"an independent online kurdish website

“ئەز ژیانم”، ” هەر ژنێک سیاسی نەبێ، دەحەلێ!” ئەوە وتەکانی ئەوێستایە، سەماکەر، شانۆگێڕ، شەڕوان . ئەو ماندانا، پرسۆناژی شانۆکەی من نییە، کە بە دەستی هاوسەرە نووسەر و ڕۆشنبیرەکەی کوژرا،

ئەو خۆی بڕیار لە سەر ژیانی خۆی، مان و نەمان دەدا و ئێمە لە گەڵ پرسیار ڕووبەڕو دەکات. یەک زەمی دەکا، یەک دەیلاوێنێتەوە!

فەیلەسووفەکانی مۆڕالیست، نووسەر و دەروونناسەکان، لەمەڕ پرسیاری خۆکوشتن، دەمێننەوە، کلیسای سەردەم لە حاند کۆتایی هێنان بە ژیانی نەخۆشە بێ چارەسەرەکان، بێدەنگ دەمێننەوە!

بە پێی ئامار لە هەر چل چرکەدا(سانیە) یەک کەس خۆی کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت و لە هەر سێ چرکەدا، کەسێک حەولی خۆکوشتن دەدات. یەک میلیۆن خۆکوشتن لە ساڵ، پترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی دەکوژرێن یان لە شەڕدا گیان لە دەست دەدەن. ئەمە ڕاستی جیهانی مودێرنی ئێمەیە!

دەگوترێ، تەنیا مرۆڤ توانایی خۆکوشتنی هەیە، ئەمەش بە مەیل و ویست و خواستی خۆی. هۆی خۆکوشتن و مەبەست لە خۆکوشتن، جیاوازە و ئەو کەسانەش کە خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، جیاوازن. لە ناو ئەو یەک ملیۆن کەسە، کەسی ئاسایی، ژن، پیاو، نووسەر، شاعیر، بیرمەند، فەیلەسووف، دوکتور، موهەندیس، سیاسی، هونەرمەند، بازرگان دەبیندرێ.

هیچ فەیلەسووف، نووسەر، شاعیر، سیاسی، هونەرمەند و هیچ دام و دەزگایەک لە سەر گۆی زەوی خۆکوشتن پێشنیار ناکات. بەڵام ئیدئۆلۆژی، ئایین و تێگەیشتنی گرووپی هەیە کە خۆکوشتن بۆ ئامانجی ئایینی، ئیدئۆلۆژی و سیاسی تەبلیغ، دەکات، کە ئەوە دەچێتە خانەی جەنایەت. حکومەتی ئیسلامی ئێران سەتان و هەزاران منداڵی لە بەرەکانی شەڕ بەرەو مین کێشا،. داعش، تالیبان، موجاهیدینی ئێران و گەلێک گرووپی تر ئەم کارەیان کرد، سێکتەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئامریکا زۆرجار دەستیان داوەتە خۆکوژی بە کۆمەڵ.

ئێمانۆئل کانت دەبێژێ” خۆکوشتن پاشگەزبوونەوەیە لە بەرپرسیارەتی بەرانبەر بە خۆت” کانت وڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، کە گەر کەوتییە چرکە ساتێکەوە و هەستت بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ڕزگاربوونی گیانی کەسانی دیکەدا کرد، چۆن مامەڵە لە گەڵ بەرپرسیارەتی خۆت نیسبەت بە خۆت و نیسبەت بە کەسانی تردا دەکەی؟

کارمەندێکی ئاورکوژانەوە، نازانێ لە کاتی ڕزگارکردنی کەسانی دیکە، ڕەنگە گیانی لە دەست بدات؟ مەگەر سەرباز کە لە شەڕدا بەشداری دەکات، نازانێ کە ڕەنگە بکوژرێ؟ ئەم کوشتن و ئەو کوشتن، کە هەرکیان مەیلی کەسەکەی تێدایە، جیاوازیان چییە؟ ئەڵبەت جیاوازی گەلێک زەریف هەیە، سەرباز چەک بەدەستە و لە حاڵەتی دووهەمدا خۆی دەبێتە چەك، دەبێتە کەرەسە، دەبێتە ئۆبیەکت، گەر خۆی بتەقێنێتەوە، کە ئەمە باسێکی نوێ دەخوڵقێنێ، کە بۆ سوبژێکت خۆی دەکاتە ئۆبیەکت بۆ ئەوەی سوبژێکت بمێنێ؟

زۆر جار شانازی بەو کەسانە دەکرێ کە گیانی خۆیان فیدای ڕزگاری دەیان کەسی تر دەکەن، لێرە ژمارەی ژیانی چەند کەس لە گەڵ ژیانی تاکە کەسێک واتە ژیانی تاک و کۆ بەراوەرد دەکرێ. ئەم هەڵسەنگاندنە کە لە کۆمەڵگادا پەسەند کراوە، چەندە پێوەری ئینسانی، فەلسەفی و تێگەیشتنی لە دوایە؟ پێوەری هەر کام لە ئێمە کە ناتوانین خۆمان لە جێگای ئەو کەسە دابنین، جیاوازە و ئەم جیاوازییە دیاردەکانی تریش وەک ئازادی، نیشتمان، خەڵک دەگرێتەوە.

لەم بەستێنەدا هیچکام لە ئێمەی دەرەوەی ئەو کەسانە، ناتوانین لەو کەسانە تێبگەین. گەر هەڵوێستیش بگرین بە پێی تێگەیشتنی خۆمان کە هەڵقوڵاوی ئیدئۆلۆژی، فەلسەفە، ئایین، فەرهەنگە، بڕیار دەردەکەین. هەر بۆیە لە گەڵ پرسێکی ساکار و وڵامێکی ساکار ڕووبەڕوو نین!

چرکەکانی شەڕ و هەڵوێستگرتنی شەڕوان لە چرکەساتەکانی چارەنووس سازدا، بە پێی هیچ فەلسەفە، ئایین و ئیدئۆلۆژییەک نییە و لە هیچ سناریۆیەکدا ناگونجێ. تانکێک بەڕێوەیە، رەنگە لەو چرکەساتەدا ببێتە هۆی کوشتنی دەیان کەس، شەڕوانێک هەموو گیانی دڵەخورپە دایگرتووە، پرسیار مێشکی تەنیوەتەوە، چ بکا، تانکەکە لە گەڵ خۆی بتەقێنێتەوە و کەسانی دی ڕزگار کات و پێشڕەوی دوژمن بوەستێنێت، یان کارێکی تر بکات، چ کارێک؟ کەس ناتوانێ جگە لە شەڕوان لەم چرکەساتەدا وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

خۆکوژیی، خۆقوربانیکردن لە فەرهەنگی ئایینی و داب و نەریتی گەلێک میللەتدا هەیە و تایبەت بە ئیسلام نییە، بەڵام ئیسلامی قیزێونی ئەم سەردەمە کردۆیەتە مەبەستێکی سیاسی. ئەوەی لە مێشکی هەر کام لە ئێمەدا و مێشکی شەڕوانیش پاشماوەی بیروفەرهەنگی ئیسلامی هەبێ، نکۆڵی لێناکرێ. ئەوەی ئێمە لە سەر ئەم باسە بکەوینە باسێکی فەلسەفی، بەو ئاکامە دەگەین، کە دژی بوەستیین. ئەوەی ئەم شێوە تاکتیکی هەر حزبێکی کوردی بێت، دەبێ دژی بوەستین.
ئەوەی کەسێک بە سەری خۆی کارێکی وا بکات، بۆ ئێمە دەتوانێ ببێتە پرسیار و جێگای بیرلێکردنەوە. لەوە زیاتر لە گەڵ کەسێک رووبەڕووین کە گیانی فیدای خەڵک و خاک و نیشتمان کردووە. بەڵام بە هەموو شعوورمان، ئاواتەخوازی زیندوومانەوەی مرۆڤێکی وەها فیداکار بووین، بەڵام “بڕیار” ئەو داویەتی.

یەک میلیۆن کەس لە ساڵدا بۆ ڕزگاری خۆی گیانی خۆی دەگرێ، کەنیشکێکی کورد بۆ ڕزگاری وڵات و خەڵک گیان دەبەخشێ. منی بیسەر و بینەر، گەر بتوانم لە هەست و بیری ئەو کەنیشکە بەرانبەر بە نیشتمان و خەڵک و ئازادی تێبگەم، لانی کەم نڕخی ئازادی لای خۆم و ئەو دەتوانم بەراوەرد بکەم. کێ دەتوانێ بێژێت گەر هەر کام لە ئێمە لەم چرکە ساتەدا لە گەڵ ئەوێستا بایەین، چمان دەکرد؟

برایم فەڕشی
٢/٢/٢٠١٨

  • ویدیۆی سەمای ئەوێستا، شانۆگێڕێک کە تانک شانۆکەی وێران کردووە، کە ئازادی لێ زەوت کردووە، کە ژیانی لێئەستاندووە. گەر ئەو تانکە و تانکەکان لە ئاڵمانەوە بەرەو ئانکارا و بەرەو ئەفرین نەکێشرابان، سەمای ئەوێستا بەردەوام دەبوو، سەمای ئەوێستا بەردەوام دەبوو!
  • * شانۆنامەی ماندانا،ساڵی ١٩٩٧ لە شاری کۆڵن بە زمانی کوردی لە لایەن ناوەندی شانۆی کۆچەر پێشکەش کرا و دەوری نوخبەی کورد لە مێژوویی نەتەوەی کورددا تاوتۆ دەکات.
  • ڕۆژانە لە وڵاتی ئێمە کچ و ژن خۆیان دەکوژن، بە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەم بارەوەیەوە بکرێ یان ببێتە باس لە مێدیای کورد و ناوەندەکانی زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتی!
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی