"an independent online kurdish website

تێڕوانینی حکوومەتی ئاخوندی و جاڕنامەگی گشتیی مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر مرۆڤ دوو تێڕوانینی بەتەواو جیاوازن. تەنیا ئەگەر چاو لە بنەمای یەکەمی مافەکانی مرۆڤ بکەین، بەڕوونی هەست بەو جیاوازییە دەکەین:

بنەمای یەکەم:

“هەموو مرۆڤەکان سەربەست لەدایک دەبن و لە بەها و مافەکاندا یەکسانن. ئەوان بە ئاوەز و ویژدان تەیار کراون و دەشێ بە گیانێکی هاوبەش بەرانبەر بە یەکتر هەڵسوکەوت بکەن.”

بە بەراورد لەگەڵ بنەمای یەکەمی جاڕنامەی گشتیی مافەکانی مرۆڤ، دەبینین کە مرڤەکان لە ئێراندا سەربەست نین، مافی یەکسانیان نییە، ئاوەز و ویژدان بەرانبەریان بەکار ناهێنرێت. بە گیانێکی هاوبەش لەگەڵیان هەڵسوکەوت ناکرێت. ئەو مرۆڤانەی کە لە ئێراندا سەر بە نەتەوەیەکی تایبەتن، ڕێک بەپێچەوانەی ئەو بنەمایە هەڵسوکەتیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەگەر بایەخ بە مرۆڤی سەربەست بدرایەت، ئەوە بەرانبەر بە مرۆڤە بیرجیاوازەکان، ئەشکەنجە و بەندیخانە بەکار نەدەهێنرا.

ئەگەر مرۆڤەکان لەوێ یەکسان ببووایەن، چینێک بە بەراورد لەگەڵ چینێکی تردا، لە زمان و مافدا بێبەش نەدەکران.

ئەگەر ئاوەز (ئەقڵ) و ویژدان نرخی هەبایە، ئەوە کاربەدەستەکانی حکوومەت وەک دڕندە و بەبێویژدانی خەڵکی بیرجیاوازیان ئەشکەنجە نەدەکرد و سزا نەدەدا.

ئەگەر گیانێکی هاوبەش بەکار بهێنرایەت، ئەوە لەگەڵ خەڵکانی نەتەوەکانی تر یان خەڵکانی بیرجیاواز هەڵسوکەوتەکان جیاواز نەدەبوون.

ئەمە تەنیا بەراوردێکی سادە و ساکار بوو لە تێڕوانینی ئاخوند و بنەمای یەکەم لە سی بنەمای مافەکانی مرۆڤ لە جاڕنامەی جیهانیدا.

بێگومان خاڵ بە خاڵی ئەو بنەمایانە لە ئێراندا پێشێل دەکرێن.

حکوومەتی ئێران حکوومەتێکی ملهوڕی دیکتاتۆرە. لەو ڕژێمەدا مرۆڤەکان هیچ نرخێکیان نییە، چونکە مافەکانی مرۆڤ لەوێ بایەخیان نییە.

لە دیدی ئەواندا خەڵک مەڕن و ئاوەزیان نییە، هەر بۆیە دەبێت بەردەوام ئاخوندەکان ڕێگە بۆ خەڵک دیاری بکەن کە خەڵکانی جۆربەجۆر چی بڵێن و چی نەڵێن، چۆن جل لەبەر بکەن یان لەبەر نەکەن. چی بخۆن و چی نەخۆن. کەی هاوسەرگیری بکەن و کەی جیا بنەوە. چی بخوێنن و چی نەخوێنن. شایی بکەن یان نەکەن، چ ناوێک بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن یان نەبژێرن. چ دینێکیان هەبێت یان نەبێت. چ ئیدیۆلۆژییەک بە باش بزانن یان بە خراپی بزانن. کەی بگرین و کەی قوڕ بکەنە سەری خۆیان.

لە فەرهەنگی ئاخونددا مرۆڤی باش مرۆڤێکە بۆ مردنی کەسانی ئایینی خۆی لە قوڕ بگرێت، خۆی ئەشکەنجە بکات، بە خەنجەر و زنجیر و قەمە و دار و چەپۆک لە خۆیان بدەن. وەک سەگ و مارمێلکە بەسەر زەویدا بخشێن و کەرامەت و کەسایتیی خۆیان پێشێل بکەن.

نووسینی نەرگس هاشمی 2023-03-23

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی