"an independent online kurdish website

ئەگەر ئازادیی کوردستان و ئێرانمان بوێت، ڕێبازەکەی لە ڕووخانی ڕژیمی خامنەیی تێ دەپەڕێت.

ئەم ڕژیمە شەرعییەتی لای خەڵک نەماوە و خەڵک پشتیان تێ‌ کردووە. ئێستا و لەم کاتەدا ئەمە باشترین هەلە بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی ئەو ڕژیمە بەچۆکدا بهێنین، چونکە بۆ هەمووان ئاشکرایە کە بەهۆی ڕاپەڕینی ژینا، بوار بۆ لەناوبردنی ئەم ڕژیمە خۆش و لەبارە. پرۆسەی ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕیی لە کوردستان و ئێران گەڕانەوەی تێدا نییە. شەهیدکردنی ژینای کوردان لەلایەن ڕژیمی ئاخوندی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە کە لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە وەک شەمەندەفەرێکە کە تا نەگاتە شوێنی خۆی، ناوەستێت. هەروەک دەبينين ناڕەزایەتییەکان هەر بەردەوامە، قەیرانە ئابوورییەکان، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، حوکوومەتێکی گەندەڵ و ملهوڕ کە تەنیا زمانی چەک و سەرکوت شک دەبات، داڕمان لەنێو هێزەکانی ڕژیم و… بە درێژەدان بە ڕاپەڕین، ڕووخانەکەی دەبینین. دەبێت ڕاپەڕین و شۆڕش دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئەو کاتەی ئەو ڕژیمە دەڕوات بەردەوام بێت.

شەپۆلی ئێستای ناڕەزایەتییەکان، بوێرترین و بەهێزترین ڕاپەڕین و خۆپیشاندان بووە کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا هاتووەتە ئاراوە.

ڕژیمی ئێران تەنها سپا و بەسیج و هێزە چەکدار و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بە دەورەوە ماوە کە بەپێی هەندێ بەڵگەنامەی نهێنی لەنێو ئەوانیش داڕمان دەبینین و بێگومان ناتوانن لەبەرانبەر شاڵاوی میلیۆنیی خەڵکدا خۆڕاگری بکەن.

ڕووخانی ڕژیمی ئێران، دابەشبوون و ڕووخانی پێکهاتەی ئێران بەگشتی و ڕزگاریی گەلی کوردە. ڕزگاریی ئێمە پەیوەستە بە ڕووخانی ڕژیمەوە.

لە ڕاپەڕینی ژینا، تووڕەیی و بێزاریی گەلی کورد و خەڵکی ئێران بووەتە تەقینەوەیەک بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی خامنەیی.

ژن، ژیان، ئازادی

سەرکەوتن بۆ ڕاپەڕینی ژینا

سەرکەوتن بۆ کوردستان

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئیدریس هاشمی Edris Hashemi

سوید/ 22-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی