"an independent online kurdish website

ماوەی حەوتوویەکە هێزی سەرکوتکەری ئایەتوڵڵاکانی ئێران بە چەک و کەرەسەی قورسی سوپاییەوە گەیشتوونەتە ئەو دوو شارەی موکریان، دەروازەکانی هاتوچۆیان داگیر کردووە،

هاموشۆی خەڵک و هاوردە و بردەی شتومەکیان خستۆتە بەرچاوەدێریی توندوتیژ؛ بە شەقامەکاندا دەگەڕێن، بە بێ هۆکار خەڵک ڕادەگرن و دەیانپشکنن؛ تەلەفونی مۆبایلی خەڵک بەتایبەت لاوەکان زەوت دەکەن، جنێویان پێدەدەن و سووکایەتییان پێدەکەن، ماڵان دەگەڕێن، هەرکەس بخوازن دەیگرن،  هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر گیراوە کوردەکانی ناو زیندانی ورمێ و زیندانە لەپاولەپەکانی دیکەی کوردستان کەم نییە. سەبازانی ئیمامی زەمان بەتایبەت  لەو دوو شارەدا بەرگری لە کردنەوەی دووکانان دەکەن و ناهێڵن بژیو و پێداویستیی ڕۆژانە بە خەڵک بفرۆشرێت، نانەواخانەکان قەرەباڵغن و سوپای داگیرکەر و بەسیج  لە سەفی ناندا سووکایەتی بە خەڵک دەکەن و لێیاندەدەن؛ دابینکردنی دەرمانی نەخۆش و بریندار گەلێک ئەستەمە، شیری منداڵ و کەرەسەی پاک وخاوێنی کەمتر دەست دەکەون و ئەگەریش هەبن، گرانە. ئینترنێتیان بڕیوە و تەلەفونی مۆبایلی خەڵک کار ناکەن کە بتوانن وێنە و فیلمی ئەو زۆرداری و ملهوڕییانە بگرن و بڵاوی بکەنەوە. لەئەنجامدا، هەواڵەکان ناگەنە دەرەوە و مێدیاکان لە ڕاگەیاندنی ئەو بارودۆخی نالەبارە بێدەنگن. پڕۆژەی ڕژیم بریتییە لە برسی و موحتاج ڕاگرتنی خەڵک و نەگەیشتنی دەرمان بە نەخۆش و برینداران بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان گەلەکەمان بە چۆکدا بێنن و کەسایەتی و شانازییەکەی تێک بشکێنن.

بەگشتی بارودۆخێک بەسەر شارەکان و ناوچەی دەوروبەریاندا زاڵە کە تەنیا دەکرێ بە داگیرکەریی هێزی لاوەکی بۆ سەر وڵاتێک بشوبهێندرێ. کەس نییە بەدەنگی خەڵکەکەوە بێت، هیچ کوردێک لە دەسەڵاتداریەتی ئێراندا نییە و ئەوانەی وا بە قسە نوێنەری خەڵک لە پەڕلەمانن متەقیان لێبڕاوە تەنانەت لە مەجلیسی دەستنێژی خامنەییشدا دەنگێکی ناڕەزایی هەڵنابڕن نەکا پۆست و مەقامە ناحەقەکەیان لەدەست بچیت و مووچە و مانگانەیان بکەوێتە مەترسییەوە.

لەو هەلومەرجە نالەبارەدا ئەرکی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، بە تایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات گرنگتر لەجارانە، ئەوان دەتوانن ببن بە دەنگی خەڵکە بێدەنگکراوەکە و هاواریان بە جیهان و بە تایبەت بە نێردەی تایبەتی یووئێن بۆکاروباری ئێران و کومیتەی تەحقیقی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕابگەیەنن.

لە ڕۆژانی ئەو توندوتیژی نواندنانەی ڕژیمدا سەرەک کۆماری گەمژەی دەستنێژی خامنەیی بۆ بەلارێدا بردنی سەرنجی بیروڕای گشتی لەو جینایەتانەی مەئموورەکانیان لە موکریان دەیکەن، چۆتە شاری سنە و لەبەردەم هەندێک جاش و ‘مەئمووری مەعزوور’دا وتاری زانایانە و بڵیمەتانەی فەرمووە؛ وەک هەمیشە، تاوانی ناتەواوییەکانی خستۆتە ئەستۆی ‘ضدانقلاب’ و سیستمە دز و خوێڕییەکەی خۆیانی کردۆتە دایکی میهرەبانی گەلی کورد- هەر ئەو گەلەی وا چەند کیلۆمەتر ئەولاوەتر، لە بۆکان و مەهاباد بە دەست سەربازەکانی ئیمامی زەمانی خۆیەوە ئەو ڕەنجە دەکێشن کە دەیکێشن.

ئەمڕؤ، ئەرکی هەموو دەزگایەکی هەواڵدەریی کوردی و بە گشتی هەموو تاکێکی کورد لە دەرەوەی ئێرانە لە بەرانبەر ئەو داگیرکەری و پێشێلکرانی مافە سەرەتاییانەی خەڵکی ئەو دوو شارە و هەموو شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەمێنن و ئەوەی لەدەستیان دێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکە بێتاوانەکە درێغی نەکەن.

سەرکەوتن هی گەلەکەمانە و شەرمەزاری بەشی خامنەیی و نۆکەرەکانیەتی.

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی