"an independent online kurdish website

رۆمـان کە بە زمـانی ئینگـلـیزی (نـوڤـيل) ە، جـۆرێکە لە جـۆرەکانی ئەدەب، بە ئەدەبی منداڵانیشەوە. هونەرێکی ئەدەبی پەخشان درێژە، لە بنەڕەتدا پشت بە خەیاڵ دەبەستێت.

رۆمـان چـنراوێـکە کـۆمـەڵـێک رەگـەزی ئـەدەبی پـێـکەوە چـنـیوە کـە پەیـوەنـدییـان بە یەکترییەوە هـەیە. بە کورتی پێناسەی رۆمـان: نووسراوێکی ئەدەبی خەیاڵییە، درێژترە لە چـیرۆک. رۆمـان چەنـدین چەشنی هـەیە، هـەریـەکە لـەم چـەشـنانەش گوزارشـت لە زەین و هـزر و لە رووانینی رۆماننووس دەکەن. یا رۆمـان بـریتیـیە لـە گـێڕانەوەیەکی چـیرۆئـامـێزی درێـژ لە میانەی چـیرۆکـبێژ (رۆمـانـبێژ) ەوە، وێنـەی ژیـانی پاڵـەوان و کەسایەتییـەکان لە چەنـدین رووداودا، لە چەنـدین کـات و شـوێنی فـراونـدا دەردەخـات. بـێگـومـان خـەیـاڵ رۆڵـێکی سـەرەکی و گـرنـگی لە داڕشـتـنی رووداوەکـانـدا هـەیە.

رۆمـان لە چەنـد رەگەزێـکی گـرنـگ پێکهـاتـووە، لەوانـەش: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، کەسایەتییەکان ـ مەرجـیش نییە کەسایەتییەکان مرۆڤـبن، دەشێت ئاژەڵ و باڵنـدە و شتی تر یا خەیـاڵی بن، کـات، شـوێن، رووداوەکان، زمـان، شـێواز، دیالـۆگ، وەسف، گـۆشەنیـگا، گـێڕانەوەی رووداوەکـان لە لایەن (رۆمانبـێژ ـ نووسـەرەوە) ەوە. لە هەر رۆمانێکیشدا کـێشەیەک یا زیاتر هەیە، پێـویستە پاڵەوان یا کەسایەتییە سەرەکـییەکەی رۆمانەکە، چـارەسەری گـونجـاوی کـێشەکـان بـکات.

ئەدەبی کوردیمان، لە نووسینی رۆمان بۆ گەورەساڵان، قۆناغـێکی باشی بڕیوە. چەندین رۆمـاننوسی بە تـوانا و ناسراومان هـەیە. چەنـدین شـاکارە رۆمـانی نایـابمـان هـەیە کە لەسەر ئاستێکی جـیهانی دان. بەڵام رۆمانی منـداڵانمان بە نرخی نەبـوونە، لە دو و سێ رۆمـان تێناپەڕێـت. دێیـنە سەر کرۆکی باسەکەمان، کە دەربارەی “رۆمـانی کچی دورگە بچـولەکە” یە بـۆ مێـردمنـداڵان. کـە سەرەتـایەکی بەهـێزە بۆ بنـاغـەدانـانی ئـەم ژانـرە ئەدەبییـە لە ئەدەبی منـداڵانی کورد دا.

رۆمـانی (کچی دورگە بچـۆلەکە) لە نووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی ناسراوی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، مامـۆسـتا (ئەمـین محـەمەد) ە، چـاپی یەکـەم ـ ســلـێمانی ـ ٢٠٢٢. لە چـاپخـانەی (بینـایی) چـاپکـراوە. کە (٥٠٠) دانـەی لێ چـاپکـردووە.

رۆمـانەکە (٧٤) لاپەڕەیە. دابەشی حـەوت بەشی کـردووە. لە لایـەن وێنـەکـێش (ئاڤـار ئومێد) ەوە، وێنەی بەرگەکەی و بۆ هەر بەشێکیش وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ یا زیاتری بـۆ کـێشاون. کـواڵـیـتی وێنـەکان مامناوەنـدیـن. 

پاڵەوانی رۆمانی (كچی دورگە بچکۆلەکە) کچۆلەیەکی هەشت ساڵانە بۆ خۆشەویستی و نـزیـک لـە زمـانی منـداڵانـەوە، نـووسـەر نـاوی (لـولـو)ی لـێـناوە. کە لە دورگـەیـەکی بچکـۆلەی جـوان و قـەشەنگی بەهـەشـت ئاسایی، کە پـڕە لە گـوڵـزار و نێـرگـزەجـاڕ و گـوڵـە هـێرۆ و وەنـەوشـە و گـوڵاڵـە سـوورە، لـە بـاخـی مـیوە و سـەوزایی، لـە کێـوی سـەرکـەش و بەفـریـن، پـڕە کەروێشکی گـوێ قـوت و ئاسکەی نەخـشـین و سـمۆرە و بەرخـۆلە و گورگ، لە باڵـندەی هەڵـۆ و نەورەس و مراوی و قاز و قوڵینگ و چۆلەکە و پەنگین (بەتریق) لە خاڵخـاڵۆکە و لە پەپـوولە. دورگـەکە کـەش و ئاو و هـەوایـەکی سازگـاری هـەیە، دەکەوێتـە نێـو دەریـایەکەوە، دەریـاکەش پـڕە لە مـاسی نـاوازە و لە کیسەڵ و قـرژانگ و دۆڵـفـین و هەشـتپێ و تیمساح و مایـنی دەریایی و لە ئەسـتێرەی دەریـای و.. هـتد. لـولـو ژیانی دورگەکەی زۆر پـێخـۆشـە و بە زێـدی خـۆی دەزانێت. هـەمـوو ئـاژەڵ و بـاڵنـدەکـانیشی خـۆشـدەوێـت و کردوونی بە هـاوڕێی خـۆی . لـولـو زیـرەک و ئـازا و چـاونەتـرسە و هیـواخـواز و گـەشـبینە و بـڕوای بە ئەسـتەم نییـە. هـاوڕێ دۆستە و خـۆێ بە هـاوڕێی هـەموو ئـاژەڵ و باڵنـدەکان دەزانێـت، بە دێـژیی رۆمانەکە كچۆلەیەکی چاکەخـواز و یارمـەتیـدەر و فـریاڕەسە. کچـۆلەیـەکی کـراوە و سۆسیالە و پەیـوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ گیانەوەرانی ناو دەریـا و باڵـندە و ئاژەڵەکانی دورگـەکەدا هـەیـە. هـەمـوو ئەوانـەی لەنـاو دەریـا و دورگـەکەدا بە زمـانی کوردی لەگـەڵ لـولـودا دەدوێـن.

بێجـگە لە لـولـوی پاڵـەوانی رۆمـانەکە، چـەنـد کەسـایەتـییەکی تـریـش رۆڵـیـان لە رۆمـانەکەدا هـەیە، وەکـو: داپـیرە کیسەڵ، دایـکە هـەڵـۆ، ماسـیـیە ئـاڵتـوونیـیەکە، بـووکی دەریـا، هـەشـتـپێ شـین (ئەختـەبـووت).

کچی دورگە بچکـۆلەکە، رۆمانێکی خەیـاڵی فانتـازییە، ئەم جـۆرە رۆمـانە بڵاوتـرین جـۆری رۆمـانە. رۆمـاننـووس بێـجگە لە جـیهـانی سـەر زەوی، چـۆتە جـیهـانی نـاو ژێـر دەریـاوە، بەشێکی زۆری رووداوەکـان و کەسایەتییەکـان، لەسەر دەریـا و ژێـر دەریـادان. بەشێکـیشیان لەسەر دورگە بچکـۆلـەکـە دان.

رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە، گەلێ رەهـەنـدی لەخۆگـرتـووە: پەروەردەیی، زانیاری، کـۆمەڵایـەتی، سیاسی، رەوشـتی، دەروونی، مـرۆڤـایەتی، ئاژەڵـدۆستی، ژینگەپـارێـزی، نیشتمانی. بە گەلی بەهای بەرز و جوانیش رازاندوویەتـەوە، وەک: هاوڕێتی، دڵسۆزی، خۆشەویستی، چاکەخـوازی، راستگـۆیی، هـاوکـاری، دلـۆڤـانی، تێکـۆشـان، کـۆڵـنەدان، ئـازایەتی، بـڕوا و مـتـمانە بەخـۆبـوون، گـەشـبیـنی، هـیـواخـوازی، ئیـرادەی بەهـێـز و نەبـوونی ئەسـتەم، پەشـیـمانی لـە بـەدکـاری و دڵـڕەقی، گەلێ خـەسڵەت و بەهـای تـر.

لولوی پاڵەوانی چـیرۆکەکە، کچولەیەکی ئەفسوناویییە، دەتـوانێت لەسەر شەپـۆلەکانی دەریـادا مەلـە و سەمـا بکات و بچـێتە قـووڵایی ژێـر دەریا و سـواری پشـتی مـاسی و مـایـنی دەریـایی بێـت و لە ئـاهـەنـگی جـەژنی (٢٠٨) سـاڵـەی لەدایکبـوونی داپـیـرە کـیسەڵـدا بەشـداربێـت. ببێـت بە هـاوڕێیەکی دڵسـۆز و خـۆشـەویستی بـووکی دەریـا.

لولو دەستی بەسەر گەوهەرە ئەفـسووناوییەکەی داپیرە کیسەڵـدا هـێنا، ئەو پەرجۆ و تـوانا ئەفـسووناوییەی پێبەخـشی، کە لە کاتی پێویست و تەنگانە و فـریاڕەسیدا، ئەم رستەیەیە بڵێت (گەوهەرە ئەفـسوناوییەکە بۆ یەک چـرکە جـوڵەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە) هەموو گەردوون رووناک دەبێتـەوە و داوا و مـرازیـش دێتـەدی.

پەنـابردنە بەر ئەفـسوون (جادوو) کارێکی تازە و داهـێنان نییە. لە زۆربەی چـیرۆکە میللیەکان و فـۆلکلۆرییەکان و ئەفـسانەییەکاندا، ئەفـسوون رەگەزێکی گرنگ بووە بۆ ئەنجامدانی کاری لە توانابەدەر. وەکو هـۆیەکیش بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتنی پاڵەوانەکـانی چـیرۆکەکـان بە ئامانجـەکـانیـان. گـەڵی چـیرۆکی فـۆلکلۆری کـوردیـمـان هـەیە، کە چـیرۆکی ئەفـسانەیـین و خەیـاڵ و ئەفـسوون رەگـەزێ سـەرەکـین تێـیانـدا.

مامۆستا ئەمـین محـەمەد، تەنیـا رۆمـاننووسی منـداڵان نییە، کە بۆ گەیانـدنی پەیـام و مەبەستەکانی لە رۆمـانی کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە پەنـای بـۆ ئەفـسوون بـردووبێـت. گـەلێ لـە کـەڵـە رۆمـاننـووسـانی ناسـراوی جـیهـانی، کـۆن و تـازەکـان، لـە شـاکـارە رۆمانەکـانیانـدا بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بـۆ گەیانـدنی پەیـامەکـانیان، پەنایـان بـۆ ئەفـسوون بـردووە. بـۆ نمـوونە:

(شـارل پیـرۆ) ی فـەرەنسی. لە  رۆمـانی (سـانـدرێـلا ـ ١٦٩٧).

(دانیـال دیـڤـۆ) ی ئینگـلیزی. لە رۆمـانی (رۆبـنسـۆن کـروزۆ ـ ١٧١٩).

(لـویس کارۆل) ی ئینگـلیزی. لە رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـداـ ١٨٦٥).

(ئەستریـد لیندگـرین) ی سویـدی. لە رۆمـانی (پـیـپی گـۆرەویـدرێـژ ـ ١٩٤٥).

(جـوان رۆلینگ) ی ئینگـلیزی. لە زنجیرە رۆمانی (هـاری پـۆتـەر :١٩٩٥ ـ٢٠٠٧ ).

ئەمانە و چەندین رۆماننووسی رۆمان بۆ منداڵان، ئەفـسوون رەگەزێکی سەرەکییە لە رۆمانەکانیاندا. منداڵانی خۆێنەر چـێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێنـدنەوەی رۆمانەکانیان وەردەگرن. زۆربەشیان کراون بـە فـیلمی کارتـۆنی ئەنیمەیـشن و بە فـیلمی سینەمایی. بە ملیـۆنـان دۆلار دەستکەوتیـان بـوون.

لە رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلـەکەدا، (بـووکی دەریـا). لە پێشا کچـۆلەیەکی دڵـرەق و بێبەزەیی و بەدکار بووە. ئازاری زۆری باڵندە و کەروێشکەکانی داوە و ئاوی کـردۆتە ناو شارە مێروولەکان. لە ئەنجامی ئەم بەدکارییانەی، مێروولەکان تۆڵـەی لێدەکەنەوە، جـادووی لێـدەکەن و دەبـێـت بـە بـووکی دەریـا. هـەشـتـپـێی شـینی دەریـا. کـە دانـا و پێشبینیکەرە، پـێی وتـن بـەو مەرجە دەگەڕێیتەوە بۆ کچۆلە ئاساییەکە، کە باوەش بە پەلـکـە زێـرینـەدا بـکەیـت و بـڵێیـت: ” هـەمـوو گـەردوونـم خـۆشـدەوێـت”. لـولـوی هـاوڕێی یارمەتی دا، داوای لە گەوهـەرە ئەفـسوونـاوییەکە کـرد و وتی:” گەوهـەرە ئەفـسونـاوییەکە بـۆ یـەک چـرکە جـوڵـەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە” لەم ساتـەدا بـووکی دەریـا، باوەشی بە پەلـکەزێـرینـەدا کـرد و وتی:” هـەمـوو گەردونـم خۆشدەوێت” یەکسەر گەڕایەوە بۆ باری ئاسایی و بووەوە. بە کچۆلە جـوانکـیلەکەی جـاران و وتـی بە (لـی لـی) نـاوم بـەرن. بوو بە کچێکی دلـۆڤـان و هـەمـوو ئـاژەڵ و باڵـندە و زینـدەوەرەکانی خۆشدەویـسـت و رقی لە هـیچیـان نەبـوو و ئـازاری نـادان.

رووماننووس لێرەدا ئەو پەیامە پەروەردەیی و رەوشتییە بە منـداڵان دەگەیەنێـت. کە خـراپە و ئازاردانی ئاژەڵان و باڵندەکان بەدکارییە، ئەنجـامێکی خراپیـان لێدەکەوێتەوە، بۆ راستکـردنەوەی هەڵـەکان و پەشیمانی بوونیش، هـەوڵ و قـوربـانـیـدانی دەوێـت.

ئەگەر بەراوردێک لە نێـوان رۆمـانی (گەشـتەکانی نیـلـز) لە نووسـینی رۆمـاننووسی سویدی (سەلما لاگیرلۆف) لەگـەڵ رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلەکەدا بکەین، لە نێوان بووکی دەریا و نیلزی چەتوون کە ئازاری قازەکان و ئاژەڵانی دەدا، کورتەباڵیەکی بەند کرد، لە ئەنجـامی ئەم بەدکارییەی کورتە باڵاکە کە رزگاری بوو، تۆڵەی لێکـردەوە و ئەفـسوونی لێکـرد، نیـلـز بـوو بە بسـتە باڵایـەک، لە کـۆتـاییـدا پەشـیمان دەبـێتەوە و ئەفـسوون لێکـردنەکەی بە تـاڵ دەبـێـتـەوە، دەبـێتـەوە بە نیـلـزی ئاسـایی، بـەڵام بـە منـداڵـێکئ میهـرەبـان. دڵـڕەقـی و بەدکـاری و جـادوولـێکـردن و پەشــیمـانی، خـاڵی هـاوبەشن لە نێوان ئەم دوو رۆمانەدا. گەلێ رۆمانی جـیهانی لەم جۆرانە بۆ منداڵان هەن. کە بۆ سزادان و پەشیمانی پەنایان بۆ ئەفـسوون بردوون. نە ئەو نووسەرانە و نە مامۆستا ئەمین محەمەدیش، چاویان لە یەکتری نەکـردوون. بەڵکو زادەی خەیاڵ و بیرکـرنەوەی خۆیـانن. ئەگەر سوودیشیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەیی و فـۆلکلۆرییەکانی گەڵەکانیان وەرگرتووبێت، کارێکی ئاساییە. زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهان سوودیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی وڵاتـەکانیـان و وڵاتانی تر وەرگرتـوون. بۆ نموونە: کەڵە نووسەری ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵان (هانـز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکی، کە بە بـاوکی ئـەدەبی منـداڵان لـە جـیهـانـدا نـاودەبـرێـت. لە نـووسـیـنی چـیرۆک و رۆمـانەکانیـدا بۆ منـداڵان، سـوودێـکی زۆری لە ئەفـسانەکانی وڵاتـەکەی وەرگـرتـووە. مەبەسـتم ئەوەش نییە کە ئەفـسانەی کوردیـمان رەنگدانەوەی لە رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکەدا هـەبێت. مامۆستا ئەمین محەمەد باکگـراونـد و ئەزموون و شارەزاییەکی زۆری لە نـووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد هـەیە. رۆمـانەکەشی زادەی خـەیـاڵ و بیـری خـۆیـەتی و چـاوی لە هـیچ نـووسەرێکی تر نەکـردووە. لە ژیـانی راستی و لە کێشەکانی گـەلی کـوردمـانەوە ئیلهـامی بـۆ هـاتـووە. 

لە رووی داڕشتن و زمان و خستنە رووی کێشەکان، مامۆستا ئەمین زۆر بە جوانی و بە زنجیرەیی کێشەکانی باسکـردووە و چارەسەری کردوون، بە زمانێکی کوردی پەتی و سـووک و ئاسـان و رەوان، بێ گـرێ و گـۆڵ، بـە شـێـوە و شـێوازێـکی هـونـەری و فانتازی، رۆمانەکەی داڕشـتووە. وشـە و رسـتەکـانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتوون. ئەو مەرجەی بەدی هـێناوە کە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسان و هەموو نووسەرانی کورد لە بوارەکانی ئەدەب،  پێویستە شارەزای زمـان و رێـزمانی کـوردی بـن. ئـەو مەرجـەشی تێـدایە کە رۆمـان نابێـت لە (٧٠) لاپـەڕە کەمـتر بێـت.

مـن پێموایە مامۆستا ئەمین، لە نووسینی ئەم رۆمـانەیـدا، وەک یەکەم ئەزمـوونی، لە هەموو روویەکەوە سەرکەوتووە و توانیوێتی هەموو مەرج و رەگـەزە پێویستییەکانی رۆمان، لە رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا بەرجەستە بـکات. وەک رۆماننوسێکی نووسەری رۆمـان بۆ منـداڵانی کورد بناسـرێـت. دڵنیام کە بیریش لە نووسینی رۆمانی دووەمی بۆ منـداڵان دەکـاتەوە. وەکو بەڕێزیشیان لە بارەی نەبوونی رۆمانی کوردی بۆ منـداڵان و مێردمنداڵانی کوردمان، دەڵێت:” کەلێنێکی گەورەیە بە کەس و دوو کەس پڕ نابێتـەوە”. تـا ئەمـڕۆش منـداڵانی کـوردمـان ئاشـنای خـوێنـدنەوەی رۆمـان نەبـوونـە، هۆیەکەشی بۆ نەبوونی رۆمـانی کوردی تایبـەت بۆ منداڵان و مێردمنداڵان دەگەڕێتەوە.

جـوانترین پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە مامۆستا ئەمـین محەمـەد دەکـەم بـۆ نووسینی رۆمـانی (کچـی دورگە بچکـۆلەکە) کە شاکارێـکی ئەدەبی نـاوازە و نوێیـە بۆ منـداڵان.

چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد، کە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، یان پارێزگاری سـلێمانی، بە فـەرمی دەستخۆشیان لە مامۆسـتا ئەمین محـەمەد بکـردایە و خەڵاتێکی شایستە و رێـزلێنان و پێزانینیان، بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی لە بـواری ئەدەبی منـداڵان پێشکەش بکـردایە، بەداخـەوە. کە بانـگی گـۆرانـیبـێژێـکی تـورک یا لـوبنـانی دەکـەن چەنـدیـن رۆژ ریـکلامی بۆ دەکـەن و چەنـد دەفـتەر دۆلار دەخـەنە جـانتـاکەیـەوە و لە خۆشترین هـوتیلـدا جـێی بـۆ دەگـرن و خـوانی تایبەتی بۆ دەڕازێننـەوە. بەڵام هـیچیان تیا بەسەر نییـە. تەنـانەت گـەر بە نـووسـینێکـیـش بێـت، سوپـاس و دەسـتخـۆشی لە نووسەرێکی داهـێنەر و لە هـونەرمەنـدێکی کوردمان بکەن. کە لە پـارەی خەرجـیی مـاڵ و منـداڵەکـانیان دەگـرنەوە، تا کـتێبـێکی پێ چـاپ بـکەن. دەشزانـم کە مامۆسـتا ئەمـین محـەمـەد، نـووسـەرێـکی نەفـس بـەرزە و چـاوی لـە پـارە و خـەڵات نـییـە.

رەزا شـوان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی