"an independent online kurdish website

چەند مانگێکە ڕێژیمی ئێران هاژەکباران و هێرش بە درۆن بۆ سەر  بنکە و  کەمپی بنەماڵەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لەهەرێمی کوردستانی زیاتر کردوە.

ئەم هێرشە دڕندانانە شەهید بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی پێشمەرگە و تەنانەت ژن و منداڵیان لێ کەوتووەتەوە. سوپای پاسداران، شانبەشانی بەردەوام بوونی  لە سەرئەو جۆرە هێرشانە، هەڕەش و ئامادەکاریی هێرشی زەمینی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەکا.

بیانووی ڕێژیمی بێزراوی ئێران، بوونی بنکەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستانە. راستییەکەی ئەوەیە ئەم حیزبانە لە هەرێمی کوردستانەوە، پەلاماری چەکدارییان نەبردووەتە سەر بنکەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵات وهەڕەشەیەکی چەکداری بۆ سەر دامەزراوە نیزامییەکانی  کۆماری ئیسلامی نەبوون و نین. کەواتە ئەم هێرش و هەڕەشانەی لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟ 

زیاتر لە دوو مانگە ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بەرەوڕووی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لە نێوخۆی ئێران بووەتەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵە دڕندانە و سەرکوتکەرەکانی، نەیتوانیوە ناڕەزایەتیدەربڕینەکان دامرکێنێتەوە. لە گەڵ ئەوەی سەدان شار و شارۆچکە و زانستگەی وڵات لەو ماوەیەدا مەیدانی ئاخێزی خەڵک و دروشمی مەرگ و ڕووخان بۆ خامەنەیی  و ڕێژیمەکەی بوون، بەڵام ئاشکرایە هەم چەخماخەی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لێدرا، هەم ئاستی بەشداریی خەڵک و ڕچەشکێن بوونیان لە بەکارهێنانی تاکتیک و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە،  جیاوازییەکی گەورەی لە گەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران هەیە. ئەم ڕاستییانە وایان کردووە سوپای پاسداران وەک بڕیار بە دەستی سەرەکی لەو ڕێژیمەدا، بیر لە قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بکاتەوە. هەرێمی کوردستانیش لە ڕوانگەی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، بۆ ئەم مەبەستە لە وڵاتانی دیکەی درواسێی ئێران گونجاوترە. لە لایەک بە خەیاڵی خۆیان سەرنجی بیروڕای نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە راپەڕینە سەرانسەرییەکەی نێوخۆ لاڕێ دەکەن  وبە قەیرانێک لە دەرەوەی سنوور سەرقاڵیان دەکەن، لە لایەکی دیکەوە، تێکۆشەران و بنکە و دامەزراوەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن بە ئامانج و زەبریان لێ دەوەشێنن.

ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران لە ڕقی کۆن و نوێ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لێوڕێژ بووە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێژیمەی نەویستووە ، ئێستاش  ئەوە ڕۆژهەڵاتە بووە بە  وەڕێخەر و چەقی شەپۆلەکانی ڕاپەڕینی سەرانسەری. ئەو جۆگەلە خوێنەی لە دوو مانگی ڕابردوو و بە تایبەتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان بۆ وێنە لە مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و پیرانشار وەڕێخراوە، سەرچاوەکەی بۆ ئەم ڕقە ئەستوورە دەگەڕێتەوە و شتێک نییە جگە لە تۆڵە ستاندنەوەیەکی داگیرکەرانە بەرامبەر خەڵکێکی ڕاپەڕیو لە کۆیلەیی و داگیرکراوی. سوپای پاسداران نیازی ئەوەی هەیە تاوان و دڕندەییەکەی لە نێو هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر بە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان هاوشان و تەنانەت چەند قاتی دڕندەیی دژی خەڵک نێوخۆی ڕۆژهەڵات بێ.

لەم نێوەدا ئەوەی نابینرێ دەنگێکی ڕاشکاو و هەڵوێستێکی شیاو لە جەماوەر و بژاردە و شەقام و کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستانە. ئەگەر نووسین و هەڵوێستی  ڕاشکاوانەی ژمارەیەک کەسایەتیی ڕۆشنبیر و، هاوسۆزی، هاوخەمی و هاوکاریی  جێگەی سوپاس و پێزانینی شار و شارۆچکە و گوندەکانی نزیک کەمپی بنەماڵە و بنکە بە هاژەک و درۆن وێرانبووەکانی لێ دەرچێ، لە راستیدا دژکردەوەیەک و هەڵوێستێکی جەماوەری، بەدی ناکەین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، کەسایەتییە ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکان و بە گشتی خەڵکی هەرێم، لە ئاست بەشێک لە نەتەوەکەیان کە بەم جۆرە لە نێوخۆ و تەنانەت لە نێو هەرێمی کوردستان و لە بەرچاوی خۆیان بەرەوڕووی قەڵاچۆ بووەتەوە، هیچ بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقی، نەتەوەیی و مرۆیی و مێژوویی لەسەر شانی خۆیان هەست پێ ناکەن؟ !!

چاوەڕوانی و داوا و تکای ڕۆژهەڵاتییەکان لە هاونەتەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە دەنگ و هەڵوێستیان هەبێ. ئەم بێهەڵوێستی و بێدەنگییەتان جگە لەوەی ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ کوشتار و وێرانیی زیاتری ئەو ڕێژیمە دژی ڕۆژهەڵاتییەکان، ڕووهەڵماڵاوتریشی دەکا لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێم و، ئەو پەڕی بێڕێزی بە کەرامەتی دانیشتووان و ئاسایش وئارامی لە هەرێمی کوردستان. ئێستا کاتی ئەوەیە مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران، مامۆستایانی ئایینی، ڕۆشنبیران، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و هتد، وەڵامی بانگەوازی ویژدانی خۆیان بدەنەوە و بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان و مانگرتن دژی قەڵاچۆی ڕۆژهەڵاتییەکان بە هۆی ئەو ڕێژیمە دڕندەیە، ئەرکی نەتەوەیی و مرۆیی خۆیان لەم ساتەوەختە مێژووییەدا جێبەجێ بکەن. بەو هیوایەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەموو کارەسات و مەینەتەکانی هەرێمی کوردستاندا، پشتیوانی خەڵکەکەی بووە، لە ڕۆژە رەش و خوێناوییەکانی ئێستای خۆیدا، دووبارەبوونەوەی ئەم هاوپێوەندی و پشتیوانییە، لە خوشک و براکانی باشووری کوردستان ببینن.

قادر وریا ٢٠٢٢/١١/٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی