"an independent online kurdish website

ئامانجی پەروەردە و فێرکردن ئەوەیە کە قوتابی فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکات. مەبەست لە گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش ئەوەیە مرۆڤ  لە پێوەندیی دەگەڵ پرس و بابەتە جۆراوجۆرەکاندا،

ببێتە خاوەنی هەڵوێست و ڕوانگەی تایبەت بەخۆی. واتە ئامانج ئەوەیە لە ڕێگای  دیالۆگ  دەگەڵ کەسانی دیکە، لە ڕێگای بەریەککەوتن دەگەڵ کولتور و ڕوانگە و هەڵوێستی ئەوانی دیکە، لە ڕێگای خوێندنی زانستە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگای ئەدەب و هونەر و فەلسەفەوە، ئاسۆی تێگەیشتنمان بەرین بێتەوە. ( utdanningsdirektoratet 2022,3 )

لەسەردەمی گڵۆباڵیزم دا دەژین. ئینتڕنێت و مێدیا وەزعێکیان خوڵقاندوە کە دونیا تادێ پتر بەرە و فرەچەشنی و فرە قوتبی بوون  دەڕوات. بۆیە پەرەپێدانی توانا و لێوەشاوەیی لە خۆماندا، بۆئەوەی بتوانین لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە تەماشا بکەین، قەت بەئەندازەی ئێستا گرینگ و پڕبایەخ نەبووە. ئەو قسەیە لە هەموو بوارە جۆرا و جۆرەکانی ژیاندا هەر ڕاستە. کاتێک دەمانەوێ زانیاری لەسەر پرسێک وەدەستبێنین، ئەوکاتە باشترین و هەموولایەنەترین زانیاریمان لەسەر ئەو پرسە دەست دەکەوێت، کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو بابەتە، گەلێک سەرچاوەی جۆراوجۆر بگەڕێین. دیالۆگێکی خەللاق لە نێوان دوولایەنی ناکۆک و ناموافق دەگەڵ یەکتریدا، دەبێتە هۆی ئەوەی هەردوولا بە گۆشەنیگایەکی بەرینتر بگەن. ئەمەش وایان لێدەکات پتر دەگەڵ هەڵوێست و ڕوانگەو بۆچوونەکانی خۆیان و بەرانبەرەکەیان ئاشنابن وپتر لە کێشەی نێوانیان حاڵی بن. دیالۆگێکی لەو چەشنە دەبێتەهۆی ئەوەی باشتر لە بۆچوون و ڕوانگەکانی بەرانبەرەکەمان بگەین. ئەوەش وامان لێدەکات، بە ڕێزو حورمەتێکی زۆرترەوە بڕوانینە بەرانبەرەکەمان و هەوڵدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەریەک بۆ ناکۆکی نێوانمان هەنگاو هەڵگرین. ئەو کراوەیی و سنگفراونی و توانای گوێگرتنە، لە پێو ەندیی دەگەڵ کولتور و ژینڕوانگە و ئایین و مەزهەب و ڕەوتە سیاسیە جۆراوجۆرەکانیش دا هەر بەوجۆرە گرنگ و پڕبایەخە. ئەگەر دەمانەوێ لەکەسانی دیکە، لە کولتور و ڕوانگە و دین و مەزهەبەکانی دیکە، لە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی دیکە  تێبگەیین، دەبێت بتوانین کەوشی ئەوان دەپێکەین و جارجار بە عەینەکی ئەوانیش سەیری دونیا بکەین.(Eidhammar2019)

کەواتە لە دونیای گڵۆباڵ و کۆمەڵگایەکی فرەکولتور و فرە فەرهەنگدا، لەهەموو جۆرە پێوەندیە ئینسانی و کولتوری و فەرهەنگیەکاندا، لە پێوەندی ڕۆژانەی نێوان ئینسانەکاندا، ڕوانین لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە، بایەخێکی لە ڕادەبەدەر گرنگی هەیە. بەو پێیە کارکردن، خۆ ڕاهێنان، خۆ پەروەردەکردن بۆ پەرەپێدانی توانایەکی لەوچەشنە لەخۆماندا، لە ڕووی ئەخلاقی و مۆڕاڵ و لە ڕووی ساسی و کۆمەڵایەتیەوە گرنگە. ( Nair 2012,20 ).

 دەتوانین ڕوانین لە پێرسپێکتیڤی جۆراوجۆرەوە، لە پێوەندیی دەگەڵ  کۆمەڵێک هەڵوێست و ڕوانگە دا ڕوون کەینەوە کە هەندێکیان یەکتر دادەپۆشن و هەندێکیشیان دەکەونە بەرانبەر یەکتر.

ئەگەر ئیدەئاڵ ئەوەبێت کە بتوانین لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە سەیر بکەین، هەندێک هەڵوێست و کار و کردەوەی ئەوتۆ هەن کە پێچەوانەی ئەو ئیدەئاڵەن.

پەیدۆزی و زانین خوازی ڕووناکبیرانە(intellektuell nysgjerrighet)، کونپشکنی و گەڕانی ئەنتلێکتوێلانە بە دوای زانیندا، کراوەیی، بێ تەعەسوبی، نالایەنگری لەکاتی گەڕان بەدوای زانیاریدا، هەموویان بە جۆرێک هەوڵ و کۆشش دادەنرێن کە بە ئاڕاستەی ئیدەئاڵی کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگەی ئەوانی دیکەدا بە حیساب دێن. کەچی لە بەرانبەردا، مەیلی تەئیدخوازی، پشتڕاستکردنەوەخوازی و تەسدیق ویستی( bekreftelsestendens)، بە پێچەوانەی ئەو ئیدەئاڵەیە.

هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە( kritisk tenkning)، کراوەیی بە ڕووی بیروبۆچوونی موخالیفدا، عەقیدە و بۆچوونی خۆ دانە بەر نەشتەری ڕەخنەو پێداچوونەوە، لە ئاڕاستەی ئیدەئاڵی کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگە و پێرسپێکتیڤی ئەوانی دیکەدا بە حسێب دێن.

 لە بەرانبەردا پێچەوانەی ئەو ئیدەئاڵە ئەوەیە، کە زۆرتر نا ئاگایانە، تێبکۆشی تا ئەو جێگایەی دەکرێ، پێ لەسەر حەقانییەتی بیروبۆچوون و عەقیدە و ڕوانگەکانی خۆت دابگری، بیانپارێزی و پێیانەوە بنوسێیت و بە هەموو تواناوە دیفاعیان لێ بکەی.

کەچی کراوەیی ڕووناکبیرانە(intellektuell åpenhet) هاوتەریبە دەگەڵ ئامادەیی بۆ دونیادیتن لە گۆشە نیگای ئەوانی دیکەوە. پێچەوانەکەشی واتە داخراویی ڕووناکبیرانە( intellektuell lukkethet)، ڕفتار یا کردەوەیەکە دەکەوێتە جەمسەری بەرانبەری ئیدەئاڵی بەکارهێنانی ڕوانگەی ئەوانی دیکە. هەر بەو جۆرە بێ فیزی یا خاکەڕایی ڕووناکبیرانە( intellektuell ydmykhet) لەو پێوەندیەدا بە هەڵسوکەوتێکی پۆزەتیف لەقەڵەم دەدرێ. بەڵام لوتبەرزی ڕۆشەنبیرانە ( intellektuell arroganse) لەو بارەوە وەک  کردەوەیەکی نەرێنی و ناپەسەند سەیری دەکرێ.

ئەوە کە بە پێی ئوسووڵ ئامادەیی  و توانا و  ڕووحییەی ئەوەت تێدا بێت کە ئاڵوگۆڕ بەسەر ڕوانگەو بۆچوونی خۆت دا بێنیت، لەو بارەوە وەک ڕەفتارێکی درووست تەماشا دەکرێ.(prinsipiell villighet til å endre synspunktet). کەچی  عەقیدە و بیروڕایەکی سەخت( Rigid overbevisning)، کە بە هیچجۆر و لەهیچ هەلومەرجێکدا نەرم نەبێت، بە ڕەفتارێکی هاوتەریب دەگەڵ ئیدەئاڵی کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگە و بۆچوونی ئەوانی دیکەدا دانانرێ.

ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی دیکە کە لەو پێوەندیەدا بە کارێکی درووست و بەکەڵک دادەنرێ، بریتیە لە دۆستایەتی  وگەڕان بەدوای زانست و زانیاریدا، بێ وەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێ دەگەڵمان هاونەزەر و هاو بیرو بۆچوونە.( informasjonssøk og vennskap på tvers av meningsforskjeller). پێچەوانەی ئەوەش ئەوەیە کە هەمیشە و بۆ هەموو شتێک  پەنابەرینە نێو مەحفەلی دۆست و ئاشنا و ئەو ڕەفیق و دۆستانەی وەک خۆمان بیردەکەنەوە و دەزانین هەمیشە چەپڵەمان بۆ لێدەدەن و وەک ئێمە دونیا دەبین و وەک ئێمەش بیر دەکەنەوە.( Ekkokamre ). ئاخر زۆربەی ئێمە لە مەحفەلی خۆماندا ڕاحەتین.

کەواتە توانای بەکارهێنانی ڕوانگەی ئەوانی دیکەو دیتن لە پێرسپێکتیڤی ئەوانی دیکەوە، ئەوەش دەگرێتەوە کە ڕێگاش بدەین لە لایەن  ئەوانی دیکەوە کە وەک ئێمە ناڕوانن چاڵێنج بکرێین. ئەوەش زۆر نزیکە لە ئیدەئاڵەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، کراوەیی ڕووناکبیرانە و خاکەڕایی ڕۆشەنبیرانە.

کراوەیی ڕووناکبیرانە، بریتیە لەوەی کە بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە بەدوای زانست و زانیاری دا بگەڕێین بۆ ئەوەی ڕوانگەو ئاسۆی ڕوانین و بیروبۆچوونەکانی خۆمان بەرین کەینەوە و ئامادەیی ئەوامان تێدابێت بە گوێرەی ئەو زانیاریە نوێانەی وەدەستیان دەخەین، ئاڵوگۆگۆڕ بەسەر بیروڕاکانی خۆماندا بێنین.( DeYoung et al. 2014, 369, Hare 2011,9))

خاکەرایی و بێ فیزی ڕووناکبیرانەش تاڕادەیەک هەر ئاوایە. بەڵام خاکەڕایی ڕووناکبیرانە لەسەر ئەو بناخەیە ڕاوەستاوە کە ئامادەیی ئەوەمان تێدابێت ڕوانگەو پێرسپێکتیڤی خۆمان بگۆڕین و دان بەوەدا  بنێین کە ڕەنگە بۆچوونی ئێمە یا ڕوانگەی ئێمە هەڵە بێت. ( Hopkin,2014,50) . دەبێت بگوترێ سوقڕات هەر زوو هەستی بەوەکردبوو کە زانایی و  فەزیلەت لەوەدایە کە مرۆڤ بزانێت  زانست و زانیاریەکانی سنووردارن.( Jowett 2020).

 لەخاکەڕایی ڕووناکبیرانە دا، ڕەخنە لە بیروبۆچوون و ڕوانگەکان، وەک هێرش و پەلاماری شەخسی بە حیساب نایەت. بەڵام لەوە تێدەگات کە سەرسەختی لە  پێوەندیی  دەگەڵ بیروڕاکانی خۆماندا، هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە ڕەنگە بیروڕاکانی ئێمە هەڵەبن یا ڕەنگە لە هەڵەدابین.( Krumrei- Mancuso 2018,67).

ئەوە کەتوانای ئەوەمان تێدابێت بەگوێرەی زانیارییە تازەکان بیروڕاکانی خۆمان بەڕۆژبکەینەوە و داڕێژینەوە، بە پێی ئوسووڵ ئەوەش دەگرێتەوە کە بەڕووی گومان دا کراوەبین. واتە  توانای شک و گومانکردنمان  هەبێت. دیارە لە هەندێک ژینگەی مەزهەبیدا شک و گومان قبووڵ ناکرێ. کەسان و ڕەوتی سیکۆلاری واش هەن کە لەسەداسەد لە بیروڕاکانی خۆیان دڵنیان.  کەواتە دەتوانین بڵێین تا لە عەقیدەو بیروڕاکانماندا سەرسەختر بین، زەینمان ڕەقتر دەبێت.

هەندێک فەیلەسوف دەڵێن واباشە عەقیدەو بیروباوەڕی سەرسەخت دەگەڵ ئازادبوون لە قەزاوەتی پێشوەختە، ئاوێتە بکرێ.( Speigel 2013,143-145,Hare 2003,4-5). واباشە لەحاڵەتێکی لەو جۆرەدا بیروڕای سەرسەخت و عەقیدەی تووند بە ڕووی زانیاری ئەڵترناتیڤ دا کراوە بێت تا  باڵانسێک پێک بێت. ئاخر بە پێی ئوسووڵ ئەگەر ئینسان لە عەقیدە و بیڕوڕاکانی خۆی زۆر دڵنیا بێت،  دەبێت ئازایەتی و شەهامەتی ئەوەشی تێدا بێت کە دەگەڵ ئەو زانست و زانیاریانە ڕووبەڕوو بێتەوە کە دژی بیروڕاکانی ئەون یا بیروڕاکانی ئەو دەخەنە بەر چاڵێنج و پرسیار. کەواتە خاکەڕایی ڕووناکبیرانە ئەوە دەگرێتەخۆ کە ئامادەیی ئەوەمان تێدابێت ئەوە قبووڵ بکەین کە ڕەنگە  لە هەڵە دابین. جا با ئیمکانی ئەوەش کە لە هەڵە دابین زۆر زۆر کەمیش بێت.

لێرەدا پێویستە لە نێوان حەقیقەتە سایکۆلۆژی و حەقیقەتە ئەپۆدیکتیستەکاندا(Apodiktisk ) جیاوازی دانێین. حەقیقەتێکی ئەپۆدیکتیست ئەو حەقیقەتەیە کە لەباری زانستیەوە دەکرێ بسەلمێنرێ. ئاو لە هایدڕۆجین و ئۆکسجین پێک دێ.  بەڵام  حەقیقەتێکی سایکۆلۆژی،  بیروباوەڕ  یا ڕاستیەکی عەقیدەییە. شتێکە کە ناکرێ لە ڕووی زانستیەوە بسەلمێنرێ. وەک ئەوەی کە ئایا دوای مردن ژیان هەیە یانا؟ یا ئایا عەقڵێکی زیرەک لە پشتی درووست بوونی ئەو کائیناتەوەیە یانا ؟  جا ئەگەر مرۆڤ ئیدعای ئەوە بکات کە ئەو عەقیدەو بیروڕا سایکۆلۆژیەی وی حەقیقەتێکی ئەپۆدیکتیستە، ئەودەم ئەو بیروباوەڕ و عەقیدەیە، بە بیروباوڕو عەقیدەیەکی سەخت و پۆڵایین بە حیساب دێت.  لێرەدایە کە ئیدی مرۆڤ بەتەواوی بەڕووی هەرچەشنە ئیحتیمالێکدا داخراوە کە ڕەنگە عەقیدە و بیروڕاکەی، هەڵەبێت.( Jones 2015,84. Eidhamar 2012,9).

دەبێ بگوترێ کە کراوەیی ڕووناکبیرانەو  خاکەڕایی ڕووناکبیرانە دەگەڵ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لێک گرێدراون. ئەوەش بریتیە لەوەی کە تواناو ئازایەتی ئەوەمان تێدابێت لەخۆمان دوورکەوینەوە و لە دوورەوەڕا و لە پێرسپێکتیڤی دەرەوەی خۆمانڕا، بیروڕا و بۆچوونەکانی خۆمان بدەینە بەر نەشتەری ڕەخنە و ڕەخنەکاری.

مەیلی تەئیدیە وەرگرتن، تەسدیق وەرگرتن وحەزی وەرگیران و قبووڵکران لەلایەن ئەوانی دیکەوە( ( confirmation bias،

مەیلێکی گشتییە لە هەموو ئینسانەکاندا بە شێوەیەکی گشتی هەیە و هەموومان لە پێش هەرشتێکدا بەدوای ئەو زانیاریانەدا دەگەڕێین کە لە تەئیدی  ئەو بیروڕا و ڕوانگەو بۆچوونانەماندان کە هەر ئێستا هەمانن و لە مێژە دەگەڵیان دەژین. ئەمە لە پڕۆسەیەکی چەند شکڵیدا خۆی دەردەخات. زۆربەمان بۆ وەدەستهێنانی زانست و زانیاری و هەواڵ و مەعلومات، ڕوو لەو سەرچاوانەدەکەین کە بڕواو متمانەمان پێیان هەیە و دەگەڵیان هاوڕاین. مەسیحییەکان، یا یەهودیەکان بەدەگمەن بۆ گەڕان بەدوای مانای ژیاندا، سەرچاوە ئیسلامییەکان و ماڵپەڕە ئیسلامییەکان دەخوێننەوە. مارکسیستەکان بەدەگمەن کتێبە ئایینی و غەیرە مارکسیستیەکان دەخوێننەوە. پارتیەکان بەدەگمەن سەیری ماڵپەڕەکانی یەکیەتی دەکەن. یەکیەتیەکانیش هەر بەوجۆرە بەدەگمەن گوێ لەو سەرچاوانە دەگرن کە بە مێدیای پارتی دادەنرێن. ئەوە لە پێوەندی دەگەڵ لایەنگرانی کۆمەڵە و دێموكرات و پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوەسیاسیەکانی دیکەشدا هەر ڕاستە. لەوەش زیاتر ئێمە وا ڕاهاتووین زانیاری و مەعلومات بەوجۆرە لێکدەینەوە کە لە ئاڕاستەی تەئیدی  بیروڕاکانی خۆمان دابێت. خەونی گولیە بە موخالیفانی سیاسی خۆمانەوە دەبینین. یا هەواڵ و ڕووداوەکانی ڕۆژ بەوجۆرە  تەفسیر دەکەین کە تا ئەوجێگایەی دەکرێ لە قازانج و بەرژەوەندی بیروڕای سیاسی و هەڵوێستە سیاسیەکانی خۆمان دا بێت.  لەوەش زیاتر لە نێو ئەو هەموو زانست و زانیاری و مەعلوماتەی کە بڵاو دەبێتەوە، پێمان دەگات، یا وەریدەگرین، ئەوەمان باشتر وەبیر دەمێنێ کە لە تەئیدی بیروڕاکانی خۆماندایە. کە ڕۆژنامە دەخوێنینەوە ئەو وتارانە دەخوێنینەوە کە بەکەیفی دڵێ ئێمەن. واتە بیروڕاکانی ئێمە تەئید و تەسدیق دەکەن.( Vedejova And Cavojova 2022, 1. Niar 2022, 319, Knobloch Westerwick. 2017,2-3).

زۆربەی توێژەرەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەبوونی  حەز و مەیلی تەئید کران و تەسدیقکران لە ئێمەدا، گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای ئەوەن کە بتوانین لە گۆشە نیگای ئەوانی دیکەشەوە سەیری دونیاو دەوروبەر بکەین، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بڕوانین و بگەینە ئاستی فەزیلەتی کراوەیی ڕووناکبیرانە. لەوەش زیاتر، ئەو مەیل و حەزی تەئیکرانە، بەگەورەترین هۆکاری هەڵە ئینسانیەکان لە قەڵەم دەدرێ. واتە زۆربەی بڕیارە هەڵەکانمان لەو حەز و مەیلی تەئیدکرانەوە سەرچاوەدەگرن کە وجودی ئێمەی داگیرکردوە.( Niar 2022,319).

کەواتە ئاگاداربوون لەوەی کە ئێمە حەز و خولیایەکی تووندمان تێدایە بۆ ئەوەی تەئیدبکرێین و بیروڕاکانمان تەسدیق بکرێن، فاکتۆرێکی زۆر گرنگە بۆئەوەی کە توانای ئەوەمان تێدا پێک بێت  بتوانین لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە بڕوانین.

زۆربەی ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا تا ڕادەیەکی زۆر، بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین،  لە ژێر کاریگەریی  حەز و مەیلی تەئیدکران و خولیای تەسدیقکران داین. شایانی باسە کە ئەو حەز و مەیلی تەئیدکرانە بە شێوەیەکی گشتی لە خەڵکی دیکەدا دەبینین، بەڵام لەخۆمانی دا نابینین. ئەوە پێی دەگوترێ واقعبینی سادەلەوحانە. Naive realisme،( Trouche et al,2016, Munro& Stansbury 2009,1-3) .

یەکێک لە ئاکامەکانی  هەبوونی ئەو حەز و مەیلە بۆ تەئیدکران  لە ئێمەدا ئەوەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر پێمان خۆشە ڕەگەڵ ئەو دەستەو تاقم و گرووپانە کەوین کە وەک ئێمە بیردەکەنەوە. ئەو جۆرە دەستەو تاقم و گرووپانە بۆ ئێمە ڕۆڵێ ئەو ئاوێنە باڵانوێنە دەبین کە وێنەی خۆمانمان نیشان دەدەن. یا ڕۆڵی ئەو ئەشکەوتە دەبینن کە لەوێدا گوێمان لە دەنگ و سەدای خۆمان دەبێت. ئاخر دەنگ و سەدای ئێمە لەو ئەشکەوتەدا دەنگ دەداتەوە  و دیسان وەبەرگوێمان دەکەوێتەوە . ئەوەش هەستێکی خۆشمان دەداتێ.  یا ڕۆڵی ئەو مەجلیسی گەڕەلاوژەیە دەبینن کە ئێمە گۆرانی دەڵێین و ئەوانیش لەبەرمان دەگێرنەوە و بەچەپڵە دەگەڵمان دەڵێنەوە. بەوە دەوترێ Ekkokammere یانی ژوور یا ئەشکەوتی دەنگدانەوە. ئەوە ئەو دەستەو تاقم و گروپانە دەگرێتەوە کە لە ئینتڕنێت، پاڵتاک، فەیسبووک، ئینستاگڕام، ئێکس، ماڵپەڕەکاندا تێیاندا چالاکین. هەروەها  گروپە حیزبی و سیاسی و مەزهەبیەکان و  دۆست و ئاشناکانیشمان دەگرێتەوە کە لەنێویاندا چالاکین یا دەگەڵیان لە هاتووچۆداین.

ئاکامەکانی وەزعێکی لەو چەشنە، واتە نقوم بوون لە حەز و مەیلی تەئیدیە وەرگرتندا، زۆر کارەساتبارن. زۆر جار پۆلیس کەسێکی گومانلێکراو دەخاتە ژێرفشار و پاڵەپەستۆ تا ناچاری بکات ئەو قسانە بکات یا ئەو تیۆریە تەئید بکات کە پۆلیس لە پیش دا بۆخۆی لەسەری ساخ بۆتەوە. جاری واشە دوکتۆر نیشانە و سیمپتۆمەکانی نەخۆشیەک بەو جۆرە لێک دەداتەوە کە بۆخۆی پێی وایە کابرای نەخۆش فلان نەخۆشی هەیە. یانی ئەو بۆخۆی لە پێشدا وای بۆ دەچێ نەخۆشەکە فڵانە نەخۆشی هەیە. هەر بۆیەش نیشانەکانی نەخۆشیەکە هەرچیەک بن دوکتۆر بە ئاڕاستەی تەئیدکردنی بۆچوونەکانی خۆیدا لێکێان دەداتەوە. خەڵک لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکاندا بەدوای ئەو زانیاری و مەعلوماتانەدا دەگەڕێن کە بۆچوون و نەزەراتی ئەوان پشت ڕاست دەکەنەوە. لە کاتی هەلبژاردنەکاندا، دەنگ دەران دەنگ بەو کاندیدانە دەدن کە بە هەوای دڵی دەنگدەرەکان قسەدەکەن و وادە و بەڵێنی ئەوتۆ دەدەن کە  دەنگدەرەکان دڵیان پێخۆشە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ نەتوانێت مەسەلە گرنگ و ناگرنگەکان لێک جیاکاتەوە. شەڕە تەبلیغات دروست دەبێت. گیروگرفت و مەسەلە بنەڕەتیەکان لەنێو تەپوتۆزی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا ون دەبن و پوڵ و پارە  و چەواشەکاری و درۆ و دەلەسە مەیدانیان بۆ ئاواڵا دەبێت. جا کەسانی ناباب و چلێ نەهاتووش لە بارودۆخێکی ئاوادا وەک کارگ هەڵدەتۆقن و دێنەپێشەوە. ( Gatlin et at. 2019,40 ).

ئەگەر حەز و مەیلی تەسدیقکران و تەئیدکران لە ئێمەدا زۆر بەهێزبن و بگەنە پلەیەکی زۆر بەرز، ئاکامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە  تووشی وەهمی تیۆری پیلانگێڕی بین، یا بەرەو ڕادیکاڵیزمێکی تووند و ئیکستریمیسم و تووندئاژۆێی بڕۆین. زەقترین نیشانە بۆ ئەوەی پێمان بڵێ کە مەترسی ئەوەمان لەسەرە تووشی وەهمی تیۆری پلانگێڕێ و ڕادیکاڵیزم و تووندئاژۆیی بین،  ئەوەیە کە بە هیچ جۆر توانا و ئیمکانی ئەوەمان تێدا نەبێت لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە بڕوانین.( Vedejova and Cavojova 2022).

هەبوونی حەزو مەیلێکی زۆر لە ئێمەدا بۆ تەئیدکران و وەرگیران و تەسدیقکران و هەروەها نەبوونی توانای ئەوەی کە بتوانین لە گۆشەنیگای ئەوانی دیکەشەوە بڕوانین، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموو ئەو زانست و زانیاری و داتا و فاکتانەی کە بە پێچەوانەی بیروبۆچوونەکانی ئێمەن، بە شێوەیەکی پێچەوانەو ناڕاست لێکدەینەوە یا تەرجومەبکەین. ئەوەش بەرەو زەینکوێری مان دەبات.  کەواتە زۆر زۆر گرنگە توانای ئەوەمان تێدا بێت لە دەرەوەڕا تەماشای خۆمان کەین و لە دوورەوەڕا لەخۆمان و بیروڕاکانی خۆمان ڕامێنین و بیان دەینە بەر چەقۆی ڕەخنەو ڕەخنەکاری. شایانی باسە خوێندنی بەرز ڕێگا لەوەناگرێ کە تووشی ئەو کوێر زەینیە نەبین. بۆیە زۆر گرنگە بە شێوەیەکی بەرین و هەموولایەنەو میانڕشتەیی بیر بکەینەوە. هەتا گۆشەنیگای ئێمە بەرینتر بێتەوە، ئاسۆی ڕوانین و تێگەیشتنیشمان بەرینتر و واقعبینتر دەبێت.

دەتوانین بڵێین کە توانای بەکارهێنانی گۆشەنیگای ئەوانی دیکەو ڕوانین لە پێرسپێکتیڤی ئەوانی دیکەوە، لێوەشاوەییەکی ئینسانی زۆر گرنگەو هەموومان لەسەرمانە ئەو تواناو لێوەشاوەییە لە خۆماندا پەروەردە بکەین.

کەواتە بۆ وەرگرتنی زانیاری با لە سەرچاوەی جۆراوجۆر کەڵک وەرگرین.  با لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە بڕوانینە مەسەلەکان. باتوانای ئەوە لەخۆماندا پەروەردە بکەین کە ئەگەر یەکێک بە دژی عەقیدە و بیروڕاکانی ئێمە بەڵگە و ئەرگیومێنت دێنیتەوە، گوێی لێبگرین و هەوڵدەین لێی تێبگەین بزانین چ دەڵێ. کاتێک کەسانێک لەبەرانبەر بیروڕاوبۆچوونەکانت دەوەستنەوە، دەرفەتی چاکە بۆ ئەوەی بتوانی گۆشەنیگای خۆت بەرینبکەیەوە. لەو جۆرە حاڵەتانەدا واباشە کراوەبین. با توانای ئەوە لە خۆماندا درووست کەین کە دان بەهەڵەو کەمووکوڕی و نەزانیەکانی خۆماندا بنێین. ئەوە گەشەمان پێدەدات. لەباری فکری و کۆمەڵایەتیەوە گەورەمان  دەکات. با تیکۆشین کراوەیی و خاکەڕایی ڕووناکبیرانە لەخۆمان دا بخەمڵێنین. لەوەش زیاتر گرنگە خۆمان فێری  کونجپشکنینی ڕووناکبیرانەو زانستیانە بکەین. با عادەت بکەین لە مەحفەلی خۆمان بچینە دەر. فێربین لە جیاتی گۆم و کانیەکانی ڕووبارەکەی گوندەکەی خۆمان، لە دەریاو ئۆقیانووسە گەورەکاندا مەلەبکەین و سەوڵ لێدەین. با لە شەپۆلە گەورەکان نەترسین و وەک دەرفەت بۆ چوونەپێشی خۆمان سەیریان بکەین. با تێکۆشین نەیەڵێن زۆر بکەوینە ژێر باری حەز و مەیلی تەئیدکران و وەرگیران. با ئەو حەز و ئارەزووی وەرگیرانە هەر لە کەسانی دیکەدا نەبینین، لەخۆشمان دا چاوانی بۆ بگێڕین. با نەیەڵین دۆست و هەڤاڵە نزیکەکانمان، تەنیا نەخشی ئاوێنەو چەپڵە لێدەری ئێمەیان هەبێت. جاری وایە لە کۆنفرانسێکی حیزبیدا لە بەریبەیانیەوە تا درەنگانی نیوەشە لە ساڵۆنێکدا دادەنیشن و قساندەکەین، کەچی هەموومان  هەر یەک شت دەڵێن و دەڵێنەوە. وەک یەک بیردەکەنەوە، ئەگەر هەڵکەوێ کەسێک پەیدابێت و قسەیەکی جیاواز لەئێمە بڵێ یا ڕەجمی سیاسی دەکەین، وەبەر نەعلەتی تیغی تەشکیلاتی دەدەین، یا گەلەکۆمەکی دیکەی لیدەکەن و فڕێی دەدەینە زبڵدانی تەشکیلات. دیواری قەڵای حیزب ئەو کاتە بەهێز دەبێت کە هەموو خشتەکانی بەهێز بن. دەزانم سەختە دەگەڵ ئەو بیرو بۆچوون و عەقیدە و ڕوانگانە بەرەوڕووبینەوە کە خوومان پێوەگرتوون. بەڵام خەبات و بزووتنەوەی کورد تەنیا لە ڕێگای بەخۆداچوونەوە، خەسارناسی، ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن، خۆ دانە بەر زەڕەبینی ڕەخنەو نەشتەری خۆ هەڵسەنگاندنەوە، دەچێتە پێش.

درێژەی هەیە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی