بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش ، لە ڕووی كرداری و فراوانتر بوونی مەیدانی تێكۆشانی سیاسی و ڕێكخستنی نێوخۆی گرێدراوە بە داهاتووی سیاسی هەڕێمی کوردستان.
بە هێزبوون و پەرەگرتنی ئەو ئەزموونە سیاسی و نەتەوەییەی باشوور، بە نۆبەی خۆی شوێنی لەسەر پەرەگرتووتر بوون و بە هێز بوونی شۆڕشی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەبێت لە کاتێكدا کورد لە ڕووی هەڵکەتووی سیاسی و جوگرافی بەسەر چوار وڵاتی بەهێزی ناوچەیدا دابەشکراوە و سروشتی پەیوەندییەکان بەجۆرێك نیە کە جووڵانەوەی سیاسی کورد پشتی جبهەی ئارامی هەبێت.
ئەگەر گیروگرفت و سەختیەك بۆ شۆڕشی کوردستان لە هەرکام بەشی نیشتیمان بێتەبەرەوە و بە تایبەتیش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گڕێدراوە بە هەنگاوی بەرپرسانەی سیاسی و داهاتووی هەرێمی کوردستان کە ئێران دەمێکە خۆی ڕێکخستووە کە بەدژی کورد لە هیچ پیلانگێڕیەك خۆی نەپارێزێت.
داگیرکەرانی کوردستان لە مێژ ساڵە لەسەر ئەوەی ڕێککەتوون کە هەرچۆنێك بێت دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوبەرن و ئەگەر ئەو کارەشیان بە هۆی هەلومەرجی نێودەولەتی بۆ نەلوێ، هەرنەبێت دەسەڵات و پێگەی لاواز بکەن تا لەو ڕێگایەوە بەربەست لە بەردەم شۆڕشی کورد بەگشتی دروست بکەن و هەنگاوەکان بەدڵی تاران و ئانکارا و دەمیشق و بەغدا بن.
ئەگەر ئەو بەشەی نیشتیمان بە هێز و سەقامگیربێت و تەبای و هاوکاری نەتەوەیی هەبێت، بێگوومان پیلانگێڕی ناوچەی بەدژی خەباتی لە مێژینەی کورد بەسانای پووچەڵ دەکرێتەوە و ئیدی تاران و ئانکارا ناتوانن چی دیکە زیان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بگەیەنن. بەداخەوە بە هۆی ناکۆکیە نێوخۆیەکان، کورد وەك هێزێکی کاریگەر و دیاری ناوچەی پێگەی خۆی نەپاراستووە و بەغدا کە سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە کورد بەڕێووە دەبات، گوشاری زیاتر لە کورد دەکات و تەنانەت بە رێککەوتنیش لە گەڵ هەڕیمی کوردستان نایەنە پێش.
ڕەنگە زۆر کەس و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ بە کارهێنانی ئەو دەستەوەژەیەدا کۆک نەبن و بە پێچەوانە دێراسەی ڕووداوە سیاسی و هەرێمایەتیەکان بکەن و پێیان شتێکی سەیر و حەنتیکە بێت کە ئەوە چۆن دەکرێت بڵێین بەهێزبوون و پەرەگرتووتربوون خەباتی سیاسی و نەتەوەیی ڕۆژهەڵات، پەیوەندی ڕاستە وخۆی بە سەقامگیری و بەهێزبوونی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت!
لێکدانەوەی ژیرانەی هەلومەرجی سیاسی ناوچەی بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت کە وابیربکەینەوە، وەختێك هێزەکانی ڕۆژهەڵات گوشاریان لەسەر لادەچێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیگەی بەهێز بێت و دەستێوەردانی تاران لە کاروباری سیاسی بەغدا و هەڕێم کەم بکرێتەوە.
بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق ڕوودەدات شتێك نیە کە خەمی پێووە نەخۆین وەك کوردێك ، ئەو باسەی لێرەدا شڕۆڤەی لەسەر دەکرێت و ئاماژەی پێدراوە. مەبەست ئەوەنیە بە لایەنگری لە هیچ لایەنێکی باشووری کوردستان خوێندنەوەی داهاتووی سیاسی عێراق بکەین و بەڵکوو نیشاندانی دوورەدیمەنی داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتەیە بە هۆی دەست تێوەردانی تاران لە کاروباری حکوومەتی بەغدا و هەرلەوپەیوەندییەشدا گوشار دروستکردنی لەسەر کوردستان بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی ئێران ڕازیبن لەسەر شۆڕشی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی.
وەختێك باڵانسی پێگە و دەسەڵاتی زلهێزەکان خەریکە بەرەو گۆڕانکاری و جێ گرەوەی نوێ دەچێت، زۆر سروشتیە کە بڵێین بەداخەوە ئەوەی حوکمی ڕاستەوخۆی عێراق دەکات لە ئێستادا، ڕێژیمی ئاخوندی تارانە و ئەگەر ئەمریکا تۆزێك سیاسەتی خۆی لەو وڵاتەدا نەگۆڕێت، زیان بە متمانە و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دەگات.
کاتێك ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەی و بەدیاریکراویش لە کاتی بوونی ئۆباما بەسەرۆکی ئەو وڵاتە، دەرفەت و هەلی زۆر نوێی بۆ تاران خوڵقاند کە زیاتر خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەڕزبکات و پەرە بە پێگە و نفووزی بدات .
پاش هەڵگریسانی شەڕی ڕووسیە و ئوکڕانیا، بەکردەوە گۆڕانکاری بەسەر فرە جەمسەریدا هاتووە و پاش ئەوەی مسکۆ زیانی گەورەی مرۆڤی و ئابووری بە هۆی ئەو شەڕە بەرکەوتووە، ناچارە لە مەوەبەدوا، وەك برا بچووکی چین هەڵسوکەوت بکا و ئیدی دەبێت گوێ ڕایەڵ بێت و چی تر وەك زلهێزێكی ناوچەی حیسابی بۆ ناکرێ.
وەختێك بەدەست وڵاتێکی بچووك گیریکردووە و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەتەواوی بەسەریەكدا ڕماوە و ئەمریکا زۆر هەوڵدەدات چینیش لە تایوان بکێشێتە شەڕ تا بەدەردی مسکۆی بەرێت. بەڵام تا ئەمڕۆ چێن بەژیری خۆیان لە شەڕ لادەدەن و نایان هەویت ئەو هەڵەیە بکەن کە مسکۆ کردی و بە سانای لێی ڕزگار نابێت.
ئەمریکا و چین لە ئێستادا وەك دوو جەمسەری بەتەواوی ناکۆك و دژبەیەك لە سەر ئاستی گێتیدا بوونی خۆیان سەلماندووە و واشنگتۆن بەجددی هەوڵدەدات چینیش وەك ڕووسیە بکێشێتە شەر لە بەرەی تایوان بۆ ئەوەی زیانی ئابووری گەورەی بەربکەوێت ولە دوورەوە ئەو شەڕە فەرمەندەی بکات بەدژی سەرسەخترین نەیاری نێودەوڵەتی خۆی.
بۆ ئەوەی ئەو وڵاتەش دووچاری قەیرانی سیاسی وئابووری نوێ بکا و ئەوکات زیاتر مەرجەکانیان بەسەر دژبەرەکانییاندا فەڕزبکات و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئارەزووی خۆی بگۆڕێت.
کاتێك بەرەی ڕووسیە و چین لاوازتربێت، ڕاستەوخۆ شوێنی لەسەر داهاتووی سیاسی ڕێژیمی ئێران دەبێت و ئەو وڵاتەش دەبێتە هەتیوو و داماوی ناوچەی و لە بەشارئەسەدی خراپریان بەسەردێت.
وڵاتانی ئوروپایی بەهۆی کۆمەڵێك بەرژەوەندی ئابووری و بازرگانی کە لە گەل تاران هەیانە، بەرزی و نزمی لەسیاسەتی دەرەوەیاندا هەستی پێدەکرێت و ناکرێت حیساب لەسەر ناسەقامگیری بێ بازاری سیاسی و دیپلۆماسیان بکرێ و بەدەست شەڕی ئوکڕانیا بە تەواوی گێژ و مەلوول کەتوون و چاویان لە بەرەکەت و روحمی بایدنە کە بیا پاڕێزێت لە ئاگری شەڕ.
بارودۆخی ناوچەی و گێتی لە ڕووی ستڕاتتیژییەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت و ، بەدڵنیایەوە ئێرانیش لە سەر ئەو جەمسەرە تەماشادەکرێت کە بە دوو کوچکەی چین و ڕووسیە ناسرابوو بەر لە شەڕی ئوکڕانیا و هاوپشتێکی باشی سمکۆ یە لەو شەڕەدا.
بەهێز بوون و باڵادەستی تاران لەسەر ئاستی ناوچەیدا، بە زیانی جووڵانەوەی سیاسی کوردە و ئەوەی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق و هەڕێمی کوردستان ڕوودەدات، ئەو پیلانە مەترسیدارەیە کە تاران نەخشەی بۆداناوە بەدژی لاوازکردنی پێگەی سیاسی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و ئەو جار بەهانەگرتن بە هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو وڵاتەدا.
ئێران و دەسەڵاتەکەی زۆر باش لەو ڕاستیە تێگەیشتوون کە ئەو پێگە و نفووزەی ساڵانی ڕابردوویان لە کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران نەماوە و خەڵك بەکردەوە بەدژی ڕووخاندنی حکوومەتی تاران ڕژانە سەرشەقامەکان و حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیك و ئازادیان دەوێت کە ڕێز لە فرەنەتەوەیی و فرە ڕەهەندی سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران بگرێ.
زۆر گرینگە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی جەوهەریانەی ڕووداوە سیاسییە ناوچەیەکان بکەن و هەر لە خۆمانەوە تیروتوانج لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگرین و بێ دەلیل هێرش نەکەین.
بەداخەوە هەرێمی کوردستان بەهۆی باڵادەست تربوونی لایەنی شیعەی عێڕاقی سەر بەتاران، گیروگرفتی هەتا بڵێی زۆر بۆ کورد دروست دەکەن و ئەگەر دەرفەتیان هەبێت، قەوارەی سیاسی کوردستان زۆر زیاتر بچووك و لاواز دەکەن یان هەر لێکی دەترازێنن.
ناکۆکیەنێوخۆییەکانی ئەو بەشەی کوردستان، دەرفەتی زۆر باشی بۆ نەیارانی کورد ڕەخساندووە تا زیاتر لە پیلانگێڕیەکانییاندا سەر بکەون و کێشەیان بۆ دروست بکەن.
بێگوومان بەهێزبوونی پێگە و نفووزی هەرێمی کوردستان لە عێراق و لەسەر ئاستی ناوچەیدا بە قازانجی بزووتنەوەی سیاسی کوردە لە ڕۆژهەڵات و ئیدی ئەو کات گوشارەکانی سەرهێزەکانی ڕۆژهەڵات کۆتایی پێدێت و ئێران ناتوانێ بەدڵی خۆی ڕاوی تێکۆشەرانی کورد لە باشوور بکات.
ئێران هەر کارێك دەکات تا پێش بەخەبات و تێکۆشانی هێیزەکانی ڕۆژهەڵات بگرێ و لە شوێنێكدا کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەی دەست و پێیان ببەستێت و زیانی گەورەتریان پێ بگەیەنێت.
دەست و پێ گرێدانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا بە زیانی هەرێمی کوردستان ئەبێت، دواجار بە هی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵات ئەزموونێکی سیاسی لە چەشنی باشوورنیە تا لەدەستی بدات، ئەگەر بێت و ئێران ئەوەیان بەسەردا بسەپێنێت، هەرێم زیاتر زیانی بەردەکەوێت و پێگەیان زیاتر لاواز دەبێت.
هەر بۆیەش پێناچێت تا ئەو جێگای بکرێ هەرێمی کوردستان لە گەڵ شتێك دابێت کە ڕوون بزانێت بەزیانی چارەنووسی سیاسی خۆیەتی.
تاران زۆر بەهەڵادا چووە ئەگەر پێی وابێت بە بە گوشارخستنەسەر هێزەکان،خۆی لە تەنگژەی سیاسی نێوخۆی وڵات ڕزگاردەکات.
ڕێژیمی ئاخوندی باش دەزانێت گەلی کورد بەتەواوی ڕەدیان کردۆتەوە و لە شارەکانی کوردستان ئەو دەسەڵاتەی جارانی نەماوە و لە بەهانەیەك دەگەڕێت تا ناخی دڵی بە لایەنی تر بڕێژێت، ئەگەر ئەوە هەرێمی کوردستانیش بێت.
محەممەد سلێمانی
22.07.2023