لەم سەردەمە پڕ لە ئالۆزییە، بە بێ زانیاریی ڕاستەقینە، تێگەیشتن لە زانیاریی و دەوری زانیاریی لە سەردەمی زانیاریی، مامەڵەی گونجاو بۆ مرۆڤ لە ژیاندا هاسان نییە. ڕاپەڕینی ژینا( ٢٠٢٢-٢٣) و هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلسی “ئێران”
لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی٢٠٢٤ لایەنی تاریکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە بواری زانیاریی، تێگەیشتن لە زانیاریی و نەبوونی زانیاریی خستە ڕوو. ئەم ڕووداوانە دەریخست کۆمەڵگای کورد بە زانیاریی ڕووکەشیانە، تەبلیغ و پڕۆپاگەندە تێرده‌کرێ و سیستەم وده‌زگاو بانکی زانیاریی له گۆڕێ‌دا نییه. کورد لەم بەستێنەدا دەستی بەتاڵە و کەوتۆتە ژێر ئۆتۆڕیتەی مێدیا و دەزگای دەرەوەی خۆی و بەردەوام بۆمباران دەکرێ.
کاری مێدیا و ڕێکخراوی سیاسی کورد، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که ئه‌وان زانیارییبه‌خش نین و سەردەمیانە ناجولێنەوە. بە پێچەوانەی ئەوان، وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت ئورووپا و ئامریکا و ناوەندەکانی زانستی و زانیاریی و سیاسی‌یان وردترین زانیاریی بە شێوەی سیستیماتیک لە سەر هەموو لایەنەکانی کورد، نمازە سیاسی کۆ دەکەنەوە و لە زۆر وڵاتی ئورووپی بەشی تایبەت بە کورد و کوردستان هەیە.
تاکی کورد لە ڕیزی خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی بەژمار دێت، کە لە ساڵدا کەمترین کتێب دەخوێننەوە و کەمترین زانیاریی سوودمەندیان پێدەگات. لە ڕۆژانی وەک “هەڵبژاردن” دەردەکەوێ کە کانگای زانیاریی و جولێنەریی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی مرۆڤی کورد، سیسته‌می زاڵی حکومه‌تییە نەک ئۆپۆزسیۆنی کورد!
کورد و هەڵبژاردن و پرۆپاگەندە
لە کاتی هەڵبژاردن زۆر کەس سەرقاڵی پڕۆپاگەندە، تەبلیغ و درووشمدان بوون، کارێک کە بیرکردنەوە هەڵناگرێ و لە ڕێگای هەست، غەریزە و لایەنی نائاگا بەخۆوە سەر دەگرێ. بە دەگمەن لێکۆڵینەوە، شیکردنەوە، لێکدانەوە بیندرا، ئەوەش وەک نووسراوە، لایڤ بەرچاو کەوت، جێگای خۆی نەگرت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە بیست ساڵی ڕابووردوو بە گوێگرتن، چاولێکردن، خوێندەنەوەی خێرای “وردە تێکست” عادەت دراوە و ئەمەش ڕێگرە لە بەسەرئەنجام گەیشتنی ڕه‌وتی بەردەوامی فێربوون.
سۆسیال مێدیا لە چرکەدا بە ملیارد زانیاریی ڕووکەش و زڕەزانیاریی دەخاتە بەردەست و مێشک عادەت دەدا بە خێرا سەیرکردن وخێرا دەربازبوون، کە بیرکردنەوەی لێناکەوێتەوە. ئەم بەردەوامییە لە ڕۆژ و شەو زۆرتر لەوەی لایەنی خەزنکردنی درێژخایەنی مێشک چالاک بکات، لایەنی کورتخایەن چالاک دەکات کە زانیاریی تێیدا نامێنێتەوە و لە چرکەدا دەسڕدرێتەوە. هەر بەو خێراییە هەر کام لە ئێمە کۆمێنت دەنووسین و ئەنگوست بە دڵ و گوڵ و ئۆکەیدا دەنێین، ئەوە بەو مانایە نییە کە زانیاریی لە مێشکی ئێمەدا تۆمار دەکرێ.
لە هەڵبژاردنی مەجلسی مەلاکان ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیندرا، درووشم و پڕۆپاگەندە بوو. نەبیندرا زانیاریی لە سەر ٨٨٥ کاندیدی مەجلیس ، کە هێندێکیان زیاتر لە چل ساڵە خزمەتکاری ڕژیمن بڵاو کرێتەوە و کارنامەی دەیان ساڵەی ئەو کەسانە بە پێی بەڵگە و کار و ئاکاریان بخرێتە بەر دەست، بەڵام بیندرا کۆمەڵێک بەناو “نوخبە” بە دزیی و بەئاشکرا لە پشت سەریان ڕاوەستان! ڕژیم سەرەڕای گرفتەکانی سیاسی، ئابووریی، ئیداریی، کۆمەڵایەتی، ئەمنیەتی، توانی لە شار و گوندەکانی کوردستان بە بێ قڕە و بە بێ گرفت سنندوقەکانی بگێڕێ و دەنگ کۆکاتەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی “ئێران”، ئاشکراکردنی قووڵبوونەوەی “قەیرانی” ڕژیم – خەڵک – ئۆپۆزسیۆنی کورد و نەکورد بوو. لە ڕێگای پرۆسەی بە ناو هەڵبژاردن دەرکەوت، “خەڵک، ڕژیم و ئۆپۆزسیۆن” خاوەنی هێز و بەرنامە و ستراتێژی یه‌کلاکه‌ره‌وه نین و هەر سێ لە بازنەی نەگۆڕیی خۆیاندا دەخولێنەوە و داهاتوو بۆ هەر سێ لا ناڕوون ماوەتەوە! ئه‌مه ڕوونتر له ڕاپه‌ڕینی ژینادا ده‌رکه‌وت.
ئۆپۆزسیۆنی کورد و ئێرانی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد و داوایان لە خەڵک کرد بەرەو سنندوقی دەنگدان نەچن. بەڵام بۆ خۆیان ڕوون نەبوو، کە ئاڵترناتیوی هەڵنەبژاردن چییە؟ بۆ خەڵکیان ڕوون نەکردەوە کە ئەگەر لە هەڵبژاردن بەشداری نەکەن چ دەقەومێ و خەڵک چی بەدەست دەهێنن! ڕژیم هیچ پرۆگرامێکی ڕوونی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک نەبوو. خەڵک ئەوەی دەنگی دا و دەنگی نەدا هیچ جێگرەوەیان بۆ ڕژیم نەبوو. ڕژیم و کاندیدەکان پێویستیان بە ٢٠٪ لە سەدی دەنگی بەشداربووان هه‌بوو، کە لە هەر حاڵ‌دا بە دەنگی مردوو و زیندوو پێیدەگەیشتن!
ڕژیم، ئۆپۆزسیۆن و خەڵک لە بازنەی تێگه‌یشتنی کۆنی خۆیاندا سووڕانەوە. لە بازنەی ژیانی ئەمڕۆدا هه‌ڵسوکه‌وتیان کرد. لە بازنەی سیاسەتی ئەمڕۆدا جوڵانەوە و پاش کۆتایی “مەزحەکەی هەڵبژاردن” گەڕانەوە سەر دۆخی “عادەتی” خۆیان! ئه‌م ڕه‌وته ده‌ریخست، سه‌ره‌ڕای ناڕازیبوونی خه‌ڵک، هێزی ڕێکخه‌ر له ناو کۆمه‌ڵگا لاوازه یان بوونی نییه.
خه‌ڵک لە ڕاپەڕینی ژینا هاتنه سه‌ر شه‌قام، به‌شێکی به‌رچاو لەو خەڵکە بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان کرد، مێدیا و گه‌لێک ناوه‌ندی سیاسی جیهان هه‌رچه‌ند نه زۆر جیددی، هاتنه سه‌ر خه‌ت، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ و ده‌ره‌وه بێ به‌رنامه و بێ ڕێکخراوه‌تربوون له‌وه‌ی هه‌ر دوو جوڵانه‌وه‌ی ژینا و بایکۆتی هه‌ڵبژاردن به سه‌رئه‌نجام بگه‌ێنن. خه‌ڵک نه‌یانتوانی خۆیان خۆیان ڕێکبخه‌ن. “پێشڕه‌وانی” ناوخۆ سه‌ره‌ڕای هه‌موو فیداکاریی نه‌یانتوانی له ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌کده‌نگی په‌یدا بکه‌ن و یه‌کگرتوو ڕاپه‌ڕین پێش بخه‌ن. ئۆپۆزسیۆنی”ئێرانی” ده‌ره و ژوور ناکۆک و پڕژوبڵاوتر بوون له‌وه‌ی، بتوانن کۆمه‌ڵگای له‌به‌ریه‌کترازاوی “ئێران” له چوارچێوه‌ی یه‌ک مه‌به‌ست و یه‌ک به‌رنامه کۆبکه‌نه‌وه. ئێستا که ئه‌م دێرانه ده‌نووسرێ بێده‌نگی له هه‌ر سێ لا زاڵه.
پرۆسەی جیابوونەوە لە ڕژیم لە پڕێکا نییە و کارێکی بەردەوامی ڕۆژ و مانگ و ساڵە. ئەمەش بە پێی بەرنامە، ستراتێژی، ڕێکخستن سەردەگرێ. جێگای مرۆڤی سیاسی ناو خەڵکه، ناو ژیان و کاری ڕۆژانە. گۆڕینی تێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە ڕژیم بە پڕۆپاگەندەی هاکەزایی چەند ڕۆژە سەری نەگرتووە و سەر ناگرێ.
پاش ڕاپەڕینی ژینا کە زیاتر لە ٥٠٠ کەسی تێدا کوژرا و سەدان و هەزارانی تێدا بریندار و زیندانی و ئاوارەی وڵاتان کرا، ٨٨٥ (هەشت سەد و هەشتا وپێنج) کورد، وەک ئەوەی ئه‌م ڕژیمە کەسی نەکوشتبێت، چاوی سەدانی کوێر نەکردبێت، کەسی هەڵنەواسیبێت، کەسی حەبس نەکردبێ، خۆیان کردە کاندیدی هەمان مەجلیس کە بڕیاری سەرکوتی خەڵکیان دەردەکرد! ئەم ٨٨٥ کەسە و ئەوانەش دەنگیان دا، باڵای دوو ملیۆن و نیو کوردی شار و گوندی کوردستان بوون.
ئه‌م ٨٨٥ کەسه که زۆربه‌یان خاوەنی خوێندنی باڵا بوون، به مه‌یلی خۆیان یان به پێی داوای ڕژیم و ده‌زگاکانی سیاسی، ئه‌منیه‌تی، ئیداریی، ئیدئۆلۆژیک ببوون بە به‌ربژێر. ئه‌م که‌سانه شاره‌زای خەڵک و کۆمەڵگا و ڕژیم بوون و به زانایی خۆیان کردبووە کاندید و تاقمێک له‌وان به ساڵان زمانی ئاشکرای حکومەت بوون و نه‌بیندرا ڕۆژێک له ڕۆژان حزب و ڕێکخراوی ڕۆژهه‌ڵات کارنامەی ئەوانه بخەنە ڕوو!
بۆچی ٨٨٥ که‌س ناونووسی‌یان بۆ مه‌جلیسی حکومه‌تێک کردووه، که ٤٥ ساڵه وەک داگیرکەر لە کوردستان دەجولێتەوە؟ بۆچی ٢٠٪ هەتا ٥٥٪ زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کورد به‌ره‌و سنندوقی ده‌نگدان چوون!؟ بۆچی ئەو خەڵکە بەرچاوە، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له گرێدراوی به داگیرکەری خۆیان و وڵاتەکەیاندا دەبینن و خۆیانی لە گەڵ ڕادەهێنن؟ بۆچی ئاڵترناتیۆی ئەو خەڵکە، هێزی سیاسی-نیزامی” کورد نییە و بۆچی ئەوان ناکارا و ناتوانا‌ن له جیاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌و ڕژیمە؟ ئه‌مانه و ئه‌وه‌ی ئێمه دابمێنێن له لێکدانەوە که بۆچی کوردی ورمێ، نه‌غده و شوێنی‌تر پاش چل وپێنج ساڵ” بوونەتە ده‌نگی زۆرینه”؟ دەریدەخات کە ئێمە لێکدانه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و ئامار و تێڕامانمان لە چۆنیه‌تی چین و توێژی ناو کۆمەڵگای خۆمان و گرێدراویی سوود و زیانی ئەوان نەبووە و حه‌ز و خولیای خۆمان کردۆته‌وه بنه‌مای تێڕامانمان.
“تێگەیشتنی ڕووکه‌شیانه”ی دڵبخواز، مانه‌وه له بازنه و جه‌غزی تێگه‌یشتنی حزبی و گرووپی و ئیدئۆلۆژیک، ڕەنگە خۆڕازیکەر بێ، بەڵام بۆ حزبی سیاسی کارساز نییە و بەپێچەوانە زیانی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەیی لێدەکەوێتەوە. وەک چۆن چل وپێنج ساڵە ئەم زیانە بەم ڕێکخراوانە کەوتووە بە بێ ئەوەی کارناسانە ئاوڕی لێبدەنەوە.
ئەوەی لە ورمێ و نەغدە و شارەکانیتری کوردستان لە ڕۆژی یازدەی ڕەشەممە ڕووی دا، درێژەی پڕۆسەی ٤٠ ساڵە بوو، کە به‌رده‌وامه. نەتەوەیەک کە لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ دەنگی “نا”ی بە حکومەتی ئیسلامی دا، زیاتر لە چل ساڵە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی هەمان حکومەت دەکات، کە پێشتر لە بنەڕەتدا ڕەتی کردۆتەوە! ئەم ڕەوتە بە هەڵکەوت نییە و لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ڕەوانی، دەروونی و ئابووریی هەیە و تا ئێستا بە جیددی تاوتۆ نەکراوە!
هەڵبژاردن بە زمانی ئامار
ئامار‌ی ده‌زگاکانی ڕژیمی ئێران، سه‌د له سه‌د نا، به‌ڵکوو به ده‌رسه‌دێکی باڵا کۆمه‌ڵگای کوردستان‌مان پێده‌ناسێنێ. لە سنه، دیوانده‌ر، کامیران ٦٠ که‌س، سه‌قز و بانه ١٩ که‌س، مه‌ریوان و سروئاوا ٣٥ که‌س، قوروه و دێگوڵان ٣٦که‌س، بیجار ٣٤کهس، ورمێ ١٣٢ که‌س، ماکۆ پلده‌شت، چاڵدران ٤٢ که‌س، میاندوئاو ٣٤ که‌س، نه‌غه‌ده و شنۆ ٣٤کهس، سائینقه‌ڵا و تیکاب ٢٣ که‌س، مه‌هاباد ٦که‌س، بۆکان ١٥که‌س، سه‌رده‌شت و پیرانشار ٧که‌س، کرماشان ١٢٩کهس، ئیلام ٧١کهس وه‌ک کاندید چه‌ند هه‌فته جاڕی به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردیان کیشا و خەڵکیان لە خۆیان کۆکردەوە و هێندێکیان لە هۆڵی سێهەزار کەسی قسەیان بۆ خەڵک کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی مێدیای “ئێران” ٧٢ هەزار کەس لە ئیلام بەشداری هەڵبژاردن بوون. بەرببژێرەکان لە شارەکانی پارێزگای ئیلام لە نێوان سی بۆ پەنجا هەزار دەنگیان هێناوەتەوە. مەلایەک بە ناوی مرادبەگی بۆ چوونە “مەجلسی خوبرەکان” ١١٧ هەزار و ٦٦٢ دەنگی هێناوەتەوە. ئەوە دەرخەری تایبەتمەندی ئەم شوێنە و شوێنەکانی ترە کە نەبۆتە بابەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو.
محەممەد سوبحان حەسەنی جێگری سیاسی پارێزگای ئیلام دەبێژێ، ٢٥٣هەزار و ٨١٣ بەرگی دەنگدان لە پارێزگای ئیلام گەیشتۆتە دەست خەڵک، کە لەوانە ١٧٠هەزار و ٣٧٠ بەرگی لە شارەکانی ئەیوان و ئیلام و مەهران و چاردۆڵ و سیراوان و هیلان بووە. ٨٣ هەزار و ٤٤٣ بەرگ لە دهلۆران و ئابدانان و دەرەشار بووە.
واتە بە پێی وتەکانی ناوبراو ٥٣،٣٪ خەڵک لەو پارێزگایە بەشداری هەڵبژاردن بوون و لە هەموو ئێران پلەی چوارەمیان بەدەست هێناوە. هەر ئەو دەبێژێ ٤٤٧ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە پێی وتەی خۆیان ئەم پارێزگایە ٦١٧هزار و ١٠٢ کەس دانیشتووی هەیە. ئەم ئامار و ژمارانە تەنیا تایبەت بە ئیلام نییە و گەر ئامار‌ی شار بەشاری کوردستان بخرێتە ژێر زەڕەبین بە وردی دەردەکەوێ، ڕژیمی ئێران و دامودزگا و سیستەمەکەی چۆن کار دەکات. ئەم زانیارییانە ئەرکی کورد و دەزگای سیاسی، لە دژی تاکتیک و ستراتێژی ڕژیم دیاریی دەکات بۆ ئەوەی بزانن چۆن سیاسەتی ڕژیم پووچەڵ بکه‌نه‌وە.
لە شاری کەنگاوەر ٩٥٤٨١ دەنگ دراوە. هەڵبژاردراوەکان لە نێوان بیست بۆ چل وپێنج له‌سه‌دی ده‌نگیان پێدراوه. له پارێزگای کرماشان یه‌ک هه‌زار و ٦٦٠ شوێنی هه‌ڵبژاردن جێگیر و ناجێگر هه‌بووه و یه‌ک ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٤٢٣ کەس بۆیان هه‌بووه به‌شداری هه‌ڵبژاردن بن. له پاوه، جوانڕۆ، روانسه‌ر و سه‌لاس باوه‌جانی ٦٧ هەزار و ٢٩٧ ده‌نگ دراوه و که‌سێک به ناو یۆسفی٤٤ له سه‌د ده‌نگی پێبه‌خشراوه. له قه‌سرشیرین، سه‌رپول زه‌هاو، گێڵانغه‌رب ٧٦ هەزار و ٨٠٢ دەنگ دراوە و که‌سێ به ناو حوسێنی ٥٣ له سه‌دی ده‌نگی پێبه‌خشراوه. له ئیسلامئاوی غه‌رب و داڵاهۆ ٧٦ هه‌زار و ٣٢٥ ده‌نگ دراوه و که‌سێک به ناوی به‌خشی پوور٤٢،٥٪ له سه‌دی ده‌نگی پێبه‌خشراوه.
له سه‌حنه، هه‌رسین و که‌نگاوه‌ر ١٣٠٩٦٠ که‌س ده‌ژین. به گوێره‌ی مێدیای ڕژیم(ایرنا-ایسنا) ١٠١ هه‌زار و ٩١٦ ده‌نگ دراوه و که‌سێک به‌ناو ئه‌حمه‌دی ٣٢هه‌زار و ٥٧٦ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه. ده‌بێژن ئه‌مه سی و چوار ویه‌ک له سه‌دی ده‌نگه‌کان بووه. لای حکومه‌تی ئیسلامی٣٤،١٪ سی وچوار و یه‌ک له سه‌دی ١٠١ هه‌زار و ٩١٦ ده‌بێته (ده‌بێته ٣٢ هه‌زار و ٥٧٦که‌س).
ئه‌گه‌ر نفووسی ئه‌م سێ شاره ١٣٠٩٦٠ که‌س بووبێت به پێی ئامار‌ی خۆیان ١٠١هه‌زار و٩١٦که‌س سه‌روی هه‌ژده ساڵ ته‌مه‌ن بوون و ٧٧،٨٪ (حه‌فتاوحه‌وت و هه‌شت له سه‌د) مافی ده‌نگدانیان هه‌بووە. واتە ژماره‌ی که‌سانی ژێر هه‌ژده ساڵ له هه‌ر سێ شار دەبێ ٢٩٠٧٣(بیست و نۆ هەزار و حەفتاوسێ) که‌س ٢٢،٢٪ بێ، که ئه‌مه له ته‌ک ڕاستی ئەو شارانه و ڕێژه‌ی منداڵانی هه‌ر سێ شار و هه‌ر شوێنێک له کوردستان نایاته‌وه.
له سونقوروکولیایی به‌رپرسانی ڕژیم ده‌بێژن ٤٥ هه‌زار و ٤٣١ ده‌نگ دراوه و مه‌لایه‌ک به ناوی حوسێنی کیا ١١هه‌زار و ١٢ ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه. ئه‌م ڕێژه‌یه به پێی وتەی شه‌عبانی ره‌ییسی”ستادی هه‌ڵبژاردن” ده‌بێته‌٢٥،٣٧٪ (بیست وپێنج و ٣٧ له سه‌د) که ڕاستی ئه‌مه‌ش ده‌بێته ٢٤،٢٣٪(بیست وچوار و بیست و سێ).
ئه‌م چه‌ند وێنه‌یه ته‌نیا حیساباتی هه‌ڵه‌ی ماتماتیکی ناگه‌ینێت و گه‌نده‌ڵی ناو سیسته‌مێک ده‌رده‌خات که باکی له هیچ چه‌شنه کۆنترۆل و چه‌واشه‌کاریی ئاشکرا نییه. ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات که هێزی کوردی لە حاند هێژمۆنی ڕژیم و دوورخستنەوەی خەڵک لە ڕژیم لەم ناوچانە سەرکەوتوو نەبوون.
سه‌رۆکی “ستادی هه‌ڵبژاردن” لە پارێزگای سنە، ڕه‌مه‌زانی دەبێژێ: یه‌ک ملیۆن و ٢٨١ هه‌زار و ٥٦٩که‌س بۆیان هه‌بووه له پارێگای سنه ده‌نگ بده‌ن. له‌م ڕێژه‌یه ٣٩٠ هه‌زار و ٨٦که‌س ده‌نگیان داوه. واته ٨٩١٤٨٣که‌س به‌شدار له هه‌ڵبژاردن نه‌بوون. به‌م پێیه ٣٠،٤٣٪ (سی و٤٣له سه‌د) به‌شدار بوون و نزیک ٧٠٪ له سه‌د بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان کردووه. به پێی وته‌ی ڕه‌مه‌زانی که‌سێک به‌ناو زه‌ندیان له ۳۵هه‌زار و ۶۹۵ ده‌نگ ڕێژه‌ی ۱۰هزار و ۴۰۳ ده‌نگی له شاری بیجار هێناوه‌ته‌وه، واتە ٢٩٪. له شاری قوره که‌سێک به‌ناوی شێخی زاده له ۷۰ هه‌زار و ۱۶۳ ده‌نگ ۱۷هه‌زار و ۴۵۸ ده‌نگی پێدراوه، واتە نزیک ٢٥٪. به‌م پێیه بایکۆت له پارێزگای سنه به‌رچاو بووه!
نفووسی پارێزگای ورمێ ٣ ملیۆن و ٢٦٥ هەزار کەس بووە و ٢ ملیۆن و ٥٦٤ کەس ئیزنی هەڵبژاردنیان هەبووە. پارێزگای کرماشان ١ ملیۆن ٩٥٢ هەزار نفووسی هەبووە و یه‌ک ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٤٢٣ که‌س مافی دەنگدانیان بووە. پارێزگای سنە ١ملیۆن و ٦٠٣ هەزار کەس نفووسی هەبووە و یه‌ک ملیۆن و ٢٨١ هه‌زار و ٥٦٩که‌س بۆیان هه‌بووه دەنگ بدەن. پارێزگای ئیلام ٥٨٠١٥٨ که‌س نفووسی بووگە و ٤٧٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە.
بە پێی ئامار‌ی ڕژیمی تاران ئەم چوار پارێزگایەی کوردستان به بێ ژماره‌ی کورده‌کانی، کوردستانی خوراسان و کوردی شوێنەکانیتر، ڕێژەی دانشتووانیان ٧١٣٥٤٢٣ کەس بووە. ئەو کەسانەی مافی هەڵبژاردنیان بووە ژمارەیان ٥٣٩٣٥٥٦ کەس بووە. بەو پێیە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٧٤١٨٦٧ کەسی ژێر هەژدە ساڵ بوونیان هەیە. واتە ٢٤،٤١٪ .
بۆ ئەوەی لەم ئامارانەی ڕژیم تێبگەین، دەکرێ کۆی ژمارەی خوێندکارانی ژێر هەأدە ساڵی خوێندنگەکان و باخچەی منداڵان لە هەر چوار پارێزگا هەر بە پێی ئامار‌ی دەزگاکانی ڕژیم لێکدەینەوە. کۆی خوێندکارانی هەر چوار پارێزگا هەتا کۆتایی پۆلی دوازدە، دوور لە خوێندکارانی “دانشسەرا” و”حێرفەیی” و شوێنی تر ١٤٠٨١٤٥ ( یەک ملیۆن وچوارسەدوهەشت هەزار وسەدوچل وپێنج )کەسە. سەرجەم منداڵانی باخچەی منداڵان ٩٤٦٠٠ (نەودوچوارهەزار و شەش سەد) کەسە و کۆی گشتیان دەبێتە ١٥٠٢٧٤٥ (یەک ملیۆن وپێنجسەد ودووهەزار و حەوست سەد وچل و پێنج )کەس. واتە هەموو منداڵانی ژێر تەمەنی باخچەی منداڵان و ئەوانەی ڕێگایان نەکەوتۆتە باخچەی منداڵان و خوێندنگە٢٣٩١٢٢ (دووسەد سی و نۆ هه‌زار و سه‌د وبیست و دوو‌و )کەسە، کە ئەمە دەبێتە٠،٠٣٪. واتە له هەر سه‌د کەس خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس منداڵی ژێر سێ ساڵانه. ئەمەش تەنیا لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوەشێتەوە. ئەوەش کە لە حەوت ملیۆن و سەدوسی وپێنجهەزار و چوارسەد و بیست و سێ ٧١٣٥٤٢٣ کەس، پێنج ملیۆن و سێسەد ونەود و سێهەزار و پێنجسەد و پەنجا وشەش کەس باڵای هەژدە ساڵ بن، واتە زیاتر لە ٧٥٪ حەفتا وپێنج لە سەد، جێگای تێڕامان و بیرلێکردنه‌وه‌یه.
ئه‌گه‌ر ته‌نیا ٢٠٪ بیست له سه‌دی خه‌ڵکی کوردستان به‌شدار له هه‌ڵبژاردن بووبێتن، ڕێژه‌که‌ی ده‌بێته باڵای یه‌ک ملیۆن که‌س. ئه‌گه‌ر ٤٥٪ به‌شداربووبێتن رێژه‌که‌ی ده‌گاته نزیک دوو ملیۆن و نیو. بایەخ نه‌دان به‌م ڕاستیانه و پەیدا نەکردنی هۆیەکانی، خۆفریودانه.
ئەم چاوخشاندنە خێرایە دەریدەخات ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە نییە وەک فانتێزی سیاسی لە لایەن گرووپ و دەسته و حزب لە مێدیاکان دەفرۆشرێ. ئەمە نوقسانی له تێگه‌یشتنە و بە تەنیا هەڵبژاردن و ڕاپەڕینی ژینا و مانگرتن ناگرێته‌وه و ڕووداوەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی ٤٥ ساڵ و پێشتر دەگرێتەوە . زانیاریی و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان و گۆڕانکارییەکانی لە بەر دەستدا نییە، جگە لەو زانیارییانەی کە ڕژیم و دامودەزگاکانی بە پێی مەبەستی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە. هەست و ئیحساس و غەریزە وڵامدەرەوەی سیاسەت و سەرکەوتنی سیاسی نییە. هەبوونی زانیاریی و بەکارهێنانی یەکێک لە هۆیەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتنی سیاسییە.
برایم فەڕشی
٥/٣/٢٠٢٤