"an independent online kurdish website

بەیانەیە، خۆر بە نازەوە زوڵفی زێوینی لەدوا ڕۆژەکانی خەرمانان بەسەر کەژ و پێدەشتەکانی وڵات دا بڵاو و پەخشان دەکرد. بەڵام خۆرێکی بچوکتر لە دەلاقەی دڵی دایکێکی داوێن پاک “هاجەر” ، ڕووناکی خستە ناو ماڵی بنەماڵەی بەشیرەوە.

ڕێکەوتی ١٣٦٦/٦/٣٠ی هەتاوی،  بوو بە تیشکی ڕوناک کەرەوەی ژیانی بنەماڵەی نیشتمان پەروەری “بەشیر”. لەو ڕۆژەدا لە داوێنی زنجیرە چیاکانی قەندیل و بناری کێوی مراد حاسڵ و مراد ڕەسوان، لە ئاوایی بەرکەمران لە پانتایی دەشتی لاجان منداڵێکی خشپیلانە و ڕەزا سووک لە دایک دەبێ، منداڵێکی ئارام و ژیکەڵە، نەرم و هێدی، هێور و خوێن شیرن و شیرین ئاکار، دەگەڵ خوڕەی ئاوی چۆمی ئاواژەڕۆیە کە بە دەشتە پڕ پیت و بەرەکەتەکەی لاجانێڕا دەهاتە خوار،  بوو بە هاودەم، وەک مراد حاسڵ و مراد ڕەسوو، مرادی خەڵک و بنەماڵەی حاسڵ کرد. باپیر وەک چنارەکان لە لێواری چۆمی ئاوەژەڕۆیە و لە ناو مێرگ و چیمەنەکان، لە تەنیشت مێشەڵانێک بە شێوەیەکی جوان باڵای دەکێشا. وەک شۆڕەبی چۆمەکان سێبەری لە دەور و بەری خۆی و خەڵک و بنەماڵەکەی دەکرد.  بەڵام داخی گرانم لە ئێوارەیەکی چڵکن دا لە دوا ساتەکانی ساڵی ۱۳٨٤ی هەتاویدا، ساڵی کۆن خەریک بوو کۆتا پشۆکانی هەڵ دەکێشا و پێی دەنایە وەرزێکی تازە،  لە رێکەوتی ١٣٨٤/١٢/٢٠ی هەتاویدا گرد بونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ بەرگری لە ژیانی کۆڵبەران، لەکاتی شەهید بوونی کۆڵبەرێکی هەژار و دەستکورت کە بۆ پەیدا کردنی ژەمی رۆژانە گیانی لەسەر دانا و بە گوللەی راستەوخۆ دوژمن سەری نایەوە.

ئەو گردبونەوەیە ئاڵۆزی و پێکدادانی لە نێوان خەڵک و چەکبەدەستانی دوژمن لێکەوتەوە، لەو بەربەرەکانیەدا خەڵک بە دەستی بەتاڵ و دوژمن بە چەک، باپیری تازە لاو، باپیری تازە پێگەیشتوو کە هێدی هێدی داری هیوای پەلوو پۆی دەردەکرد، بێ ئاگا و بێ تاوان لەشی ناسکۆڵەی کەوتە بەر تیری نەهامەتی و برینی قورسی هەڵگرت، ئەو برینە هێندە گورچوو بڕ بوو، کە باپیری پێکراو زامدار بۆ هەتا هەتایە لە ڕوناکی چاوە گەشەکانی بێبەش کرد و دەستە بە هێزو و پڕ لە هیواکانی لەکار خست، بە جۆرێک کە ماوەی زیاتر لە نیو ساڵ دەگەڵ مەرگ بەربە رەکانی دەکرد و بۆ ژیانی دوبارە  پەلەقاژەی دەکرد. ژیان مافی هەر مرۆڤێکە، بەڵام سەد داخ و موخابن دڵە جوان و پڕ لە ئاواتەکەی باپیر  لە لێدان کەوت و چووە ناو کاروانی شەهیدانی کۆڵبەر، تەنیا خەم و بیرەوەریەکانی بە دیاری بۆ دایک و بابی و ئازیزانی بەجێ هێشت. باپیری جوانەمەرگ کە نۆبەرەی یەکەم نەمامی ژیانی رەحمان بەشیر،  پێشمەرگەی رۆژە سەختەکانی خەبات و دادە هاجەر بوو، بۆیە ساڕێژ بوونی ئەو زامە بە ژانە بۆ بنەماڵەکەی ئاسان نیە.

هەزار سڵاو لەگیانی پاک و بێگەردی باپیری تازە لاو و هەموو کۆڵبەرانی شەهیدی کوردستان.

سەید عەلی هاشمی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی