە بیر بکەنەوە و کرداریان بەو شێوەیە بگۆردرێت. بەو شێوەیە لە رێکخراوی خۆفێرکاردا فێربوون کاتێک بەجێ دێت، کە گۆرانکاری لە کرداری ئەندامانی ریکخراوەکەدا ببیندرێت. ئەم کردەوانە زۆرجار بە شێوەی راستەوخۆ دەبیدنرێن و گەلێک جاریش بە شێوەی ناراستەوخۆ هەست پێ دەکرێت.
زۆرجار رەخنە لە حدکا دەگریت، لە مەڕ هەڵسوکەوتی وەک سەردەمی شەڕی چەکداری و ئەوکاتەی کە گەورەترین هێزی کوردستانی بوو. ئەوم قسەیە تا ئاستێکی زۆر راستە و بەداخەوە لەوەرا سەرچاوەدەگریت کە رێکخراوی حیزبی دوای نەمانی دکتۆر قاسملوو و شەرەفکەندی ئاڵوگۆڕێکی ناوەرۆکی و سەردەمیانە بەخۆیەوە نەبینیوە.
رێکخراوی خۆفێرکار بە پێی سەردەم فێردەبێت و هەڵسوکەوتی خۆی دەگۆڕێت. رێکخراوی خۆفێرکار رێکخراوێکە کە کردەوەکانی لە رێگای ئاگاداربوونەوە تێگەیشتنی چاکتر باشتر دەبێت و ئاڵوگۆڕ و ریفۆرم لە خۆیدا پێک دێنێت و لە رێگای رەوتی پێوەندیەکانەوە پەلوپۆی کردەوە و هەڵسوکەوتی لە ناو کۆمەلگادا چاکتر دەکات و بەرەوپێش دەبات. رێکخراوەکان کاتێک دەتوا خۆیان بە رێکخراوی خۆفێرکار و زانستخوڵقێنەر بزانن کە خوێندنەوەیەکی چاک لە مێژووی خۆیان هەبێت و ئەو خوێندنەوانە وەک چرای رێگایان بکەنە رێنوێنی کار کردەوەکانیان.
فێربوونی رێکخراو پێڤاژۆی دۆزینەوەی کەموکۆری و هەڵەکان و راستکردنەوەی ئەوانە. فێربوونی رێکخراو لە سەر بنەمای بۆچوونی هاوبەش، هاوفکری و ئولگووری بیروزانست و ئەزموونەکانی پێشوو و رووداوەکانی داهاتوو دامەزراوە. حیزبی دیموکرات لە سەردەمی قاسملوودا لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩ دا بەو پێێە هەوڵی داوە چەندین گۆڕانکاری لە فەرهەنگی ریکخراوەیی، هەڵسوکەوت، پەروەردە و جۆری بیرکردنەوەی سیاسی پێک بێنێت و ناسنامەی رێکخراوێکی چالاک و زیندوو لە رووی رێکخراوەیی و گەشەکردنەوە بۆ حیزبی دیموکرات بەدەست بێنێت. ئەمرۆ بیست و پێنج ساڵ دوای نەمانی دکتۆر قاسملوو کەمترین ئالوگۆرێکی بنەرەتی لە فەرهەنگی رێکخراوەیی حیزبی دا پێک هاتووە و کەمترین کار کراوە لە پێناو ئەوەی کە رێکخراوەکانی حیزبی ببنە رێکخراوی بەڕاستی خۆفێرکار و زانست خوڵقێنەر. بۆیە ئەوەی کە پێی دەڵێن “داهێنانی فیکری” لە ناو ریزەکانی حدکادا کەمتر لە ئاستی پێویستە و کۆچی نوخبەگان و شارەزایان لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات بووتە رەوتێکی مەترسیدار و غەمباری ساڵانی رابردوو.
#قاسملوو #کوردستان #پەروەردە
مەجید حەقی – فینلاند