"an independent online kurdish website

پەرلەمانی سوید لە هەنگاوێکی دەگمەندا گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە پێویستە حکوومەتی ئەو وڵاتە چالاکانە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە.

ئەم گەڵاڵەیە کە لەلایەن لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی سویدەوە پێشکەش کرا، کاتژمێر ١٦:٠٠ی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مەی دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا و بەخێرایی وەڵامی جیهانیی وەرگرت.

هەر هەشت پارتە سیاسییە ئامادەبووەکەی پەرلەمانی سوید واتە هەموو لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی سوید کە ٣٤٩ ئەندامن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مەی، دەنگیان بەو پلانە دا و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە چوارچێوەی یه‌كێتی ئه‌ورووپا ناساند.

ئێستا حکومەتی سوید ناچار دەبێت بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ بکات.

لە ئێستادا سوید سەرۆکایەتی دەورەییی یەکێتیی ئەورووپای بەدەستەوەیە. سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە ئێستادا لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشدایە.

ئەم بڕیارە مێژووییە لە حاڵێکدا ئیمڕۆ پەسەند کرا کە لە چەند مانگی ڕابردوو ئەندامانی پەرلەمانی سوید لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا کاردانەوەیان بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ئێران هەبووە و پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕاپەڕینی ژینا دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.

ئەم گەڵاڵەی پەرلەمانی سویدە، لە کاتێکدایە کە حکومەتی سوید، لە چوارچێوەی یەکێتی ئەورووپا، بەهۆی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ژینا، گەمارۆکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کردووە.

لەم دواییانەدا لەسێدارەدانی حەبیب چەعەب (ئەسیود)یش بووە هۆی دروستبوونی گرژیی نێوان تاران و ستۆکهۆڵم و وەزارەتی دەرەوەی سوید وەک ناڕەزایەتییەک بۆ لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە ئێرانی-سویدییە، بەرپرسی کاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بانگهێشت کرد.

لە وەڵامی لەسێدارەدانی حەبیب چەعەب، تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لە تویتێکدا نووسیویەتی، لەسێدارەدانەکە “سزایەکی نامرۆڤانە و نەگەڕاوە”یە و سوید لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا “لە هەر بارودۆخێکدا لەسێدارەدانەکە ئیدانە دەکەن”.

بڕووخێت کۆماری پەت و سێدارە و سپای تێروریستیی پاسداران.

سەرکەوتن بۆ ڕاپەڕینی ژینا و گەلانی ئێران.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئامادەکردنی وتار: ئیدریس هاشمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی