"an independent online kurdish website

 ڕاستی ئەوەیە  کە  مەیدانی تێکۆشان  بەرتەسک دەبێیتەوە ،  ڕێگای  گەیشتن بە ئـامانـج  دور دەکەوێـتـەوە، چاک و خـراپ  تـێکەڵ دەبـن و بۆت لێک  نابنەوە، مرۆی وایە  دنیای  وا لێبەرتەنگ دەبێ لە هیچ کوێ  جێی  نابێتەوە .

هەوڵدەدا  ڕێگایەک بۆ ڕزگاری  لەو چەقبەستوییە و تێمانە بدۆزێتەوە. ئا لەو حالە دایە توشی هەڵە و  قسە و هەڵوێستی  دژ بـە یـەک دەبـێ. لە کەش و هەوای ئێستادا ڕێبەرانی ئەحزاب دەکەونە پەلە و بۆ ئەوەی ببنە  پێشەنگ بۆ دەرباز بوون لەو حاڵەتە تووشی  هەڵوێستێک دەبن  کە دەبوو  قەت بیر لە شتی وا  نەکەنەوە .

کاتێک شۆڕشی کچەکورد  ژیـنـا سەری  هەڵدا و گەل خرۆشا، دوژمن زەندەقی چوو هارتر لە هەموو کاتێک وەحشیانە پەلاماری خۆ پێشاندەران و  دژبەرانی دا. گەل مایەی  دانا و  قوربانی  زۆریدا  حیزبەکانی  ئـێمە بە بۆچوونی  خۆیان هەر یەکەی بۆ دۆزینەوەی هاوکارێک دەگەڕان. بەبێ  لێکدانەوە یەک دەگەڵ ڕەزای  کوڕی حەمەڕەزا دەبوو  بە هاوپەیمان و یەکیتر بە دوای کۆماریخواز و چی و چیدا  دەگەڕا، بەکورتی  هەریەکەی  بەلایەکدا  ڕۆیشتن و شۆڕشی  ژینا نە کوژاوە ، مخابن دامرکا ! ڕێژیمیش هەرچی نـەدەبوو بکـرێ ئـەوەی  بـۆیـکرا کردی و بە بەرنامە  شـومەکەی  شـۆڕشگـێڕانی  گەمارۆدا . زەخت و زۆرو  وەحشیگەری  گەیاندە  چڵە پۆپە، ئوپۆزیسیۆنیش دەبێ بۆ دەرباز  بوون لەو وەزعە  هەوڵ بدا. تازەگی کاک (خالید عەزیزی) وتە بێژی حیزبی  دێمۆکڕات دەڵێ: (کێشەی  کورد  لە تاران چارەسەر دەکرێ) ئەو قسەیە  بۆ حیزبی  دێمۆکڕات دوای ٤٤ ساڵ ململانە دەگەڵ ئەو ڕێژیمەو ئەو هەموو قوربانیە گەورانە و شەهیدە  بە نرخانە زۆر گران دەکەوێ. ئەو پرسیارە دەڕەخسێنێ (ئەری  دەسەڵاتی  حاکم بەسەر  ئێراندا چاوەڕوانی شتی وای لێدەکرێی ؟!) ئەرێ ئەوە  چارەسەریە  یان دەردی سەر؟!

کەس نیە  نەزانێ لە ڕێژیم شادا و لە ئی خومەینیشدا حیزبی دێمۆکڕات هەر دەگەڵ  ڕێژیم دانیشتوە و بۆ چارەسەری مەسەلەکە هەر پەنای بۆ وتووێژ بردوە و ئیمانیشی  پێی بووە و لـەو ڕیگایـەدا  سمـکۆ و قـازی و قـاسمـلوو و  شەڕەفکەندی هەر لەکاتی وتووێژدا تڕۆڕ کراون! داخوا لە ماهیەتی ئەو ڕێژیمە دا  چ گۆڕانێک  ڕویداوە  کە بەڕێز کاک خالید  ئـارەزوی  تـارانی کردوە؟!  بـەڕای مـن نەمـانزانیوە  یان نەمانتوانیوە دوژمـن بـناسین و دەرکی  واقـعیەت بکەیـن! لـەوە تێنـەگەیشتوویـن لــە قـامـوسی کۆمـاری ئـیـسلامـیدا نـەتـەوە و ئـازادی بـونـیـان نـیـە و گشتیان ئۆمەتین. لەسەردەمی شا و خومەینیدا داوای ئازادی و مافی نەتەوایەتی بۆ کورد  وەک تاوان حیسابیان بۆ کردوە. بـە مـەزەنـدەی ئـەوانـە کورد دەبێ تەسلیم و دەست هەڵێنێ و منەتباریش بێ ئەگەر  وەک  هاووڵاتی دەرەجە سێیش  قبوڵی بکەن  بەشیشی هەر  ژێر چەپۆکەیی و نۆکەریە .

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێی ئەدی چارەی دەردی  کورد چیە؟ مرۆی ئەوڕۆ زۆربەیان خوێندەوارن، کەرەسە و  ئامرازی دیتن و بیستن و کوتن  بە پێی فیلانە، ئەزمونیش  بە مەزەنـدەی  زانایان یەکێک  لە زانستە گرینگەکانە . دور ناڕۆم و سەرێک  لە باشوری  کوردستان دەدەم . هەتا ئەو کاتەی ڕاست و چەپ و دۆست و دژبەر، پێشکەوتوو پاشکەوتو کورد و عەڕەب و هیتر یەکیان نەگرت و بەرەیەکیان  پێک نەهێنا چیان بۆ نەدەکرا و  کورد  کوتەنی هەر لە قون دەرکان بوون . جەبر  وێکی خستن و بۆ بەرژەوەندیش عەڕەب دەگەڵیان بوون بە برا، ئێستا دەبینین  وەک زڕبراش کورد قبوڵ ناکەن. ئەو کاتەی یەکیان گرت  دنیای دەرەوەش پشتی گرتن  سەدامیان ڕوخاند. بەڵام چونکە کوردەکان بەرنامەیەکی نیشتمانی و گەلیان نەبوو، هـەر حیزبـەی کەوتـەوە سەر ڕەوتی خۆی و بـەرە  تـێـکدرا و دێـتـمـان شـەڕێـش هـەڵاییسا و ئـێـستا ئـەوەی بـەخـوێـنی ڕۆڵـەکانیان بـەدەستیان هـێناب ـوو لە سایەی  دژایەتی خۆیانەوە  لە سەر لـێـواری تـێک چـوون دایـە !! بـە ڕاشکاوی دەڵێم: هەتا ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵات، ڕاست و چەپ، خوار و ژور، دێمۆکڕاتـ و  ئـیسلامی و مارکسیستی و هیتر لە سەریەک پڵاتفۆڕمی نەتەوەیی و نیشتمانی  ڕێک نەکەون هاوکار نەبن هەروا پەڕەوازە و پرش و بڵاو و  چـاو لـە دەستی ئەم ئەو دەبن. من  دڵنیام کە یەکگرتوو ین  هـێزیـن ، کە هـێز بـووین حیسابمان لە سەر دەکرێ و بۆ ڕوخانی ڕێژیمیش هاوکاریمان دەکەن. بۆ دوای ڕوخانی ئەوڕێژیمەش، ئەزمونی  سەرکەوتنی گەلانی ئـێـرانـمـان لـە دەست دایـە و دەزانـیـن  چەنـدمان قـوربـانیدا و زەرەر و زیان کێشا و چۆن بەروبوی  خوێن و  خەباتەکەمان  بە تاڵان برا . هەر ئەوەش  پێمان دەڵـێ ئـەو جـار دەبـێ چـی بکەیـن و چـیمان دەوێ و لەسەر چ بناغەیەک  دەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێرانی پێکەوە دەژین و هاوکاری دەکەین. دیسان  دەڵـێم : پێش هـەموو شتێـک دەبـێ هـێـز بـین  چونکە بەداخەوە لە دنیای ئێستاشدا  کە سەردەمی زانستە  هەر زۆر  حوکم دەکا، نەک عەقڵ و مەنتیق.

دەبا ڕێبەرانی حیزبەکانمان بـزانـن کە دەشزانـن شـۆڕش زەماوەند و داوەت نیە  شۆڕش خەبات و  قوربانیدانە،کوڕی ئەو مەیدانە دەبێ سەبر و  خۆڕاگری لە هەموو شتێک زیاتر بێ.  کزی لە ورەی ئەودا کارتێکەری  لەسەر  هەمومانە.

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور

 ٢١ سەرماوەزی ١٤٠٢ کوردی

  ١٢  / ١٢ / ٢٠٢٣  زایینی .                             

                     

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی