"an independent online kurdish website

زیرەکی دەستکرد بە زمانی ئینگلیزی (Artificial Intelligence(AI  بە ئەڵمانی (Künstlichen Intelligenz (KI؟!.

کارکردن، بازاڕکردن، چاکبوونەوە و تەنانەت مردنمان بەرپا دەبێت!! ئەوە چییە وا لە ئێمەی مرۆڤ دەکات؟..

ڕاپۆرتێکی تێرورتەسەل لەسەر زیرەکی دەستکرد.. ئەو شۆڕشەی سەرتاپای ژیان دەگۆڕێ و مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی نوێ لەگەڵ ژیان دا…

بەندە بۆ خۆم زۆر کۆڵم لە دنیای تەکنیک و تەکنەلۆژیا و ئابووریی دا.. بەڵام ئەوە ماوەی یەک دوو مانگە بەردەوام وتار و ریپۆرتاجی سەیروسەمەرە لەسەر سەرەتاکانی ئەم شۆڕش و کاریگەریی و وەرچەرخانە گەورەیە دەخوێنمەوە، کەوا مەزەنە دەکرێ  گۆڕانکاریی و کاریگەرێتی زۆر گەورەتر و بەرفراوانتر دەبێت لە سەرمان لە ھی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک… لە ماوەیە ھەفەتەیەکدا رۆژنامەی دێر تاگەسشپیگل و گۆڤاری شتێرن چەندین لاپەڕەیان تەرخان کرد بۆ ئەم باسە…بۆیە بە خۆشییەوە دەمەوێ چەند سەرە دێڕ و زانیارییەکی گشتی لەوەی خوێندوومەتەوە و تێی گەیشتووم پێشکەش بە خوێنەران و ھاوڕێیانم بکەم…

+ ئەگەر سوپا بچێتە جەنگەوە،AI بەتەواوی ھاوکارە بۆ پێکان و کوشتنی مرۆڤەکان

+ ئەگەر زانستی پزیشکی خەریکی لەناوبردنی نەخۆشی شێرپەنجە بێت، AI ھاوکارە لەدەستنیشانکردنی/ دیاگنۆزەی دەردەکەدا.

+ ئەگەر مرۆڤ فەرمان بە دینەمۆیەکی وێنەیی بدات کە بە AI کار بکات، داوای لێ بکات بەخێرایی وێنەی خانوویەکی بە ستایلی Vincent van Gogh بۆ بکێشێ! بەچەند چرکەیەک ئەم کارە ئەنجام دەدات.زیرەکی دەستکرد لە زۆر بواری دیکەشدا بەکار دەھێنرێ..

بەپێی بیروڕای زۆر لە پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە، تەواوی ژیانمان بەھۆی AI دەگۆڕێ :کارکردن، بیرکردنەوە، خوێندنی زانکۆ، چاودێری ، دیاریکردنی نەخۆشی/ دیاگنۆزەکردن، چاکبوونەوە، خزمەتکردن، سەرپەرشتیکردن، خۆشەویستی و کوشتنیش!.. زیرەکی دەستکرد دەتوانێ وتاری نزیک لە مرۆڤ بنووسێ و ئامادەی بکات و بیھێنێتە بەرھەم..لە مەودای 5-10ساڵی داھاتوودا زۆربەی ھەرە زۆری نووسینەکان ، ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ڕۆبۆرتەوە بەرھەم دەھێنرێن!.. لە وتارەکەی گۆڤاری چەند دا دێڕێک بە ستایلی لار نووسراوە، بەرنامەی ChatGPT دایڕشتووە..

دەڤەری Silicon Valley لە نێوان San Francisco& San José لە سەر کەناری رۆژئاوای ئەمەریکا ناوەندی ئەم کارەیە کە ھێندەی زانکۆیەکە و بەدەگمەن خەڵکی ئاسایی تێدا بەدی دەکرێ و لەوێ تۆڕی مۆبایل کار ناکات .. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان Google,Microsoft, Metaein پێشبڕکێ بە ملیاردەھا دۆلار دەکەن بۆ دروستکردنی باشترین/ سووپەر AI . ئەم شوێنە باخچەیەکی سێرفەرServerfarmen لێیە ھۆڵی زەبەلاحی پڕ لە کۆمپیوتەری تێدایە و تا ئەم ئامێرانە بە ملیاردەھا داتا سیخناخ و پڕ بکەن.. لێرە Start- Up- Firmen / کۆمپانیای سەرەتایی ھەیە، کە نەوەی یەکەمی AI ملیۆنەرەکانە. دەزگەی CIA&Pentagon لێرە خەڵکانی خۆیان چاندووە، ھەروەھا دەزگەی ھەواڵگیریی چینی!..

لێرە لەم ناوەندە Hightech- Zentrumی جیھان .. زانای ڕەوشت، فەیلەسووف و ئایندەخوازەکان کار دەکەن لەسەر ئەو پرسیارەی تا پێش ماوەیەک لە Science- Fiction دەستی پێکردووە. ئایا پێویست دەکات ئێمە لە ئایندەدا کار بکەین ؟! بەم زوانە دەتوانین 150 ساڵ بژین؟! ئایا ڕۆبۆت دەتوانێ سەرکردایەتی جیھان بگرێتە ئەستۆ ؟!.. لە دەڤەری Silikon Valley ھاوڵاتییەکی تەمەن 39 ساڵی لێیە، بەناوی Richard Socher ئەڵمانە و یەکێکە لە ئەقڵەکانی ئەم بوارە و خۆیشی بەڵێندەری AI و لەم ڕووەوە دەڵێ:” زیرەکی دەستکرد کاریگەریی لە سەر مرۆڤایەتی زۆر لە ئینتەرنێت زیاتر دەبێت”. ئەم بۆ خۆی ئامێری گەڕانSearch engine بەناوی You.com ھەیە و دەیەوێ کێبەرکێی کۆمپانیاکانی گوگل و مایکرۆسۆڤت بکات لەتەك بەرنامەی بەگەڕخراوی ChatGPTی کۆمپانیای OpenAI.. مەکینەکەی Socher خۆی E- Mail دەنووسێ و دیزاینی ھونەری دەکات.. ھەروەھا خواستەکان جێبەجێ دەکات… پێی دەڵێ ڕاپۆرتێکی بازرگانیم بۆ بنووسە، بە شێوەیەکی Thermodynamik  دەیکات…

لە ئایندەدا ھەرچی زانینی جیھانە دەخرێتە ناو یەک مەکینەوە.. واتە زیرەکی دەستکرد کاتێ ھەرچی داتای جیھانە دەخرێتە ناوییەوە و زیرەکی دەستکرد دەتوانێ باشتر جیایان بکاتەوە لە پرۆفیسۆرێکی مێژوو. یان ئەگەر فەرمانی پێ بدە وێنەیەکی بێ شومارت بۆ دەردێنێ، ملیۆنێ زیاتر لە ھەر ھونەرمەندێکی وێنەکێش..دەتوانی کاھوی زەڵاتە لە کێڵگەکاندا باشتر بپشکنێ و ئاوڕشێنیان باشتر بکات لە ھەر جوتیارێک یان تراکتۆرێک… بە کورتی کایەی کارکردن لنگەوقوچ دەکاتەوە.. بەو واتایەی AI جێی جوتیارانیش دەگرێتەوە.. وەک Socher دەڵێ:” لەبواری کشتوکاڵدا پرۆسەی بە ئۆتۆماتیکەکردن زیاتر دەبێت“.

ئەی پارێزەرەکان چییان بەسەر دێ؟!..

زیرەکی دەستکرد ئەم پیشەیە سەرلەبەر دەگۆڕێ.. لە دۆخی دادگاییەکدا AI دەتوانێ بە چرکەیەک وەڵامی ھۆکارەکان بداتەوە.. پەرەگرافی دروست بەکاربھێنێ و رووداوی ھاوشێوە ببینێتەوە..

ئەی کاری پزیشکان؟

“دەستکردی زیرەک بە شێوەیەکی بنچینەیی دەگۆڕێت. ئایا نەخۆشی سیل لەسەر وێنەی تیشکی دەردەکەوی؟ دەستکردی زیرەک دەتوانی ئەوە بزانێ. ھەروەھا لە گەشەپێدانی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک دا زۆر ھاوکاری بکات و بەگشتی و بەنێزیکی تەواوی نەخۆشییەکان خێراتر شیاوی چاکبوونەوە دەبن..

ئەم پسپۆرە ئەڵمانییەSocher ھاوسۆزیی و سیمپاتی ھەیە بۆ ھەموو کارکەران، ھونەرمەندان، و ئادیمیستەکان کە بەم ھۆیەوە کارەکانیان لەدەست دەدەن.. ھەروەھا دەڵێ: بەڵام کاتی خۆیشی کە ئوتۆمبیل داھات عەرەبانچی پیشەکەی دۆڕاند و کە مەکینەی پیشەسازی دۆزرایەوە جۆڵاش کاری نەما!…

بەھەر شێوەیەک لەم گۆڕانکارییە بڕوانین وەک پێشبینی دەکرێ زیرەکی دەستکرد نزیکەی 80% ھەموو کار و پیشەکان دەگرێتە ئەستۆی و تەنیا لەو شتانەدا کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مرۆڤەوە ھەیە لەڕووی پەروەردەوە ناتوانێ داتای تەواو کۆبکاتەوە، وەک لە پیشەی دایەنی ساوایان و پەروەردەکاری منداڵ لە باخچەی منداڵان دا…

ئەی چی بەسەر کۆمەڵگەدا دێ؟!…

ناوبراو دەڵێ: ئەم پرسیارە زۆر ئاڵۆزە و ناتوانم وەڵامێکی راستی بدەمەوە” ئەگەر ھەتا بێت پیشەسازی و کارکردن زیاتر بە ئۆتۆماتیکی ببن، ئێمە کاتمان زیاتر ە بۆ ئەو شتەی دەمانەوێ بیکەین، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: بەڕاستی ئێمە چیمان دەوێت؟!.. ھەر لەم رووەوە دەڵێ: ئەگەر دواتر نرخی زیرەکی دووبارە دابەزی و ھەرزان بوو، Techno- Utopie دەتوانێ بەشێوەیەک لە شێوەکان خواردنی پێویست بە ھەموو مرۆڤەکان بدات.. ھەروەھا دەڵێ: ئەو کات دەتوانین بڵێین ئێمە بێ کار دەبین و کارمان نییە. بەڵام ئێمڕۆ مرۆڤ کاتەکانی بەوە بەسەر دەبات کاریگەری ھەبێت، یان خۆی بە وەزشکردنێکی پەڕگیرەوە سەرقاڵ دەکات. دەی باشە دەبێ چی بکەین؟!…

ھەڵپەکردن بۆ زێڕ

ناوچەی Silicon Valley ئەو شوێنەیە کەلێیەوە بڕیار لەسەر ئایندە و ڕەنگە چارەنووسی مرۆڤایەتی بدرێ، چۆڵەوانییە و ئوتۆمبێلی رۆبۆرتەکان کە لەسەرەوە کامیرایان لێ بەستراوە و چواردەوریان Sensor / حاسە پێوەیە دێن و دەچن.. بازار و سوپەرمارکتەکان فرۆشیاریان لێ نییە و رۆبۆت ئەم کارانە ئەنجام دەدات.. ئەگەر بێت گەورەترین بازاڕیش بکەیت/ زۆرترین شتەمک بکڕی ، رۆبۆرت بێ ھیچ گرفتێک بە ئەلخواریزمەکەی خۆی بەچاوتروکانێک ھەژمارەکەت بۆ دەکات..

لە گەڕەگ و حەوشەکانی پشتەوە کۆمپانیاکانی Start up نیشتەجێن و بە AI بازاڕی کار/ پێشانگای کار گەشە پێدەدەن یاخود ڕۆبۆتی سەرپەرشتیکار/ پەرستار، یان چارەسەری جینەکان دەکەن.. ئەمانە بۆ ئەم پرۆژەیەیان ملیاردەھا دۆلاریان خستۆتە گەڕەوە، بۆیە لە دواجاردا ھێندەی زیاتری لێ قازانج دەکەن.. ئامانج لە دروستکردنی ئەم رۆبۆرتانە وەک خاوەنەکانیان دەڵێن: بەرپاکردنی شۆرشە لە کاروباری ڕۆژانەدا: ئاژووتن، بازاڕکردن، خوێندنی زانکۆ و ھتد.. ھەرورەھا دەڵێن: ئێمە نامانەوێ ھەر بەتەنیا خۆشی و داھێنەرە دروستکراوەکان ، بەرز بکەینەوە، بەڵکوو خەم و ناخۆشی ھاوڵاتیان کەم بکەینەوە . بۆ نموونە: لە کاتێکدا پێویست بێت ھەژماردی باجدان بکەین ، خۆ لە قەرەباڵغی شەقامەکان/ ترافیک لادەین.. ئەمانە کاری سەرئێشە و وەڕسکەرن!…

زیرەکی دەستکرد دەیەوێ بەو مۆدێلەی خۆی ھەوڵی لەناوبردنی ئەو بارە قورسەی سەرشانمان بدات .. ئەمەش زەمینە خۆشکردنێکە و بەم جۆرە پێشەنگەکانی بواری دەستکردی زیرەک دەیانەوێ خەڵکی بەلای خۆیاندا ڕاکیشن : ئێمەکارتان لێ دەسەنینەوە و لەبەرانبەردا کاتی ژیانتان دەدەینێ بۆئەوەی ئێوە ئەوە بکەن کەخۆتان ھەمیشە حەزی لێ دەکەن بیکەن!.. ئێمە ئێوە بەناوی کارامەیی و لێھاروویی، بە ئاسایش و ئاسوودەییەوە ڕادەستی رۆبۆتەکان دەکەین، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئێمە داتاکانتان وەردەگرین و ببنە ملیۆنەر..

 

ڕاوی زیرەکی باڵا/ Super Intelligenz

بەناوبانگترین کۆمپانیا Open AL کە خاوەنەکەی ناوی Sam Altman ە و تەمەنی 37 ساڵە.. لە سان فرانسیکۆ لە ئاپریلی2022 دا دینەمۆی وێنەی DALL-E2 ھێنایە کایەوە و راگەیاند و لە نۆڤەمبەری ھەمان ساڵ دا یەکێ لە داھێنانە ھەرە ھەرە نوێیەکانی جیھانی تەکنەلۆژی بە ناوی Chat GPT خستە نێو دنیای سەدەی 21 ەوە.. –  شایانی باسە Chat GPT زانیارییەکانی تا مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2022 تێدایە و دەتوانێ وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بەو سەردەمانەی پێشوو بداتەوە، واتە لەدوای مانگیی نۆفەمبەری پار بەدواوە ناتوانێ ھیچ زانیارییە بدا ! – مەگەر لەمەودوا داتای ئەم ساڵانەیشی ێ بکەن تا بتوانێ کاری خۆی بکات..

ئەم داھێنانە سەیرو عەنتیکەیەی دنیای پێشکەوتنی زانست لەوکاتەوە خەیاڵ و فەنتازیای بەرکارھێنەران و وەبەرھێنەرانی ورووژاندووە، ئەوەی کردۆتە ئامانج: پەرە بدات بە AI لە پێناوی خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی دا. ئەمە پەیامی بەردەوامی پسپۆڕانی ئەم بوارەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بەڕاست ئەمە وایە؟ لەکاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕ و شارەزایان دوودڵن و تێبینی خۆیان لەسەر ئەم گەشەکردنە خێرایە ھەیە. پێش چەند رۆژی بانگەوازێک بڵاکرایەوە لە لایەن ژمارەیەک پسپۆر و شارەزای ئەم بوارەوە و کەسایەتی جیهانییەوە کەوا داوادەکەن :  کارکردن و گەشە پێدانی زیاتر لەم بوارەدا بۆ 6 مانگ ڕاگیرێ!.

خوێندنەوەکان وامان پێ دەڵێن، پێدەچێ پەرەسەندنی ئەم زیرەکی دەستکردە بەرەو ئەوە بڕوات لەدەست دەرچێ و لێکەوتەی ترسناک بقەومێنێ!.. ھەر لەم مەودایەدا پێش ماوەیەک “ ئەنجومەنی ڕەوشت/ ئێتیکی ئەڵمانی “ ھۆشیاری دا لەوەی دەبێت دەستکردی زیرەک بە سنووردارکراوی لەبواری پزیشکیدا بەکار بھێنری… بەو واتایەی ئەم ئامێرە ناتوانێ جێی مرۆڤ بگرێتەوە، چونکە نەخۆش لە رووی رۆحی و گیانییەوە پێویستی بەھەست و نەست و خۆشەویستی مرۆڤ ھەیە و دەستکردی زیرەک بێ گیان و وشک و برنگە. کۆمپانیای زەبەلاحی مایکرۆسۆفت 10 ملیۆنی خەرج کردووە بۆئەوەی بتوانێChat GPT وەک مەکینەی گەڕان/Search بەکاربھێنێ.

ئالتمان/ Altman دەڵێ: پەرەسەندنی تەکنەلۆژی لە 100 ساڵی ئایندەدا زۆر گەورەتر و کاریگەرتر دەبێت لەھەر ساتوکاتێکی تری لەو سەردەمەی ئێمە توانیومانە ئاگر بدۆزینەوە ڕەوڕەوە/ پێچکە دروست بکەین.. ئەم شۆڕشە ھێندە خۆشگوزەرانی ساز دەدات بەشی ھەمووان دەکات. ھەروەھا دەڵی: ئێمە ھێندە دوور نین لە زیرەکی دەستکردی ترسناک، کەوا لە خراپترین دۆخدا دەستکردی ناوبراو ھەموو مرۆڤایەتی بکوژێ.. بەم دەربڕینانەدا بۆمان دەردەکەوێ تازە ناتوانرێ بەر بەم پەرەسەندنە بگرن، ئەگەرچیش ترسناکە بارگاوییە بە ھەڕەشەی گەورە بۆسەر مرۆڤایەتی… ئاخر وەک زانکۆی Berkeley دەڵێ: تەواوی بازاڕی دەستکردی زیرەک 10 بلیارد دۆلار بێت، ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە خراوەتە قورگی ئەم رۆبۆرتانانەوە.. پرۆفیسۆر Stuart  Russell  کە بە باوکی AI دادەنرێ دەڵێ: ئەم بڕە پارە و پەرەسەندە زۆرە و دەبێت ئەم کارە لەژێر سەرپەرشتی و سەرنجداندا بێت!!..

 

ئێمە لە چ جیھان دا دەژین؟..

بەم پەرەسەندن و ھاتنە کایە و بەکارھێنانی AI ملیۆنەھا کار لەدەست دەدەین؟! ئەگەر پەنجە بە دوگمەیەکدا بنێین / کرتەیەک بکەین، نەخۆشخانەیەک قووت دەبێتەوە کە بەدەستی زیرەکی دەستکرد دروست دەکرێ.. ئێستا پیشبڕکێی ئەوەیە مۆدێلێکی پێشکەوتووتر لە زیرەکی دەستکرد دروست بکرێ بە ناوی Artificial Genereral Intelligence کورتکراوەی A.G.I یاخود Super Intelegence یان Human- Level AL . دەیانەوێ جۆرە زیرەکێکی دەستکرد دروست بکەن، ھەر خۆی بتوانێ ھەموو شتێ بکات، ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەیکات، بەشێوەیەکی خێرا و ھەرزان و باشتر!.. بەپێی ھەواڵی Science- Fiction ئامانجی ریالیستی کۆمپانیاکان ئەوەیە لەم 100 ساڵەدا ئەم زیرەکە بەدەست بھێنن…

ئێستا کۆمپانیاکانی Google بە Google Brain و Deep Mind و Microsoft بە Open AL و Facebook ە Meta AL و وڵاتی چینیش بە Tech- Giganten Baidu کە کۆمپانیایەکە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ دەکری!!… خەریکن.. دروستکردنی سوپەر ئینتەلیگێنس لە Silicon Valley بۆتە جێی مشتومڕ، چۆن بتوانن ئەمە بەرھەم بھێنن!!..

بیرمەندی ئەم بوارە Stuart Russel دەڵێ: ئێمە پێویستمان بە زیرەکی دەستکرد ھەیە کە تەنیا لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، ئەو AI نابێت شتگەلێ بکات کە ئێمە نامانەوێ.. لە مەودایەکی دووردا دەیەوێ کارکردنی بوەستێنێ!.. پێشەنگێکی تری AI بەناوی Rosalind Picard دەڵێ: وەرگرتنی رۆڵی جیھان لەلایەن A.G.I خەیاڵە، مەکینەکان خۆیان ناتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن و کۆمپانیاکان دەیانەوێ بەردەوام بن لە کارکردن نایانەوێ کارەکانیان راگیرێ..

شۆڕشی AI لە بواری پزیشکی دا

خاتووی پرۆڤیسۆر Picard لە Boston کار دەکات لە مەڵبەندی دووەمی ناوەندی زیرەکی دەستکردە لە ‏Massachusetts Institute of Technology(MIT) لە تاقیگەکەیدا پێشوازی لە گروپی توێژینەوە Affective Computing دەکات تا بزانن” چۆن زیرەکی دەستکرد و دانپێدانراوی مسۆگەر دەتوانرێ پێکەوە بەکاربھێنرێ، بۆ ئەوەی شیکاری ئەقڵ و تەندروستی مرۆڤ بکەن!. لەسەر مێزەکەی ناوبراو دوا مۆدێلی داھێنان دانراوە کە زیرەکێکی دەستکردە پڕکراوە لە ئەو ئامێرانەی لەبەر دەکرێن Wearables ئامێری ھەستپێوەر یاخود پێوەری ھەست / Sensor لە فۆڕمی قۆڵبەند لەسەر بناغەی پێوانی تێکڕای ترپەکانی دڵ و گەرمایی لەش و لەرینەوەی حاڵەتی پەرکەم، قوربانییەکە/ کەسەکە یان نەخۆشەکە دەتوانرێ پێشوەخت ھەست پێ بەدۆخی خۆی بکات و ئاگادار بێتەوە …Picard خۆی Sensor ی وەک بەند یان بازنێک لە مەچەکیدایە و نیشانی داوە کەوا تووشی کێشەی ھەناسەدان بووە. دەڵێ: دوای ئەم حاڵەتە بۆ رۆژی دواتر تووشی کۆرۆنا بووم. ئەم ھەستپێوەرە ھەر تەنیا رێژەی تێکڕای لێدانی دڵ و لەرەی ھەناسەدان و پێویستی ئۆکسجین دیاری ناکات، بەڵکوو ھەروەھا داتای GPS ماوەکانی نووستن و جوڵەکانی روخساریش دەپێوێ و دەژمێری.

ئەم ئامێرە بە خێراترین شێوە ملیۆنەھا داتا و زانیاری بەراورد دەکات و جۆرێک لە پێشبینی دەدات بەدەستەوە.. ئایا مرۆ نەخۆش دەکەوێ؟!. بۆ نموونە ئەم قۆڵبەندە پێت دەڵێ: ڕەنگە پێویست بێت سبەی تۆ پشوو بدەیت! ڕەنگە پێویست بێت سۆز و گفتی Meeting تۆمارتکردووە لە ناو ڕۆژمێری رۆژانەت دا ئەنجامی بدەیت ، وا باشترە بچیتە پیاسە و گەڕان و زۆر شتی تریش. ئەم قۆڵبەندە وەک یاوەرێکی ژیانتە، شرۆڤەی کاری میزاجتە.. دەتوانین پێشی بڵێین سەرپەرشتیاری ژیانمانە ڕێکخەر وئامادەکاری خشتەی کاروبارەکانمانە.. ناوبراو دەڵێ: بەڵام ھەتا ئێستا ناتوانم دەستینیشانی نەخۆشی دەروونی بکەم. بەڵام دەتوانێ گۆڕانکاری ھەست پێ بکات، وەک: ھەستکردن بە گۆڕانی دەروونی لەھەڵسوکەوتدا، یاخود ھەست دەکەیت کەوا سبەی لە نەخۆشییەکەت چاک دەبیتەوە.

وەک بانگاشەی بۆدەکرێ ئامانج ئەوەیە کەوا خۆپاراستنێکی Prevention باشترە بۆئەوەی مرۆڤەکان نەخۆش نەکەون، ئینجا پێویست بکات چارەسەر بکرێن.

‏ Socher کە خۆی لەبواری پرۆتینات دا لێکۆڵینەوە دەکات لە AI دا قەناعەتی وایە کە بەمزوانە ھەموو نەخۆشییەکان شیاوی چارەسەرکردن دەبن و تەنانەت Picard یش دەڵێ: لە AI جێگایەک بۆ ناسین و زانینی نەخۆشی شیرپەنجە ھەیە ھۆشدارییەک دەدات کەوا مرۆڤ پێویستە دڵنیا و مسۆگەر بێت i… لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا دەبێت بووترێ کەوا زیرەکی دەستکرد ھێشتا ھەڵەی زۆر دەکات… بەردەوامیش لە خۆ چاکردندایە . ھەروەھا سەرکێشییەکی گەورەی ھەیە لەھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کایەی کەسی/ ژیانی تایبەتی. ئەم خاڵە لە زۆر وڵات خەمێکی بەھەقە، بەتایبەت لە یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکانی جیھان دا دیارە و بەرچاوە..

چین دەوڵەتی چاودێری

ئەم ئامێر و تەکنەلۆژیا مۆدێرنە بە چڕی لە وڵاتی چین بەکاردێ لەبواری چاودێری ھاوڵاتی دا.. بەڕادەیەک دیکتاتۆری سیستەمەکە رۆچۆتە ناو ژیانی تاکە تاکەی ئەووڵاتە، کایەیەکی تایبەت و ئازاد بۆ ھیچ ھاوڵاتییەک نەماوە!.. بیرم دێ پێش چەند ساڵێ خوێندمەوە کەوا لە چین لە مەودای نیو کیلۆمەتردا 500 کامێرای چاودێریی دانراوە!.. ھەر قوتابییەک بازنێکی لەدەستکراوە بۆ چاودێریکردنی لە ماڵەوە، ئێستا زیرەکی دەستکرد بەو ھەموو توانایەوە دەبێتە چەکێکی تری گاریگەری دەستی دەوڵەتی چین، ئەو ھەژدیھا حەوسەرەی بواری ئابووری و تەکنەلۆژیا لە ئێستادا بۆتە مایەی پەژارە و دڵەڕاوکێ جیھان..  لە چین زیرەکی دەستکرد لە بواری ئوتومبێلی ئەلتریکی، شمەک کڕین بە ئۆنلاین/ ئۆنلاین شۆپینگ، سۆسیال میدیا و بەتایبەت تیکتۆک لەپێش وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاوەیە، بەڵام لەبواری توێژینەوە و پەرەسەندی تەکنەلۆژیاوە ئەمەریکا لەپێشترە. پسپۆرێکی ئەلمانی دەڵێ: سێ فاکت وای کردووە چین سوود لەم تەکنەلۆژییە وەرگرێ:

ژمارەی دانیشتوانی چین1,4 ملیاردە ، دانیشتوانی چین ھیچ بەگومان و دوودڵ نین لەبەرانبەر ئەم تەکنەلۆژیایەد وەک ئەوروپاییەکان بەردەوام لەمەڕ داھێنانە نوێیەکانەوە ھەیانە، دەوڵەتێک دەتوانێ بە گوشارێکی نەرم پەرەسەندنەکە بە خواستی خۆی بچەرخێنێ… ئەمەریکا دەزانێ چین بەھێزە لە زیرەکی دەستکردا، دەیەوێ نەیھێڵێ و بیسڕێتەوە .

گەوھەرێک لە ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا کەش و ڕوانینێکی بەگومان بەرانبەر بە زیرەکی دەستکرد ھەیە و بەخۆپارێزییەوە دەستی بۆ دەبەن. ڕەنگە ئەمەش نیشانەی ھوشیاری و ئەو ترس و پەرۆشە بێت، کەوا چاوەڕوان دەکرێ لە پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد بکەوێتەوە. ئەم بەراوردە لە چاو ئەمەریکاییەکاندا کە دەیانەوێ یەکەم بن لەسەر ئاستی ھەر داھێنانێک دا گورجوگۆڵانە دەستخۆشی لێ دەکەن..

‏Start- Up لە شاری درێسن و کۆلن ھەیە.. لە کۆلن ئامێرێکی وەرگێڕانی زمانیان بەرھەم ھێناوە.. کۆمپانیاکە سەرەتا 20 کارمەندی ھەبوو ئێستا 450 کەسن و تا ئێستا 31 زمانی تێدا دەستەبەر کراوە و لە ھەنووکەدا سەرقاڵی ڕێکخستنی زمانی عەرەبین بۆ ناو ئەم ئامێری وەرگێڕانە… وەک باس دەکەن لەگەڵ زانکۆکاندا لە پەیوەندی باشدان و مشتەرییەکانی تریشیان ئاسوودەن.. پێش ماوەیە داتای بنچینەیی نووسینی Deepl Write online دروست کرد.. ئێستا کۆمپانیایەکە بەھای بۆتە یەک ملیارد زیاتر.. ئامانج لەمەش سازدانی جیھانێکە دوور لە کۆسپی زمان Language Barriere و کۆمپانیای Deepl یاریزانێکی گلۆبالە.. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەمە بەرەو کوێ دەڕوات؟! نەک ھەر لە رووی مرۆییەوە بەڵکو لە رووی زمانیشەوە. زمان وەک بووەیەکی زیندوو و داھێنەر چارەنووسی بەدەست دەسکردی زیرەکەوە بەرەو کوێ مل دەنێ!… ئایا ئەو ھەموو چێژ و میلۆدی و زەوق و جوانی و ھەست و گەرمی وگوڕی و ژیانەی لە زماندا ھەیە، چۆن دەکرێ بیکەینە قوربانی ئامێرە بێ گیانەکان… خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیای Online -Übersetzer s Deepl کە ناوی Jaroslaw Kutylowski ەیە خۆی زیاتر وەک ھاوکار و پرد دروستکەر دەبینێ و دادەنێ نەک وەک مەکینەیەکی جێگرەوەی وەرگێڕان و دەیەوێ بەم سەرنجە جەوھەری کارەکەی روون بکاتەوە: ” شیعر ھونەرە، وەرگێڕانی شیعریش ھەروەھا ھونەرە“.

پێدەچێ مەبەستی ئەوە بێت ئەگەر دەستکردی زیرەک بتوانێ دەقێکی شیعریی وەربگێڕت ئەوە کارێکی ھونەری ئەنجام داوە!.. بەڵام ئایا وەرگێڕانەکە چەند سەرکەوتووە؟ ئەوە کرۆکی پرسیاری ئەو بەرەیەیە کە لە کاری زیرەکی دەستکرد بە گومانن!.  ناوبراو دەڵێ:  من لە خەم و دڵەخورپەی خەڵک تێدەگەم، بەڵام مەسەلەکە ئەوە نییە: نموونەیەکی تر بۆ ڕوونکردنەوەی ئامانجەکەی دەخاتە ڕوو: لەگەڵ ئەوەشدا کەوا ئامێری ژمێریاری/ حاسبة ھەیە، ئێمە ھەر فێری ژمێریاریی دەبین. بۆ تێگەیشتن لەم پێوەندییە گەورە تەنیا کاتێ دەبێ، گەر بێتوو ئێمە پرسیاری قورس بخەینە بەردەم مێشکمان، فێربوونی زمانیش یەکێکە لەوانە.

 

ماوێتی

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ھەڵۆ بەرزنجەیی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی