"an independent online kurdish website

گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارە ١-١٦/ چاپی٢٠٢٢

پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین

ئاڵای سووری کوردایەتی

پێش ئەوەی ھەشتێ بین.. دەبێ کورد بین

ژمارە (ھەشت) ئەیلوولی ١٩٨١ گەلاوێژی ٢٥٩٣

ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک

چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە

ئەم ژمارەیە قەبارەکەی زۆر ئەستوورە و لە ٧٢ لاپەڕە پێکھاتووە و باسەکانی چڕوپڕ و دەوڵەمەندن بە کۆمەڵێ بابەت و وتاری گرنگ . بۆیەکەم جاریش لەسەر کۆمەڵی بابەتی کوردستانی و بارودۆخی ئەو قۆناغە و پێگەی پاسۆک، چاوپێکەوتن کراوە لەگەڵ بەشێک لە بەرپرس و کادێر و پێشمەرگەکانی پاسۆک دا..
تێکڕای بابەتەکان ١٢ و پێدەچێ بۆنەی یادی ڕسکانی پاسۆک لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧٥ دا، لە قورسایی ئەم ژمارەیەشدا بایەخی خۆی بەدەر بخات..


دوو بۆنەی گرنگ و پێکھاتەی زیندوویی ناسنامەی پاسۆک… یادکردنەوە و ڕێزگرتن و ستایشیان پێداویستییەکی نەتەوەیی و حیزبییە.

{سەروتار]..
سەروتارەکە کورت و خەستوخۆڵە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی بۆ شۆرشی ئەیلوول و ڕسکانی پاسۆک دەخاتە سەر خەرمانی تەمەن ..

بڕگەیەک لەم وتارە ” لەتەک ئەم یادەدا لەگەڵ شەشەمین ساڵڕۆژی نوێبوونەوەی حیزبمان پێشوازی دەکەین کە ھەر جووتبوونەوەی ساڵڕۆژی حیزبمان و گەورەترین شۆڕشی کورد لەم چەرخەدا ئەوە دەسەلمێنێتەوە کە ( پاسۆک) ویژدانی نەتەوەی کوردە و دەربڕی / معبرخساز و خواستی نەتەوەکەمانە”.

وتارەکە وەک پرنسیپ دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕ و ستراتیژە سەرەکی و بنجییەکەی فەلسەفەی ڕێبازی کوردایەتی و گوتاری کوردبوون و دەنووسێ:” بام داگیرکەرامان و دوژمنانی بیروباوەڕ بڵندی کوردایەتی داخ لە دڵانی خۆفرۆش چاویان بە بەژن و باڵای ” پاسۆک” دا ھەڵنەیە و مەرگی خۆیان لە گەشەیدا ببینن و ھەزار و یەک داوی ” ئینگلیزی” مان لەسەر ڕێدا بچێنن.. بەڵام ھەر دەڕۆین و دەشگەینە ( کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان) چونکە ئەوە حوکم و حەتمییەتی مێژووە”..

چەند باوەڕێکی پتەو وا لە پشت ئەم دێڕانەوە، چۆن ئیرادە و ویستێکی پۆڵاین ئەم قسانەی مەحکەم کردووە..؟؟ بەڕاستگۆیی، چەند دروست ڕێی سەختی کوردایەتی خستۆتە ڕوو و چەندیش بە ھوشیاریی و زیرەکانەوە باس لە داوی دەستی ( ئینگلیز) دەکات.. ئەو داوەی بە نامرۆڤانەترین شێوە بۆ کورد چنراوە و تنۆک بە تنۆک نامەردی و ستەمکاریی کۆلۆنیالیزمی لێ دەتکێ و قێزەونترین وێنەی جیھانی بێ مۆڕاڵ لە ئاست بوون و چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانێک نیشان دەدات..

چیرۆکی تاوانەکانی ئینگلیز بەرانبەر بە کورد، بەدەیان و سەدان داستان و هەزاران تێزی دکتۆرا کۆتایی نایەت و لەو ڕۆژەوەی کۆت و نیری بندەستی کراوەتە پێ و ملی کورد، ھەتا ئیمڕۆ و تا کوردیش دەگاتە سەربەخۆیی ئەو ھێزە کۆلۆنیالیستە بەرپرسە لەو تراژیدیاییانەی بەسەر کورددا ھێناوێتی و هاتوون و دواتریش دێن!.

ئەم پەیامە کورتە لێ بەناوەڕۆک دەوڵەمەند و مانابەخشە بارگاوییە بە بیر و ھزری پاسۆک و چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتی لەسەر ئاستی ناوخۆ بە ناحەز و دژبەرە ناھەموارەکانەوە.. من دڵنیام گۆڤاری ئاڵا و دەستەی رێداشیۆنی ویستوویەتی زیاتریش دەست لەسەر ئەم پەیامە داگرێ و خەستتری بکاتەوە،لێ لێرەدا ھەر ڕاگەیاندنی ئەم مشتەی وەک نموونەی خەرمانێک بە چاک زانیوە..


[ڕازێکی کوردانە]..بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ لە ( شۆڕشی سەخت).. پێناسەی شۆڕش و ئامانج لە شۆڕش، ئەمەش دیسان لەپەراوێزی یادی شۆڕشی ئەیلوولدا نووسراوە.. مامۆستا مەسعوود محەمەد وتەنی:

“ئەوەیە جیھانی جەنگ بەھەموو واتایەک و لە ھەموو جێیەک و سەردەمێکدا نەفرەتلێکراوی نەفرەتییانە، ئەوە نەبێ وەک پێشتر گوتم شەڕی بەرگریکردن شەرەفێکی گەورەیە و ئەوەشی دەخەمە سەر کە وەرگرتنەوەی زەوی داگیرکراو
شەرەفێکی گەورەترە”.

شۆڕشی کوردیش کتومت بەم مانایە دێ و لە بنەڕەتدا شەڕی بەرگری کردند لە خود، پاراستینی ناسنامە و کەینوونەی بوونە ! شەڕی مان و نەمانی فیزیکی و ڕۆحییە!

ھەڵسەنگاندنێکی بابەتی و بێلایەنانەی شۆڕش و کەموکوڕی و لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەکانی و خستنە ڕووی واقعی ئەو ڕۆژە لە وێنەیەکی گەورە و فراوانتر لەوەی لێرەولەوێ باسی لێوەکراوە و نیشان دەدرێ..

” جەماوەر لای گرنگ نەبوو ئەو چەکە بەشانی کێوەیە بۆ چ مەبەستێکە و خاوەنەکەی کێ بووە چییە و سەرئەنجامەکەی چی دەبێت! .. جەماوەر شتێکی نەبوو بیدۆڕێنێ و ڕامان / تصور نەدەکرا لە ھیچ بارێکدا بارێکی لەوەی بەسەریدا سەپاوە سەختر بێتە پێش. سیاسەتی ” چی دەبێ با ببێ” و ” تەڕبوو لە باران ناترسێ” ئەو ڕۆژە زاڵ بوو بوو بەسەر ھۆشی جەماوەردا” ..

ئەمەش خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی گەرەکە و پرسیارێ کە خۆی قووت دەکاتەوە،بریتییە لەوەی ئایا ئەم میللەتە چ هیوایەکی بە و هێزانە هەبووە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ بەدەست بهێنن و دواتریش بۆچی خۆی داوەتە دەست قەزا و قەدەر و بێ هیوایی! بەلایەوە گرنگ نییە چ دەبێت و چ ڕوو دەدات؟؟!…

دواتریش دەنووسێ ” ئەوەش دڵخۆشکەرە کە ئەم سەختییەیەی شۆڕشی پاشەڕۆژێکی ڕوون و سفت و بێ گرێی لێ چاوەڕوان دەکرێت.. چونکە ئەم سەختیە تەختەی سەر ئاوەکان لادەدات و جەوھەر دەھێڵێتەوە.. دروشمی نەمری حیزبیشمان( پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین) ھۆ و زامنی ھەرە بنەڕەتی ئەم شۆڕشە سەختەیە”.


بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە

پەخشانێکە لە فۆڕمی نامەی کوڕێک بۆ باوکی.. دیالۆگێکی بەرزی ئەدەبی و سیاسی لەنێوان ئەو دوو کاراکتەرەدا خوڵقاندووە… ئەدەبێکی بەرز و ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند بە باسوخواستی کورد و شۆڕش و پێشمەرگایەتی و سەرکەوتن و چەند باسێکی تر!..
‎ئەو هەستانەی سەرکوت دەکرێن هەرگیز نامردن. ئەوان بە زیندوویی دەنێژرێن و دواتر لە شێوەی ناشیرینتردا دەردەکەونەوە. زیگمۆند فرۆید

چیرۆک.. لەم ژمارەیەدا لە دەرەوەی شیعر ژانرێکی تری ئەدەبیمان بەرچاو دەکەوی ئەویش چیرۆکە.. ئاڵای سووری کوردایەتی ئامانجی بووە، بەجۆرێک لاپەڕەکانی بڕازێنێتەوە، بەشی ھەموو جۆرە خوێنەرێکی تێدا بێت.. زەوق و چێژی ئەدەبیش بۆ ھەموو جۆرە کەسێک جێی بایەخە با پێشمەرگە بێت و لەسەنگەری بەرگریدا بێت! با خەریکی خەبات و شۆڕشیش بێت!.. یاخود کەسێک بوو بێت لە ڕێکخستن کاری کرد بێت ، یان هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکی هەبوو بێت..دەشێ فرەڕەنگ کردنی بابەتەکانی ئاڵا، جگەلەوەی پێداویستییەکی ڕۆشنبیریی و سیاسیشە، ھاوکات وەڵامدانەوەی ویستوخواستی خوێنەرەکانی بێت .

بە دوای چیرۆکەکەدا جارێکی تر دەچینەوە نێو کەشکۆڵی ئەدەبی کوردیی و لەو سەرچاوە دەوڵەمەندەی [کەلەپووری شۆڕشگێیمان] ەوە، شیعرێکی بەرز بڵاوکراوەتەوە..بە ناوی (کورد)… ناوی شاعیری لەسەر نییە، لێ شیعرەکە هی مامۆستا ھەژارە، باس لە کوردبوونی خۆی دەکات:…

برا زۆر سەیرە زوو نامناسی من ھەر لە زوو کوردم

کە تۆ پێنج شەش کەرەت گۆڕاوی من بێ سێ و دوو کوردم

[ قوتابخانەی پاسۆک] وانەی ھەشتەم

” ئەوانەی لە خۆشەویستی دەتریسن دەبێ بە زووخاوەوە سەر بنێتەوە”

وتارێکە بۆ تیشک خستنە سەر ناسنامەی زیاتری پاسۆک و دەنوسێ:” « پاسۆک» کۆگایەکی پاتاڵ نییە لە قەیسەری ھەراجخانەی سیاسەتدا کرابێتەوە ھەر ڕۆژەی بەپێی مۆدێل و باوی سەردەم و زەوقی نەخۆش ئەم یان ئەو دیکۆر و کاڵای ناوماڵ بگۆڕێ”..
ئێمە دەزانین دۆخێک لە کوردستان دا هاتە پێشەوە وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراو بکرێتە کۆگا و پێشانگای حیزب و حیزبایەتی…لە کاتێکدا زۆر لە مۆدێلانە لە مۆزەخانەکانیشدا باویان نەمابوو..

وتارەکە شۆڕدەبێتەوە بۆ دیوی ناوەوەی مانای پاسۆک و ئەرکی پاسۆک و ئامانجی پاسۆک ، لە کۆنتێکسی خەباتێکی نەتەوەیی و کوردایەتی کردنێکی بێ نیاز و دڵسۆزانەدا نمایش دەکات …

دێڕێکی تری زێڕینی ئەم وتارە” ئێمە ئەگەرچی ( پاسۆک) بە باڵاترین ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردەواری دەزانین بەڵام دیسانەوە خۆمان و حیزبەکەمان و بیروباوەڕەکەمان ھۆ و ڕێگەیەکن بۆ ئامانجێکی پیرۆز کە [[کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسانە]]..

پاسۆک بە درێژایی تەمەنی سیاسی و فیکری خۆی بەردەوام جەتی لەوە کردووە کە سەروماڵی دەکاتە قوربانی خاک و نەتەوەکەیی و ئامانجی ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی.. هەموو ئەمانەش بە مەرجی یەکگرتوویی و یەک باڵی و یەک هطزی ئەقڵی دێتە دی ! پاسۆک سەد دەر پابەندی ئەو گوتەیە بوو کە “حیزب ئامڕازە نەک ئامانج” .. ئامادەیە ھەر قوربانییە بدات، لەپێناوی یەکێتی و تەبایی و سەرکەوتنی کورد دا..

سیمینارێکی کوردانە

لەژێر دروشمی ” با ھەمیشە ڕاستی پێشەنگی کاروان بێت”..

سیمینار لە ڕاستیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٤ ھاوبیردا بە ناوەکانی ( ڕێبوار، نەبەز، شێرکۆ، ملازم شوان، بێستون، سامان، ئاراس،بەختیار، مەلاشوان، نەسرەدین، جەمال، ملازم سەیفوڵڵا، ڕێباز، ملازم کەریم، ئازاد) کراوە.

پرسیارەکان داڕێژراون و کراون لەسەر زۆر ڕەھەندی حیزب و بیروباوەڕ و ستراتیژ و مێژوو و پەیوەندی کوردستانی و ھەلومەرجی شۆڕش و زۆر ڕاشکاوانە پرسیار کراوە و بە تەواوی ئازادییەوە وەڵام دراوەتەوە…بە تێکڕا لە میانەی پرسیارکەر و و وەڵام دەرەوە پانۆڕامایەکی زیندووی دۆخەکە دەخەنە بەرچاو.

پاش ئەم بابەتە دوور و درێژە ، شیعرێکی چەند بەیتی ھەژاری شاعیرمان بەرچاو دەکەوێتەوە.. ئەوجا نۆرە دێتە سەر بابەتێکی ھەمیشە گرنگ و ستراتیژی بەناوی:

شادەمارە سەرەتاکانمان

(لەگەڵ دیاریکردنی مافی چارەنووسی ھەموو میللەتانی جیھانین، بەتایبەتی  باسک و بلوج و فەلەستینی و ئیرلەندی..)

گوتارە دوورودرێژەکەی ئەم جارەی ئاڵای سوور بەمێژووی ئەم دروشمەدا و جۆرەکانی ماف و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دێتە خوارێ و باسی : دروستبوونی نەتەوە و گەشە و فراژبوونی دەکات و دێتە سەر باسی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی و دوایی خودی مافی چارەنووس و چۆنیەتی بەکارھێنانی و لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی یان فیدڕاڵی تا کۆنفدڕاڵی و جیاوازی نێوان ئەم دوو فۆڕمەی دەسەڵات دەخاتە ڕوو!…
شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی بابەتی ئەم پرسە سیاسی و یاسایی و نەتەوەیەیە و زۆر باباتییانە دۆزی کوردی تێدا دەخوێنێتەوە…

وەک شادەمارێکی ستراتیژی مافی چارەنووسی کورد بە فەرمی چەسپێندراوە و وەک تاکە حیزبێکیش لەو سەردەمە ئەنگوستەچاوەدا ئەو دیکۆمێنتە تۆمار کراوە. بایەخی ئەم دروشم و داوا و ستراتیژە لای مێژوونووسانی ئەم بوارەیە و ئەوانەی خەمخۆر و بە پەرۆشی کوردایەتی و چارەنووسی نەتەوەکەیانن و دەتوانین قسەی ڕژدی خۆیان بکەن و بە ویژدانەوە ناوەڕۆکەکەی هەڵسەنگێنن..

زۆر لایەنی مێژوویی و رەنگە لە زۆر شوێنی دیکەدا رووبەڕووی باسێکی لەم جۆرە بینەوە بۆیە لێرەدا بەکورتی دەیبڕێنینەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە دواتر ناوەڕۆکی ئەم وتارە بووە نامیلکەیەکی سەربەخۆی پاسۆک و بەناوی ( نەتەوە و نەتەوایەتی) و وەک کتێبی گیرفان چاپ و بڵاو کرایەوە.

ماڵاوا..
جارێ ئەسپیان نییە شەڕ لەسەر چی دەکەن؟!

ناونیشانی وتاری ماڵئاوایی ئەم ژمارەیەیە..

وتارەکە” دە ئەی جەماوەری بەشەرەفی کورد.. ڕاپەڕە بەڕووی کرمی ناوخۆ و پوازی کوردیدا.. ناوماڵی خۆ لەو جەردە و دز و جادوگەرانە پاک وەکە..

گۆتەی شاعیر وتەنی”

نەزانەکان بەوە بناسنەوە، ئەو پرسیارانە دەوروژێنن کە زاناکان هەزاران ساڵ لەمەوبەر . وەڵامیان داوەتەوە”…وتارەکە ڕوونی دەکاتەوە کەوا جارێ بەھیچ نەبووین، ھیچ بەدەست نەھاتووە، داگیرکەر زرمەی دێ و دەکوژێ و دەڕمێنێ؟!.. کەچی ناتەبایی و خۆخۆری بازاڕی گەرمە ! شپرزەیی و شیرازە پچڕاوی دیاردەیە و ھەموو لایەنەکان ھەر خەریکی خۆیان و بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیانن .. ئایدۆلۆژیا و وردە بابەتی لاوەکی ھۆکاری دڕندوکی و لێک ترازانن!…
لە کاتێکدا دەرفەتێک ھاتۆتە پێش، ٢ داگیرکەری کوردستان کەوتوونەتە گیانگ یەکتر و شەڕێکی خوێناوی و کاولکاری گەورەیان بەرپا کردووە..

بۆ بەرەنگاری ئەم دۆخە تەنھا دروشمی” پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین” دەخوا و چارەسەرە.

ماڵئاوا تا خوێندنەوەی ژمارەیەکی تری ئاڵای سوور..

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی