Hoppa till innehåll

عـــەلی قەرەداغی لە ئیسلام تێنەگەیشتووە، مەلا برایم مەجید پوور

ئەو کابرا خۆ لێ ونبووە، ئەو لە ئیسلام تێنەگەیشتووە، ئەو کەسەی خۆی بۆ ناوبانگ و پوڵ فرۆشتوە، ئەو بەکرێگیراوەی لە دەلینگی موسوڵمانان بەربووە، ئەو چاوبەستراوەی کە دەڵێ کورد و کوردستانی نەدیتوە،

یان باشتر بڵێم: ئەو کەسەی بەزیندویی مردوە، خۆی بە عەلی قەرەداغی ناساندوە. دەیەوێ بە بەکوشت دانی خەڵکی غەزە بە ورد و درشتیەوە، لەوەش زیاتر ماڵوێرانی کاول کاری، جێگای خومەینی بگرێتەوە و فتوای جیهادی لە ڕێی خوا دا دەرکردوە!! لە پێشدا دەگەڵ ڕێزم بۆ خەڵکی فەلەستین بە گشتی و غەزەی ویران بوو، دەڵێم: ئەو شەڕە شومە لە سەر دین و بۆ دین نیە، شەڕی خاک و دەسەڵات و دژی داگیرکاریە. شەڕێکە نەخشە بۆ دارێژ و فەرماندەکەی کۆماری ئاخوندیە و دەستە چیـلەی ئـاگرەکەش خەلکی غەزەیە بە ورد و درشتیەوە. هەر خواش دەزانێ چەندە مرۆی بێتاوان و ژن و منداڵ و تەنانەت حەیوانانتیش لە ژیان بێبەشکراون .ئەو کابرایە بە ڕاستی نەزانە! ئـەوەی کە خۆی بە زانا بزانێ و نەش زانێ چیە دەبی چ بێ؟!. مەبەستم ئەوە نیە خوێندەواری نیە، نەزان ئەوەیە نازانێ چاک و خراپ چیە !! لـە هـەمـوو بـەهـایەکی مرۆڤانە بێبەشە.

سەیر و سەمەرە ئەوەیە ئەگەر هەڵە نەبم ٢٢ وڵاتی عەڕەبی موسولمان و زیاتر لە میلیاردیش موسوڵمان لە دنیادا هەن، لە نێو ئەو گشتە موسوڵمانانە دا کە زانکۆی وەک ئەڵ ئەزهـەریشیان هەیە، یەکێک هـەڵنەکەوتوە ئەو  پۆستە بەدەستەوە بگرێ؟! بەلامەوە گرینگ نیە چی دەڵێێ و چیدەکا، چونکە بەکرێگیراوە! کرێگرتەش چی پێدەکەن دەبێ ئەوە بکا . جیگای داخە کە بە ناوی کورد و بە جلو بەرگی کوردی خۆ فرۆشی دەکا. سەیرتر لەوە مەلا کوردەکانی کوردستان بە هەموو لەتەکانیەوە دەڵێی لێویان درواوە زاریان هەڵناپچڕێ، ناشڵێم بەرگری لە کورد بکەن، بەڵکو بەزەییان بە دیـن و نەتەوە و زمان و فەرهەنگ و کلتورەکەیان دابێ و بـە مـستی شەرعی لـە دەمی ئەو کابرایە بدەن. خەڵک لەوە تێبگەێێنن، ئەو کابرایە بەناو و جل و بەرگی کورد خەڵک بەلارێدا دەبا. ڕونی کەنەوە دینی خـوایی چۆنـە و کێ دەیناسی و چۆن دەبێ بیناسێی.

بەڕای من ئیدە و ئایین ئازادە و دڵخوازە و بە زۆرو درۆ و دەلەسە سەپاندنی تێدا نیە. بەڵام چەواشە کاری و فریودان و سات و سەودا بە دین خراپکاریە، تاوانێکە زیانی گەورە بـە کۆمـەڵگـا دەگـەیەنـێ. تــۆوی دوبــەرەکـی و دوژمنایەتی و ئاژاوەگێڕی دەچێنێ، هەستی مرۆڤ بوون و مـرۆڤ دۆستی دەمرێنێ. گەلانی جیهان لێک دوور دەخاتەوە و کۆڵەکەی یەک عاسمانی دەپەڕێنێ .دین دەکاتە کاڵایەک هەر ڕۆژە لە بازاڕێک دەنوێنێ و هەرزان فرۆشی دەکا. ئوسوڵەن یاسای بەڕێوەبەری دینی ئیسلام قورئانە. لە دنیای ئیسلامـدا بـە سـەدان زانـکۆی گـەورە و چـووکە هـەن هـەزاران مـامـۆستا و فیڕکار و خوێـنـدکار بـە شێـوەی زانـسـتی بـۆ خـزمـەتی دیـن فێر دەکرێن و ڕادەهێندرێن،کە ئەل ئەزهەری میسر ناودارتـریـنـیانە، ڕێبەری دنیای ئیسلام دەبێ لەوانە پەروەردەکرابێ و ئیزن درا بێ.

ڕەنگە هـێـنـدێک بەوە خۆیان فـریو بدەن کە لە کورد شتیوا هەڵکەوتووە!! بەڵام تا ئێستاش لە هـیـچ یـەک لـە عالەمی ئیسلامـیـدا کەسێک ددانی بــە مافی چارەی خۆنوسینی کوردیدا نەهێناوە. گەلێک مافی چارەنوسی خۆی لێ قەدەغە کرابێ چۆنە چارەنوسی خەڵکانـیتـری پێئەسپێردرابێ ؟!  جێی داخە کورد بەشی هەرەزۆری مـوسوڵـمـانـە، غـەدری لـێکراوە نیشتمانی و دەسەڵاتی داگیرکراوە، زمانی قەدەغەیە و ڕێگە پێنەدراوە، هەرچی چەکی ژاراویە لێی دەکار هێندراوە، هەرچی کردەوەی قێزەون و نەشیاوە دەگەڵی ئەنجام دراوە، بەڵام کاک عەلی و ئەوانەی بـۆ ڕێبەری عالەمی ئیسلامی دەنگیان پێداوە، ئەو گشتە جینایەتانە نابینن و شین بـۆ خەڵکی غـەزە دەگێڕن کە عەڕب خۆیـان ئـاوڕێـکـیـان وێـنـەداوە!!! لـە ڕاست هەموی ئەوانە و زۆریـتـریـش دەڵـێـی دەمـبـێـنـیـان دەزاری کراوە!! بەرەنـگاری زوڵـم و زۆرداری ئەرکێکی واجبکراوی شەرعیە، زاڵم لە لایەن خواوە نەفرینی لێکراوە، داخوا کاک عەلی لـەحانـد ئـەو گشت جـینایـەتانەی داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە گەلی کوردی دەکەن بۆ سریـوەشی نـایە! من لایەنیگری ئەوانەم کە دژی زاڵمانن و بەهەر شیوەیەک بۆیان دەکرێ خەبات دەکەن و بـە هـانـای لـێـقـەڵماوان دەچن، بە توندیش دەژی نۆکەری بێگانە و بە لاڕێدابردنی خەڵک و تاوان ئەنجامدان بە ناوی دیـن و بـێـڕێزی و چەواشەکاری و بوونە بڵێندگۆی زاڵمان و گەلفرۆشانم. کاک عەلی با بڕێک وەک مرۆڤ بیر بکاتەوە و هەڵوێست بگرێ، نەک وەک فـرۆشـراوێک  بە فەرمانی ئاغاکەی شاڵاو بۆ گەلەکەی خۆشی بەرێ!!  

براتان مەلا برایمی مە جید پۆر  ٢٠ خاکە لێوەی ٢٧٢٥ کوردی    

  ٩ / ٤ / ٢٠٢٥ زایینی .