"an independent online kurdish website

ئا: ئاوینە، یەکێکیان خیانەتی لەوانی تر کردوە، شەوی ١٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٢ لەبەرلین لەڕێستۆرانتی میکۆنۆس، ژمارەیەک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان هەیە بۆ ڕاوێژکردن بەیەکتر، خاوەنی ریستۆرانتەکە (عەزیزی غەفاری) لەنێویاندایە.


بەشێك لەئێرانییەكانی دژ بەرژیم دێنە ئەم رێستۆرانتە، چونكە شوێنێكی دڵنیابەخش‌و ئارامە بۆ ئەوان. سەعید شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداریکردن لەکۆنگرەی جیهانیی حیزبە سۆسیالیست‌و سۆسیال دێموکراتەکان هاتۆتە بەرلین. ئەو بەبێ پاسەوان خەریکی قسە کردنەو ڕەخنە لەڕژێمی تاران دەگرێت. زمانەکەی زۆر ڕوون‌و راشکاوە. عەزیز، میوانداری کۆبونەوەکەی کردوە، لەنێوان مێزەکان و ئاشبەزخانەکەدا دێت‌و دەچێت بۆ پێشوازیکردن لەمیوانەکانی. چەند خولەکێک لەکاتژمێر ١٠ی شەو تێپەڕیوە کە “عەزیز” دەچێتە دەرەوەی ریستۆرانتەکە بۆ ئەوەی هەوایەکی تازەو پاک هەڵمژێت. ژنێک کە لەتەنیشت ریستۆرانتەکە دەژی، دەیبینێت‌و بەدەست سڵاوی لێدەکات، تیمی تیرۆریش دەتوانن بیبینن، تیمێک کە چاوەڕێی نیشانەیەکن.

“عەزیزی غەفاری” کە روبەڕوی شەرەفکەندی دانیشتووەو بەنۆشین‌و خواردنەوە پێشوازی لەمیوانەکان دەکات، لەساتێکدا لەشوێنەکەی خۆی هەڵدەستێ‌و قسە بەشەرەفکەندی دەبڕێ‌و بەدەست ئیشارەی بۆ دەکاو لێی دەپرسێت “دکتۆر بیرەیەکی تر بهێنم؟” پێش ئەوەی شەرەفکەندی بتوانێت وەڵام بداتەوە، کاتژمێر نزیکەی دە خولەک بۆ یانزەی شەو، یەکێک لەو دو کەسە چەکدارەی کە چونەتە ناو ریستۆرانتەکە (عەبدولڕەحمان بەنی هاشمی، ناسراو بەئەبو شەریف) هاوار دەکات “دایک سۆزانییەکان!” ٣٠ فیشەک دەتەقێنرێت (٢٦ تەقەی تفەنگی دەستڕێژو ٤ تەقەی دەمانچە)، فیشەکەکان بەر بەشێک لەئامادەبوان‌و مێزو دیوارەکە کەوتون. کاتێک بکوژی دووەم (عەباس راحیل) لولەی دەمانچەکەی ئاڕاستەی سەری شەرەفکەندی دەکات‌و سێ تەقەی (کۆتایی پێهێنان) لەسەرو ملی دەکات، شەرەفکەندی هێشتا لەسەر کورسییەکە دانیشتوەو هەموو جەستەی بەخوێن داپۆشراوە. لەدەوربەری ئەو تەرمی هەڤاڵەکانی کەوتونەتە سەر زەوی‌و خوێن‌و پاشماوەی نانخواردنی ئێوارە لەسەر دیوارەکە دەبینرێت. “عەزیز” گوێی لەدەنگی فیشەکەکانی یەکەم دەبێت‌و دواتر بێهۆش دەبێت. دوو فیشەکی بەر دەکەوێت: فیشەکێکیان بەر قاچی دەکەوێت‌و فیشەکی دووەمیش یەکێک لەگورچیلەکانی بریندار دەکات.

 تیرۆری ریستۆرانتی میکۆنۆس لە١٧ی ئەیلولی ١٩٩٢دا، گەورەترین هێرشی تیرۆریستی وڵاتێکی بیانی بوو لەسەر خاکی ئەڵمانیا لەدوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە رویدا بێت، کە شەپۆلێکی توڕەیی لێکەوتەوە. ئەم تیرۆرە تا ئەمڕۆش کابوسی کۆچبەرە ئێرانییەکانە کە لەدەست رژێمی تۆڵەسێنەوەیان هەڵهاتون‌و بون بەپەنابەر لەئەڵمانیا. ڕژێمی ئیسلامیی تاران بەبێبەزەیی و دڕندەیی لەڕادەبەدەر نەیارانی لەهەموو جیهاندا راودەنێت‌و سزایان دەدات. لەدیدی تارانەوە نابێت هیچ ئێرانییەک کە لەدەرەوەی وڵات دەژی دژ بەڕژێم کار بکات، نابێت هیچ ئێرانییەک هەست بەسەلامەتی و ئاسایش بکات. ئەمە پەیامی تیرۆری میکۆنۆس بو.

دادپەروەریی دژی دیپلۆماسی

دوای تیرۆرکردنی میکۆنۆس، ناکۆکییەکی بێ وێنە لەنێوان دیپلۆماتکارەکانی ئەڵمانیاو داواکاری گشتیدا رویدا. لەلایەکەوە ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە ویستیان ناسنامەی تاوانباران بناسن‌و سزایان بدەن؛ لەلایەکی دیکەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە دوای مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی هەوڵی دەدا پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دەستپێبکاتەوە، هیچ ئارەزوییەکی نەبو بەڕونی‌و ئاشکرا ئیدانەی ڕژێمی تاران بکات. ناکۆکییەکی کۆن لەنێوان دەزگای دیپلۆماسی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریی، بەڵام بەبابەتێکی نوێ‌و توندییەکی بێوێنەوە. دۆخی ئەمڕۆ جیاوازە، ئەمڕۆ داواکاری گشتی ئەڵمانیا پەنجەی تۆمەتی بەئاشکراو رونی ئاراستەی روسیا کرد سەبارەت بەسەلیم چانگۆشویلی کە لەساڵی ٢٠١٩ لەلایەن سیخورەکانی روسیاوە لەناوچەی تیرگارتن لەبەرلین کوژرا، لەم ڕێگەیەوە وەزارەتی دەرەوەو سیستەمی دیپلۆماسی ئەڵمانیا ناچار بەهەڵوێست وەرگرتن دەکات. بەڵام بەپێچەوانەی بارودۆخی ئەمڕۆوە، لەو سەردەمەدا، لەپێوەندی لەگەڵ تیرۆری بەرلیندا، دۆخەکە بەم شێوەیە نەبو، کاربەدەستانی لێکۆڵینەوەش دەبو هەوڵێکی زۆر بدەن بۆ ئەوەی دواجار سەرکەوتو بن لەجێگیرکردنی خواستی خۆیان بۆ سزادانی بکەرو نەخشەکێش‌و تاوانبارانی ئەم تیرۆرە. لەکۆتایی دادگاییکردنەکەدا (کە نزیکەی چوار ساڵی خایاند)، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران‌و هەروەها دەزگای ئیتلاعات‌و ئەمنییەت وەک ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە مەحکوم کران، پێنج بکوژەکەش سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا. بەڵام هەموو ئەم ماوەیە تەنانەت تا کۆتایی کاری دادگاش پرسیارێکی زۆر گرنگ بێ وەڵام مایەوە.

سیخوڕەکە کێیە؟!

بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکانی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا (BND)، هێرشبەرەکان لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن لەریستۆرانتی میکۆنۆسدا یەک سەرچاوەیان هەبوە، ئەویش نێوەندگیرێکە کە بەبێ ئەو نەدەکرا ئەم قەسابخانەیە روبدات. ئەم کەسە کێ بو؟

لەلێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، خاوەن ریستۆرانتەکە لەجێی سەرنجدایە. چ پەیوەندییەکی بەم ئۆپەراسیۆنەوە هەبو؟

شەوی تیرۆرکردنەکە، جگە لەگارسۆنێکی (غەیرە ئێرانی)و خاوەن ریستۆرانتەکە (عەزیزی غەفاری)، لەهۆڵی پشتەوەی ریستۆرانتەکەدا هەشت میوانی ئێرانی هەبو (چواریان کوژران).

چەند مانگێک دوای تیرۆرکردنەکە، هەموو سرنجەکان روەو “عەزیز” بون کە ئەو شەوە بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەویش بریندار بوەو لەنەخۆشخانە کەوتوەو لەگەڵ مردندا شەڕی دەکرد، بەڵام تەقەکردن و خەواندن لەنەخۆشخانە هۆکارێکی قەناعەتبەخش نەبو بۆ سەلماندنی بێتاوانییەکەی، چونکە ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە پارەی کاشیان لەریستۆرانتەکەیدا دۆزییەوە، پارەیەکی زۆر بۆ ریستۆرانتێکی سادەو کەم داهاتی وەک ریستۆرانتەکەی ئەو جێی گومان بو. جگە لەوەش یەکێک لەئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم تیرۆرەی دەناسی (کە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا). لەدیدی کۆچبەرانی ئێرانییەوە دەکرا “عەزیز” هەمان ئەو کەسە نێوەندگیرە یان ئەو سیخوڕە بێت کە بەشدارانی کۆبوونەوەکەی خستوەتە داوەوە. “عەزیز” لەلایەن کاربەدەستانی لێکۆڵینەوەوە گومانی لێدەکراو ئەوان هەموو تواناکانی لێکۆڵینەوەیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی هەموو شتێکی لێدەربهێنن. چوار تۆمەتبار سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا (لەڕاستیدا پێنج تۆمەتبار سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا)، بەڵام کەسی پێنجەم (لەڕاستیدا شەشەم) چی بەسەرهات؟

بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە نەتوانرا گفتوگۆ لەگەڵ “عەزیزی غەفاری” بکرێت. ئەو هەموو ئەم ماوەیە تەواو بێدەنگ بوە، زانیاری سەبارەت بەو زۆر کەم هەیە، بەڵام هاوڕێ و کەسوکاری پێشووی و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەو پارێزەرانی و هاوەڵ و هەڤاڵە کۆنەکانی و هەروەها شایەتحاڵەکانی تیرۆرکردنەکە بۆ یەکەمجار دەربارەی ئەو قسە دەکەن.

ئەوانەی قسەیان لەگەڵ کراوە نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت، بەڵام هەموویان دڵنیان لەوەی کە ئەو “سیخوڕە”. لەدانیشتنەکانی دادگاوە، کە نزیکەی سێ ساڵ و نیوی خایاند، وێنەی دانیشتنەکان‌و نوسراوێکی زۆر هەن کە هەموو وردەکارییەکانی تێدایە، جگە لەدۆسیەیەکی گەورەو زۆروزەبەند هەروەها لێدوانی شایەتحاڵەکان بەزمانی فارسی و ئەڵمانی. لەپشکنینی هەموو ئەم بەڵگە و لێدوانانە، وێنەیەکی دیکەی “عەزیز” دەردەکەوێ‌و ئەگەری ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەو لەپێوەندی لەگەڵ ئەم کوشتنە بەکۆمەڵەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەشاری بەرلین، شەقامی “پراگ” رویدا.

عەزیز لەدێزفولەوە تا بەرلین

کاتێک عەزیز لەساڵی 1951 لەشاری دێزفول لەپارێزگای خوزستان لەباشوری ئێران لەدایک بوو، هێشتا شا حوکمڕانی دەکرد. ئەو خاوەنی یازدە خوشک‌و برایەو لەئەنجامدا دەبێت هەر لەسەرەتاوە دەبو خۆی لەگەڵ کەموکوڕییەکان بسازێنێت. ئەگەر دۆندرمەیان بکڕیایە، دوانزە کەوچکیان پێویست بو، کاتێک شوتیان دەکرد بەدوانزە قاشەوە، شتێکی وای بەرنەدەکەوت. بەهۆی ئەو دەستکورتیانەوە لەهەموو دەرفەتێکدا پارەو شتی خەڵکی دیکەی دەدزی، بەتایبەت جلوبەرگ. ئەو هەوڵی دەدا ژیان رایی بکاو بەجۆرێک لەگەڵی رابێت.

“عەزیز” خوێندن تەواو ناکات‌و لە کارگەیەکی کیسی نایلۆن کاردەکات. کاتە بەتاڵەکانی لەگەڵ براکەی بەسەردەبات کە کەسێکی زۆر سیاسی بوە. ئەوان لەدیدێکی زۆر چەپ و ڕادیکاڵەوە دژی ڕژێمی شا خەباتیان کرد. لەو سەردەمەداو لەکاتی حوکمڕانی محەممەدڕەزا شای پەهلەوی زیندانی قورس بۆ ئەم جۆرە چالاکییە سیاسییانە هەبو. لەو سەردەمەدا لەنێو ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا سێ براو خوشکێکیان زیندانی سیاسی بون. هاوەڵان و هەڤاڵانی پێشووی “عەزیز” کە لەگەڵیدا لەزینداندا بون، بەکەسێکی نەخوێندەوارو شوێنکەوتوو “ناسیاسی” ناوی دەبەن. حەزی لەکتێب نەبو، بەڵام کەسێکی بەحەیاو ئەدەب بو کە هەمیشە نوکتەی دەگێڕایەوە. ئەو خەریکی وەرزش بوو. لەزینداندا مەشقی دەکرد تا دەست و قاچی بەسەر دیواردا سەرکەوێت. دەیوت “بەم شێوەیە دەتوانیت هەمو ئاستەنگەکان تێپەڕێنیت”.

“عەزیز” دوای هاتنەدەرەوەی لەزیندان ئاشنا دەبێت بە “عەسەل”، هاوسەری داهاتوی. دوای چەند ساڵێک، لەکاتی تیرۆری بەرلین لەیەکتر جیا دەبنەوە. هەر بۆیە پەیوەندی نێوان ئەم دوانە گرنگە. بەشێک لەهاوڕێیانی پێشوی خێزانەکەیان دەڵێن “عەسەل” خوێنەرێکی گەورە بووەو خۆی شیعری نوسیوە، بەڵام بۆ “عەزیز” پەیوەندی جەستەیی زۆر گرنگتر بوە. لەکاتێکدا “عەسەل” نەیدەویست ڕۆڵی ژنێکی ماڵەوە ببینێت، “عەزیز” دەیویست لەماڵەوە خواردن دروست بکات و خەریکی جلوبەرگ شۆردن بێت. هاوڕێ‌و ناسیاوەکانی پێشوی باس لەوە دەکەن کە “عەزیز” لەهاوسەرەکەی تێنەگەیشتوەو لەبەرچاوی کەسانی دیکەشدا دەیگوت “عەسەل” تەنانەت بەکڕینی جوتێک پێڵاوی نوێش رازی نابێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ناکۆکی‌و سەلیقە جیاوازەکانیشیان، بڕیار دەدەن پێکەوە لەئێران ڕابکەن.

لەساڵی 1978 شای ئێران روخا و ئایەتوڵڵا خومەینی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دیکتاتۆرییەکی نوێی دامەزراند. حکومەتێکی ئیسلامی کە چەپەکان سەرکوت‌و راودەنێت‌و لەناویان دەبات. برا سیاسی و چالاکەکەی “عەزیز” لەڕێگەی شاخەکانەوە هەڵدێت‌و خۆی دەگەیەنێتە پاریس. عەزیز لەگەڵ مناڵەکانی “حەیاو نەجیب” ڕێگەیەکی ئاسانتر هەڵدەبژێرێت، پاسپۆرت بۆ خۆی‌و هاوسەرەکەی‌و دو منداڵەکەی ئامادە دەکات‌و بەفڕۆکە دەچنە تورکیا. لەم کاتەدا کوڕەکەی تەمەنی شەش ساڵەو کچەکەیشی سێ ساڵە. کاغەزی ناسنامە نوێیەکانیان دەهێننە ئەڵمانیاو بەفڕۆکە دەچنە ناو بەرلین شوینفیڵد (فڕۆکەخانەی بەرلینی ڕۆژهەڵات)و لەوێشەوە لەساڵی ١٩٨٧ دێنە بەرلینی ڕۆژئاوا، هەر ئەو ساڵەی کە سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕیگان، لەبەردەم دەروازەی براندنبێرگ لەم شارەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی “بەڕێز گۆرباچۆڤ ئەم دیوارە لاببە”.

لەبەرلین “عەسەل”و “عەزیز” سەرەتا لەم خانەی پەنابەرانەوە دەچنە خانەیەکی تر، پاشان دەچنە لای هاوڕێکانیان و دواجار شوقەیەکی بچوک لە ناوچەی کرۆیزبێرگ بەکرێ دەگرن. دیواری بەرلین دەکەوێت‌و “عەزیز” بەرلینی ڕۆژهەڵات دەدۆزێتەوە. کاتێکی پڕ لەگێژاو بو، ئەو وەک هەمیشە ئەم سەردەمەش بەشێوازی ئاسایی خۆی تێیدا تێدەپەڕێنێت. دراو دەگۆڕێتەوە، پارەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، هاوڕێکانی دەیبینن بەشەقامی کۆدام لەبەرلینی ڕۆژئاوا دەسووڕێتەوەو بەدوای کچانەوەیە. زۆرجار درەنگانی شەو دێتەوە ماڵەوە. تا ساڵی ١٩٩١، ریستۆرانتی میکۆنۆسی لەبەرلین کڕی، شەقامی ژمارە ٢ی پراگ، لەناوچەی ویلمێرسدۆرف؛ ریستۆرانتێک کە دواتر دەبێتە شوێنێک هەندێک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆن تێیدا کۆدەبنەوە. کڕینی ریستۆرانت دەبێتە ژەهر بۆ ژیانی هاوسەرگیرییان. “عەزیز” زۆر جار لەبری ئەوەی بچێتە ماڵەوە لەهەمان ریستۆرانت دەخەوێت. منداڵەکانیان کە ئێستا تەمەنیان بوە بەحەوت‌و یازدە ساڵ، لەریستۆرانتەکە یاری دەکەن و تەنانەت هەندێکجار یارمەتی کڕیاران دەدەن و خزمەتیان دەکەن.

هەنگاو بەرەو گەنین

یەکەم بەرکەوتنی دەرەکی و بینراوی “عەزیز” لەگەڵ ڕژێمی تاران لە”هەفتە سەبز” (پێشانگای نێودەوڵەتی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری) لەبەرلین ڕوودەدات. وەک خۆی لەبەردەم دادگادا دەڵێت، لەژووری ئێران بەکازمی دارابی ئاشنا دەبێت. دارابی، ئەم پیاوە خڕیلەو کورتەباڵایەی کە کارمەندی وەزارەتی ئیتیلاعات‌و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە لەلایەن کونسوڵخانە یان باڵیۆزخانەوە، راسۆێردراوە لەپێشانگاکاندا ژورێک بۆ کۆماری ئیسلامی دابنێت، یان ڕێکبخات‌و بەڕێوەی بەرێت بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمی ماتەمینی عاشورا، خۆپیشاندانی ڕۆژی قودس، یان ڕێوڕەسمی تری تیا ساز بکات‌و لەم رێگەیوە هەوادار بۆ ڕژێمی تاران کۆبکاتەوە. بەڵام سەرنجی دارابی بەر لەهەر شتێک لەسەر هەڵهاتووانی ئێران و نەیارانی ڕژێمی تارانە. عەزیز بەو هەڵسوکەوتە هەمیشە ناسیاسییەی لەهیچ شتێک ناترسێت. ئەو دەربارەی دۆخی ئێران لەدارابی دەپرسێت‌و خواردنی لێدەکڕێت. دوای چەند ساڵێک، دارابی لەلایەن دادگاوە وەک یەکێک لەبکەرە سەرەکییەکانی هێرشە تیرۆریستییەکەی میکۆنۆس سزای (بەندکردنی هەتاهەتایی) بەسەردا سەپێندرا.

لەساڵی 1992 پەیوەندییەکانی عەزیز لەگەڵ ئێران زیادی کرد. لە تارانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ دێت، پیاوێک بە ناوی هاشمی کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە، چەندین جار پەیوەندی بەماڵەکەیانەوە دەکات. “عەزیز” خۆی و چەند شایەتحاڵێک لەبەردەم دادگادا ئەم بابەتەیان پشتڕاست کردووەتەوە. کاتێک “عەسەل” جارێک وەڵامی تەلەفۆنەکەی هاشمی دەداتەوە، واتە لەماڵەوە مۆبایلەکە هەڵدەگرێت و دواتر دەیخاتە دەست هاوسەرەکەی، “عەزیز” وا پیشان دەدات کە “هاشمی” ناناسێت. بەڵام، کەمێک دواتر، لەناکاو “هاشمی” لەبەردەم دەرگای شوقەکەدا وەستاوە، دێتە ژوورەوەو لەگەڵ “عەزیز” پێکەوە لەژووری میوان دادەنیشن. زەعفەران‌و فستقی لەئێرانەوە بۆ هێناوە. عەزیز دواتر لەرونکردنەوەی سەبارەت بەهاتنی ئەم میوانە سەیرو نائاساییە بانگهێشت نەکراوە، بەخێزانەکەی دەڵێت “ئەو [هاشمی] دەیەوێت پاسپۆرتی ئەسڵی ئێرانیمان بۆ بهێنێت، ئەو پاسپۆرتانەی کە ساختە نین”. هاوسەرەکەی (عەسەل) بەسەرسوڕمانەوە لەخۆی دەپرسێت: “ئەم کەسە بۆچی و لەبەر چ هۆکارێک دیارییەکی بۆ هێناین و بۆچی دەیەوێت پاسپۆرتی ئەسڵی ئێرانیمان پێبدات؟!”

دواتر عه‌زیز هه‌موو جارێك له‌ لایه‌ن هاوڕێكانی‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و هه‌روه‌ها له‌لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاشدا لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌كرا، له‌په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی هاشمی. لێکۆڵەران بێزارن لەوەی خاوەن ریستۆرانتەکە هیچ ناڵێت‌و هیچی لەبیر نییە.

دوای ماوەیەک ژیانی پێکەوەیی “عەزیز” و “عەسەل” کۆتایی دێت‌و خۆی ئامادە دەکات بۆ جێهێشتنی بەرلین. کەشەکە. کەشی کۆتایی ریستۆرانتی میکۆنۆسە. ئەو لەبەردەم دادگادا دەڵێت، چەند هەفتەیەک پێش تیرۆرکردنەکە، هەوڵیداوە لەڕێگەی چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی خانووبەرەوە کڕیارێک بۆ ریستۆرانتکەی بدۆزێتەوە، بەڵام، پێش فرۆشتنی، ئەو شەوەی ڕێکخست کە هەموو شتێکی گۆڕی.

پاش تاوانەکە

لە١٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٢دا، کۆبوونەوەی بەشێک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەگەڵ شەرەفکەندی لەرێستۆرانتێکی میکۆنۆس بەڕێوەچوو. “عەزیز” هەموو شتێکی ئامادە کردوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ کەسێکی تر شەرەفکەندییان لەفڕۆکەخانەی تگلەوە برد بۆ هۆتێلەکە. شەوی ١٧ی ئەیلول، هەشت ئەندامی ئۆپۆزسیۆن لەریستۆرانتەکە ئامادەن‌و “عەزیز” خواردن‌و خواردنەوە پێشکەش دەکات. میوانە بێ خەبەرو بێ گومانەکان لەهەمو لایەکەوە دانیشتوون و گفتوگۆ دەکەن. لە ناو ریستۆرانتەکەوە بانگی بکوژەکان دەکرێت (جارێک تەلەفۆنەکەیان لێدەدات)و تیمی تیرۆرکردنەکە ئاگادار دەکرێنەوە کە میوانەکان لەریستۆرانتەکەدان. کێ بانگی کردون هەرگیز رون نەکرایەوە.

ماوەیەکی کەم پاش کاتژمێر دەی شەو “عەزیز” لەریستۆرانتەکە دەردەچێت. لێکۆڵەران پێیان وایە کارەکەی ئاماژەیەک بووە بۆ تیمی تیرۆرکردنەکە تا ئاگاداریان بکاتەوە کە میوانەکان هێشتا لەریستۆرانتەکەدان. دوای تیرۆرکردنەکە لێکۆڵەران لەریستۆرانتەکەدا ٥ هەزار مارکیان دۆزییەوە. عەزیز لەنەخۆشخانەیەو مەترسی مردنی لەسەرە. ئەو لە CCU لەژێر چاودێری چڕدایە.

“عەزیز” کە پێی وابوو لەو هەلومەرجانەدا لەکۆتایی ژیانی نزیک دەبێتەوە. لەسەر تەختی نەخۆشخانە لەگەڵ هاوسەرەکەی باسی ئەو پارەیە دەکات‌و رایدەسپێرێت بۆ منداڵەکانیان خەرج بکرێت. هه‌روه‌ها به‌پۆلیس ده‌ڵێت دهشێت روداوەکە ده‌ستی ڕژێمی ئێرانی تیا بێت‌و لەتیرۆرکردنەکەوە گلا بێت. به‌م شێوه‌یه‌ پۆلیس به‌ئاڕاسته‌ی ڕاستدا ڕێنوێنییان ده‌کات. بەڵام، هەر ئەوەندەی کە تێگەیشت لەژیاندا دەمێنێتەوەو نامرێت، “عەزیز”ی ڕاستەقینە جارێکی دیکە لەناو ئەودا زیندوو دەبێتەوە؛ هەمان ئەو “عەزیز”ە لێزانەی دەیویست بەسەر دیواری ڕاستدا سەرکەوێت.

ریستۆرانتەکەی بەخانمێکی ئەندەنوسی‌و هاوسەرە ئەڵمانییەکەی دەفرۆشێت. پاشان، سەرەتا، دەچێتە پاریس، بۆ لای براکەی، کەمێک دواتر دەچێتە شاری دوسێلدۆرف، کە هاوڕێیەکی دێرینی ژیانی لێیە. لەبەرلین داروپەردووی پەیوەندییە کەسییەکانی خۆی بەجێدەهێڵێت. هاوڕێیان بەهۆی ئەوەی گومانیان لێی هەیە، لێی دوردەکەونەوە. لە “عەسەل” جیا دەبێتەوە. “عەسەل” ئامادە نییە 5000 مارکەکە وەربگرێت؛ لەفرۆشتنی ریستۆرانتەکەش هیچی دەست ناکەوێت. “عەزیز” پێیوایە کارەکان تەواو بوون. بەڵام، جارێکی تر توشی کێشە دەبێتەوە، چونکە نەک تەنها هاوڕێکانی پێشوی بەڵکو ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەش گومانی لێدەکەن کە هاوکاری ئەنجامدەرانی تیرۆرەکەی کردوە.

دادگای میکۆنۆس لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٣ لە بەرلین دەست بە کارەکانی دەکات. تۆمەتباران، (کازم دارابی)‌و چوار کەسی دیکە لەبەردەم دادگادان. “عەزیز” دەبێت چەند جارێک وەک شایەتحاڵ وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، بەڵام ئەو، دیسانەوە ڕۆڵی هەمان “عەزیز”ی لێزان دەبینێت. شایەتحاڵەکان، ئامادەبووانی دادگاو وێنەی دادکایکردنەکان هەموویان گەواهی پرۆسەیەکی زۆر توندی پرسیارو وەڵامدانەوە دەربارەی ئەون:

لێکۆڵەر: تۆ بەکۆی گشتی ١٠٠ هەزار مارکت داوە بەریستۆرانتەکە، ئەم پارەت لە کوێ هێناوە؟”

عەزیز: پێشتر ئەم پارەیەم هەبو.

لێکۆڵەر: بۆچی ئەم بڕە پارەیەت بەکاش داوە؟

عەزیز: من لەم روەوە کڕیارێکی بەئەزموون نەبوم.

لێکۆڵەر: “ئێستا بۆمان رونبکەرەوە کە ئەم بڕە 100 هەزار مارکەت لەکوێوە هێناوە؟

عەزیز: “من لێرەدا مافەکانی خۆم بەکاردەهێنم و بەهۆی ئەو سزا ئەگەریانەی کە دەتوانن لەئەنجامدا بیدەن، پێتناڵێنم پارەکەم لەکوێوە هێناوە.

لێکۆڵەر: ئێوە ڕاستەوخۆ دوای تیرۆرکردنەکە بەپۆلیستان گوت کە یەکێک لەبکوژەکان پاڵتۆیەکی سەوزی تۆخی لەبەردا بوە، وەک پاڵتۆیەکی سەربازی، ئایا ئەمەت ییردەکەوێتەوە؟

عەزیز: نەخێر بەداخەوە، بیرم نییە قسەیەکی لەو شێوەیەم کردبێت.

لێکۆڵەر: کەسێک دەناسیت بەناوی هاشمی؟

عەزیز: بەئامادەبوونی هاوسەرەکەم وەڵامی ئەوم دایەوە، ئەو تەلەفۆنی بۆ هاوسەرەکەم کردبو، هەرگیز ڕون‌و دیار نەبووەتەوە کە ئەم کەسە کێیەو دەیەوێت لەگەڵ کێ قسە بکات.

لێکۆڵەر: “ئەو شەو چوویتە دەرەوە لە ریستۆرانتکە بۆ ئەوەی هەوایەکی پاک هەڵمژێت یان نا؟

عەزیز: من لەم رووەوە هیچم لەبیر نییە.

ئەفسەرانی لێكۆڵینەوە بێدەسەڵات و بێهیوان، چونكە كەیسەكەیان پڕە لەبەڵگەی دژی “عەزیز”، بەڵام توانای ئەوەیان نییە لەدادگادا بیسەلمێنن، واتە دابینکردنی بەڵگەنامەیەک کە بەس بێت بۆ ئەوەی دادگا سزای بدات. “عەزیز” بەبێ ئەوەی سزا بدرێت، دادگا بەجێدەهێڵێت، ئەو ئازادە.

ئایا بەڕاستی “ئازاد”ە؟!

پاش کۆتایهاتنی کاری دادگا (و بڕیارەکەی لەنیسانی 1997) “عەزیز” دەبێتە دانیشتوی شاری دوسێلدۆرف‌و ساڵانە چەند جارێک سەردانی ئێران دەکات. ئەو داوای هاوکاری دەستەبەری کۆمەڵایەتی (Sozialhilfe) لە دوسێلدۆرف دەکات. هاوڕێکانی باس لەوە دەکەن کە ناوبراو هەروەها داوای قەرەبووی لەسندوقی هاوکاریی خۆراک‌و ریستۆرانتەکان کردووە بەهۆی ئەو زیان‌و بریندار بونە جەستەییەی کە بەهۆی فیشەکەوە بەر جەستەی کەوتووە، کە بەڕواڵەت مافی یارمەتی کۆمەڵایەتی کە تا ئێستاش وەریدەگرێت، لێبڕاوە. جگە لەوەش لەئێرانیش کاری بازرگانی دەکات. کەسێک کە باش دەیناسێت دەڵێت “وەک پاشا” لەوێ دەژی.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌بکەرە‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تری تیرۆری میكۆنۆس له‌ئێراندا ده‌ژین، له‌وانه‌ سه‌رۆكی تیمی تیرۆركردنه‌كه‌، عه‌بدولڕه‌حمان به‌نی هاشمی كه‌ توانی دوای تیرۆركردنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ به‌ره‌و ئێران ڕابكات. یان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە، عەلی فەلاحیان، وەزیری ڕاگەیاندن‌و ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە تا ماوەیەک لەمەوبەر ئەندامی “شورای خوبرەگانی رەهبەری” ڕژێم بوە. یان سەرۆکی ئەوکات‌و یەکێک لەبەرپرسەکان، عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی کە بێگومان لەساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کردو عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەو بەرپرسی تایبەتی کاروباری دەرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌و هەروەها ڕێبەری ئایینی ڕێژیم کە تا ئێستاش لەپۆستەکەیدایە. کازم دارابی، ڕێکخەرو هەماهەنکەریی هێرشە تیرۆریستییەکەی بەرلین‌و پەیوەندیی نێوان ژووری ئێران لەپێشانگای “هەفتەی سەوز”و عەزیز، کە ساڵی 1997 لەلایەن دادگای بەرلین سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. بەڵام دوای ١٥ ساڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە ڕادەستی ئێران کرایەوە. دارابی (نزیکەی دو ساڵ لەمەوبەر) بیرەوەرییەکانی خۆی دەربارەی کاتەکانی لەزیندان‌و هەروەها دیموکراسی داڕماوی ئەڵمانیا بڵاوکردەوە، کتێبەکەی بوە باشترین کتێبی بەڵگەنامەیی ساڵی ٢٠١٩. دەگوترێ “عەزیز”یش لەمەراسیمی خەڵاتکردنەکەدا ئامادەبووە، بەڵام گێڕەرەوەی ئەم بابەتەش ناتوانێت هەموو شتێک بەوردی بەبیر بێنێتەوە.

ئا: ئاوینە

سەرچاوە: Die Zeit

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی