"an independent online kurdish website

ئەندام پارلەمانەکانی سوید دەمێکە هەوڵی ئەوەیان داوە کە حکوومەتی سوید قاییل بکەن کە سپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپاوە.

 بۆ نموونە ئەندام پەرلەمانی سوید، هۆکان سڤێنەلینگ (HåkanSvenneling) وەک نوێنەری پارتی چەپی سوید لە پەرلەمانی سوید، بە شێوەیەکی فەرمی (2022/23:262) داوای لە تووبیاس بیلسترۆم (Tobias Billström) وەزیری دەرەوەی سوید کرد کە سپای پاسدارانی شۆڕی ئیسلامیی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆری ئورووپاوە.

داواکەی ئەو لەسەر سایتی پەرلەمانی سوید هەم بە شێوەی سەرهێڵ دانراوە:

https://www.riksdagen.se/sv/dokument-lagar/dokument/skriftlig-fraga/terrorklassning-av-det-iranska-revolutionsgardet_HA11262

هەمیش بە شێوەی پی.دی.ئێف دانراوە:

https://data.riksdagen.se/fil/BCB0FF26-74AD-4DAB-A69C-891317493327

ناوبراو بەوردی هۆکاری داواکەی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت:

لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاوانخوازی و بناژۆخواز لە ئێران، دەنگەکان بۆ دەستنیشانکردنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەرزبوونەتەوە.

هۆکان سڤینەلینک لە درێژەی داواکەیدا دەڵێت:

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دژ بەو خەڵکە ئازایەی کە ڕەخنە لە ڕژێمی ئێران دەگرن، توندوتیژیی دڕندانە بەکار دهێنێت. ئەوان کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجە و ئازاریان سەپاندووە بەسەر بیرجیاوازان و ئەوانەی کە لەگەڵ جیهانبینیی حکوومەتی ئێراندا ناگونجێن. ئەو درێژەی دا و وتی هەروەها سوپای پاسداران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا دابین کردووە کە لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا بەکار هێنراون.

هۆکان سڤینەلینک دەڵێت لە ١٨ی جەنیوەری یەکێتیی ئەورووپا داوای لە دەوڵەتانی ئەندام کرد کە سپای پاسداران بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە. بەداخەوە حکوومەتی سوید وێ ناچێت هێندە تامەزۆری ئەو پرسە بێت. چونکە وەزیری دەرەوە لە ڕادیۆی پ ١ سوید لە ١١ی جەنیوەریی ٢٠٢٣دا وتبووی کە پۆلبەندیی بە تیرۆرناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت چونکە ئەوان دەمێکە بایکۆتیان لەسەرە. بەڵام ئەو دەربڕینە بە توندی پرسیاری لەسەرە و پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپاش هەڵسەنگاندنێکی جیاواز دەکات. لە بەرنامەی ڕادیۆییەکەدا، وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو پرسە هاتە پێشەوە، ئەگەری هەیە حکومەتی سوید کراوە بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری. بەڵام نەبوونی ئارەزووی زیاتر بەدواداچوونی پۆلێنبەندیی تیرۆریستی، هەستپێکراو بوو.

هۆکان سڤینەلینک بەردەوام دەبێت و دەڵێت:

ناونانی سوپای پاسداران بە تیرۆریست نەک هەر کردەوەیەکی ڕەمزیی ڕاستەقینە نابێت. هەروەها بە مانای فراوانبوونی دەرفەتە یاساییەکانە بۆ جیهانی دەرەوە، لەوانەش کە ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، دەتوانرێت لە سوید لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. پێویستە سوید ڕۆڵی خۆی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاڵنانی مافی مرۆڤ و نیشانەدان لە دژی ڕێژیمی ئێران کەڵک وەربگرێت. پێویستە حکوومەت هەنگاو بنێت بۆ پاڵەپەستۆخستنەسەر ئێران. ئەو خەڵکە بوێرانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرانبەر بەو دەسەڵاتە دەبێت پشتیوانیی جیهانی دەرەوەیان هەبێت.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە، دەمەوێت لە وەزیری دەرەوە تۆبیاس بیلسترۆم بپرسم:

ئایا وەزیر و حکوومەتی سوید بەنیازن پەیڕەوی لە بڕیارنامەی ١٨ی ژانڤییەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بکەن و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن؟

***

ئامادەکردن و وەرگێڕان: نەرگس هاشمی.

سەرچاوەی بابەتەکە لە سایتی پەرلەمانی سوید:

https://www.riksdagen.se/sv/dokument-lagar/dokument/skriftlig-fraga/terrorklassning-av-det-iranska-revolutionsgardet_HA11262

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی