سیاسەتی شەڕانگێزی و خۆبەزلزانی کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕێژیم ئاخوندی هەتادێت ناوەندی بڕیاری سیاسی و دیپلۆماسیەکانی وڵاتانی ئۆروپایی، بە هەڵوێستە دوژمنکاریەکانییان زیاتر لە خۆیان نیگەران و توورە دەکەن و
ئەگەر تادوێنی هێندێك لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە هۆی ڕەچاوکردنی کۆمەڵێك بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و بازرگانیان لە گەڵ ئێراندا، چاوپۆشیان لە پێشیل کاری ئەو وڵاتە دەکرد و خۆیان لە قەیری نەئەدا بێ دەنگبوون.
بێگوومان سیاسەتی نوێی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە ڕێژیمی تاران بەرئەنجامی ڕوانینی تازە و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانە لەو پەیوەندیەدا. پاش تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئۆروپا بە هۆی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکڕانیا و بێلایەن نەبوونی تاران لەو شەڕەدا و چوونە نێو بەرەی پۆتین، بەدڵنیایەوە کۆمەڵێك ڕەهەند و بیرکردنەوەی ستڕاتیژی سیاسی تازەی لە ناوەندی بڕیاری سیاسی پارلمانی یەکیەتی ئۆروپایە بە دژی دەسەڵاتی تاران بەدوایخۆیدا هێناوە ولە ئەمڕۆ دا لە بەهانەیەك دەگەڕێن تا بەربینگی پێبگرن و لەسەر ڕێگای خۆیانی لادەن.
سیاسەتی یەکیەتی ئۆروپایە بەگشتی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی سیاسی و نەتەوەییان بینا کراوە و هەر وڵات و هێزێك مەترسی لەسەر دروست بکات جگە لە هاوپشتی و کۆدەنگیان، وەك نەیار و دژبەری سەرەکی سەیری دەکەن و هەرکارێك دەکەن بۆ دوور خستنەوەی مەترسی لەسەر ئامانجە هاوبەشە گرینگەکانیان. وەختێك ڕێژیمی ئێران بووە بە بەشێك لەبەرەی ڕووسیە و مسکۆش بە دیاریکراوی وەك گەورە نەیارە خۆیان دەزانن و ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەو یەك ساڵەی بکەین، ئەوکات زیاتر لە قووڵی نیگەرانی بەرەی ڕۆژئاو سەبارەت بە ئالۆزیە سیاسی و سەربازیەکان بە هۆی دەست پێکردنی شەڕ لەئۆکڕانیا تێدەگەین.
کاربەدەستانی باڵای سیاسی و سەربازی ڕێژیمی ئاخوندی هەرلەخۆیانەوە دەستیان بە لێدوان و قسەی ڕەق لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا بەرەمبەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەو ماوەیەدا نەکردووە و بەدڵنیایەوە هەستیان بەو هەرەوەز و کۆدەنگیە گشتیە لە هەمبەر هەڵوێستە نابە جێی ژێمەکەیان کردووە و هەر جارە هێرش دەکەنەسەر جەمسەریك لە دژبەرەکانیان.
سیاسەتی دەرەوەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە ڕێژیمی ئاخوندی لە گەڵ ساڵانی ڕابردوو گۆڕانی بەسەرداهاتووە و، لە ئێستادا زۆر بە هەستیاری چاوەدێری جووڵا سیاسی و سەربازیەکانی تاران، وەك نەیارێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی دەرەوەدا دەکەن و ئەگەر جاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەلایەنگری ئێران قسەی خیریان دەکرد، ئەمڕۆ بەپێچەوانە سەیری ئەو ڕێژیمە دەکەن و خێرو بێری وڵاتانی ڕۆژئاوای لە ڕوخاندنی دایە ولەبەر ئەوەش زەمینەی سازانیان لە گەڵ تاران بەلاوەناوە.
تاران سنووری دژایەتی و بە نەیاردانانی وڵاتانی زۆر بەرفراوان کردووە و لەو چەند ڕۆژەنەدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ڕێژیمی ئاخوندی دەستیان بە هێرشکردن بۆ سەر وڵاتانی ئۆروپاش کردووە و وەك نەیار و بە هۆکاری ئالۆزیە نێوخۆیەکانیان دادەنێن و دەڵێن تۆڵە لە نەیارەکانیان دەستێنەوە و تەنانەت قسەیان لە تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەکردووە کە دەستیان لە کوشتنی قاسم سلێمانی و گروپەکەیدا هەبووە.
باشە ئەگەر تاران هێندە شانازی بەتوانا سەربازی و بەرگریەکانی دەکات و ڕۆژانە خەریکی چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردنن بە دژی نەیارەکانیان، ئەی خێرە بۆ جارێك نەیانتوانیووە ڕووبەڕووی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ببنەوە کە لە نێوخۆی ئێران و سووریەدا دەکڕێتە سەر پێگە و بنکە سەربازیەکانیان و هەر جارێك دنیایەك زیانیان پێدەگات و هەتا ئێرە بێ وڵام و دەستە وەستان بۆی دانیشتوون.
لێدوانی توندئاژۆیانەی کاربەدەستانی تاران سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژئاوا وڕیزکردنیان لە ڕیزی نەیارەکانیاندا، بە دڵنیایەوە زەمینەی خاوبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانی بەتەواوی سەلماندووە و دەرکەوت کە دەسەڵاتی ئاخوندی لەسەر ئاستی بەرزی سیاسەتی دەرەوەیدا دووچاری شکەست و داڕمانی زۆربووە و جگەلەوەی بەسەرچاوەی فیتنەی سیاسی و سەربازی دەزانن کە کارو پیشەیان ئالۆزی و قەیران دروستکردنە لە نێوان وڵاتان و جەمسەرەکاندا.
بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە بۆیان هاتۆتەبەرەوە، وەك ساڵانی پێشووتر ناتوانن بەئارەزوویان لە دەرگای هەر وڵاتێك بدەن و داوای هاوکاری و پشتیووانی لێ بکەن لە مەڕ پێگ گەشتنیان لە گەڵ ئەمریکادا، کە بە نەیاری سەرسەختی دەزانن و بەردەوام کۆشکی سپی یان بە مەترسی لە سەر فراوانخوازیەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەیدا ناسیووە.
فشارە سیاسی و ئابووریەکان بۆ سەر کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم پاش دەست پێکردنی شۆڕشی ژینا و بە نێودەوڵەتیبوونی پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا، بەخۆشیەوە زەمینەی پشتیووانی و هەرەوەزێکی گشتی نێودەوڵەتی بەدژی سیاسەتی سەرکۆب لەو وڵاتەی بە دوایخۆیدا هێناو و دەبینین کە لە گشت لایەکەوە ڕێژیم خراونەتە ژێر گەماڕۆ و بەپێچەوانەوەشەوە ، دەرگای فرەتر بەسەر هێزە دژبەرەکانی ئێراندا لە سەر ئاستی ڕۆژئاوادا دەخرێتە سەرپشت و باشترین دەرفەتە لەو پیوەندیەدا بۆ کورد هاتۆتە پێش کە بزانێ کەڵکی ڵی وەربگرێت.
تاران بەدوای شکەستە یەك بەدوای یەکە نێودەوڵەتیەکاندا، خەریکە گەڕێکی نوێ لە چالاکیە پیلان گێریە ناوچەیەکان دەست پێدەکاتەوە و بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سەر سنوورەکانیان،وەك ڕایانگەیاندووە، سەردانی عێراق بکات. ئامانجی سەردانی شەمخانی بۆ بەغدا شتێکی چاوەروان نەکراونیە و ئەو وڵاتە زۆر لە مێژوو بەدوای ڕێگایەکدان کە بە ڕێگای حکوومەتی ئەو وڵاتەدا مەترسی لەسەر سنوورەکانیان دوور بخنەوە.
تاران لەو بارەوە بەتەواوی دووچاری لێکدانەوەی هەڵە و سەرلێ شێواوی هاتووە و لانیکەم لە بەرژەوەندی هیچ وڵاتێك و عیراقیش دانیە، گوشارەکانی سەرتاران سنووردار بکرێن. لەو دۆخەی ئێران لە سەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی تێیکەوتووە، پێناچێت حکوومەتی بەغدا بە مەرجە ئەساسیەکانی ئەو وڵاتە ڕازی ىێ و لەو بەستێنە سیاسی و دیپڵۆماسیەدا ناکرێت بەرژەوەندیەکانیان لە گەڵ ئەمریکادا بە لاوە بنێن و هەموو شتێك بەدڵی تاران بکەن.
ڕێژیمی ئێران دەمێکە هەوڵدەدات بە رێگای میلیشیا چەکدارەکانی نزیك لە ئێران باڵانسی بڕیاردانی سیاسی حکوومەتی عێراق بەسوودی تاران بگۆڕێ ، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەکرێت، بتوانن گوشاری فرەتر لە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات و ئامانجی ڕێژیم بەدیاریکراوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ڕووداوە سیاسیەکانی ئێران و کوردستاندا هەیە.
بەدڵنیایەوە ڕێژیمی ئێران لە گەڵ قەیرانی زۆر بەرەو ڕوویە و پێناچێت بتوانێت بەو جۆرەی هەیە لە گەڵ کۆی کێشە و ململانە سیاسی و سەربازیەکاندا هەڵبکات و پشتی لە ژێرقوورسای فشارە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریەکاندا بۆ بەرزبکرێتەوە. حکوومەتی ئێران متمانەی لە دەستداوە و کاتێك بەڕەقترین شێوە سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیو دەکا و ڕێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگرێ و بەپێجەوانەی یاسانێودەوڵەتیەکان لە گەڵ نەتەوە بندەستەکان ڕفتار دەکات، بێگوومان جگە لە ڕێسوابوون و دارمانی پەیوەندیە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانیان، دەسکەوتێکیان نەبووە و کاتێك وەزیری دەرەوەی ئێران لە شوڕای مافی مرۆڤی کۆمەڵەی نەتەوەکان، وتاری پیشکەشکرد.
وەك نارەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و توندوتیژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، زۆرینەی بەشداران ساڵۆنەکەیان بە جێ هێشت و ئەو هەڵوێستەی نوێنەری وڵاتان لەو ناوەندە بەرزەی ماڤی مرۆڤدا، ڕەدکردنەوەی ئاشکرای ئیدیعاکانی تاران بوو کە هەوڵی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی سەبارەت ڕووداوە نێوخۆیەکان دەدا.
تاران لە زۆر جەمسەرەوە لە سەر ئاستی جیهاندا دژایەتی جیدی دەکرێ و دەرکەوتن و لێدوانی بەرپرسانی باڵای نیزام، لەبەر ئەوەی نیە کە هەست بە ئاسایشی سیاسی و ئەمنیەتی دەکەن، بەڵکوو بە پێچەوانە بەسەر دۆخێكدا کەوتوون کە لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانیاندا، دژواری سیاسی و ئابووری ئەوتۆیان نە دیتووە. گوشارەکانی ئەو جارەی سەر تاران، بەتەواوی جیاوازن لە گەڵ سالانی ڕابردوو و جیهان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەو ئاکامی گەیشتووە، کاتێك گێتی ئاسوودەی و ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت کە دەسەڵاتی ئاخوندی بە تەواوی بەسەریەكدا بروخێت و حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیك و فرەڕەهەندی و فرەچەشن شوێنی بگرێتەوە.
حکوومەتی ئێران هەر بە تەنیا مەترسی لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست نەکردووە بە هۆی دەستە و پەیوەندەکانی، بەڵکوو بۆتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نیودەوڵەتی بەگشتی و ئەگەر بە خێرای ڕێگری لێ نەکرێت، پاش دەست گەیشتنی بە چەکی ناوەکی ، بێگوومان هاوسارکردنی بۆ گشت لایەك دژوارتر ئەبێت.
ئەگەر ئاوڕێکی سەرپێی بەسەر هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ڕێژیمدا بگێڕین، ئەوکات باشتر لە قووڵی نیگەرانی کاربەدەستانی نیزام سەبارەت بە داهاتووی حکوومەتی ناوەندی تێدەگەین.
بە هۆی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان بەسەریەكدا و لاوازی بەرپرسانی سیاسی و ئابووری ڕێژیم لەوباورەوە، جگە لە خۆشترکردنی زەمینەی لێك ترازان و دەرکەوتنی ناکۆکیەکان، هیوایەك بەدی ناکەن کە ڕێگای دەربازبوون بێت. کاتێك کێشەکان بەجۆرە زیاتر لەسەر یەك کەڵەکەدەبن، هەربەوڕادەیەش درز و ناکۆکی بەرچاوتر دەخاتە نێو قۆڵە دژبە یەکەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی ئێران.
مێژووی ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکانی ئێران، شاهیدی ئەو ڕاستیەن کە ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئەو وڵاتە کە بە زۆر خۆیان بەسەر چارەنووسی نەتەوەکاندا فەڕزکردووە، لە مەیدانی ڕووبەڕووی سەربازیدا جگە لە دۆڕان و شکەست و خاك لەدەستدان، خێڕێکیان نەبووە و هەر بەو ڕادەیەش بەخۆشیەوە زەلیل و داماون لەبەردەم ئیرادە و خۆڕاگری گەلانی ئازادیخوازی ئێراندا و لە زۆر شوێن و شار و هەڕێمدا، ئەو دەسەڵات و کۆنتڕۆڵەیان نەماوە. ئەوەش نیشانەی لاوازی و بێ هیزی ڕێژیمی ئاخوندی دەگەیەنێت.
محەممەد سلێمانی