مرۆڤ لەو سەرزەویە بەگشتی هەم مافی هەیە و هـەم ئەرکی لە سەر شانە، مخابن زۆر لە ئێمە ئەرک و مافەکان یـان ناناسین یان پشت گوێیان دەخەین، هەر بۆیەش ڕەچاویان ناکەین و هەڵە و تاوانیش
ئەنجام دەدەین و مافی خەڵکی تریش پێشێل دەکەین. ئێمەی کوردیش لەو قانونە بەدەر نیە. بابەتی باسەکەی مـن ئـەوە نـیە. ڕوی قسـەم لـە مـامـۆستایـانی ئایینی کوردستانـە. ئـەوان پـێـیـان دەکوترێ پێشەوای ئایینی هەر بۆیەشە دەبێ لە پێشەوەی خەڵک بن. ئوسولەن مامۆستای ئایینی نابێ وەدوای هیچ کەس بکەوێ جا ئـەو کەسە لـە هـەر پلەیەک دابێ، چونکە ئیمامی مەلا دەبێ قـورئـان بێ. دیـارە پێشەنگ مەترسی زۆری لە سەر ڕێگا هەیە، بەڵام هەم پلەی لە خەڵکی ئاسایی بەرزترە، هەم بەرپـرسایەتی زۆرتـریشی لە سەرشانە. بۆیە خەتایەکی گەورەیە ئەرکێک وەئەستۆ بگری کە نـایـزانی یـان نـاتـوانی یـان نـاتەوێ ئـەنـجامی بـدەی یـان ئەگەر وەئەستۆت گرت خەیانەتی تێدا بکەی. ئەگەر پێشەينگ لـە ڕێگای ئـەسڵـی خـۆی لایـدا لـێـپـرسیـنەوەی قورسی دەگەڵ دەکرێ، چونکە نەک هەر خۆی، بەڵکو خەڵکانێکی تریشی هەتڵە کردوە .
مامۆستایانی ئایینی دەبێ بزانن کە دەشزانن گەڵی کورد بەشێکە لەو مرڤانەی کە خوا فەرمویە {ئەی مرۆڤەکان ئێوەم لە نێرو مێیەک خستۆتەوە.} کەوایە هـاتنـە دیمان وەک مرۆڤەکانی دیکەیە و فەرقـمان نیە. ئێمە گەڵێکین کە پێیمان دەکوترێ کورد، کورد بوونەکەشمان هەر فەرمانی خوایە کە فەرمویـە {کردومـن بـە چەنـد گەل و هۆزێک تا یەکتر بناسن هاوکارویاریدە دەری یەک بـن} کەوابـوو ئـەوانەی فەرمانی جیهاد و کوشتنمان دەدەن دروست بە پێچەوانەی ئەمری خوایی عەمەل دەکـەن . ئەوانەی خۆشیان پێی لەئێمەی ماقوڵترو مەزنترە ،هەڵـەن چـونکە خـوا فەرمـویە ماقوڵترینتان لای من ئەوانن زیاتر فەرمانەکانی من بەڕێوە دەبەن. بەو پێێە هـەم بونی خۆمان و هەم زێدو نیشتمان و ماف ئازادیمان خـوا پێی داوین ، بـۆیـە وەک ئەرکێـکی ئـایـیـنـیـش بەرگری لێدەکەین ودەڵـێم : داوای گەلی کورد ڕەوایە و ئەرکی ئایینیەو هـیچ دژایەتیەکی دەگەڵ دین نیە .
مامۆستایان باش دەزانن کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە مێژە هەیەو تـازە دانەهێندراوە. شلو توندی هەبوە بەڵام هەرگیز ڕانەوەستاوە.تەمەندارەکان دەزانن جیلی نوێش بابزانن جوجرەی فەقێیان لە تاریکترین کاتەکانی خەباتی کوردایەتی دا مەکۆو دەفتەری کاری شۆڕشگێڕان بـوە . زۆر جـار کـادری حیزبی لەجل و بەرگی فەقێیەتی کەڵکی وەرگرتوە بۆ پێوەندی دەگەڵ خەڵک .تەنیا شوێنی ئەمین و باوەڕپێکراو حوجرە بوە. کەسیش نیە نەزانێ پێشەواو پێک هێێنەری کۆماری کوردستان مەلا وبەرزتر لەمەلاش قازیش بوە، سەریشی لە پێناوی ئامانجی گەل داناوە. لە هەمو کاتەکاندا لە سەفی شۆڕشگێڕانـدا مـەلای زۆر زانـاو لـێهـاتـوش لە پلەی ڕێبەرایەتیڕا تاپێشمەرگەی سەنگەرهەبون وئێستاش هەرهەن . نمونەیان زۆرن کە ناکڕێ ناوی هەمویان بنوسم تەنیا (مەلا مەحمودی زەنگەنە، حاجی مەلا بـرایـمی ڕوستەمی ) و زۆریـتر .دیـارە سیـاچاڵـەکانی حەمـەڕەزا و خومەینیش بێێ مامۆستای ئایینی نەبوە. واتە مەلایان بەقەدەر قوارەی خۆیاـن لـە شۆڕشدا لەکەسانیتر کەمتریان نەکردوە.
ئێستا پاش ٤٣ ساڵ لە خەباتی خوێناوی گەلەکەمان دژی کۆماری بەناو شیـعـەی ١٢ ئیمامی ئێران ، ئەو خەباتە بەردەوامەو قوربانی زۆرو بـەنـرخی داوە . سیا چاڵەکانی ئەو کۆمارە لە شۆڕشگێڕو مافخوازان ئاخندراوە . لە سایەی خـوێـن و خەباتی کوردو گەلانیتری ئێران شنە بای ئازادی هەڵیکردوە و هەل و مەرج و دەرفەتێک ڕەخساوە گەلانی ئـێران یـەکیان گرتـوەو بـە دژی کـۆماری خـوێـن و خەیانەت ڕاپەڕیون و دروشمی ڕوخانی ئەو بەناو کۆمارەیـان بەرز کردۆتەوە. لەوهەل ومەرجە ناسکەدا دەنگی یەکگرتویی هەمو ئێرانی گرتـۆتەوە ، لەو یەک گرتنو ڕاپەڕینەدا مخابن شوێنی مامۆستایان دیار نـیە. دەورو نـەخشی ئـایـیـنی و نەتەوەیی خۆیان نەگێڕاوەو تێکەڵاوی ئاپۆرەی گەل نەبون وخۆیان بەدور گرتوە کە دەبو لەو دەرفەتە لەبارەدا قەرەبوی کەترەخەمیەکانی پێشوشیان بکەنەوە. ئەو دەرفەتە لەبارە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر خواو گەلدا ڕوسـورو سەر بـڵـنـد بمێننەوە . دڵنیا بن وەک دوژمنەکەمان تۆمەتبارمان دەکا ، کورد نـە بەستراوەی ئیپڕیالیزم و سەهیۆنیست وبیگانەیە، نە کافرو دژە دینە ، گەلێکی ئازادی خوازو ئاشقی سوڵح وئـاشیتە وقـوربانی زۆرگەورەشـی بـۆداوە. کـۆماری ئـیـسلامـیش بـە تـڕۆڕی ڕێبەرانی کورد لە سەر میزی وتو وێژ هـەم ئـەو ڕاستیەی بـە دنـیـا نیشان داوە هەم جینایەتکاری و تڕۆڕیستی خۆی بۆ جیهان سەلماندوە.
مامۆستایان کاتی یەکگرتویی وڕاستە ڕێگە هەڵبژاردنە، لادانتان لە ڕێگای حەق وداد پەروەری دەبێتە هۆی بێی ئیعتیبار بونتان و تاوانباریتان . بەلاڕێدا بردنی خەڵک لەبارەگای حەق و گەل دەبیـتە هـۆی بـەر پـرسایـەتی و سـەرشـۆڕیـتان. دوێنێ ١٧ڕبیع الاول ساڵی ١٤٤٤کۆچی کۆنفەڕانسی بە نـاو وەحدەتی ئیسلامی بوو،لەو کۆنفەڕانسەدا کەڕۆژی جێژنی میلاد لە مەزهەبی جەعـفەریدا بـوهەمـو نووینەرانی ڕاستەو خۆی خامەنەیی واتە ئیمام جومعـەکانی سەرانسەری ئـێـران بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو جێژنەی ئیمامەکان لە تاران کۆبـونـەوە کە ئـەوجێژنـەیـە نە واجبە و نەسونەت، بەڵام مخابن ڕێبەرانی ئایینی کوردستان قەت جارێک کۆ نـەبونـەوە بـۆ مەحکوم کردنی ئـەوهـەمـو غـەدروخەیـانـەتەی کە دەکرێێ دەگەڵ کوردان.هـێنـدێکیان دەڵـێـن ئێمە لـە زاری ئەژدیهاداین ، ئەدی پێمناڵێن پێغەمبەر ئەگەر دەستی بە ڕاگەیاندنی ئیسلام کرد لە کوێ بوو ؟! تـۆبـڵێێ داوای ڕزگاری نیشتمان وسەربەخۆیی و ئازادی گەلێکی زێدو ئازادی داگیر کراو کە بـە دەقـی قورئانی بەشێکە لە دەسکرەکانی خوا و داوای دیاریکردنی چارەی خۆ نـوسـینی گەلێک گوناحی کەبیرە بێی کە مامۆستایانی ئایینی کورد نـاوێـرن باسی بکەن ؟! بابەتەکە زۆر هەڵدەگرێی من بەوەندەی دەیبڕمەوە : بە پێی ئایەتی قورئانی زاڵم لە هەمو کەس خراپترە، بەرەنگار بـونی زاڵمـانـیش ئـەرکی ئـیمـانی و ویـژدانی وئینسانیە، هەرکەس خۆی لێی ببوێرێ گەورەترین تاوانی ئەنجام داوە. پێشەنگی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە مامۆستایانی ئایینین . هـەرکامەیـان ئـەرکەکەی خـۆی بـە جێ نەهێنی گەورەترین تاوانی ئەنجام داوە و لـە لای خـوا و گەلەکەشی نەفرینی لێکراوە .
ئەوەی دەینوسم لە ڕوی هەستێکی خودادادی نـەتەوەیـیە .مـەزڵـومـیەتی گەلەکەم حوکم دەکا کێ چێ لەدەست دێی دەبێێ بەرەنگاری زاڵم و زۆرداران بـبێتەوە .
خواش ئەوەت داوا لێدەکا کە لە توانات دایە .
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٢٣ ڕەبەری ٢٧٢٢ کوردی
١٥ / ١٠ /٢٠٢٢ زایینی