"an independent online kurdish website

تفەنگەکەم ساردو و سڕ لە قولینچکێکی بارووتاوی بن بەردێکدا دمی لە خۆڵ وەردابوو. قایشەکەی بە ڕادەیەک تۆزاوی ببوو لە گەڵ ڕەنگی خۆڵی بن بەردەکان جیا نەدەکرایەوە. 

لە پڕ وەک بریندارێکی لە هۆش چووی بێ کەس کەوتووی شەڕێکی داسەپاو بەخەبەر هاتم. دوای تاوێک چاوەکانم هەڵێنا.سووڕی چاوم یەکەمجار چووە سەر تفەنگەکەم.وەک گەنجێکی هەرزەکاری تازە باڵق بوو عاشقانە سەیرێکی پڕ لە حەزی خۆشەویستیم بۆ لای خوشی.

کە چاوم هەڵبڕی سێبەری لای ئێوارە دوا توێژی زێڕینی ڕووناکی لە توێڵی تاشەبەردەکان کە لە سەر سەرم کەپریان بەستبوو ڕاودەنا.دنیایێکی بێ تام،کش و مات وەک ئاشێ بە جارێک ئاوی لێ بڕا بێت. وەک بێ دەنگی ترسناکی تەقەو لێدانێکی کوت و پڕ دەچوو.ئەوە کە هەر لایەک خۆی مت دابێ تابتوانێ جووڵەی ئەویتر بەرپەرچ بداتەوە.

حەولم دا بە بێ خۆ شڵەژاندن ئارام لاقی لای ڕاستم کە کزەیەکی وەک تەزین لە نێو بەفردا تووشی هاتبێت؛ هەڵ بکێشم.بەشکەم دەسەڵاتی خۆم بە سەر لەشم داتاقی کەمەوە.

بە سەرسووڕمانەوە فەرمانی مێشکم بێ وەڵام بوو! وەک ئەوە دەچوو قاچم کەڕ و گۆێی لە فەرمانەکە نەبوو بێت.جارێکیتر بەختی خۆم بۆ نەهێشتنی تەزوە ساردەکە تاقی کردەوە.کەچی ئەمجاریش بێ وەڵام مامەوە!

تۆزێک سەرم لە سەر خۆڵی بن ئەشکەوتەکە بەرەو لای لاقم هەڵبڕی.نەم دەتوانی بەسەر مێشکم دا زاڵ بم! ئەوە بینیومە فکر و خەیاڵە یان لە گەڵ ڕاستی بەرەو ڕووم؟! خۆڵی بنەوەی ئەژنۆ تەزیوەکەم ڕەش هەڵگەڕا بوو.لاقم وەک ئەوە بادرابێت پشتەوەی تا نیوە لە نێو خۆڵەکە چەقی بوو! چەند قامکێکی پێم لە گەڵ نێوەڕاستی ژێرپێم ڕوو لە حەوا حاڵەتی دەستە و دۆعای بە خۆوە گرتبوو!

بە جارێک حەپەسان. دیمەنێکی وەک گریم بۆ فیلمێکی ترسناکی سینەمایی کە مامۆستایانە وەک ڕاستی بچێ لە مێشکم دا نەقشی بەست. مێشکم توانای لێکدانەوەی ئەم وەزعەی نەبوو.کێم؟ چ قەوماوە؟ لە کوێم؟

بێ ئیختیار وەک ماشینێک بای تەگەرەکانی بە جارێک بە تاڵ کرابێ ملم توانای ڕاگرتنی سەرم- ی لە دەست دا.دیسان گێج و وڕ ئاگام لێ بڕا! نازانم چەندی خایاند گمە گمی دەنگێکی تێکەڵاوی دوورە مەودا پەردەی گوێکانمی دەلەراندەوە.

تەنیا دەم زانی لێوەکانم دەجووڵێن. بێ ئەوە بزانم چی دەبیسم و چی دەڵێم.پاشتر کە بە هۆش هاتمەوە.پەرەستارەکە ئەو دەنگانەی لە گەرووم هاتبوونە دەرێ لە بەر تێ نەگەیشتن بە تلفۆنە دەستیەکەی تۆماری کردبوون.

دەڵێم؛ فیشەکم بدەرێ. دەڵێم کەم ڕیکە ڕیک بکە. هەرچی گوللە هەیە بمدەرێ. درەنگە. ئەوە نیە پەلامارەکەیان توند کردوە

دەبێ فریا کەوین.نابێ مووڵەتیان بدەین.

پاشەکەوت کردنی هەر گوللەیەک واتەی دەوام و سەرکەوتنی دوژمنێکی زیاترە.فرسەتە؛ یەخسیر نەکەی یەخسیرت دەکەن. برینداریان نەکەی بریندارت دەکەن. نەکوژی دەت کوژن. ڕەحمیان پێ بکەی هەلیان دەس دەکەوێت.

ئاخ؛ بە قسەی تفەنگەکەم نەکرد! بەزەییمان پێیاندا هاتەوە.بێ بەزەیی بوون.یەخسیرمان نەکردن، یەخسیریان کردین .مووڵەتمان پێدان، مووڵەتیان پێ نەداین. بریندارمان نەکردن،برینداریان کردین.دڵمان نەهات بیان کوژین،ئەوان ئێمەیان کوشت.

ئەوەتا لێرە کەوتووم کێ هەیە فریامان کەوێت؟

بەڵێ: بەنجی پێش عەمەلیاتی ئەژنۆم بەریدا بووم. بەڵام ئازاری درکاندن و کارەساتی بەسەرهاتەکان لە بڕانەوە نەهاتووە.

تفەنگەکەم ڕاستی وتووە.ئەوە لە هەلی پێش هاتوو کەڵکی وەرنەگرت ئەگەری دۆڕاندن بەرۆکی دەگرێ…

نەخۆشخانەی  Daun  ٢٦/٦/٢٠٢٣

سدێق بابایی ئاڵمان  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی